نوسه‌ر و خوێنه‌ر
سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی
له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا خۆیان به نوسه‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌و کتێبانه‌ن که
به زمانێکی تر نوسراون، چ به‌کوردیکراو، یاخود به یه‌کێک له زمانه‌کانی میلله‌تانی
سه‌رده‌ست "عه‌ره‌ب، فارس، تورک" نوسراون. زۆربه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ش که
هه‌ڵده‌بژێردرێن، ئه‌و کتێبانه‌ن که له زمانێکی ئه‌وروپییه‌وه وه‌رگێڕدراونه‌ته
سه‌ر ئه‌و زمانانه و به ده‌گمه‌ن نوسه‌ری خودی ئه‌و میلله‌تانه به‌سه‌رده‌کرێته‌وه،
ئه‌ویش له هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانیان ده‌رناچێت. زیاتریش ئه‌وانه‌ن که له به‌ره‌ی
به‌رهه‌ڵستکارانی ڕژێمه‌کانی ئه‌و میلله‌تاندا خۆیان ده‌بیننه‌وه.
له‌مه‌وه یه‌ک دوو خاڵی گرنگمان بۆ ڕونده‌بێته‌وه،
ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که نوسه‌رانی ئێمه به‌حوکمی ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی
ئه‌و میلله‌تانه‌دا بۆیان دروستبووه، زمانه‌کانیشیان له‌لا ناشیرین بووه و هه‌رچی
شتێک به‌و زمانانه نوسرابێت، جێگه‌ی گومانه و ڕه‌تده‌کرێته‌وه. وه‌ک حاڵه‌تێکی
ده‌رونیی ژێرده‌سته‌ییش، کارێکی دژواره له‌دژایه‌تیکردنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌کانی
ئه‌و میلله‌تانه‌دا، زمان و ئه‌ده‌ب و فکریان قبوڵبکرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌چاو
فیکری جیهانیدا، خاوه‌نی فکرێکی لاوازن.
له‌به‌ر نه‌بونی سه‌رچاوه‌ی کوردی، ئه‌وا به‌ناچاری
به‌و زمانانه ده‌خوێنرێته‌وه و له ڕاستیشدا ته‌نها وه‌ک ئامڕازێک به‌کارده‌برێن
بۆ خوێندنه‌وه‌ی فکر و ئه‌ده‌بێکی تر که به زمانه‌کانی تر نوسراون و له پێش
کوردییه‌وه وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی میلله‌ته ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌کان. له‌لایه‌کی
تریشه‌وه وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌کارده‌برێت بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خودی زمانی ئه‌و
میلله‌تانه و بۆ نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌کانیان. چونکه
که کتێبێکی وه‌رگێڕدراو، به عه‌ره‌بی، تورکی یاخود فارسی ده‌خوێندرێته‌وه،
خوێنه‌ری کورد هه‌ستناکات که فیکری ئه‌و میلله‌تانه‌یه و حاڵه‌تێکی بێلایه‌نی هه‌یه
که هه‌ردوو میلله‌ته‌که له‌وه‌دا یه‌کسان ده‌بنه‌وه که فیکری میلله‌تی سێیه‌م
ده‌خوێننه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان ئیمتیازێکیان هه‌ر ده‌مێنێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که
وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی دایکیان و ئێمه‌ش ئه‌و هه‌ستیاریه‌مان هه‌ر ده‌مێنێت
که زمانی سه‌رده‌سته و زمانی زگماکی خۆمان نیه.
ئه‌وه‌ی زیاتریش وه‌ک وتمان گرنگی پێده‌درێت،
کتێبه وه‌رگێڕدراوه‌کانه که له زمانێکی خۆرئاواییه‌وه وه‌رگێڕدراون، ئێمه په‌ل
بۆ چڵه پوشێکیش ده‌به‌ین ته‌نها له کاریگه‌ری ئه‌م چوارده‌وره ڕزگارمانکات. دور
ده‌خوێنینه‌وه بۆئه‌وه‌ی نزیک به‌رینه‌وه و خۆمانی پێ ڕزگارکه‌ین.
نامۆبوونی یه‌که‌م لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات و
ئه‌مه یه‌که‌م گرێی ده‌رونیی خوێنه‌ر و خوێنه‌ری نوسه‌ری ئێمه‌یه، به حوکمی
پێگه‌ی جوگرافیشمان، هه‌میشه ڕو له خۆرئاوا ده‌که‌ین، خۆرئاوا، پێگه‌ی زانست و
ته‌کنه‌لۆژیا و پێگه‌شتن و شارستانیه‌ت و دیموکراتی و مافی مرۆڤ.... به نائاگاییش،
به‌ده‌گمه‌ن به‌رهه‌مه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ده‌خوێنینه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می
پوخت و نایابیش بێت. واته به‌ئاگایی و نائاگایی ئاڕاسته‌ی خۆمان به‌وه ده‌ستنیشان
کردوه که ڕزگاربوونمان له وه‌رگرتن و له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی
خۆرئاوادایه.
