سنوره‌کانی
دیموکراتی، یاخود دیکتاتۆریه‌تی ئه‌قڵانیه‌ت
04.10.2011
هه‌ڵبژاردنی
دیموکراتی که به یاسا ڕێکخراوه، له‌گه‌ڵ دروستبوونی پارته سیاسیه‌کاندا، هه‌مووی
له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و میدیا زه‌به‌لاحه‌وه‌یه که شه‌و و ڕۆژ له‌کارکردندایه و
وه‌ستانی بۆ نیه. ئازادی ڕاده‌ربڕین، هۆکاری ئه‌و میدیایه‌یه که ده‌بێت هه‌میشه
هه‌ڵسوڕێت و کارا بێت، بۆ له قاڵبدانه‌وه و ئاڕاسته‌کردنی ئه‌و بیروباوه‌ڕانه،
به‌و ئاقاره‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تێکی تایبه‌ت له‌خۆده‌گرێت. واته له هه‌مان
کاتدا که ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین دابینکراوه، هه‌ر به هه‌مان یاسا، واته
ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین، ئه‌و بیروڕایانه ئاڕسته ده‌کرێت که له سنورێکی تایبه‌تی
ده‌رنه‌چن.
ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی ئه‌م سنوره ده‌کات، ئه‌قڵانیه‌ته. ئه‌قڵانیه‌ت
ناهێڵێت کۆمه‌ڵگا بۆ نمونه، به‌ره‌و فاشیه‌ت بڕوات، یاخود به‌ره‌و کۆمۆنیستی،
یاخود به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیسلامی. لێره‌دا سنوری دیموکراتیه‌ت به‌ر دیواری
دیکتاتۆریه‌تی ئه‌قڵ ده‌که‌وێت و ناهێڵێت له‌وه زیاتر بڕوات. ئه‌و ئه‌قڵانیه‌ته‌ی
باسی لێوه‌ده‌کرێت، ئه‌قڵانیه‌تێکی سنور‌داره، واته خۆپه‌رسته به‌وه‌ی سنوری
بیرکردنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی میلله‌ته‌که‌یدا، ده‌وڵه‌ته‌که‌یدا جێگیر ده‌بێت.
به‌ریه‌ککه‌وتنی
ئازادی بیروڕاده‌ربڕین و دوابه‌دواش ئاڕاسته‌کردنی به ئاقارێکی دیاریکراودا،
یاخود هێشتنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌یه‌کدا که نابێت لابدات، ناکۆک ده‌وه‌ستێته‌وه.
به لایه‌کی تردا دیموکراتیه‌ت بوارێکی به‌رته‌سکه له یاری ئه‌قڵدا که دوابه‌دوا
هیچی پێنیه به ته‌نها بیڵێت، واته دیموکراتیه‌ت بواری به‌تاڵکردنه‌وه‌ی
دیکتاتۆریه‌تی ئه‌قڵه، ئه‌قڵی تاکڕه‌و که گه‌مه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌کات و
دوابڕیاڕیش هه‌ر خۆی ده‌یدات.
له‌سه‌رێکی تره‌وه،
هه‌تا ئێستا مرۆڤایه‌تی نه‌گه‌شتۆته ئه‌و ئاسته‌ی که بتوانێت موماره‌سه‌ی ئازادی
به ئازادی بکات، واته هه‌ر ده‌بێت ڕاستبکرێته‌وه و ئاڕاسته‌بکرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ
به‌ناوی ئازادی و دیموکراتیه‌ته‌وه به زۆربه‌ی خه‌ڵک ده‌فرۆشرێته‌وه، له
ڕاستیدا ته‌نها لایه‌نی که‌میه‌تی. ئازادی و دیموکراتیه‌ت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا داده‌مه‌زرێت
که هیچ مێژویه‌کی نه له پێشه‌وه هه‌بێت، نه له دواوه، له هه‌مان کاتدا ئه‌قڵ
گه‌شتبێته ئه‌و ئاسته‌ی که خۆی و ته‌نها خۆی بڕیاری چاره‌نوسی بیرکردنه‌وه‌ی له‌ده‌ستدا
بێت و خاوه‌نی ئیراده‌ی ئازادی خۆی بێت. ئه‌وه‌ش ده‌بێت زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵگا له‌و
ئاسته‌دا بێت.
سنوری ئه‌قڵانیه‌ت
له نێوانی پارته سیاسیه‌کاندا ئه‌مسه‌روسه‌ری ده‌رده‌که‌وێت. له‌وپه‌ڕی ڕاستڕه‌وه‌وه
هه‌تا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی چه‌پڕه‌و. ئه‌قڵانیه‌تی میانڕه‌و هیچ کاتێک بوار نادات
به‌ته‌نها جه‌مسه‌رێکی ئه‌و پۆلینکردنه، ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، به‌ڵکو هه‌میشه
ده‌بێت له که‌مێک ڕاستڕه‌و، یاخود که‌مێک چه‌پڕه‌و تێنه‌په‌ڕێت. چونکه له
ڕاستیدا ئه‌مسه‌روسه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته ده‌بێته‌وه به دیکتاتۆریه‌تێکی ڕووت.
واته سنوری ئه‌و دیموکراتیه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه له‌گه‌ڵ دیکتاتۆریه‌تدا له‌سه‌روخواری
هه‌مان ئه‌قڵانیه‌تدا جێگه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه.
