30. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی تری په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و په‌یوه‌ندی ئازادی به‌شی دووه‌م و کۆتایی

4
"کە وەهم دەکرێت بە حەقیقەت، واتە حەقیقەت کراوە بە وەهم و شاردراوەته‌وه‌".
ئەوەی لە واقیعدا ڕودەدات، لە ڕاستیدا چەسپاندنی/ سەلماندنی وەهمە، یاخود واقیع دروستکردنە کە حەقیقەت نیە. ئەگەر سەیری جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بکەین، یاخود هەر ڕوداوێکی تری مێژوویی، بە کردەوە دەبینین کە جەنگە و خەڵک یەکتری دەکوژێت، وڵاتە و داگیردەکرێت، شارە کاولدەکرێت. ئەوە ئەوەیە کە لە واقیعدا ڕودەدات، ئەو ڕوداوەیە کە ناسڕدرێتەوە چونکە بە فعلی ڕودەدات و جێپەنجەی خۆی لەو زەمان و جێگەیەدا بەسەر مرۆڤەکانه‌وە بەجێدێڵێت.

بەڵام کاتێک کە لەلایەکی ترەوە سەیری دەکەین، دەبینین کە ئاڕاستەکراوە و لە بەرژەوەندی کۆمەڵێک دەسەڵاتبه‌ده‌ستدایە. واتە ئەوەی ئەوان پلانی بۆ دادەنێن و بەکردەوەی دەکەن و بە ئامانجی خۆیان دەگەن. مەبەست ئەوەیە، ئەوەی کە شاراوەیە حەقیقەتی جەنگە، نەک حەقیقەتی مرۆڤ (هەڵبەتە ئەگەر بەشێکی پچوکیش بێت، ئەوا هەر لە مرۆڤەوە دەردەچێت و لایەنێکی ئەو دەردەخات. لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە بزانین مرۆڤ چی لە خۆیدا حەشارداوە، بەڵکو زیاتر مەبەست لەوەیە کە ئەوەی پیادە دەکرێت لەگەڵ ئەوەی ئاڕاستە دەکرێت و لەگەڵ ئەوەی کە بە خەڵکی دەوترێت، جیاوازە و ئاستی نهێنی و دەرخستنی خۆی هەیە، کە هەر یەکە لە زەمان و مێژوویەکدا دەخرێتە ڕوو).
ئەو مێژووە فیعلییەی کە ڕودەدات، لە پێشەوە دەچنرێت و دادەڕێژرێت و ڕوداوەکان بەئاگاییەوە ڕودەدات. هەردوو لایەنی وەهم و مێژووی فعلیی، حەقیقەتی گشتی مرۆڤایەتی دەرناخات، بەڵکو بە بوارێکی تەسکدا ئاڕاستەی دەکات و بەکاریدەبات.

5
هه‌ندێک کەس لە دەرەوەی "ئه‌وه‌ی له‌ واقیعدا ڕوده‌دات" دەتوانن جێگای خۆیان بکانەوە و خۆیان ئاوا‌ڵاکه‌ن، وەک ئەوەی کە هەن. زۆر جار دەبیستین یەکێک ئیبداعی کردووە، ئەوا  لە ڕاستیدا هیچی نەکردووە لەوەی زیاتر کە خۆی بووە و لە دەرەوەی مێژووی فعلییەوە وەستاوه‌. کە دەڵێین دەبێت مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکەی خۆی، مەبەست سروشت نیە، بەڵکو مەبەست لابردنی سنور، ئاڕاستەکردن، هەڵخڵەتاندن، خراپبەکاربردن، هەقخورانە.