هه‌ڵبه‌ته خۆرئاوا ده‌مێکه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه
که بۆ هه‌موو جیهان بسه‌لمێنێت که ته‌نها خۆی ڕاسته و تاکه ڕێگای ئاسوده‌ییه
و له حه‌قیقه‌تیشدا له وه‌همێک، سه‌رابێک زیاتر نیه بۆ میلله‌تانی ده‌ره‌وه‌ی
خۆرئاوا و ده‌مێکه ئه‌و ڕاستیه ده‌زانێت که ناکرێت و نایانه‌وێت هه‌موو جیهان
به شێوازی ژیانی ئه‌وان بژین، ده‌نا ئه‌وسا ئه‌فسانه‌ی خۆرئاوا به‌تاڵ ده‌بێته‌وه
و نه ئێمه ئه‌وه‌نده دوایان ده‌که‌وین، نه ئه‌وانیش ده‌توانن ئه‌وه‌نده به‌سه‌رماندا
نازبکه‌ن و وامان نیشانبده‌ن که جیهان ته‌نها ئه‌وروپایه. هه‌زارویه‌ک جار
ناشیرینمان ده‌که‌ن و ئێمه ئه‌وانمان هه‌ر پێ جوانه.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ناگونجێت هه‌موو جیهان
به یه‌ک شێواز و به یه‌ک ڕیتم بڕوات به‌ڕێوه و ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا وه‌ک مێژوو
دامه‌زراوه و پێکهاتووه، ته‌نانه‌ت له ئه‌مریکاش دوباره نه‌بۆته‌وه. له
ڕاستیدا ئێمه که ده‌ڵێین خۆرئاوا، له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا مه‌به‌ستمان ئه‌وروپایه
و ده‌مانه‌وێت وه‌ک ئه‌وروپی بژین، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین شتێکیان لێوه
فێربین و له‌گه‌ڵ شتێکی خۆماندا بیگونجێنین و له ژیان و مێژوودا شێوازی خۆمانی پێبدۆزینه‌وه.
هه‌روه‌ک بۆ نمونه یابان، نه وه‌ک ئه‌وروپا
ده‌ژین، نه وه‌ک کۆمه‌ڵگا کۆنه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ی جارانی خۆیان و له هه‌مان
کاتیش‌دا پێکهاته‌یه‌که له پێکداچوونی هه‌ردوو که‌لتوره‌که و که‌لتوری ئه‌مڕۆی
یابانیان پێکهێناوه. هه‌م پێگه‌ی خۆیان هه‌یه له کۆمه‌ڵگای جیهانی و
خۆرئاواییدا، هه‌م له‌گه‌ڵ مێژووی خۆشیاندا ڕۆشتوون و ئاڕاسته‌ی خۆیان وه‌رگرتووه،
به‌بێ ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و مێژووی جیهان داببڕێن، یاخود دوابکه‌ون.
هه‌تا ئێستاش به‌ده‌گمه‌ن خوێنه‌رێک، نوسه‌رێک
ده‌بینین دوو کتێبی له‌و "ڕۆژهه‌ڵاته‌وه" خوێندبێته‌وه و توانیبێتی به
دوو دێڕ پێناسه‌یه‌کی ئه‌و گه‌له بکات که چۆن توانیویانه به‌و ئاسته به‌رزه‌ی
ژیان و ڕێکخستنه بگه‌ن، که ته‌نانه‌ت له جیهانیشدا که‌م وێنه‌یه، نه‌ک هه‌ر له
ڕۆژهه‌ڵاتدا.
