22. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه به‌شی پێنجه‌م و کۆتایی



هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى ده‌سه‌ڵاتدارێته‌وه‌
به‌شی پێنجه‌م و کۆتایی 


14

مفهومى دڕندایەتى دەرئەنجامێکە لە پیادەنەکردنى ژیرێتی بوونى مرۆڤەوە سەرچاوەى وەرگرتووە و دەبێتە هۆی ڕودانى تاوان/ هەقخوران. هەموو ئازارێکیش لەسەر ئەو دەرئەنجامەوە پێکدێت (کە هۆکارى جۆرەها ناڕەواییه‌) ئەمڕۆ بۆتە داکەوتەیەکى ڕۆژانە و وا دەردەکەوێت کە تاوانکردن کردارێکى داسەپێنراوە و هەردەبێت ڕوبدات. لە ئەنجامى ئەو کردار و پەرچەکردارەى لەسەر ئەو دەرئەنجامەوە دروست دەبێت کە هۆکارەکەى بەرجەستەنەکردنى (نەسەلماندنى) مفهومى مرۆڤایەتى مرۆڤە، وەک مرۆڤ و ژیرێتی و لە چوارچێوەى پەیوەندى مرۆڤایەتیدا وەک بەکردەوەکردنى دڕندایەتى مرۆڤ ده‌رده‌که‌وێت.
ئەوەش دوو جەمسەرى ناکۆکى یەکترین و بەگژیەکدا دەچنەوە و بوونى بەکردەوەى (واقیعى) هەر یەکێکیان، نەبونى واقیعى ئەوى تریانە. لەگەڵ بوونى دڕندایەتى مرۆڤدا، ئەگەر لە قۆناغى خۆى تێپەڕێت و ڕێگەى بە بوونى مرۆڤایەتى مرۆڤ نەدا جێگەى بگرێتەوە، ئەوا دەبێتە معاناتێکى گشتى بەشەرى و ونبونێکى (إغترابێکى) واقیعى. چونکە ئەگەر مرۆڤ دانى بەخۆیدانا کە مرۆڤە و دەوروبەرى واقیعى پێچەوانە و دژى بوون، ئەوا لەگەڵ مفهومەکەى ئەودا ناکۆک دەوەستێتەوە و بە خودى خۆى نامۆ دەبێت و هیچ بوارێکى سەلماندنى بەکردەوەى مفهومە مرۆڤایەتییەکەی نامێنێت و هیچ دەورێک لە واقیعدا ناگێڕێت و لە ڕەوتى ژیانى ڕۆژانەى کۆمەڵگاکەیدا، بە ئاڕاستە دڕندایەتییەکەى دەستنیشان دەبێت و لەسەرى ڕاستدەبێتەوە (لە ڕاستیدا خواردەبێتەوە) و بۆ خاوەنەکەى/ هەڵگرەکەى دەبێتە همومێکى تاکەکەسى و معاناتێکى گەورە. کە تەنها مفهوم و واتایەکى بۆشى لێدەمێنێتەوە هەتا ئەو دژایەتییە لە ئارادابێت و هەتا مفهومى مرۆڤایەتى مرۆڤ مفهومى دڕندایەتى نه‌سڕێتەوە.

ئەمڕۆ ئەمسەروسەرى مرۆڤ بگرین، لەو دوو مفهومە دەرناچێت. یەکەم ئەوەى بەکردەوە ممارەسەى دڕندایەتى خۆى دەکات و لە هەر جێگایەکى ئەم جیهانەدا بێت وەک یەکە. دووەم ئەوەى بەرگرى لە مفهومى مرۆڤایەتى دەکات و بەرەنگارى دڕندایەتى دەوەستێتەوە و بوونى خۆى لەو ڕێگەیەوە ساغدەکاتەوە و به‌ناچاری هەمیشە نامۆیە و بە هەڵواسراوى دەمێنێتەوە. چونکە بستێک زەوى، چواردەورێک، ئاسمانێک نیە کە بیگرێتەخۆى. سەرەڕاى ئەوەى لە هەر جێگەیەکیشدا بێت، هەمیشە واقیعێکى دڕندانە بە دواوەیەتى و هەڕەشە لە بوونى دەکات. یا بە لەناوبردنى، یا  بەڕاستکردنەوەى لەسەر ڕێبازى خۆى. ئەوەى لەو نیوانەدا قەتیس ماوە و دەیەوێت بێوەى بژى و هەقى بەسەر هیچەوە نەبێت و لە بەرژەوەندى خۆى لێخوڕێت، ئەوا زۆر جار لەبەرئەوەیە کە ناتوانێت بگاته‌ پله‌یه‌کی سەره‌وه‌ و مومارەسەى دڕندانەى خۆى بکات، بەقەدەر ئەوەى وازى لێبهێنێت.