ئەو ئاستەی کە ڕۆژئاوا گەیشتویەتێ لە ژیانی تاکایەتیدا، هەتا دێت کون دەکاتە ئاسمانی دەسەڵاتدارێتی و خەڵکی وردە وردە بە ئازادی خۆیان ده‌گەن و بەرەو ڕوی دەچن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ڕەسەنایەتی خودی مرۆڤدا بەراورد بکرێت، ئەوا هێشتا زۆر دورە بە حوکمی ئەوەی لادانەکە ئەوەندە گەورەیە کە بۆتە هۆی بۆگەنبوونی کۆمەڵایەتیی و خوڕەوشتیی و مرۆڤی چەواشەکردووە. یەکێکه‌ لە هەرە دیاردە دیارەکانی تاکایەتیی و ئەو پلەیەیه‌ کە تاکایەتی گەیشتویەتی، بەو پلەیەی کە ئەگەر مرۆڤێک مرۆڤێکی تر بکات بە قوربانیی بۆ خۆی، ئەوا درێخی لێناکات وەک بازاڕی کڕین و فرۆشتنی پارچەی لەشی منداڵ بۆ ئەو نەخۆشانەی کە چارەسەر ناکرین و ناتوانن ئەندامی زیندوو لە ڕێگەی ترەوە پەیدابکەن.
"کۆتایی مێژوو، کۆتایی مێژووی ئەمری واقیعە. واتە گەیشتنەوەی مرۆڤه‌ بە خۆی".
++++++
خوێنه‌ری ڕۆژئاوایی و ڕۆشنبیر  
دەبێت خوێنەری ڕۆژئاوایی لە ڕۆشنبیر جیابکرێتەوە. ئەو بەشە زۆرەی کە دەخوێنێتەوە و بیروڕای گشتی و ڕاگەیاندن پێکیدەهێنێت، واتە دامودەزگای بڵاوکردنەوە، ئەوا بەدوای بابەتی  بەتام و چێژ و خۆشدا دەگەڕێت و هەتا نایابتربێت، باشترە، وەک چیرۆک، رۆمان، فیلم، پێشانگا، مۆسیقا و ئاهەنگ... هەموو ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاشکراوە بە خەڵکی     دەگات کە دەورێکی سەرەکی هەیە لە پێکهێنانی بۆچوونی خەڵکیدا و زیاتریش وەک خۆراکێکی گیانی پێویست، ئیکتیفای پێدەکەن.
ئەوەی مەبەستە، ئەوەیە کە خەڵک خۆی لادەدات لە حەقیقەت. لەبەرئەوەی ئامڕازی تەواوی  لەبەردەستدایە بۆئەوەی لێی دوربکەوێتەوە و پێینەگات و ئیکتیفای خۆی وەربگرێت و خۆی پێ دوربخاتەوە لە هەموو ئەو بابەتانەی باسی حەقیقەت دەکەن. بە کورتیەکەی و بە گشتی، خەڵک نایەوێت خۆی ئازاربدات، یاخود بەدوای ئەو بابەتانەدا بگەڕێت کە ئازارهێنەرە، چونکە وەک تاکەکەسێک پێویستی پێنیە. ئەوەش خۆی لەخۆیدا باسێکی ترە کە چۆن مرۆڤی ڕۆژئاوایی گەیشتۆتە ئەو پشتگوێخستنە (لامبالات) بەرامبەر دەرەوەی خۆی.
پێکهاتنی ئەو تاکە خۆپەرستە، مێژوویەکی لەدواوەیە کە باسێکی سەربەخۆیە، هەر لە پێکهاتنی پەیوەندی و تێڕوانینی بۆ ئەوی تر/ ئەوانی تر، تا دەگاته‌ تێڕوانینی بۆ مرۆڤەکانی دەرەوەی سنوری وڵاتەکەی، یاخود بڵێین تێڕوانینی بۆ مرۆڤی وڵاتە دواکەوتووەکان.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە، دیاریکردنی ڕۆشنبیر و خوێنەری ڕۆژئاواییە کە لەچی پێکهاتوون و چی دەخوێننەوە و تا چ ڕادەیەک ئاگاداری پێکهاتنی دەسەڵاتدارێتین و تا چەند سیستەمی دیموکراتیەت توانیویەتی پەروەردەیان بکات، یاخود ڕاستر تا چ ڕادەیەک ئەو سیستەمە توانیویەتی ماڵیان بکات و دەستەمۆیان بکات.
