21. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه به‌شی چواره‌م


هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه
به‌شی چواره‌م


 
10


خێر/شەڕ
جیهانى خێر بەرامبەر جیهانى شەڕ ناوەستێتەوە، بەڵکو جیهانى شەڕ دیاردەیەکە لە جیهانى خێر جیابۆتەوە و بە حوکمى دەگمەنیى، دوابەدواش گەشەی سەندووە و تا ئەمڕۆ هەموو جیهانى خێرى لوشداوە (گرتۆتەخۆ) بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ به‌ فیعلی وایلێهاتووە کە جیهانى خێر لە بەرامبەر و ڕوبەڕوى جیهانى شەڕدا وه‌ستاوه‌تەوە، بەبێ ئەوەى جوڵەى بۆبکات، چونکە ئەسڵەکە "بنەوان/ بنەرەته‌که‌" خۆیەتى کە جێگیره‌ و چه‌سیاوه‌ و لێیخوراوە و لێیداشکێنراوە، نەک دروستبووبێت و بەرامبەر شەڕ وەستابێتەوە.

واتە دیاردەنیە لەسەر بنچینەى بابەتێکەوە دروست بووبێت، بەڵکو ئەسڵە (بنەرەتە) و دەبوایە لە که‌شوهه‌وا سروشتیه‌کەى خۆیدا گەشەى بکردایە.
 
وجودى جیهانى خێر، وجودێکى ئەزەلییە، لەگەڵ وجودى مرۆڤدا هاتووە. سروشتى خێر پێویستى بە یاسا و دیسیپلین نییە بۆئەوەى پاریزگارى بکات. چونکە لە گشتگیریدا خۆى دەبینێتەوە. چونکە سنوورى نیە دیارى بکرێت. خێر وجودى مرۆڤایەتیە. هەڵبەتە ئەمڕۆ لە بەرامبەر شەڕدا دەتوانین خێر دەستنیشان بکەین، دەنا لە بنەرەتدا بێ سنورە. ئەو بێ سنورییە و ئەو شمولیەتە و ئەو پێویستنەبوونە بە دیسیپلین کە خۆى لە خۆیدا سروشتەکەى دەسەلمێنێت یاخود ماهییەتەکەى دەستنیشاندەکات، ئەوا لەگەڵ ژیانى بەکردەوەى میژوویى مرۆڤدا و لەگەڵ دەگمەنیى ئەو زەمەنەدا، بۆى بوە بە خاڵى لاوازیى و ئەو بوارەى کە لە شمولەکەیدا هەیبووە، بوارى بۆ شەڕ خولقاندوە کە لەسەر ئەو دیاردەیەوە بخولقێت.
 
 
 