ئەو ناوەندەش لە هەر جێگەیەکى ئەم جیهانەدا بێت، بوونى خۆى و بیدەنگیەکەى دڕندایەتیە. چونکە لە هەمان ساتى بوونى ئەودا، بوونى دڕندایەتى هەیە و مومارەسەى دەکرێت. لەبەرئەوەى بوونى مرۆڤایەتى یەک بوونە لە یەک ساتى جیهانیدا. بوون و نەبوونى تاوان لە ساتێکى زەمەنى دیاریکراودا، هەموو مرۆڤایەتى دەگرێتەوە، و هیچ گرنگ نییە لە هەر جێگایەکدا ڕوبدات، ئەوا بەرپرسیارییەکە بەکۆمەڵە، چونکە مومارەسەى دڕندایەتى ئەمڕۆ کە بەشێک لە کۆمەڵگاى مرۆڤ سڕ دەکات و کڕى دەکات، لە لایەکى تریشەوە بەشێکى تر سەردەبڕێت، ئەوا بەرپرسیارى ئەو بەشە سڕکراوەش دەچێتە پاڵ ئەو تاوانەوە. چونکە ئەو دەمکوتکردنەش مفهومێکى دڕندانەیە و مومارەسەکردنێکى دڕندانەیە کە دەکرێت دەرکى پێبکرێت.
ڕوبەڕوبونەوە/ بەرگرى، خزێنراوەتە ناو تاکە تەنهاکانەوە بە لێکپچڕاوى. داکۆکیکردن لە خود، وەک کردارێکى بەردەوام بۆ پێشکەوتن و پێگەیشتنى باشتر وپێشتر و بەرزتر، بۆتە هۆى ململانێ لەگەڵ "ئەوانى تردا" (تاکەکانى تر ـ چواردەوردا) کە بە بەربەرەکانێ ناودەبرێت. ڕوبەڕوبونەوەى خود لە واقیعدا و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانى، گۆڕدراوەتە سەر ڕوبەڕوبونەوەیەکى نێگەتیف، بەوەى کە تەنها بتوانێت جێگاى خۆى بکاتەوە، بە هەموو توانا و وزەیەکى خۆیەوە هەوڵى بۆ بدات. بەو پێیە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکى گشتى و سەرەکى و ڕاستەقینەوە، دورکەوتۆتەوە و تەنها لەگەڵ دەرئەنجامێکى ئەو ململانێ سەرەکى و قوڵەى ناو کۆمەڵگادا مامەڵە دەکات. بەمەش دابەشکردنى زەمەنیی و ماددى لەبار گونجێنراوە، کە هەر کەس بەپێى ئاستى ماددى و دەروونیى و پلە و پایەى کۆمەڵایەتى خۆى لە چوارچێوەیەکى تەسک و تاکەکەسیدا ڕوبەڕوى ژیانى بەکردەوەى خۆى ببێتەوە لە تێهەڵکێشى پەیوەندی و پەیوەستێکى داماڵراوى کۆمەڵایەتیدا.
ئەگەر ئەو ساتە ڕوبەڕوبونەوانە، وەک کردارێکى مێژوویى کۆبکرێتەوە و لە چوارچێوەى ڕاستەقینەى خۆیدا بخرێتەگەڕ، ئەوا مەسەلەى ڕوبەڕوبونەوە و هەموو ناکۆکییەکى تاکەکەسى پێ چارەسەردەکرێت. واتە ئەگەر لە دۆخێکدا کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بگاتە ئەوەى کە یەکجار بە کردار لە ڕوبەڕوبونەوەیەکى تاکەکەسییەوە بپەرێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکى بابەتى گشتییەوە، ئەوا دەتوانرێت کۆمەڵگا لەو دابەشبوونە زەمەنیی و ماددییە واقیعییە ڕزگاربکرێت و هەر کەسیش بە خۆى بگاتەوە، وەک سیفەتیکى مرۆڤانەى بەکۆمەڵ.
مەسەلەى دابەشبوونى (تجزئە) ژیانى بەکردەوە (عملى) بۆ کۆمەڵێ بەشى بچوک و لاوەکى و پڕکردنەوەى بەش بەش و گرێدان و پچڕان و بەردەوامبوونى وەک سیفەتێکى سروشتى ئەمڕۆى مرۆڤ لە پەیوەندى بۆچوون و ئامانجى سەرمایەداریدا بەرجەستە دەبێت و ئەو خاڵە وەک خاڵێکى لاوازى سیفەتى مرۆڤ بەکاردەبرێت و لە بەرژەوەندى مانەوەى ئەو ڕژیمانەدایە (مرۆڤ دەتوانێت چاوەڕێ بێت، دەتوانێت کارێکى سەخت بکات بۆئەوەى شتێکى کەمى دەستبکەوێت، دەتوانێت هیوایەکى گەورەى بە شتێکى هیچوپوچ و لاوەکى هەبێت، دەتوانێت قەناعەت بێنێت، دەتوانێت گوێنەداتێ و شتیش لەبیربەرێتەوە، دەتوانێت ئیشى ئەمڕۆ بخاتە سبەینێ.... بەکورتییەکەى سیفاتە باوەکانى مرۆڤ)
ئەمڕۆ دەبینین وەک زنجیرەیەکى دابەشکردنى واقیعى بۆ ئارەزوو و بەرەبەرەیى ڕوبەڕوبونەوە و سەرکوتکردن و ماڵیکردنى جەماوەر، سیاسەتێکى پەیڕەوکراو لەلایەن هەموو ڕژێمەکانەوە گیراوه‌ته‌به‌ر، بۆ لەقاڵبدانى بەرەبەرەیى خەڵک و شۆرینەوەى مێشک لەسەر ئەو شێوازەى کە پێویستە، بەوپێیە بیهێنێتە بەرهەم کە بەردەوامی به‌ دڵەراوکێى تاکەکەس بدات لە ڕوبەڕوبونەوەى ژیاندا و خۆجێکردنەوەی تاکڕه‌وێیه‌تی خۆى و خولقاندنی جیهانبینیه‌کی تاکه‌که‌سییه‌‌ بۆ پەیوەندیی و بۆ چواردەور، بۆ ژیان، بۆ خۆشەویستى، بۆ ئازادى.