وەک چۆن ئەوەی کە بڵێین، ئەگەر گوزەرانی ئێمە باش بێت، ئەوا چ پەیوەندیەکمان هەیە بەسەر دراوسێکەمانەوە. یاخود بۆچی بپرسین چۆن پەیدابووە و لە کوێوە هاتووە، مادام لەبەردەستماندایە و بەکاریدەهێنین و چێژی لێ وەردەگرین. واتە هیچ پرسیارێکی خوڕەوشتیی (ئەخلاقی) لە پشت ئەو نازو نیعمەتەی ئەمڕۆیانەوە نیە و پێویستیان پێنیە. بە مانای وشە باوەڕیان بەوەیە کە ئەو ئیشەی دەیکەن گەیاندویانیەتە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆیان و ئەو گەشەی تەکنەلۆژیایە وای لێکردون کە ئەمڕۆ بەرهەمی بخۆن.
دەسەڵاتدارێتی لە ڕۆژئاوادا ئەوەندە زیرەکانە ئامانجەکانی خۆی بەدیدێنێت کە بە ئاستەم بۆ خەڵکانی ئاسایی دەتوانرێت دەرک بە مەبەستەکانی بکات. ڕاستە لەگەڵ هەموو گەشەیەکی/ فراوانبوونێکی دەسەڵاتدارێتیدا، ڕۆشنبیریش زیاتر پێگەشتوەوە ده‌توانێت شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی هەبێت بەرامبەر هەموو هەنگاوێکی دەسەڵاتدارێتی و بەرامبەر هەموو سیاسەتێکی ناوخۆیی و دەرەکی و کەم و زۆر لەگەڵیدا بڕوات، بەڵام هێشتا ئەو یەکاڵابونەوەیە نیە کە دەروازە لەسەر پشت بێت بۆ هەموو لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و بواری ئەوە بە ڕۆشنبیر بدرێت کە بتوانێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت. هەڵبەتە ئەگەر ئەوە ڕوبدات ئەوسا شتێک نابێت بە ناوی دەسەڵاتدارێتی و پەیوەندی دەسەڵاتدارێتیەوه‌، چونکە بابەتەکان، ڕوداوەکان، بزوتنەوەی مێژوویی دەچێتەوە/ دەچێتە ئاستی شیاوی خۆی و پێویستی بە پەردەهەڵماڵین ناکات، لە کاتێکدا کە هەموو ڕوداوێک بە ئاشکرا ڕوبدات و هەر ئەوە بێت کە ڕودەدات و هیچی تری لە پشتەوە حەشار نەدرابێت.
بەڵام ئەوەی کە ئێستا یاخود هەتا ئیستا ڕویداوه‌ و ڕودەدات، ئاڕاستەیەکی تری بەرهەمهێنانی واقیعی ڕۆژانەیە و لەگەڵ هەموو ڕوخستن و ئاشکراکردنی پلانێکی نوێی دەسەڵاتدارێتی، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی دەرەکی لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە، یاخود دەتوانین بڵێین لە لایەن دەستەی پێشەنگی ڕۆشنبیرییەوە، ئەوا دەسەڵاتدارێتیش توانیویەتی ئەوەی کە لە واقیعدا ڕودەدات، زیاتر تێکپچڕاویبکات و بیپێچێتەوە و بیهۆنێتەوە و ونیبکات، بە هەزاران شێوەش بەڵگەی بۆ بهێنێتەوە کە ئەوەی لە واقیعی ڕۆژانەدا ڕودەدات، هەر ئەوەیە مەبەستی دەسەڵاتدارێتی و هیچ مەبەستێکی شاراوەی لەپشتەوە نیە.
واتە هەمیشە کە ڕوداوێک ڕودەدات و ڕوە ڕاستەقینەکەی بۆ خەڵکی ئاشکرا دەبێت، دەسەڵاتدارێتی بۆ جارێکی تر بە شێوەیەکی زیرەکانەتر دایدەپۆشێت و خەڵکی پێ چەواشە دەکاته‌وه‌. هیچ کاتێک ئەوەی بە کۆی خەڵکی دەوترێت، ئەوە نیە کە لە حەقیقەتدا ڕودەدات. مەبەست ئەوەیە دەبێت بە تێکڕایی و بەردەوامی کۆمەڵێک هەبێت بەدوای ئەوانەی کە بڕیاریان لەدەستدایە، بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیار و کارەکانیان و هیچ کاتێک (بە لایەنی کەمەوە هەتا ئێستا) نەتوانراوە دەسەڵاتی بڕیاردانی چارەنوسی خەڵکی لەدەست خۆیدا بێت.