بۆئه‌وه‌ی زۆر له باسه‌که دورنه‌که‌وینه‌وه،
ده‌چینه‌وه سه‌ر که‌لتوری خوێندنه‌وه و چۆنێتی پێکهاته‌ی ئه‌و که‌لتوره. له
پێش ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه به‌هره‌یه‌ک بێت مرۆڤ پێوه‌ی له‌دایکبووبێت، ئه‌وا نه‌ریتێکی
کۆمه‌ڵایه‌تیه و به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگای شارستانییه‌تدا ده‌خولقێنرێت. شێوه‌ی
ڕاهێنانیش هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌ستپێده‌کات، ته‌نانه‌ت له پێش ئه‌وه‌ی منداڵ
فێری قسه‌کردن ببێت، گوێی به چیرۆکی پێش خه‌وتن گۆشده‌کرێت، ئه‌وه‌ی له هه‌موو
جیهانی خۆرئاوادا پێیده‌گوترێت چیرۆکی شه‌وباش. زۆر منداڵ له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ڕس ده‌بن
و هیچ تێناگه‌ن، به‌ڵام ورده ورده و هێواش هێواش باره‌که هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و
به شێوازێک ده‌شکێته‌وه که منداڵه‌که به‌بێ چیرۆکی شه‌وباش ناخه‌وێت. ئیدی ئه‌و
منداڵه شه‌و له‌دوای شه‌و له‌گه‌ڵ جیهانه بچکۆله‌که‌ی چوارده‌وریدا، جیهانێکی
تریش له فه‌نتازیا و ڕه‌نگ و وشه ده‌خولقێنێت و ڕۆژبه‌ڕۆژ خه‌یاڵی فراوانتر ده‌کات
و پرسیاری لا ده‌وروژێنێت.
له‌دوای ئه‌و قۆناغه‌شه‌وه، ئه‌و کرداره له
دایه‌نگه و باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌شدا هه‌ر به‌رده‌وامه و به شێوه‌یه‌ک
خوێندن و نوسین تێکه‌ڵی ژیانی ده‌بێت، هه‌ر واده‌زانێت یارییه و خوێندنه‌وه ده‌بێته
ئه‌و به‌شه زیندووه‌ی ژیانی که ناتوانێت به ئاسانی له ژیانی داهاتوویدا وازی
لێبهێنێت و ده‌چێته پاڵ چێژه‌کانی تری ژیانه‌وه و پێگه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی بۆ
دروستده‌بێت. به‌و شێوه‌یه که‌لتوری خوێندنه‌وه دروست ده‌بێت و بۆ زۆربه‌یه‌ک ده‌بێته
خولیایه‌کی هه‌میشه‌یی و به‌درێژایی ته‌مه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌و شێوه‌یه که‌لتوری خوێندنه‌وه
خولقێنراوه و ده‌خولقێنرێت. ئه‌مه‌ش له‌سه‌رده‌مانێکه‌وه هاتۆته ئاراوه که ته‌نانه‌ت
نه‌ک هه‌ر ته‌له‌فون و کۆمپیوته‌ر و یاری ئه‌له‌کترۆنی نه‌بووه، به‌ڵکو ڕادیۆ و
ته‌له‌فیزیۆنیش هێشتا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. هه‌ربۆیه به شێوه‌یه‌ک ڕه‌گی داکوتاوه
که دوابه‌دواش ئه‌و ئامڕازی گه‌یاندنانه‌ی دوایش هاتونه‌ته‌گۆڕێ، هیچ کاریگه‌رییه‌کی
ئه‌وتۆی له‌سه‌ر که‌لتوری خوێندنه‌وه به‌جێنه‌هێشتووه و هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ
ئه‌و هه‌مووه ئامڕازه ئه‌له‌کترۆنییه‌دا، هێشتا کتێبی فیزیکی ڕۆڵی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه
و له‌وه‌ش ناچێت به‌مزوانه ئه‌و پێگه پیرۆزه‌ی خۆی له‌ده‌ستبدات.
گرفتی ئێمه‌ش هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه ده‌ستپێده‌کات
و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایه‌مان نیه، ئه‌وا له کاتێکدا کرداری خوێندنه‌وه
له‌لای ئێمه چۆته قۆناغی جددیه‌وه، که هه‌موو ئامڕازه‌کانی تریش هاتونه‌ته مه‌یدانه‌که‌وه،
وه‌ک ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و داوابه‌دواش کۆمپیوته‌ر هه‌موو ئامێره ئه‌له‌کترۆنییه‌کانی
تری په‌یوه‌ستبوونه‌وه و گه‌یاندن. به شێوه‌یه‌ک هێشتا نه‌خوێنده‌واری بنه‌بڕنه‌کراوه،
خۆمان له گێژاوی هه‌موو ئه‌و ئامڕازانه‌دا بینیوه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆش که باس له شارستانیه‌ت ده‌که‌ین،
هیچ ده‌زگایه‌کی ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی بیری له‌و کێشه و گرفته نه‌کردۆته‌وه که
خوێندنه‌وه بکات به به‌شێک له به‌رنامه‌ی ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. هه‌ر
وه‌ک وتیشمان ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه به‌هره‌یه‌کی خۆڕسکیش بێت و له‌گه‌ڵ له‌دایکبووندا
هاتبێته ئاراوه، ئه‌وا به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانرێت به‌رده‌وامی به‌و به‌هره‌یه
بدرێت که هه‌موو کۆمه‌ڵگا له‌دژی بوه‌ستێته‌وه، هه‌ر بۆیه به گشتی که‌لتوری
خوێندنه‌وه‌ی ئێمه له خولیا و ئاره‌زوویه‌کی پچڕپچڕی هه‌ندێک تاکه‌که‌س تێناپه‌ڕێت
و هیچ جێگایه‌ک، نه‌ریتێک، ئاووهه‌وایه‌ک بۆنی خوێندنه‌وه‌ی لێنایه‌ت و سیما و
سروشی خوێندنه‌وه نابه‌خشێت.