 
11


 
ئێمە ناتوانین لەگەڵ یەکتردا بژین و ناشتوانین دەستبەردارى یەکترى ببین. ئه‌وه‌ش کێشەیەکە کە هەموو ڕۆژێ  و هەموو ساتێک ڕوبەڕومان دەبێتەوە و هەراسانمان دەکات. ئەو کاتانەى پەیوەندیمان دەبێت، زو بێزار دەبین و کە خۆشمان دەکێشینەوە ناوەوە، ناتوانین بە تەنیا هەڵکەین و خێرا دەبێت پەیوەندییەک بەرپابکەین. ئێمە چیمان دەوێت؟ ئایا نامانەوێت بە چێژى بوون بگەین؟ چێژى بوون لە چیدایە؟ لە کوێدایە؟ چۆن پێیدەگەین؟ چى لەیەکتریمان دادەبڕێت؟ و چى بەیەکمانەوە دەنوسێنێت؟ مەگەر یەکترناسینەوە خۆناسینەوە نیە، یاخود بە پێچەوانەوە؟ مەگەر یەکترناسینەوە لە هەڵگرتنى سنورەکانى نێوانمانەوە نیە؟ داڕشتنى سنورەکان مەگەر لە دەستکردى خۆمان نیە؟ مەگەر سنورە بایەلۆژیە سروشتیەکانمان نەدڕیوە و بە هەرە شێوە دڕندانەکەى بەرامبەر یەکترى بەکارى ناهێنین؟ ئایا تەکنەلۆژیا ئێمەى گەیاندۆتە کوێ، جگە لەوەى لە غەریزەى مانەوەى دڕندانەدا هێشتوینیەتەوە و لەیەکترى دابڕیوین؟ مەگەر ئێمە خاوەنى زمان نین؟ زمان کەى بەکاردێت؟ چۆن بەڕوى یەکتریدا دەکرێینەوە؟ ئایا پێکهاتنى سنورەکان بۆئەوە نیە کە مافى یەکترى بخۆین؟ و لەو دیو سنورەکانەوە جێگە دیارى بکەین و بڵێین کە هى ئێمە نیە و پەیوەندى بە ئێمەوە نیە؟ کێ مافى خوراو "حەقى فەوتاو" دەسەنێتەوە؟ ئەو کەسەى، ئەو خێزانەى، ئەو شارەى، ئەو میللەتەى ..... کە بە درێژایى تەمەنیان خەباتیان کردوە و خەبات دەکەن و بە هیچ نەگەشتون و بە هیچ ناگەن، کێ پارسەنگى دەداتەوە؟ ئەوەى فەوتا لەکیس کێ چوو؟ ئەوەى دەفەوتێت، لەناودەچێت، دەکوژرێت، ئازاردەدرێت، تڕۆدەکرێت، لە ڕەگوریشە هەڵدەکێشرێت..... کێ حەقى بۆ دەکاتەوە؟ کێ گوێى لێدەگرێت؟ کێ بەرگرى لە بێ پشت و بێ ناو و بێ دەسەڵات و دەربەدەر و ...دەگرێت؟ 