15

دەتوانین ڕەگى هەموو کێشەکان لە یەک تاکەکەسەوە دەستنیشانبکەین و بیچوێنین به‌وانی تر، یاخود بەراوردى بکەین بە ژیانى کۆمەڵگایەک، دوابەدواش بە کۆمەڵگاکانى تر، کە بۆچى وا بە ئاسانى دەتوانین یەکترى پشتگوێبخەین و بە ئاسانى هەقى یەکترى بخۆین و یەکترى بەکاربێنین و دوابەدواش بە ئاسانى بتوانین یەکترى لەناوبەرین.
مرۆڤ هەر لە سەرەتاى فیربوونى زمانەوە، وردە وردە یەکەیەکى تایبەتى بەخۆى پێکده‌هێنێت، واتە وردە وردە لەگەڵ کردارى زمانگرتندا، کردارى بەرەوناوەوە چونیش دەستپێدەکات، بەرەو پێکهێنانى تاکەکەسێکى سەربەخۆ هەنگاودەنێت. بەو واتایەى کە لە دوایدا جۆرێکى جیاواز و تایبەت ته‌نها بە خودی خۆى پێکده‌هێنێت. کە مرۆڤ گەیشتە ئەوەى بڵێت "من هەم" واتە ئیتر ئەوى تر نیە، ئەگەر هەبێت، ئەوا دوژمنە.
هەتا ئەمڕۆ مرۆڤایەتى گەشتۆتە ئەم قۆناغە مێژووییە لە دابڕان و لێکجیابوونەوە. هەر لە پێکهاتنى منى ناوەوە و دەرەوە و موقیعیەتە خودییەکان و بزوتنەوەى مێژوویى گەشەکردن، لە سەر بنچینەى بۆچوون و ڕوانگەى ئەو تاکە تایبەتییەوە (نوعییەوە) پێکهاتووە کە تاکەکەسییە نەک بەکۆمەڵ و گۆڕانى مێژوویى لە بەرژەوەندى ئەو تاکەکەسیەیە، یاخود ئەو موقیعیەتە کە تاکەکەس بۆخۆى پێکهێناوە و تەنها خزمەتى ئامانجەکانى خۆى دەکات.
بۆ سەلماندنى ئەو خاڵە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێکهێنانى ئەو جۆرە جیاوازە (یاخود ئەو جۆرێتیە جیاوازە) لەگەڵ فێربوونى زماندا، لەپێش هەموو شتێکەوە لەناو یەک کۆمەڵگادا کە هەموویان بەیەک زمان دەدوێن. واتە پێش ئەوەى بکەوینە کێشەى چەند زمانیەوە، کە دوژمنایەتیەکى ئاشکرا بەرپادەکات، سەرەتا دەبێت دوژمنایەتى دوو مرۆڤ دەستنیشانبکەین کە بەیەک زمان دەدوین.
ڕاستە سەرەتا بە ڕوکەش وادەردەکەوێت کە لەوەناچێت هیچ کێشەیەک، یاخود تەنگوچەڵه‌مەیەک لەئارادا بێت بۆ لەیەکتێگەشتن و ڕێککەوتن، بەو حسابەى هەردولا یەک زمان پەیڕەو دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا سەرچاوەى هەموو جیابوونەوەکان لە فێربونى زمانەوە دەستپێدەکات، چونکە یەکەم ئامڕازى پەیوەندیە و یەکەم ئامڕازى لێکجیابوونەوەشە و بەردى بناغەى پێکهێنانى جۆرێتى جیاجیایە لەیەکترى کە هەریەک بە زمانى تایبەتى خۆى قسەدەکات.
ئەو جۆرێتییەى (ئەو مرۆڤەى ـ یەکەیەى) کە عەوداڵى بەدەستهێنانى چیژە (ژیانە) و لە هەوڵى دورکەوتنەوە و لەناوبردن و ڕزگاربوونى ئازاردایە (مردن). دەرئەنجامى بەکردەوەکردنى ئەو دوو کردارەیە کە بۆتە هۆى شێواندنى پەیوەندى لەسەر حسابى یەکترى یاخود ئەوى تر/ ئەوانى تر. بەدەستهێنانى ئەو دوو ئەنجامە، پێویستى بەوانى تر هەیە، بە جۆریتیەکانى تر هەیە، مرۆڤەکانى تر، ئەوانى تر. ئەوى تریش لەهەمان دۆخى یەکەمدایە و عەوداڵى بەدەستهێنانى ئامانجەکانى خۆیەتى وەک یەکەیەکى سەربەخۆ.
ئەوانەى دەتوانن بەربەرەکانى و ململانێ بەرامبەر ئەوانى تر بەرپابکەن، (هەڵبەتە ئەوانەى دەیانەوێت سەردارێتى خۆیان لەدەست نەدەن و بیپارێزن و فراوانى بکەن "نازانم ئەمڕۆ ئەو سیفەتە کێ ناگرێتەوە") دەبێت ئاگایان لە هەموو وردەکارییەکى ئەوىتر/ ئەوانى تر بێت، کە لەکوێدان و چیدەکەن و بەرەوکوێ و بە چ ئاڕاستەیەک دەجوڵێنەوە. بۆ خۆئامادەکردن بۆیان، بۆ چونە جەنگەوە لەگەڵیاندا بۆ بەزاندنیان لە کاتى پێویستدا و بۆ نەهێشتنى سەرهەڵدانیان و بوون بە بەرامبەر و جێکردنەوەى خۆى، بۆ هیشتنەوەى جێگا و سەردارێتى خۆى.
ئیتر ئەو ململانێیە لە هەر کوێیه‌کەوە دەستپێبکات و بە هەر ئاڕاستەیەک بێت گرنگ نیە، ئەوەى گرنگە کە ئەو ململانێیە تاکەکەسیە و لە خزمەتى سەرخستنى تاکەکەسدایە (منى ناوەوەدایە)، نەک داگیرکردنى موقیعیەتێکى بابەتى (خودێتى/بابەتى) کە لە پەیوەستێکى کۆمەڵایەتیدا پێکهاتبێت وەک پێویستیەکى بابەتى، یاخود وەک موقیعیەتێک کە خودێکى سەربەخۆ دەسەلمێنێت کە لە سەر بنچینەى پێویستیە واقیعى و کۆمەڵایەتیەکانەوە هاتبێت. ئەوە هەمان خاڵى لاوازى مرۆڤە کە لە سەرەوە باسى لێوەکرا.
16