به پێچه‌وانه‌وه، گه‌ر له خودی خێزانه‌وه،
که یه‌که‌م پێگه‌ی منداڵه، ده‌ستپێبکه‌ین تا ده‌گاته قوتابخانه، دژی خوێندنه‌وه
ده‌وه‌ستنه‌وه و مه‌یدانی لێته‌سکده‌که‌نه‌وه.
ئێمه ته‌نها قوتابخانه‌مان هه‌یه که خه‌ڵک
تیایدا فێری خوێندنه‌وه ده‌بێت، ئه‌و جێگایه‌ی که نه‌ک خولیای خوێندنه‌وه
دروستناکات، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر یه‌کێکێش ئاره‌زوی خوێندنه‌وه‌ی تێدا بێت، ئه‌وا
تیایدا ده‌کوژن.
قوتابخانه له‌لای ئێمه ئه‌و جێگایه‌یه که
خوێندنه‌وه تێدا ده‌بێته ئه‌رکێکی داسه‌پێنراوی مردوی هه‌راسانکه‌ر و ته‌نها بۆ
ده‌رچوون و له کۆڵکردنه‌وه به‌کارده‌هێنرێت. مامۆستاکان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی تۆوی
خۆشه‌ویستی کتێب بچێنن، وا له خوێندکاران ده‌که‌ن ڕقیان له کتێب و خوێندنه‌وه و
بگره هه‌موو ڕۆشنبیرییه‌کیش بێته‌وه.
ئێستا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و کتێبه
وه‌ڕگێڕدراوانه بۆ سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆیان، که زۆربه‌ی وه‌ک وتمان یه‌کێکه
له زمانه ئه‌وروپییه‌کان و نزیکتریش بڕوانین ده‌بینین زمانی ئیگلیزی به پله‌ی
یه‌که‌م و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی به پله‌ی دووه‌م و تاکوته‌راش ئیسپانی و زمانه‌کانی
تر وه‌ک سویدی و نه‌رویجی و دانیمارکی و هۆڵه‌ندی.... تێده‌که‌وێت.
نوسین چ زانستی بێت یاخود فیکری و ئه‌ده‌بی،
مێژووه‌یه‌کی خۆی هه‌یه و لێوه‌ی هه‌ڵقوڵاوه و بۆی دروست بووه و بۆته زنجیرێک،
هه‌ر جاره‌ی ئه‌لقه‌یه‌ک زیاد ده‌کات. ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه جگه له‌وه‌ی به ڕه‌گی
زنجیره‌که‌ی خۆیه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، ئه‌وا له‌و کاتوشوێنه‌ی تیایدا خه‌مڵاوه،
خاوه‌نی مێژووی سه‌رده‌مه‌که‌یه‌تی. وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پڕاوپڕی زه‌مه‌نه‌که‌یه‌تی
و هیچ نه‌شازییه‌ک ناخولقێنێت، چونکه هه‌میشه وه‌ک ته‌واوکه‌رێک، پڕکه‌ره‌وه‌یه‌ک،
به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ک...هتد، دێته ئاراوه، که له‌وه‌و پێش زه‌مینه و بنه‌مای
بابه‌ته‌که له ئارادا بووه.