لەبەرئەوەی کە ناتوانرێت حەقیقەتی مرۆڤ لەقاڵب بدرێت، یاخود جێگەی نابێتەوە لە هیچ سنورێکی دیاریکراودا، چونکە  سنوری نیە، ئەوا هەرکەس بە ناچاری دەبێت حەقیقەتێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و دایمەزرێنێت و تیایدا بژی. چ وەک ژیانی تاکەکەسی و چ وەک هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی. واتە دەبینە خاوەنی ژمارەی حەقیقەتی مرۆڤ بە ژمارەی مرۆڤایەتی. هەر بە هەمان شێوە کە حەقیقەتی ڕەسەن وجودی نەبێت، دەبێت حەقیقەتی پارچە پارچەی خۆماڵی جێگەی   بگرێتەوە، وەک حەقیقەتی ئەمریکی، ئەوروپی، کوردی.
لە ڕاستیدا مرۆڤ ئەوەندە بونەوەرێکی تێکپچڕاو و ئالۆز و نادیار نیە کە نەزانرێت چیە و چی  دەوێت و چۆن بژی.   
بە حوکمی ئەوەی حەقیقەتی مرۆڤایەتی حەقیقەتێکی بێسنورە، ئەوا لەو کاتەوەی کە ئاڕاستەکراوە و لێخوڕدراوە، نەتوانراوە و ناتوانرێت داگیربکرێت، ئەوا وەک ناوەرۆک هەر لە گه‌شە و بوونی خۆیدا بەردەوامە کە گەلێک جار دیاردەکانی دەبینین لە تەنیشت و لە ژێر ئەو حەقیقەتە بۆدروستکراوەیدا، چونکە ئەو حەقیقەتەی (ئه‌وه‌ی له‌ واقیعدا ڕوده‌دات) هیج کاتێک ناتوانێت بە گشتی ئیستیعابی حەقیقەتی مرۆڤایەتی بکات. نەک له‌به‌رئه‌وه‌ی جێگەی نابێتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی حەقیقەتی مرۆڤایەتی سنور و قاڵبی نیە. هەر کە لێی جیاکرایەوە و ئاڕاستەکرا، ئەوە ئیتر حەقیقەتی مرۆڤ نیە، بەڵکو ئەمری واقیعی دروستکراوە کە بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو ئاڕاستە دەکرێت.
6
(کە هەق خورا، پارسەنگ نادرێتەوە)
(کە چارەنوسی مرۆڤێک کەوتە دەستی مرۆڤێکی تر، مافی یەکەم دەفەوتێت)
(ڕودانی ڕوداوێک لە کات و شوێنێکی دیاریکراودایە کە دوبارە نابێتەوە و یەکجار ڕودەدات)
خوێنەر و هەڵوێست
لە پێشدا پێگه‌ دۆزینەوە، دوایی هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەری هەتا ئەو ڕوداوە/ بابەتە/ بارودوخە لە ئارادا دەبێت و کۆتایی پێدێت، دەبێت ئەو هەڵوێستە بەردەوام بێت.
ڕێبازی لۆژیک: هەموو جیهان بە ڕارەوی ڕێبازی یەک پیاودا دەڕوات، ئەویش لۆژیکی پێشبڕکێیە. تەنها یه‌ک جیهانی لەو لۆژیکەی دەهێنێتە دەرەوە. لەبەرئەوەی هەتا مفهومی  دووەم هەبێت [دوو لایەن، دوو دەوڵەت، دوو میللەت..] یەکەمیش هەر دەمێنێت. نەمانی دووەم، دەبێتە هۆی لەناوبردنی یەکەم و لە هەمان کاتیشدا، نەمانی هەردووکیان. وەک نەمانی تاک لە بەرامبەر ئەوی تردا، لە بارودۆخی کرانەوەی بێسنوریاندا بەڕوی یەکتریدا و نەهێشتنەوەی   هیچ شتێک لەو نێوانه‌دا.