منى ناوەوە/ دەرەوە
لە ڕاستیدا سەلماندنى بوونى منى ناوەوە بە گشتیه‌کەى، لە تەوەرى چێژ/ئازار تێناپەڕێت. تێکەڵاوبونەکەش هەر لەوێوە دەستپێدەکات کە منى ناوەوە و دەرەوە تێکەڵ دەکرێت و ناتوانرێت سنورێکى بۆ دیارى بکرێت. لە لایەکى تریشەوە بۆ لە ناوبردن و دورخستنەوەى ترسى مردن، هەموو کاتێک هەوڵدراوە کە بدرێت بەسەر بەرامبەردا، بۆ جێکردنەوەى خودیش ویستراوە بەرامبەرەکە دوربخرێتەوە. واتە ئەو ئەشکالیاتە، ئه‌و بە هەڵە بۆچوونە، بۆتە هۆى ئەوەى مرۆڤ نەتوانێت بە خودى خۆى بگاتەوە و خۆى لەلا ببێت بە نادیارێک و لە هەوڵى لێکدانەوە و دۆزینەوەى نەکەوێت. کە لەگەڵ ئەوەى ئەو شتەى مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت لە ناوەوەى خۆێدایە و لە بەردەستیدایە، تەنها هەڵگەڕانەوەى ئەو دۆخەیە کە باسى لێوەکرا بۆ گەیشتنەوە بە خود. 


وەک وتمان سەلماندنى بوونى مرۆڤ، چ منى ناوەوە بێت یاخود منى دەرەوە، تێهەڵکێشى گەشتن بە چێژ/ئازارە. گەیشتن بە سەلماندنى بوون، گەیشتن بە چێژى بوون، پەڕینەوەیە لە ئازارەوە بەرەو گەشتن بە چێژ. ئەگەر مردن بە ئازار دەرببڕین، ئەوا پەڕینەوە بۆ چێژ، ژیانە، یاخود سەلماندنى بوونى مرۆڤە.