هه‌میشه ده‌رچوونی کتێبێکی نوێ، خستنه‌سه‌ر
خه‌رمانه‌ی ئه‌وانی تره که له پێش ئه‌وه‌وه هاتوون. به‌وپێیه‌ش به خوێنه‌ری
زمانه‌که‌ی خۆیدا ده‌چه‌سپێت و سروشتیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. لێره‌دا
مه‌به‌ست له باش یا خراپ نیه، به‌ڵکو ئه‌و ڕه‌وته سروشیی و مێژوییه و ئه‌و
پاشخانه فیکریه‌یه که فیکری تیا ده‌خه‌مڵێت و وه‌ک کتێبێک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
خاڵێکی گرنگ هه‌یه که پێویسته بوترێت، ئه‌ویش
ئه‌وه‌یه که که‌لتور و شارستانیه‌تی خۆرئاوا، به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌وه‌نده له
یه‌کتره‌وه نزیکن و ئه‌وه‌نده تێکپچڕاون که له‌یه‌ک زه‌مه‌نی مێژوویی و پێشکه‌وتندان،
یه‌ک ئاستی شارستانیه‌تیان هه‌یه. ئه‌و تێکه‌ڵاوییه‌ی له زانست و فیکر و ئه‌ده‌بدایه،
سنوری نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌کانی به‌زاندووه و هه‌موویان پێکه‌وه که‌لتورێک پێک
ده‌هێنن. واته ئه‌لقه‌ی هه‌ر بوارێک، به‌هه‌ر زمانێکی ئه‌وروپی بخریته سه‌ر ئه‌و
که‌ڵه‌که‌یه، به هی هه‌موو ئه‌وانی تریش ده‌زانرێت. گۆڕان و پێشکه‌وتن له هه‌ر
بوارێک‌دا، که‌م تا زۆر هه‌موویان ده‌گرێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته نابێت ئه‌وه‌ش له‌یادبکرێت که ئه‌مڕۆ
زمانی ئنگلیزی ته‌نگی به زمانه خۆماڵییه‌کانی تر هه‌ڵچنیوه و بۆته زمانی یه‌که‌می
ته‌کنه‌لۆژیی و سیاسی و ئه‌ده‌بیی و بگره فه‌لسه‌فیی و جیهانی په‌یوه‌ندیی. به
حوکمی به‌جیهانیبوونه‌که‌شی، زمانی دووه‌می هه‌موو وڵاته ئه‌وروپییه‌کانه. هه‌روه‌ها
کاریگه‌ری سیاسی و ئابوری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئه‌وروپا و
جیهان، فاکته‌رێکی تری زاڵبوونی زمانی ئنگلیزییه، جگه له‌وه‌ی هه‌ر خودی زمانه‌که‌ش
له‌چاو زمانه‌کانی تری جیهاندا، ئاسانتره و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌موو مرۆڤه‌کانی
سه‌رزه‌وی ده‌توانن فێریببن و ده‌نگه‌کان نزیک له‌خۆی بڵێنه‌وه.
هه‌رچه‌نده وڵاته ئه‌وروپییه‌کان ئه‌م حاڵه‌ته‌یان
پێخۆش نیه و ساڵانه به‌شێکی بودجه‌ی وڵاته‌که‌یان ته‌رخان ده‌که‌ن بۆ پاراستن و
په‌ره‌پێدانی زمان و که‌لتوری خۆماڵی. به‌وه‌ش له هه‌ندێک بواری بچوکدا سه‌رکه‌وتوون
و له هه‌ندێکی تریشدا ناچارن مل به‌و لێشاوه زۆره‌ی زمانی ئنگلیزی بده‌ن، چ وه‌ک
زاراوه و چ وه‌ک به‌رهه‌می چاپکراو و به‌رده‌ستێتی ئه‌و سه‌رچاوانه به نرخێکی
هه‌رزان له‌چاو وه‌رگێڕدراوه خۆماڵییه‌کاندا، که ناتوانرێت پێشبڕکێی ئه‌و بازاڕه
بکرێت که به لێشاو ده‌رده‌چێت و بۆ هه‌موو جیهان ده‌ڕوات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌وروپی
زمانی ئنگلیزی ده‌زانێت و زۆر جار پێی چاکتره به زمانی یه‌که‌م بخوێنێته‌وه و
چاوه‌ڕێی وه‌رگێڕدراوه خۆماڵییه‌که نه‌کات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئێمه له سه‌رده‌مێکدا
ده‌ژین که ئه‌گه‌ر نوسه‌رێک بیه‌وێت نوسینه‌کانی به‌جیهانیی ببن، ئه‌وا به زمانی
خۆماڵی خۆی نانوسێت و زمانی ئنگلیزی هه‌ڵده‌بژێرێت.