کە حەق خورا، ئازادی لەدەست دەدرێت، ئازادی لەدەست درا، سەربەخۆیی تیادەچێت، که‌ سەربەخۆیی تیاچوو، پەیوەندی دەبێت بە پەیوەندی هێزەکان، یاخود ڕاگرتنی هاوسەنگی     نیوان هێزەکان، واتە دەسەڵاتپەیدابوون. دەسەڵات پارێزگاریکردن و چاککردن و مانەوەی     پێویسته‌.
مرۆڤ چی دەوێت (لەو فۆرمەی کە ئەمڕۆ تیایدایە) مەگەر نایەوێت بە چێژ بگات؟ بۆ گەیشتن بە چێژ، توانا و دڵنیایی و دابینکردنی دەوێت کە بە بەردەوامی بتوانێت چێژ ببینێت و تیایدا بمێنێتەوە. ئەگەر مرۆڤ ئازاد بێت بۆ ئەوەی بەو ئامانجەی بگات، ئەوا ئەوەی بە تواناترە و لێزانترە و شارەزاترە، ئەوی بەرامبەری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی. لەو کاتەدا ئازادی بۆ ئەوی بەرامبەر تیادەچێت و بازنەکە دەستپێدەکاتەوە. ئەگەر ئەویش بواری هەمان شتی هەبێت بەرامبەر بەرامبەرەکەی، ئەوا درێخی لێناکات. بەوپێیە مرۆڤ هەموو یەک ناوەرۆکی هەیە و وەک یەکن. واتە یەک پێکهاتەیان هەیە.
کە چارەنوسی مرۆڤێک کەوتە دەستی مرۆڤێکی ترەوە، یاخود کەوتە دەستی بارودۆخێکەوە کە خۆی نەتوانێت بڕیاری ژیانی خۆی بدات، یەکسەر ئازادی، سەربەخۆیی لەدەست دەچێت. ئیتر ئەو مرۆڤە خۆی خۆی نیە، بەڵکو ئەوەیە کە یەکێکی تر/ بارودۆخێک بڕیاری ژیانی ڕۆژانەی دەدات و چارەنوسی بۆ دیاری دەکات.
چۆن دەتوانرێت پەیوەندی ئازادی جێگەی پەیوەندی دەسەڵاتدارێتی بگرێتەوە؟ لە چ هەلومەرجێکدا؟ ئێمە هەموومان لەپەیوەندی دەسەڵاتدارێتیدا هەڵسوکەوت دەکەین. پەیوەندی    دەسەڵاتدارێتیش واتە لەدەستدانی ئازادی، یاخود لەدەستدانی پەیوەندی ئازادی لەگەڵ یەکتریدا و بەرامبەر یەکتری. لە پەیوەندی دەسەڵاتدارێتیدا، تەنها "زۆر/جه‌بر" دەور دەبینێت. وەک بەزۆر خۆجێکردنەوە و بەزۆر کردنەدەرەوە، بەزۆر خۆپیاهەڵواسین و لەگەڵداڕۆشتن و بەزۆر بەجێهێشتن و مانەوە... واتە هەموو پەیوەندیە دوانیەکان –دوالیزمەکان- کە پێویست نیە و بوە بە پێویستیی، بە حوکمی دروستبوونی لایەکیان، لایەنەکەی تریش ڕادەکێشێت و دەیخولقێنێت.  
پەیوەندی جەبریی کەسەکان لەسەر پێگه‌کان دروست دەبێت، نەک بەپێچەوانەوە. واتە پێگه‌کان ئامادەن و کەسەکانی بۆ دروستدەکرێت و دەخرێنە ناوی "بەزۆر ـ بەجەبر" بەوپێیە ئازادی هەڵبژاردن نیە، هەرچەندە بە ڕوکەش لە هەڵبژاردن دەچێت و مرۆڤ خۆی هەڵیدەبژێرێت کە بگاتە ئەو پێگه‌یه‌. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بنەڕەتەکەی، تەنها جه‌برە و لە جەبردا هەڵبژاردن جێگای نابێتەوە.