یه‌کێک له‌ بنچینه‌ گرنگه‌کانی سەلماندنى بوونى ناوەوەى مرۆڤ، لە بەکردارکردنى (پرۆسه‌ی) جوتبووندایە لەگەڵ ڕەگەزەکەى بەرامبەردا. بەرجەستەکردنى ئەو چێژە، هەر لە خۆئامادەکردنیەوە هەتا ئەنجامدان و بەتاڵبوونەوەى، کردارى پەڕینەوەیە لە ئازارەوە بەرەو سەلماندنى چێژ و بەکردەوەکردنیەتى و گەشتن بە هەستى خۆبوونە لە بەرامبەر ڕه‌گەزەکەى تردا، ڕەگەزى بەرامبەر.


منى ناوەوە، منى بایه‌لۆژییە، منى چێژوەرگر و ئازارکێشە. منى بایەلۆژى لە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات (بگرە لە پێش لەدایکبوونیشەوە، واتە لە ناوسکى دایکیەوە. لەو ساتەوە کە پیتاندن ڕودەدات) منى بایەلۆژى منێکى بێ دەسەڵات و بێهێزە و لاوازە، منى چاوەڕوانى دەستى ئەوانى ترە، منى پەنابەر و گەڕۆکى و مەڵاسدان و حەشارگەیە (گەڕانەوە بۆ ناوسکى دایک) منى ترسنۆک و تەمەڵ و داواکارى پڕکەرەوەى پێویستیەکانە. منێک کە حەزدەکات هەموو شتێک هى ئەوبێت و هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتى ئەودا بێت و دەسەڵاتى بەسەر هەموو شتێکدا بشکێت و تەنانەت مردنیش.


لە پێش ئەوەى منداڵ فێرى زمان بێت، گرمۆڵەیەکە لە ترس، ترسى مردن و ترسى نەتوانینى بەردەوابوون، ترسى دڵنیانەبوون لە بەدەستکەوتنى پێداویستیەکانى...هتد


کە دەڵێین دەبێت دەرەوە ناوەوە بێت، مەبەستمان ئەوەیە کە : دەبێت دەرەوە پێداویستیەکانى مرۆڤ بەدەست بهێنێت و بەردەوامیى سروشتى ناوەوەى مروڤ دابین بکات، بەو مێژووەوە بینوسێنێت کە لە سەرەتاکەیەوە دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت لەسەرى. ئەوەى دەیبینین: دەرەوە بەرەڵایە، کراوەیە، پچڕپچڕە، کاتییە، سنوردارە، دەرەوە جێگاى ململانێ و زۆرانبازییە، جێگاى جەنگ و سەرکەوتن و ژێرکەوتنە. لە دەرەوە بەردەوامبوون ڕونادات لە مێژوویەکى زەمەنیدا، بەڵکو لە مێژوو بەتاڵکراوەتەوە، واتە نە داخران هەیە، نە کراوەیى، بەڵکو بەرەڵاییەکى سنورکێشراو. دەبێت لە دەرەوە هەبێت بۆ ئەوەى هەست بە بوونى خۆت بکەیت کە بەشداریت. دەرەوە دەبوایە فەلسەفى بوایە، نەک ئاژەڵیى. هەتا ئەمڕۆ دەرەوە هەرزەکارانەیە، مرۆڤ دەتوانێت هەتا دەمرێت هەر هەرزەکار بێت و لە دەرەوەى هەرزەکاردا بوونى خۆى بسەلمێنێت.


لە زۆر کاتدا، مرۆڤ تا ماوەیەکى ژیانى لەگەڵیدا دەڕوات و زۆرجاریش دەیەوێت واتایەک بۆ ژیانى پەیدا بکات و دەگەڕێتەوە "ناوەوە" خەڵوەتەکەى خۆى، یاخود هەوڵ دەدات گروپێک بدۆزیتەوە کە خۆى تیاببینێتەوە، یاخود خۆى پیاهەڵدەواسێت. بە کورتیەکەى واتە دابەش بوون و جیابوونەوە و لە هەمانکاتیشدا دابڕان و دورکەوتنەوە لە بەشداربوون. کە دەڵێین دەبوایە دەرەوە کراوەبووایە، مەبەست لەوەیە زیاتر پێگەشتوو بوایە، واتە فەلسەفى بوایە، کراوە بەو واتایەى کە پەیوەندیى، پەیوەستبوون هەبوایە لە نێوانى بەشە جیاوازەکانى ژیانى ڕۆژانەدا، دەبوایە دەرەوە ئەو موقیعیەتە خودییانە بوایە "ئەو خودییەى کە بابەتییە" کە دەسەڵاتى فەلسەفى تیا دەچەسپێت.