پرسیارەکان ناچارمان دەکەن بگەرێینەوە سەر ڕەگەکان. ئەو ڕەگانەى کە خودى مرۆڤى لێپێکهاتووە. بۆ دۆزینەوەى بنەماى ململانێ تاکەکەسییەکان و بەکۆمەڵەکانى مرۆڤ. گەڕان بەدواى سەرچاوەى دەسەڵاتدارێتى و غەریزەى مانەوەى ئاژەڵیى مرۆڤدا. هەر لەو سەرەتایەى کە دەستمان لێوە پێکرد، بابزانین بۆچى بەیەکتردا نانوسێین و بۆچى بەبێ یەکتریش هەڵناکەین، با بزانین لە کوێوەى مرۆڤەوە سەریهەڵداوە.
ـ گەشەى غەریزى مرۆڤ و ترس/ مردن/ تەکنەلۆژیا/ بۆگەنبوونى مرۆڤ.
ـ یەکترناسینەوە/ خۆناسینەوە بە سەروئاگاییه‌وه‌.
ـ شکاندنى سنورەکان، ڕێگرەکانى شکاندنى سنورەکان.
ـ دەسەڵات/ خۆپەرستى/ دنیاپەرستى، گەشتن بە مفهومى بێسنورى دەسەڵاتدارێتى پیاوەتى/  ئایا ئامانجى فەلسەفەى ئازادى مرۆڤ ئەوە بوو کە پیاو/ کۆمەڵگاى ئەمڕۆ، نێرایەتی پیاده‌بکات؟
جیاکردنەوەى سنورەکان و جیاوازى زمانەکان، وایان کردوە کە میللەتانێکى زۆر، نزیکەى سێ بەشى مرۆڤایەتى لە ژێر ئازارچێشتندا بژى و کەس لێى تێنەگات و کەس گوێى لێنەگرێت. تەنانەت زمانەکان دەسەڵاتدارێتى خۆیان هەیە و پێگه‌ی جیهانى خۆیان هەیە، کە ئەگەر بە یەکێ لەو زمانە ئەوروپیانە قسەنەکرێت، کەس گوێى لێناگرێت و دابڕانەکە دەئەوەندەى تر قوڵ دەکاتەوە. تەنانەت ئەو میللەتانە وایان لێهاتووە کە تەنها خۆیان بە زمانەکەى خۆیان دڵنەوایى یەکترى دەده‌نەوە و لە سنورى چوارچێوەکەى بۆیانکێشراوە تێناپەڕن و زۆر بە ڕون و ئاشکرا دەزانن کە پشتگوێخراون و لە پشت مێژووەوە پەلەقاژێى مەرگ دەکەن، بەبێ ئەوەى کەس ئاوڕیان لێبداتەوە. "هەموو کاتێ ئەو کێشەیەم هەبووە کە هەرچیەک بڵێم، بنوسم کێ لێى تێدەگات و کێ دەیخوێنێتەوە. ئەو زمانەى بیرى پێدەکەمەوە خۆماڵییە و بێدەسەڵاتە و ناتوانێت جێگاى خۆى بکاتەوە، واتە دەنگدانەوەى نیە و نابیسترێتەوە و دورە لە چەقى مێژووییەوە" کە بە گژیەکیشدا دەچن و هەوڵدەدەن ژیانێکى باشتریان هەبێت، ئەوا تەنها لە شەڕى مردوان دەچێت و بە هیچ شتێک ناگەن لە ئاژارچێشتن و ماڵکاولى زیاتر.
دەسەڵاتدارێتى ڕۆژئاوایى دەتوانێت گەشتنى ئەو مادە خاوانە دابینبکات کە لە جیهانى دووەمەوە بەکێشى دەکات، بەڵام ناتوانێت لایەنى کەمترینی مافى مرۆڤ دابینبکات، لە هەمان ئەو ناوچانەدا کە ئەو پێداویستیانەى خۆى لێوە بەکێش دەکات. کێشەى دووفاقی ئاکار "بێ ڕەوشتى" هەر لەوێوە دەستپێدەکات کە تا چەند بیرى مرۆڤ و فەلسەفە لاوازە و تا چەند لایەنى هێزى مادیى توانیویەتى ئەو لایەنە هەڵلوشێت. لە ڕاستیدا کۆمەڵگاى رۆژئاوایى چێژ لە ڕەزاڵەتى ئەو میللەتانە دەبینین، بەوەى کە ئەوان توانیویانە ئەو میللەتانە پەت بکەن و بەدواى خۆیاندا ڕایانکێشن و نێرایەتى خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن. واتە بارودۆخی په‌راوێزبوون، پێویستییە بۆ ئەو ئاستەى ئەمڕۆى بارى دەرونى مرۆڤى ئەوروپى پێیگەیشتووە و خاڵێکى گرنگە لە سەلماندنى بوونى نێرایەتییاندا، کە بە ئاسانى وازى لێناهێنن.


شارستانى گەشتۆتە پلەى ئەو پێشکەوتنەى کە منداڵ لە جیهانى سێیەمەوە بکڕدرێت و سەرببڕدرێت و پارچەکانى لە بازارى دکتۆریدا بفرۆشرێت.


12



مردن


ئەگەر لە پێش هەموو سنورێکەوە سنورى ژیان خۆى بدۆزینەوە، ئەوا دەبێت بڕوا بەوە بێنین کە ژیان سەرەتا و کۆتاییەکى دیاریکراوى هەیە، واتە کەس بە زیندویتى تا ئەزەل نامێنێتەوە. کەواتە ئەو هەستى مردنە لە مرۆڤدا هەمیشە زیندووە. چ بە ئاگایى بێت یا بە نائاگایی، ئەوا هەمیشە لە هەوڵى ئەوەدایە کە هەتا زیندووە بتوانیت بە ئارەزووەکانى خۆى بگات و زیاتر پڕیانبکاتەوە و زیاتر ژیانى خۆى دابین بکات. هەر ئەو هەستە ناوەکییەشە کە زۆر جار ملى چواردەور دەشکێنێت بۆ پڕکردنەوەى پێویستیەکانى خۆى و گوێنەدان بەرامبەر به‌ ئەوانى تر. واتە پشتگوێخستن و سەیرکردنیان وەک داردەستێک. گەلێک سەرچاوەى ناهەقى و بێڕەوشتى لەوێوە سەردەردێنێت.

