کاتی ئه‌وه هاتوه
"ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاری شۆڕشی کوردستان" دابمه‌زرێت
13.07.2011
ئه‌گه‌ر میلله‌تێک
بیه‌وێت بژی، ده‌بێت چاره‌نوسی خۆی بگرێته ده‌ست. میلله‌تی کورد هه‌تا ئێستا نه‌یویستوه
سه‌ربه‌ست بژی و چاره‌نوسی خۆی به‌ده‌ست خۆیه‌وه بێت، هه‌ربۆیه هه‌تا ئێستا به‌م
به‌ناو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه کوردیه‌ی کوردستانی ئێراقیشه‌وه، ژێرده‌سته‌یه و نه‌بۆته
خاوه‌نی ئیراده‌ی ژیان. ئه‌مڕۆ پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌و چاره‌نوسه له‌سه‌ر هه‌ر تاکێکی
ئه‌م کۆمه‌ڵگایه دروست بووه و چاوه‌ڕێی جڵه‌وگرتنه‌ده‌ست ده‌کات. ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه
زیوینیه‌یه که کوردیش ده‌توانێت وه‌ک میلله‌تێکی سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆ بژی، به‌بێ
ئه‌وه‌ی میلله‌تێکی تر، تاقمێک، بنه‌ماڵه‌یه‌ک ئیراده‌ی ژیانی زه‌وتکات و وه‌ک
بێگیانێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات.
پێداویستی شۆڕش،
پێداویستی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌ره و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و
جیهانی ئاماده‌یه و ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه گوڕوتینی میلله‌ته کڵپه بکات و
گڕبسێنێت و داگیرسێت و جڵه‌وی چاره‌نوسی خۆی بگرێته ده‌ست.
هه‌موو شۆڕشێک
پێویستی به ڕێکخستن و ڕێنمایی هه‌یه، بۆ هه‌ڵبژاردنی باشترین هه‌لی گونجاو له‌کاتی
گونجاو‌دا. کورد له هه‌موو میلله‌تێکی تر زیاتر پێویستی به ڕێنمایی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی
له‌م گێژاو و گێره‌شێوێنیه‌ی ئێستا ده‌ریبهێنێت و چاوساغیه‌کی بکات. له‌وه‌ته‌ی
کورد هه‌یه چه‌واشه ده‌کرێت، نه‌ک هه‌ر له‌به‌ره‌ی دوژمنانه‌وه، به‌ڵکو له‌لایه‌ن
سه‌رکرده و بزوتنه کورده‌واریه‌کانی خۆشمانه‌وه.
پێداویستی دامه‌زراندنی
ئه‌نجومه‌نێک بۆ ڕاوێژکاری شۆڕشی ئه‌م جاره‌ی کوردستان، بۆ دورخستنه‌وه‌ی شۆڕشه
له هه‌موو به‌لاڕێبردنێک و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی میلله‌تی کورده که
هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک نه‌که‌وێته سه‌رویه‌وه. له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێت ئیشی ئه‌وه
بێت هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی
کوردی شیبکاته‌وه و شێوه‌ی گونجاوی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌ستنیشان بکات، به‌پێی
تایبه‌تمه‌ندێتی کۆمه‌ڵگای کوردیی و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی.
شۆڕشی میسر نمونه‌یی
بوو له ناوچه‌که‌دا، ده‌توانرێت گه‌لێک ده‌رسی لێوه‌ربگیردرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی
لاسایبکرێته‌وه یاخود هه‌وڵی ئه‌وه بدرێت که کتومت وه‌ک ئه‌وان ڕاپه‌ڕین ئه‌نجام
بدرێت.
ئه‌نجومه‌نی
ڕاوێژکاری ده‌توانێت توانا په‌رتوبڵاوه‌کانی میلله‌تی کورد له‌ژێر چه‌ترێکدا
کۆبکاته‌وه و به‌یه‌کتریان بناسێنێته‌وه، به‌وه‌ی که ڕه‌وه‌ندێکی زۆری په‌نابه‌ری
کورد له ڕۆژئاوادا ده‌ژی و خاوه‌نی چه‌ندین به‌هره‌ی جیاوازن و ده‌شێت له
دواڕۆژدا به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی هاوچه‌رخ بن له
کوردستاندا.
که‌م کورد هه‌یه له ڕۆژئاوادا هه‌ست به به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر
به میلله‌ته‌که‌ی نه‌کات و نه‌یه‌وێت ڕۆژێ له ڕۆژان بگه‌ڕێته‌وه زێدی
باووباپیری، ئه‌وه‌ی که سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ئه‌مڕۆی
کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نایانه‌وێت ڕو له کوردستان بکه‌نه‌وه، چونکه ئه‌وانه‌ی
هه‌نده‌ران فێری ده‌نگی ئازاد بوون و له دیموکراتیه‌ت شتێک فێربوون.
ئه‌نجومه‌نی
ڕاوێژکاری شۆڕشی کوردستان پێداویستییه‌کی هه‌نوکه‌ییه و هیوادارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی
که هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌که‌ن ئاوڕێکی جددی لێبده‌نه‌وه و له هه‌وڵی دامه‌زراندنی
ئه‌نجومه‌نێکی له‌و جۆره‌دا بن.