خاڵێکی تریش هه‌یه په‌یوه‌سته به خه‌رمانه‌ی
که‌ڵه‌که‌بووی زانست و فیکری ئه‌وروپییه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به حوکمی ئه‌وه‌ی
چه‌ند سه‌د ساڵێکه میلله‌تانی ئه‌وروپی له‌دوی زانین ده‌گه‌ڕێن و له هه‌ر
شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌ش شتێکیان ده‌ستکه‌وتبێت، خێرا گه‌ڕاندویانه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی
خۆیان و ئه‌مڕۆ ده‌رباره‌ی هه‌موو میلله‌تانی جیهان زانیارییه‌کی زۆریان کۆکردۆته‌وه
و ئه‌گه‌ر کتێبێک له یه‌کێک له‌و زمانانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاوه وه‌رگێڕدرێته
سه‌ر زمانی ئنگلیزی، بۆ نمونه، ئه‌وا یه‌کسه‌ر ده‌چێته سه‌ر ئه‌و خه‌رمانه‌یه‌ی
له‌وه‌و پێش هه‌بووه و بنه‌مای هه‌یه و ده‌بێته ته‌واوکه‌ری، واته نه‌شاز ده‌رناچێت
و جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی که له‌لای ئێمه هه‌یه.
ئێستا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای خۆمان،
کاتێک یه‌کێک له ئێمه کتێبێک "ئه‌لقه‌یه‌ک له زنجیره‌که" هه‌ڵده‌بژێرێت
و ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر کتێبه‌که سه‌رنجڕاکێش بێت، یه‌کسه‌ر بیر له‌وه ده‌کاته‌وه
که بریا ئه‌و کتێبه به‌کوردی بکرایه! و له به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی کوردیش‌دا هه‌بوایه،
له ڕاستیشدا کێشه‌یه‌کی زۆریش هه‌ر له‌وێوه ده‌ستپێده‌کات.
خوێندنه‌وه‌ی تاکه‌که‌سی و هه‌ڵبژاردنی
کتێبێک زۆر جیاوازه له‌وه‌ی که وا هه‌ستبکرێت ئیتر بۆ هه‌موو میلله‌ت ده‌شێت، له
هه‌ر قۆناغێکی مێژوویی و له هه‌ر بارودۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا بێت. هه‌ر بۆیه
زۆربه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی به‌و شێوه‌یه هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ وه‌رگێڕان، به هه‌تیووی
له‌دایک ده‌بن و ڕه‌گوڕیشه‌یان له‌گه‌ڵدا نایه‌ت. یه‌که‌م چونکه بنه‌مایه‌ک نیه
پیابنوسێت، دووه‌م قۆناغی کۆمه‌ڵگاکان، بیرکردنه‌وه‌کان، تێگه‌شتنه‌کان، بۆچونه‌کان....
جیاوازه. هه‌رچه‌نده له سه‌ریه‌ک زه‌مین ده‌ژین، به‌ڵام له زه‌مه‌نی پچڕپچڕ و
دابڕاو له‌یه‌کتری. هه‌ر پارچه زه‌مینێک له دورگه‌یه‌ک ده‌چێت له ناوه‌ڕاستی ده‌ریایه‌کی
گه‌وره‌دا، دوور له‌یه‌کتری سه‌رده‌مه‌کان تێده‌په‌ڕێنن.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نوسه‌ری خوێنه‌ر و
واز له هه‌ڵبژاردنی کتێبه وه‌رگێڕدراوه‌کان بهێنین، ده‌بینین به حوکمی سه‌رچاوه‌کانی
به‌رده‌ستی و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی کوردی، ئه‌وا زۆر به‌که‌می ده‌توانێت واقیعی
"ئێمه"ی کوردیی بخوێنێته‌وه و لێوه‌ی فێربێت و بۆی بنوسێته‌وه. به
پله‌ی یه‌که‌م واقیعی "ئه‌وان" ده‌خوێنێته‌وه و له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و
واقیعانه‌دا "هه‌ڵبه‌ته به کاڵ و کرچی" ده‌یانه‌وێت بۆ ئه‌م واقیعه
بنوسن. هه‌ربۆیه زۆرجار دورییه‌کی فراوان ده‌که‌وێته نێوانی به‌رهه‌می نوسراو و
واقیعی به‌کرده‌وه‌ی ڕۆژانه‌وه و به‌م زه‌مه‌ن و جێگایه‌دا نانوسێت و به نامۆیی
ده‌مێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌زمانی کوردیش نوسرابێت و نوسه‌ره‌که‌شی کوردبێت.
ئه‌گه‌ر نوسین به سروشتیه‌که‌ی خۆی له‌دایکبێت،
هه‌میشه که‌سانێک، توێژێک له‌و واقیعه‌دا هه‌ست ده‌که‌ن که بۆ ئه‌وان نوسراوه و
ده‌توانێت له واقیعی به‌کرده‌وه‌ی ژیانیاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی
ڕه‌نگه ببێته هۆکاری گۆڕینی بیرکردنه‌وه‌یان و تێکه‌ڵ به‌ژیانی ڕۆژانه‌یان ببێت،
یاخود هه‌ڵسوکه‌وتی پێبگۆڕن.
ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دایه که نوسین ئامانجی
خۆی پێکاوه و به شێوه‌یه‌ک له خوێنه‌ر نزیکبۆته‌وه که هه‌ر ده‌ڵێیت نوسه‌ر
باسی ئه‌و ده‌کات و بۆ ئه‌وه نوسراوه که ئه‌م په‌یڕه‌وی بکات.
نه‌مانی یاخود نه‌بوونی بۆشایی نێوان نوسین و
ژیانی ڕۆژانه‌ی خوێنه‌ر، حاڵه‌تێکی ئاسایی و ڕاڕه‌وه سروشتییه‌که‌ی خۆی له‌وێدا
ده‌رده‌که‌وێت. به واتایه‌کی تر له فیکری مردوه‌وه ده‌گوڕدرێته سه‌ر ژیانێکی
زیندوو. له‌وێدایه هه‌ست به زیندوێتیی کتێب/ نوسین ده‌کرێت که به‌شێکی لێکنه‌پچڕاوه
و لێکجیانه‌بووه‌وه‌ی واقیعه.
گه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌که لێره‌دایه که ئێمه
نوسه‌رمان که‌مه بتوانێت له واقیعه‌وه بنوسێت، یاخود واقیعی ژیانمان سه‌رچاوه‌ی
یه‌که‌می بێت، نه‌ک سه‌رچاوه‌کانی تری هه‌موو جیهان.
ئه‌مه ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی فیکری ده‌ره‌وه
نیه، به‌ڵکو چۆنێتی هه‌رسکردنی ئه‌و فیکره‌یه و چۆنێتی دوباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌تی
که واقیع ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می. واته هه‌موو خوێندنه‌وه‌کانی تر ده‌رخواردی
ئه‌و واقیعه هه‌رسکراوه ده‌درێت که ده‌زانرێت له که‌یدا چی پێویسته. نوسه‌رمان
زۆره که بتوانێت به زمانی بێگانه بخوێنێته‌وه، به‌ڵام نوسه‌رمان که‌مه
بتوانێت ژیانی واقیعی خۆماڵی بخوێنێته‌وه. هه‌موو ئه‌و که‌مه نوسراوانه‌ی له
واقیعه‌وه نوسراون، به‌دڵ و ده‌رونی زۆربه‌دا ده‌نوسێت به‌هی خۆیانی ده‌زانن و هه‌ست
ده‌که‌ن خۆیان نوسیویانه، یاخود بۆ ئه‌وان نوسراوه. له‌ڕاستیدا ده‌توانین بڵێین
که دۆخه سروشتییه‌که‌ی نوسین له‌لای ئێمه نادیار و نائاماده‌یه، هه‌ربۆیه ئه‌و
نوسینانه‌ی چ له زمانێکی تره‌وه وه‌رگێڕدراون و چ له مێشکی نوسه‌رێکی نامۆوه
به کوردی داڕێژراون، به خوێنه‌ر نامۆن و له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی که سه‌یرێکی
واقیعی چوارده‌وری ده‌کات، هیچ په‌یوه‌ستبوونه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌کی بۆ نادۆزرێته‌وه،
ئه‌گه‌رچی له‌کاتی خوێندنه‌وه‌شدا چێژی لێوه‌رگرتبێت. واته له دوای خوێندنه‌وه‌وه
کرداره‌که ته‌وا ده‌بێت و ده‌مرێت و هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی تری به‌دوادا نایه‌ت.
نه‌ک وه‌ک ئه‌و حاڵه‌ته سروشتییه‌ی باسمان کرد که به زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه و
ده‌بێته به‌شێک له بیرکردنه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه و تێکه‌ڵ به‌ژیانبوون.
دیسانه‌وه به حوکمی سه‌رچاوه‌ی خوێندنه‌وه‌مان،
کۆمه‌ڵێک خوێنه‌ر و نوسه‌ری خوێنه‌ر هه‌ڵتۆقیون، سه‌ری زمان و بنی زمانیان مۆدێرنه
و پۆست مۆدێرنه و هه‌موو ڕێباز و ڕێچکه‌یه‌که که له که‌ڵه فه‌یله‌سوفه ئه‌وروپییه‌کانه‌وه
که‌وتۆته‌وه و دوباره و سێباره ده‌بێته‌وه و به زۆری زۆرداری ده‌یانه‌وێت قه‌ناعه‌ت
به هه‌موو که‌سێک بێنن که ده‌بێت وا بیربکرێته‌وه و ته‌نها چاره‌مان هه‌ر ئه‌و
ڕێگایانه‌یه.
هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵاوی ئه‌و فه‌زایانه
بوون که باڵیان بۆ په‌یدابووه و هه‌میشه به ئاسمانه‌وه‌ن و ناتوانن له‌سه‌ر ئه‌م
سه‌رزه‌مینه بنیشنه‌وه، به شێوه‌یه‌ک که میلله‌ت و ده‌سه‌ڵات و مێژوو و
بیروباوه‌ڕ و ته‌نانه‌ت داروبه‌ردی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌شیان لێبێزراوه و لێیان بووه
به دوژمن و به هه‌موو شتێک نامۆن، به خۆیان، به ژیانیان، به چوارده‌وریان...هتد.
به شێوازێکیش نامۆن که ژیانیان له خۆیان تاڵکردوه. زۆربه‌یان ده‌یانه‌وێت کێشه‌ی
ده‌سه‌ڵات و کێشه‌ی سیاسه‌ت و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی وه‌ک فه‌ره‌نسا
و ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر بکرێت، یاخود به یه‌ک لێکدانه‌وه و به یه‌ک بنه‌ما،
بیچوێنن.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێت له بنه‌چه‌ی خێڵایه‌تی
و چۆنێتی داڕشتنی ڕۆژهه‌ڵاتی و تێکه‌ڵاوبوونی ئاین و ئاکاری کورده‌واری و نه‌خوێنده‌واری
و ده‌سه‌ڵاتدارێتیت بۆ ڕونبکه‌نه‌وه، ئه‌وا ئه‌وان هیچ بۆچونێکیان پێنیه و هیچ
لێکدانه‌وه‌یه‌کیان لانیه و له‌ڕاستیشدا ته‌واو پێی نامۆن.
هه‌ڵبه‌ته هیچ کۆمه‌ڵگایه‌کی
مرۆڤایه‌تی نیه پێویستی به فه‌لسه‌فه نه‌بێت، پێویستی به فیکر نه‌بێت، پێویستی
به ئه‌ده‌ب نه‌بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌و به‌هرانه
بێبه‌شن، ئه‌وا هێشتا پێیان نه‌خستۆته کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه‌وه.
کێشه‌که‌ی
ئێمه له‌وه‌دایه که سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می خوێندنه‌وه‌ی خۆمان کردوه به‌و بابه‌تانه‌ی
له ده‌ره‌وه نوسراون و نه‌کراونه‌ته ئامڕازی واقیعخوێنه‌ره‌وه و ده‌ویسترێت
کتومت پراکتیزه بکرێت و جێگه‌شی ببێته‌وه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ده‌توانین
بڵێین هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری خه‌رمانه‌ی فیکری مرۆڤایه‌تی بێت و
موڵکی هه‌موویه‌تی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ که کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤ ئه‌وه‌نده له‌یه‌کتردابڕاون
و سیاسه‌ت کارێکی کردووه که له مێژوو و زه‌مه‌نی جیاوازدا بژین، سه‌رده‌مانێکی
زۆریشه که ئه‌و جیاوازیانه که‌وتونه‌ته‌وه و ئه‌مڕۆ که‌لێنی نێوان کۆمه‌ڵگای
ڕۆژئاوایی و کۆمه‌ڵگاکانی چوارده‌وری ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه که هه‌ندێک جار ئه‌گه‌ر
وه‌ک زه‌مه‌ن بیپێوین، جیاوازی ئه‌و دوو زه‌مه‌نه به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت،
هه‌ربۆیه هونه‌ر له‌وێدا ده‌رده‌که‌وێت که چۆن ئه‌و خه‌رمانه که‌ڵه‌که‌بووه‌ی
فیکری مرۆڤایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک ئێمه‌ومانان دوباره به‌رهه‌مبهێنریته‌وه،
نه‌ک هه‌ر به ڕه‌قوته‌قی بکێشرێت به‌سه‌روچاوی خوێنه‌ردا و بوترێت ئه‌وه‌تا تۆش
لێی بێبه‌ش مه‌به! به‌وه ناوترێت به‌شداری له که‌لتوری جیهاندا، به‌ڵکو ئه‌وه
خۆخڵه‌تاندنێکه که زۆر زوو په‌رده‌ی له‌ڕوو هه‌ڵده‌ماڵرێت، چونکه له واقیعی به‌کرده‌وه‌دا
هیچ کاریگه‌رییه‌ک دروستناکات و هیچ پاشماوه‌یه‌ک به‌جێناهێڵێت.