پیاو کە دەگەڕێتەوە ناوەوە، هەست بە دابڕان دەکات و لە دەرەوە جێگەى نابێتەوە، چونکە وەک ئەوەى دەیەوێت ناتوانێت بەشداربێت، چونکە دەسەڵاتى بەسەردا ناشکێت کە بیگۆڕێت، کە خۆى تیادا بدۆزیتەوە و ئاڕاستەکەى بەو ڕوە بگۆڕێت کە حەقیقەتە. ژیانى ئەمرى واقیع بە حوکمى ساته‌وه‌ختیی و پچڕپچڕیى و ئاڕاستە هەرزەکارییەکەى، واتە ڕوکەشبوونەکەى، ڕێگە بە مفهومى قوڵ و یەکترناسینەوە و کرانەوە و فەلسەفیبوون نادات. واتە ڕێگە بە حەقیقەت نادات چاوى بکاتەوە، بەڵکو دایدەپۆشێت و هەوڵدەدات ونى بکات.


واتە ئەو دەرەوەیەى کە هەتا ئەمڕۆ خولقاوە، تەنها نوێنەرى منى ناوەوەى مرۆڤە و هەتا ئێستا پێگه‌ی خودێتى چه‌سپاو و بەردەوام بۆ مرۆڤ پێکنەهاتووە کە تەنها ئەو پێگانه‌ خاوەنى دەسەڵاتدارێتى بن و تاکەکەسەکان تەنها بەردەوامى بەو جێگایانە بدەن، واتە بێن و بڕۆن.


مرۆڤ لە دواى گەڕانەوەى بەرەو ناوەوە و هەستکردنى بە دابڕان و عزلبوون، دەیەوێت کەڕەتێکى تر بەشدار بێتەوە لە دەرەوەدا و دایڕێژێتەوە، وەک وتمان زۆر جار بە پێکهێنانى گروپێک/ دامەزراوێک، بنکەیەک، کۆمیتەیەک... کۆتایى دێت بۆ پچڕاندنى بەشى خۆى و گروپەکەى لەو دەسەڵاتەى لە دەرەوەدا هەیە، بۆ ڕوخستنى "ڕوە مرۆڤایەتییەکەى" شێوازێکى نوێ بۆ یەکترناسینەوە خولقاندن و بەشداربوون لە ئاسمانى دەسەڵاتدارێتیدا و کونتێکردنى و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت. کێشەکە لێرەدا لە پێکهێنانى ئەو بنکە و کۆمیتە جیاوازانەدایە کە ئەوە هیچ پێکهاتنیان پێویستییە، بەڵام لێکداپچڕان و تۆپەڵبوونى خۆیان، بۆتە هۆى ئەوەى نەتوانرێت پەیوەستبوونێکى بابەتیی لە نێوانیاندا بدۆزرێتەوە. لە لایەکى تریشەوە شێوەى پێکهاتنەکانیان ناسروشتییە. نەک تەنها لەو لایەنەوە کە نەیانتوانیوە هەموو بوارە کۆمەڵایەتیەکانى حەقیقەت بتەننەوە، بەڵکو سیستەمى بڵاوبونەوەکانیان هەڕەمەکیە و پەیوەندى بابەتیى/ زەمەنیى نیە لە نیوانیاندا و زیاتر شێوەى پێکهاتنەکانیان ده‌ستپێشخه‌ری تاکەکەسییە کە لە ئەنجامى دژوەستانەى دەسەڵاتدارێتى بەڕێوەبەرەوە پێکهاتوە. جگە لەوەى کە لە سەرەتادا دروستدەبێت، لەوەدەچێت کە کونێک بکاتە ئاسمانى دەسەڵاتدارێتى، بەڵام لە پاش ئەوەى کە وەک خۆى دەمێنێتەوە و هیچى ترى بەدوادا نایەت و ناتوانێت پەیوەستبوونه‌وه‌ی خۆى لەگەڵ کۆمەڵ و بنکەکانى پێش خۆیدا بدۆزێتەوە، ئەوا لە پاش ماوەیەکى کورت لە بەرژەوەندى دەسەڵاتدارێتى دەشکێتەوە و لاوەکى خزمەتى ئەو دەکات و دەسەڵاتدارێتى قووتى دەدات (هەڵبەتە هەتا دەسەڵاتدارێتى بوونى هەبێت، شێوەى پێکهێنانى ئەو دامەزراوانەش هەر بەو شێوەیە دەبێت. کە زیاتر لە خاڵخاڵۆکەى بەرگرى دەچن بە گیانى دەسەڵاتدارێتیەوە) ئەگەر لە لایەکى ترەوە سەیرى ئەو پێکهاتنانە بکەین، کە لە جێگرەوە دەچن بۆ ناتەواویەکى ڕاستەقینەى بوونى مرۆڤ و بنەڕەتەکە نیە و ئەو شێوەى پێکهاتنەى کە لە دەرەوە دەکشێتە ناوەوە و دوایى لە دەرەوەدا دەیەوێتەوە خۆى دەرخاتەوە و هەر دیاریش نابێت، ئەوا لە ڕاستیدا خۆشى دەبێت بە ڕێگرێکى تر لە دەرەوەدا لە بەردەم کرانەوەى خود و بابەتدا کە بە ڕەسەنایەتیى و مافى خۆى بەشداربێت لە پێکهێنانى ئەمرى واقیعى بەکۆمەڵدا. وەک پێکهێنانى کەسایەتى بەکۆمەڵ و سەلماندنى بوونى ئەو کەسایەتیە. مرۆڤ بونەوەریکى کۆمەڵایەتیە، ئەو مفهومەش ئەوسا دەسەلمێنرێت، نەک ئێستا و زۆربه‌ی زۆری (دەتوانین بڵێین هەمووى) فەشەل دەکات چونکە تواناى نیە بە ڕەسەنى بچەسپێنرێت.