گەشەکردن دەرئەنجامیکی لابەلای شەڕی خۆجێکردنەوەیە. یاخود دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی    جەبرە و گەشەکردن تەنها ئەنجامێکە کە پەنجەی بۆ ڕادەکێشرێت و هەموو کۆمەڵگا و مرۆڤی    دەرخوارد دەدرێت و دەرخوارد دراوە. واتە تەنها گەشەکردن بردویەتیەوە و هەموو ئەوانەی     کە پێکیانهیناوە، دۆڕاون.
7
دابەشکردنی پێگه‌ی دەسەڵاتدارێتی لە کۆمەڵگادا
ئەوانەی کە زۆربەی کۆمەڵ پێکدەهێنن و زۆر بە ئاستەم دەگەن بە تەوەری دەسەڵاتدارێتی و لە لایەن دەسەڵاتدارێتیە سەرەکیەکەوە گوشراون کە لەو بازنەیەدا بمێننەوە (هەڵبەزنەوە) بەبێ ئەوەی بتوانن زیاتر بڕۆن، چونکە زیاتر نیە، بەڵکو زیاتر لەلایەکی ترەوەیە کە بنەمایەکی   تری هه‌یه‌ و سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەوانەی لەو هەرەمە بڕڕاوەی خوارەوەدان، ئەوا شیرازەکراون واتە پابەندکراون و بواری زیاتر تێپەڕینیان نیە.
دەبوایە کۆمەڵگا یەک یه‌که‌ بوایە و هەرکەس تەنها نوێنەری خۆی بوایە و هەرکەس جێگای     خۆی داگیربکردایە.
ئەوانەی کە هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە: هێز، دەسەڵاتدارێتی، پەیوەندی، پەیوەستبوونه‌وه‌یه‌.
هەمیشە بۆئەوەی لە بابەتێک تێبگەین، دەبێت لەپێشدا بگەڕێین بە شوین ڕەسەنایەتی ئەو بابەتەدا، یاخود ئەو دیاردەیەدا کە تا چەند ڕەگی هەیە و تا چەند دروستکراوە. بۆ نمونە، ئەمڕۆ ئەگەر هەر کۆمەڵگایەک بگرین، دەبینین کۆمەڵێکی دیاریکراو و به‌ ژماره‌ کەم، هێز و دەسەڵاتیان هەیە. هەڵبەتە بەشێکیان دیار و ئاشکران و خەڵکی دەیانناسێتەوە و هەندێکیشیان شاراوە و نادیارن و زیاتر لە ژیرەوە کار دەکەن و کەم کەس دەیانناسێتەوە. زیاتر ئەوانەی لە ڕۆژئاوادا دەسەڵاتیان لە ژێر دەستدایە و خاوەنی بڕیاردانن، ئەوا ڕاستەوخۆ کارناکەن و هەمیشە دەموچاوێکی تر دەکەن بە پێشەنگا و بوکەشوشە کە نوێنه‌رایه‌تی بیروبۆچونەکانیان بکات و ببن به‌ داردەستیان. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ئەو دیاردەیە هەموو کۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتی گرتۆته‌وە، واتە دیاردەیەکی باوی ڕۆژانەیە و خەڵکی ڕۆژانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. بۆیە هەموو کەس داوای دەکات و هەوڵی بۆ دەدات کە پێیبگات.
هەڵبەتە خەڵک لەلای ئاشکراو ڕونە کە چ ئیمتیازێکی هەیە ئەگەر ببێتە خاوەنی دەسەڵات، هەر بەو شێوەیەش ئاشکرایە کە هەموو کەس پێی ناگات. چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەڕەت، ئەوا هێز و دەسەڵاتدارێتی دوو دیاردەی مرۆڤایەتی نین، بەڵکو دروستکراوە لە ڕەوتی مێژوویی مرۆڤایەتیدا. هەر بۆیە نە دەتوانرێت و نە بواری تیادەبێت کە هەموو کەس لەو دیاردە دروستکراوانەدا بەشدار بن، چونکە ڕەگێکی ڕەسەنی نیە. هەر چەندە ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتدارێتین هەزار بەڵگەی ڕەوایەتی دێننەوە کە بونیان پێداویستیە و بە هەموو شێوەیەک دەیپارێزن و نایانەوێت جێگەیان پێ لەق بێت، یاخود بە ئارەزوی خۆیان واز لە جێ پێیان بێنن.