جا کە مرۆڤ نایەویت بمرێت و نایەوێت دەستبەردارى "ژیان" بێت، ئەوا هەمیشە لە هەوڵى خۆلادان و لەبیربردنەوەى مردندایە و دەرگا لەسەر ئەو بیرکردنەوەیە دادەخات و بە شێوەیەک چالاکى ڕۆژانەى دەباتەڕێوە، وه‌ک ئه‌وه‌ی هەتا هەتایە زیندووە. هەر ئەو هەستەشە کە ئەو چالاکیی و گوڕە دەبەخشێت کە هەمیشە لە هەوڵى باشتر/ خۆشتر/ لەبارتر نەکەوێت و بە کردەوە ماناى زیندوێتى بە ژیان ببەخشێت. هەرچەندە ئەو هەستى بۆچوونە زیاتر وەک سەرەتا، غەریزەى مانەوەى بونەوەرە و لە نائاگایى مرۆڤدا چەسپاوە و لەگەڵ لەدایکبووندا خۆى تیادەبینێتەوە. دیسانەوە بە ئاگاییه‌وە هەوڵدەدات کە زیاتر بە کردەوە بیچەسپێنێت و لە مردن دوریخاتەوە.


ئەگەر سروشتى ئەو دوو بیرکردنەوەیە وەربگرین، ژیان/مردن، مرۆڤ زیندووە و بە زیندویتى بیر لە مردن دەکاتەوە. هەتا زیندووبێت، ئەوا بیرکردنەوەى مردن کارا (عملى) نابێت هەتا کاتى مردن خۆى، هەتا ئەو ساتەى کە ڕوداوى مردنەکە تیایدا ڕودەدات. هەتا مرۆڤ زیندووبێت و تواناى بیرکردنەوە و چالاکى مابێت، ئەوا لەسەر ژیان دەژمێردرێت، نەک لەسەر مردوێتى. ڕوداوى مردن لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە پێى دەوترێت گیانەڵا/ سەرەمەرگ و ئەوسا هەستى مردن بەتەواوەتى بەسەر زیندوێتییدا زاڵ دەبێت و دەبێت لە بووندا جێگاى بۆ بکرێتەوە.
کە هەرچەندە وەک پێوانەى زەمەن چەند چرکەیەکە یاخود چەند خولەکێکە، تەنانەت ئەگەر چەند کاتژمێرێکیش بێت، بەڵام بۆ خاوەنەکەى (ئەوەى ده‌مرێت) کردارێکى زۆر گەورە و دورودرێژە. کە مرۆڤ ڕوبەڕوى مەرگ دەبێتەوە و تەواو بڕوا دەهێنێت کە لە چەند چرکەى داهاتودا ژیان بەجێدێڵێت، ئەوا هەموو ژیانى چەندین ساڵەى و هەموو ئەزموونەکانى و هه‌موو هەڵسوکەوتەکانى، لەو ماوە کەمەدا دێتەوە یاد، یاخود پێشچاو. هەموو تاڵ و شیرینەکانى ژیانى خۆى هەڵدەسەنگێنێت و باشییەکانى خۆى پەسەند دەکات و خراپەکارییەکانیش ئازارى دەدات و دەیەوێت لەبیرى بەرێتەوە، یاخود دەیەوێت داواى لێبوردن بکات و ئاواتەخوازە کە نەیکردایە و ئەو ئازارەى کە بە ناو چەند چرکەیەک یا چەند خولەکێکى کورتى گیانەڵایە، نەیبینیایە. بۆیە  دەڵێین کە ئەگەر وەک زەمەنى ڕۆژانە بیبژێرین، ماوەیەکى کورتە، ئەوا بۆ خاوەنەکەى هەموو ژیانى ڕابوردوویەتى لەو ماوە کورتەدا، بۆیە ناتوانین بەو زەمەنە بیپێوین.
 

لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین کە هەرچەندە ئەو چەند چرکەیە پڕبێت و دەوڵەمەندبێت، یا ترسناکبێت، نابێتە هۆى ئەوەى کاریگەرییەکى پۆزەتیڤ یا نیگەتیڤ بکاتە سەر چالاکى ڕۆژانەى زیندوێتى مرۆڤ بە شێوەیەکى گشتى. یەکەم چونکە دوو بابەتى/ دیاردەى جیاوازن و هەریەکەیان بنەما و تێگەشتنى خۆى هەیە، هەرچەندە بەبێ یەکترى بوونیان نیە، هەرئەوەشە کە وایان لێدەکات کە جیاوازبن و بە جیا ڕیوشوێنیان دیارى بکرێت. دووەم هەتا کاتى مردن ژیان لەسەر ئاستى پەیوەندى کۆمەڵایەتى دەمێنێتەوە و تەنها لە کاتى مردندا بەتەواوەتى لێى دادەبڕێت و دەبێت بە مەسەلەیەکى تاکەکەسى ڕووت، کە تەنها خاوەنەکەى خاوەنییەتى و کەسى تر لەگەڵیدا بەشدارى ناکات و بە تەنیا ئەو کردارە بەجێدەهێنێت. واتە لە ساتى دەستپێکردنى ئەو کردارەوە "مردن" ساتى لە ژیان دابڕانییەتى و ئەزمونێکى تاکەکەسى ڕووتە. بۆیە هەتا کاتى ڕودانى، پێویست نیە کەس خۆى تیاببینێتەوە، یاخود ڕاستر بڵێین کەس ناتوانیت بەشدارى تیادابکات، بۆیە بە ناچارى دەگەڕێینەوە سەر ژیان و زیندوێتى و هەستە شاراوەکەى مردن لەکاتى زیندوێتیدا.
ئەگەر بمانەوى بگەڕێینەوە بۆ بنەچەى مردن، ئەوا دەبێت پێ لەوە بنێین کە مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبوونیدا، تۆوى فەوتاندنى خۆشى هەڵگرتووە (پێیەتى) وەک سروشتى ژیان، یاخود وەک بەرامبەرەکەى. ئەوە سروشتى مرۆڤە یاخود سروشتى ژیانە. مرۆڤیش دەیەوێت بە غەریزەى مانەوە بەردەوامى بە ژیانى بدات. پەرچەکردارى ئەو سروشتە لە نائاگاییدا بەرجەستە دەبێت و مرۆڤ دەیەوێت بەو غەریزەى ژیان و مانەوەیە، مردن بەرجەستە بکات و سنورى بۆ دابنێت و هەوڵبدات مردن دروست بکات و لە خودى خۆى دوریخاتەوە. واتە بەتاڵکردنەوەى مردن و دورەپەرێز وەستان لێى لە دەرەوەى خۆى کە خۆیەتى، کە ژیانە. ئەو بونەوەرەى کە مردنە، لە دەرەوە/ یاخود خۆی دەسەڵاتى به‌سه‌ردا بشکێت، بۆئەوەى بگاتە ئەو هەستەى کە دڵنیابێت خاوه‌نی خودى پوخته‌ی ژیانە و مردنى لەکۆڵ خۆى کردۆتەوە. ئەوا ئه‌و کرداره‌ی وەریگێڕاوەتە سەر واقیع و لەگەڵ هەموو گەشەکردنێکى میژوویى مرۆڤدا، گەشەى بە ئامێرى مەرگیش داوە. هەروەک چۆن وتمان سروشتى مرۆڤ لەکاتى لەدایکبوونییەوە هەڵگرى ناوەرۆکى فەوتاندنى خۆشیەتى، ئەوا ئەو پەرچەکردارە خۆییەى کە لە نائاگاییدا چەسپاوە دەبێتە کردارێکى بەئاگا، بە وەرگێڕانى بۆ واقیعى رۆژانە و بەرجەستە.
ئەو پەرچەکردارى ترسى فەوتاندنەى ئەمڕۆ لە مرۆڤدا گەڵالەبووە و ئەو هەموو ڕێبازى بەرگرى و پایەداڕشتنە مێژووییەى کە هەر لە سەرەتاوە مرۆڤ لەگەڵ خۆى هێناوە و ڕۆژ بە ڕۆژ قایمترى دەکات، خاڵێکى شاراوەى نائاگایى و بەرپەرچدانەوەیەکى بایەلۆژى غەریزییە. کە هەر لە پێکهاتنى سەرەتایى بونەوەرەوە هەتا ئەمڕۆ درێژەى کێشاوە و هەتا ئێستاش کاریگەرییەکى سەرەکیە لە ئاڕاستەکردنى بیرى مرۆڤدا و نەیتوانیوە لەو قاڵبە بایلۆژییە بێتە دەرەوە. مرۆڤایەتى هەتا ئێستا نەیتوانیوە پێ بنێتە بارودۆخێکى کۆمەڵایەتى/ فکرییەوە و لەو پاشەڕۆیە خۆی ڕزگارى بکات. یاخود لەو پەیوەستە بایەلۆژییە بپچڕێت. هەڵبەتە لە دوایدا دینە سەر چۆنیتى چڕکردنەوەى ژیان و چڕکردنەوەى غەریزەى دڕندانەى مرۆڤ و بەرەڵاکردنى ئەو پاڵپێوەنەرانە و کاریگەریە نێگەتیڤەکانى، لەسەر پێشکەوتن و گەشەسەندنى ژیرێتى مرۆڤ و کۆمەڵایەتى.
 