به‌ڵگه‌هێنانه‌وه
بۆ ڕاستی و دروستی بۆچونه‌کان، یه‌کێکه له‌و ئامڕازانه‌ی لایه‌نه جیاجیاکان به‌کاریده‌هێنن
به‌رامبه‌ر یه‌کتری و بۆ ڕاکێشانی لایه‌نگران و قه‌ناعه‌ت پێکردنی زۆربه، که هه‌ر
لایه‌نه و خۆی به ڕاسترین ده‌زانێت و به‌ڵگه بۆ بۆچونه‌کانی ده‌هێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی
لێره‌دا گرنگه به‌ڵگه‌کان نیه، به‌ڵکو ڕاستگۆیی و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌یه له
ناو پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا، ده‌نا هه‌موو دیکتاتۆرێکیش به‌ڵگه‌ی خۆی هه‌یه که
بۆچی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گرتۆته‌به‌ر و وازی لێناهێنێت و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه
زۆربه‌یه‌ک قه‌ناعه‌ت پێبێنێت که ئه‌و ڕاسته، یاخود ڕاسترینه.
جیاوازی ئه‌قڵیه‌تی
دیموکراتی و دیکتاتۆری له‌سه‌رکوتکردنی لایه‌نێکی/ ئاستێکی ئه‌قڵیدا ده‌رده‌که‌وێت
بۆ لایه‌نه‌کانی/ ئاسته‌کانی تر. په‌ڕینه‌وه له ئه‌قڵیه‌تی دیکتاتۆریه‌ته‌وه بۆ
ئه‌قڵیه‌تی دیموکراتی، قبوڵکردنی هه‌موو بیروبۆچونه‌کانی تره، وه‌ک ئه‌وه‌ی که
لایه‌نه‌کان/ ئاسته‌کانی تری ئه‌قڵه. به‌وپێیه په‌نانابرێته به‌ر سه‌رکوتکردن،
به‌ڵکو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌که ده‌بێته دیالۆگی ئه‌قڵانه‌یه‌ت و به‌ڵگه هێنانه‌وه
بۆ ڕاستی و دروستی بیروبۆچونه‌کان. له دوای ئه‌وه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی که
یه‌کتری ئه‌شکه‌نجه نه‌ده‌ین، به‌ڵکو ململانێی سیاسی بکه‌ین.
له جێگه‌یه‌کی تردا
باسی ئه‌قڵیه‌تی خام و ئه‌قڵیه‌تی پێگه‌شتوو کراوه، که یه‌که‌میان دیکتاتۆریه‌ت
به‌رهه‌م دێنێت و دووه‌میان به‌ره‌و دیموکراتی هه‌نگاو ده‌نێت (ده‌سه‌ڵاتدارێتی و
ئه‌قڵانیه‌ت).
هه‌مان ئه‌قڵیه‌تی
دیموکراتی که له ڕۆژئاوادا زاڵه، بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوا ئه‌و دیکتاتۆریه‌ته‌یه
که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێت و ده‌یانڕه‌تێنێت و وڵاته‌کانیان
وه‌ک ته‌نه‌که‌ی خۆڵ به‌کارده‌هێنێت. دیموکراتی و دیکتاتۆریه‌ت دوو ڕوی یه‌ک دراون
ئه‌ویش ئه‌قڵه.
له‌سه‌رو دیموکراتیه‌ت
و دیکتاتۆریه‌ته‌وه، یاخود له‌سه‌رو ئه‌قڵانیه‌ته‌وه، ئاگایی هه‌یه. واته ته‌نها
مه‌وداکانی ئه‌قڵ نیه که بتوانرێت په‌نای بۆ ببرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای
مرۆڤایه‌تی، به‌ڵکو بوارێک ماوه که مرۆڤ پێیبگات و به‌کاریبهێنێت بۆ دامه‌زراندنی
کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ر و ئازاد که حه‌قیقه‌تی وجودی تیا بسه‌لمێت.
ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگاکانی
مرۆڤایه‌تی له نێوانی دیکتاتۆریه‌ت و دیموکراتیه‌دا، که هه‌ردوکیان به‌رهه‌می ئه‌قڵن،
گه‌مارۆدراوه و بچوککراوه‌ته‌وه که له‌و دوو سنوره تێنه‌په‌ڕن. هه‌ربۆیه به
شێوه‌یه‌کی گشتی مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا ئازاد نیه و میلله‌ته‌کان له چوارچێوه‌ی
سنوره‌کاندا، خزێنراونه‌ته ناو یه‌کێک له‌و دوو سیسته‌مه‌وه و ده‌بێت یه‌کێکیان
قبوڵبکات، یاخود له هه‌وڵی به‌ده‌ستگه‌شتنی یه‌کێکیاندابێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی له
هیچیاندا بتوانێت به ئازادی ته‌واوی خۆی بگات.
ته‌نگژه‌کانی
دیموکراتیه‌ت گه‌لێک گه‌وره‌تره له ته‌نگه‌ژه‌کانی دیکتاتۆریه‌ت، چونکه هه‌نگاوێک
نزیکبۆته‌وه له‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی ڕزگاری بێت و مرۆڤ بۆ یه‌که‌م جار ده‌موچاوی
خۆی بناسێته‌وه، به‌ڵام ڕێگه‌ی پێ‌نادرێت و هه‌میشه دواده‌خرێت و داده‌پلۆسرێت و
هه‌ڵده‌خڵه‌تێنرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌یی هیچ ده‌ستدرێژیه‌کی بکرێته‌سه‌ر.
جیاوازی دیکتاتۆریه‌ت و دیموکراتیه‌ت له‌وێدا ده‌رده‌که‌وێت که له دیکتاتۆریه‌تدا
ڕێگه‌نادرێت مرۆڤه‌کان بگه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی که توشی گێژاوی وجود بن، به‌ڵکو
هێشتا هه‌موو ئازاره‌کان له‌سه‌ر جه‌سته ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت بچێژرێت، واته هێشتا
هه‌نگاوێک له دواوه‌یه.