دیسانەوە دەبێت بگەڕێینەوە سەرەتای دروستبوونی ئەو دیاردەیە لە شەبەقی مێژووەوە. کە دەڵێین ئەو دیاردەیە ڕەسەن نیە، مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ گرنگیی نیه‌، بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی زۆر گرنگه‌ و هەتا ئێستا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە ژیانی هەر یەکێکماندا، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، زۆر جاریش بۆ زۆربەی خەڵکی، ماڵکاولی لێکه‌وتۆتەوە وەک ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی ناکۆکی و ململانێی هێزەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نیە خاوەنی ژیانی خۆیان بن. یاخود ڕاستر بڵێین ئەوانەی سەربەست نین و ناتوانن بڕیاری ژیانیان لەدەست خۆیاندا بێت. ئەوانەی کە کۆمەڵێکی تر یاخود دەستەیەک خۆیان کردووە بە خاوەنیان و بە زۆر و بە خۆشی و بە خڵەتاندن و لێخوڕینیان لە پێناوی     بەرژەوەندیەکی تایبەتیدا، یاخود لە پێناوی مانەوەی هێز و دەسەڵاتدارێتیاندا.
هەر بۆیە دەڵێین کە هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، چونکە ئەمڕۆ بە شێوەیەک تیژبۆتەوە کە ئەوەی نەختێک بواری هەبێت و لە هەر پلەیەکی دەسەڵاتدارێتیدا بێت، ئەوا ئەوانەی خوار خۆی قامچیڕێژ دەکات و سەرکوتیان دەکات. جا ئەگەر باسی دووجیهانیی جیهانی دەسەڵاتدارێتی بکەین، ئەوا سێ بەشی مرۆڤایەتی کەوتۆتە ژێر ئاستی ئەو دەسەڵاتدارێتییەوە کە لە جیهانی ڕۆژئاواوە سەرچاوە وه‌ردەگرێت. واتە چەندین میللەت خاوەنی دواڕۆژ و سەربەخۆیی خۆیان نین و چارەنووسیان لەدەست خۆیاندا نیە. تەنها لەبەرئەوەی جیهانی ڕۆژئاوا خاوەنی قسەی یەکەم بێت و ئەو دەسەڵاتەی لەدەستیدایە، هەر بمێنێتەوە و ئه‌و ئیمتیازەی کە هەیەتی هەر بەردەوام بێت.
دیسانەوە ناچار دەبین بگەڕێینەوە بەدوای سەرچاوەی ئەو هێز و دەسەڵاتدارێتیەدا لە پێکهاتەی یەک مرۆڤدا و گەڕان بەدوای توانای گەشەکردن و هۆی گەشەکردن و هێشتنەوەی و بەخوێکردنی.
هەڵبەتە ئێمە لەو بڕوایەدانین کە مرۆڤەکانی جیهانی دوو یاخود مرۆڤەکانی چواردەوری چەقی ڕۆژئاوا پێغەمبەرن و ئەگەر بواریان هەبوایە و بۆیان بلوایە بە شێوەیەکی تر سەیری چواردەوری خۆیان دەکرد. واتە مرۆڤ لە هەرکوێ بێت، یەک بنەما و بنەڕەتی هەیە و دەبێت لەوێوە دەستپێبکەین. مرۆڤ لە هەرکوێ بێت، دەیەوێت، ئەگەر بۆی هەڵکەوێت، ئەوەی بەرامبەری بڕەتێنێت و زەوتی بکات، بۆئەوەی بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات.
8
کە دەسەڵات وەک مفهوم و کردار وجودی هەبوو، ئەوا ئازادی لەناودەچێت. ئازادی لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتدا دەسڕدرێتەوە، واتە هیچ کاتێک ناتوانین لە ژێر سایەی دەسەڵاتدا بەدوای ئازادیدا بگەڕێین، یاخود بیناسینەوە. تەنها یەکێکیان، لەیەک جێکاتدا (جێگا و کات) دەتوانێت هه‌بێت و بژی.  
دەسەڵات بەسەرداشکاندن، دەسەڵات نیە، بەڵکو وشیاری و وریایی و شارەزاییە. واتە توانابه‌سه‌رداشکاندن.