تانیایی



تەنیایى تەنها ئەوە ناگرێتەوە کە مرۆڤ بە تاکى تەنها بێت، بەڵکو تەنیایى، لێدابڕان دەگرێتەوە بە پلەى یەکەم، ئیتر چ وەک یەک تاکەکەس یاخود دوو خێزان یا گروپێک بێت... یا کۆمەڵگایەک. لەوێدایە کە باس لە پەیوەستى بابەتیى دەکرێت کە ئەو دابڕانە ڕونەدات وەک ئەوەى ئەمڕۆ دەیبینین و مومارەسەى دەکەین. هەر ئەوەیە کە سنور بە دواى سنوردا هەڵى دەچنین و لە نێوانیاندا یەکترى لەبیردەکەین و یەکترى بەکاردەهێنین و یەکترى بە داردەست دەکەین و مافى یەکترى دەخۆین.


کە دەڵێین واقیعى ڕۆژانەى دەرەوە هەرزەکارانەیە، ئەوا هەموو ڕوداوەکانى ڕوکارە، کاتییە و تەنها دەلالەت لە یەک تەوەر دەکات، ئەویش هێزى پیاوەتیە "نێرایەتى" و هەژاندن و ئارەزوو پەیداکردن و دامرکاندنەوەیەتى. ساتى دەرەوە، ساتى دڵگەرمى کڕین و فرۆشتنە و خۆتازەکردنەوە و گەنجێتى و خۆدەرخستنە. هەموو دیاردەکانى ناو کۆمەڵگا لە خزمەتکردنى بەهەرزەکارکردنى گەورە و پچوکدایە و تێئاخنینیانە و جێگاکردنەوەیانە لەو بەرتەسکیەى کە جێگاى هیچ لۆژیکێک و بیکردنەوەیەکى قوڵى کۆمەڵایەتى تیا نابێتەوە. مۆدێلەکە بە شێوەیەک کشێنراوە کە کەس نەتوانێت خۆى لێداببڕێت و ئەوەى کە خۆى لێلادات، هەست بە لێپچڕان و دواکەوتوویى بکات.


17



خۆناسینەوە

کە خۆناسینەوە ڕویدا، ئیتر مرۆڤ پێویستى بە خۆناسینەوە نیە. پێویستى بە هیچ سنورێک نیە کە خۆى پێدەستنیشانکات و خۆى تیابخاتەڕو. خۆناسینەوەى تەواو، دەموچاوى نیە. پێویست بە بەرامبەر ناکات، بە ئاوێنە ناکات بۆئەوەى بزانێت کێیە. خۆناسینەوە، واتە خۆونکردن. ئەگەر مرۆڤ بگاتە ئەو بڕوایەى کە هەر هەبووە و هەر دەبێت و هەموو شتێکیشە و ئامانجى ڕوناکبونەوەیە و ئەو ئاگاییەیە کە ئەو هەستانەى بۆ دەخولقێنێت، ئەوا مرۆڤ خۆى ناسیوەتەوە، هەر ئەو کاتەشە کە ئیتر هیچ سنورێکى ناوێت بۆ ئەو خۆناسینەوەیە. واتە هیچ چوارچێوەیەکى ناوێت کە خۆى تێئاخنێت و بڵێت ئەوە منم لەو چوارچێوەیەدا، له‌و سنورەدا.