 
 
13



 
هەتا ئیستا زۆربەى فەلسەفە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ لە هەوڵى دۆزینەوەى یاخود جێگیرکردنى بەئاژەڵکردنى مرۆڤدا بوون. هەر لە مارکسیزمەوە و پێش مارکسیزم و (پۆزەفیتیزم بە پلەى یەکەم) و بنەماگەرى و لێکۆلینەوە کۆمەڵایەتیە مرۆڤایەتیەکان، هەوڵى ئەوەیان داوە کە نرخى مرۆڤى داماڵراو بدۆزنەوە و هەموو حەقێکى پێبدەن بەوەى کە سەروەرە و دەبێت ئازادى هەڵسوکەوت و دەربڕینى هەبێت. واتە بەو دەربڕینەى کە دۆزینەوەى بەئاژڵبوونى ئەو زیندەوەرە دەخەمڵێنێت، نەک هەر بە شێوە سروشتیەکەى، بەڵکو بە شێوەى نوێکردنەوە و زیادەڕۆیى لەو بەئاژەڵبوونەدا. ئەوەى کە پێى دەڵێن هەق وەرگرتنى ڕاستەقینەى مرۆڤ.

ناهەقى ئەو ڕێبازانە ناگیردرێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەو بونەوەرە بایەلۆژییە وەک سروشت هیچى ترى ناوێت و نایەوێت هیچ شێوەیەک لە بەرپرسیارێتی هەبێت بەرامبەر ئەوى تر. تەنانەت لە ڕەگەزەکەى خۆشى دابڕاوە " له‌و کاته‌وه‌ی که‌ بۆته‌ خاوەنى زمان" . ئەمرۆ بە هەموو گوڕێکیشیەوە دەتوانێت هەموو غەریزەکانى بە زیادەوە بسەلمێنێت و تیایدا سەما بکات. تەنها پەیوەستێک کە بە وانى ترەوە هەیبێت ئەوەیە کە بتوانیت بەکاریانبێنێت بۆ بەدەستهێنانى گەورەترین چێژ.