مرۆڤ له‌ چاوەڕوانیدا ئازادی لەدەستدەدات، هەروەها ئەو مرۆڤە ئازاد نیە کە هەموو بەرجەستەبونێکی خۆی لە هەڵپەکردن وپەلامارداندا دەبینێتەوە، واتە تەنها وەرگرتن.
ئازادی کاتێک ڕەنگ دەداتەوە کە دەسەڵاتبه‌سه‌رداشکاندن هەبێت، لەو چرکەساتەی مرۆڤ خۆی تیادەبینێتەوە لە پانتاییەکی دیاریکراوی مێژووییدا. نەک چاوەڕوان بوون و نه‌ک تەنها ڕێگای وەرگرتن بێت. ئازادی تەواو واتە خۆبەدەستەوەدانی تەواو بە پڕاوپڕی و لەسەدا سەد، ئەوسا مرۆڤ خۆی بە پڕاوپڕی وەردەگرێتەوە و ئازادە.
ئەو کاتانەی کە مرۆڤ بواری ئەوەی نیە خۆی ساغکاتەوە کە چی ئەوێت و چۆن دەیەوێت بژی، واتە ئەگەر داپلۆسینی کۆمەڵگا و سیسته‌م لابەرین و بوار بۆ هەموو کەسێک بکرێتەوە کە بە ئازادی ئەو ڕێگایە هەڵبژێرێت کە لە ژیانیدا دەیەوێت، ئەوسا دەتوانین باری دەروونی هەر یەکێک هەڵسەنگێنین کە لە چ قۆناغێکدایە. هەڵبەتە ئازادی هەڵبژاردن ناکۆک دەوەستێتەوە لەگەڵ نەزانیدا. سەرەتا دەبێت زانین گەشتبێتە ئەو ڕادەیەی کە خەڵک بتوانێت ئەزمونی خۆی پێ بژار بکات و دەرئەنجامی لێهەڵهێنجێت. 
ڕاستە نەزانی ژێردەستەییە و خاوەنەکەی سەربەخۆیی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە دیلی نەزانییەکەی خۆی. ئەوەی زانیاریی بۆ بەکارهینانی ئەوانی تر بەکاردێنێت، زۆرزانە نەک بەزانین ڕوناکبوەوە، واتە زانا نیە. ئەوەی  زانا بێت نەزان بەکارناهێنێت، بەڵکو ڕوناکی دەکاتەوە.
ترسی لەدەستدان و خۆپیاهەڵواسین دەبێتە هۆی پێکهێنانی جۆرە ئاکار و هەڵسوکەوتێک کە خاوەنەکەی پێوەی دەبەسترێتەوە/ پێوەی دەنوسێت. ئەگه‌ر بمانەوێت لە ئاکار بگەین و تیایدا بژین، ئەوا دەبێت لە ئازادیدا بێت، واتە هەڵنەواسرانی خاوەنەکەی بە هیچ شتێکەوە، بە هیچ کەسێکەوە، بە هیچ پێویستیەکەوە، واتە بە داماڵراوی لە هەموو پەیوەندیەک بە جیهانی دەرەوە.
کە ئازادی لەدەستچوو، ئاکاریش لەگەڵ خۆی دەبات، ئەو کاتەش مرۆڤ هەرچیەک دەکات ڕێگاپێدراوە.
---
دەبێت مرۆڤ لە حەقیقەتدا خۆی ونبکات بۆئەوەی خۆی بدۆزێتەوە، کەچی لە واقیعدا دەبێت مرۆڤ خۆی بدۆزێتەوە بۆئەوەی ون بێت.
هەموو حەقیقەتێک ئاوێنەیەکی واقیعی هەیە کە پێچەوانەیەتی. لە حەقیقەتدا، دەبێت مرۆڤ خۆی بدات بەدەستەوە و لە واقیعدا دەبێت بەرگری بکات.
ئەوەی لەیەکتریمان جیادەکاتەوە، هەرئەوەیە کە بەیەکتریمانەوە دەنوسێنێت.
ئێمە بەیەکتردا دەنوسێین و پەیوەندی پێکناهێنین. هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان لەسەر بنچینەی پیانوسانە، نەک پەیوەندی بەیەکەوەکردن.