خۆناسینەوە ڕونادات، ئەگەر مرۆڤ بترسێت. ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت. مرۆڤ لە ترسدا ئازاد نابێت. ئەگەر مرۆڤ لە منداڵییەوە بە سروشتى گەورە بێت، ناترسێت، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بە سروشتى گەورە بێت، لەبەرئەوەى لەناو مرۆڤى گەورەدا گەورە دەبێت. منداڵ هەمیشە لە گەورە دەترسێت کە لەناویبەرێت، چونکە فیزیاویى خۆى بە لاواز دەبینێت و  ئەگەر لە لایەن گەورەوە هێرشى ببریتە سەر، ناتوانێت خۆى بپارێزێت. بوونى گەورە لە چواردەورى منداڵدا، هەمیشە هەڕەشەیەکە لە دەرەوە بۆ سەر سەلامەتى ئەو منداڵە. واتە ناتوانێت پشتگوێى بخات وەک ئەوەى ئەو جیهانە بوونى نەبێت. بەڵکو پاڵى پێوەدەنێت (لایه‌نی دەرونى) کە زوو هەوڵبدات گەورە بێت و بچێتە ڕیزی گەورەکانەوە، بۆئەوەى وەک ئەوان بێت و بتوانێت خۆى بپارێزێت، بەڵام کاتێ گەورە دەبێت، ئیتر کار لە کار ترازاوە و ترسەکە لە دەرونیدا جێگیربووە و بۆى بۆتە نائاگایى، یاخود بەشێکى گرنگى خۆپارستن و میکانیزمى بەرگرى لە نائاگاییدا، بەبێ ئەوەى ڕۆژانە بیرى بکەوێتەوە، یا بیرى لێبکاتەوە، یا هەستى پێبکات. واتە کە گەورە دەبێت لە مرۆڤ دەترسێت کە لە ناویببات، کە بیکوژێت، کە بیمرێنێت، زیاتر لەوەى کە بیر لە مردنى سروشتى ده‌کاتەوە کە کۆتایی ژیانە و دەبێت هەموو کەسێک بمرێت.


ئەوەى مەبەستە لێرەدا، ئەوەیە کە دوو جۆر هەستى مردن کاریگەرە لەسەر بوون/ ژیانى ئێستا و ئێرەى مرۆڤ. یەکەم ترسى مرۆڤ لە مرۆڤ. دووەم ترسى مرۆڤ لە مردنى سروشتى. لە ڕاستیدا مرۆڤ ئەوەندە گرنگى نادات بە مردنى سروشتى، ئەگەر دڵنیابێت لە چواردەورەکەى و لێیان نەترسێت. واتە لە مرۆڤەکانى چواردەورى، چونکە ئێستا دەژى و نەمردووە. واتە مردن ئاماده‌یی نیە تیایدا. بەڵام لەگەڵ هەموو پەیوەندییەکى بە جیهانى دەرەوە ئیحتیمالى مردن/ کوشتن/ لەناوبردن/ ئازاردان، خۆى حەشارداوە و دەبێت مرۆڤ هەمیشە بەئاگابێت و وریا بێت کە چى دەکات و لەگەڵ کێدا هەڵسوکەوت دەکات. واتە وەک ئەوە وایە کە لە سەر ڕاوبێت و هەمیشە ئاگادارى ئەوە بێت کە ڕاونەکرێت. ئەو ترسى فەوتاندنە/ لەناوچونە تێکەڵى ژیانى ڕۆژانە و ساتەوەختى بووە و هەمیشە ئامادەیی هەیە، بە شێوەیەک تێکەڵ بوە کە دەبێت مرۆڤ هەمیشە ئاگادار بێت و بترسێت لەوەى کە خۆى لەدەستنەدات. ئەمە گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم خۆکردنەوەى مرۆڤ بە ڕوى یەکترى و جیهانى چواردەوریدا. ئەگەر ئەو سنورە هەڵبگیردرێت، مرۆڤ ئەوەندە بیر لە مردنى سروشتى ناکاتەوە و تەنها دەبێت بە ڕۆتینێکى ژیان کە لە کاتى خۆیدا دێت و کۆتایی بە ژیانى تاکەکەس دێنێت، نەک بە ژیان. ئەوساش مرۆڤ ئەگەر لە منداڵییەوە ئەو هەستە دڵنەواییکەرەى بۆ خوڵقابێت کە کەس ناتوانێت لەناوى ببات، دەوڵەمەندترین ژیان دەژى بەبى ئەوەى مردنى سروشتى کاریگەرییەکى ئەوتۆى هەبێت لە هەڵسوکەوتى ڕۆژانەیدا.


مردنى سروشتى لە ناوەوەى مرۆڤەوە قبوڵکراوە، هەر لەو ڕۆژەوەى کە مرۆڤ لەدایک بووە، شتێک نیە کە ڕێگربێت، یاخود سەرسوڕهێنەر بێت بە نیسبەت بوون/ ژیانەوە. واتە لە حاڵەتە هاوسەنگییەکەى خۆیدا، مرۆڤ بیرى لێناکاتەوە، وەک ئەوەى چۆن بیرى لەوە نەکردۆتەوە کە لەدایکبووە.