21. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه به‌شی سێیه‌م


هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه
به‌شی سێیه‌م
 
8

منى ناوەوە/دەرەوە
ئەگەر بڕوا بەوە بێنین کە نەفیکردنى تاک/ تاکایەتى "منى ناوەوە" و پێکهێنانى خود/ خودێتى "منى دەرەوە" و گەشتن بە بوونى پوخت، یاخود نزیک بوونەوە لێى، لە ڕێگەى دۆزینەوەى پێگه‌ى شیاودا، ئەوا ماناى وایە کە ئەو مرۆڤە لە کات و جێگەى خۆیدا دەژى و لە حەقیقەت نزیک بۆته‌وه‌. بەو پێیە دەتوانین بڵێین ئەوسایە کە بەرامبەر یەکترى دەموچاوى دەستکردمان هەڵنەگرتووە و واقیعمان نەشێواندووە و بوارى مافخواردن و بەکارهێنانمان نەهێشتووە.

هەتا ئەمڕۆ نەتوانراوە ئەو بەڕوییەکترکرانەوەیە پێکبهێنرێت و هەتا ئێستا لە کاتى پەیوەندیماندا بەشێکى شاراوە دەهێڵینەوە و نایدرکێنین. واتە بە کورتیەکى له‌ڕوو نابین و هەموو شتێک ناخەینەڕو. هەر وەک ئامڕازێکى بەرگرى و خۆپاراستن. ئەگەر هەموو کەسێک تەنها خۆى بێت و بوارى خۆکردنەوەى هەبێت کە ئەو پێگه‌یه‌ وەربگرێت کە شایانیەتى، ئەوا بە حەق و دادى ڕاستەقینە گەیشتووین.
خۆبوون، واتە نەفیکردنى خود و دۆزینەوەى لەوانى تردا/ لەدەرەوەدا لە کاتى پەیوەندى و کردارە کۆمەڵایەتیەکانى تردا لەو جێگا و کاتەى ئەو کردارە/ پەیوەندیەى تیاڕودەدات.
هەموو ئەشکالیاتەکانى بوون لەوێوە دەست پێدەکات کە لە جیاتى ئەو نەفى خودە، نەفى بەرامبەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە خود. واتە ئەوى تر دەکرێت بە قوربانى و دەکوژێنرێتەوە لەبەردەم خوددا بۆ گەیشتن بە چێژى بوون، بۆ گەیشتن بە خودى خۆى. لەجیاتى ئەو نەفى کردنى ئەوى ترە، دەبێت مرۆڤ فێرى ئەوەبێت کە نەفى خۆى بکات. ئەگەر بیەوێت بە بوونى ڕاستەقینەى خۆى بگات، ئەوسا لە جیاتى ئەوەى ڕق بەرەڵابکات، خۆشەویستى بەرپادەکات بەبێ ئەوەى بزانێت یاخود شتێک بێت که‌ بیرى لێبکاتەوە. ئەوسا کەس هیچى لە کەس ناوێت لەوەى زیاتر هەرکەس تەنها خۆى بێت.
ئەمڕۆ لە هیچ جێگایەکدا ئەو نموونەیە نادۆزینەوە و ئەگەر مرۆڤێکیش بیەوێت بیچه‌سپێنێت، بە ئاسمانەوە هەڵدەلوشرێت و هەریەکەى پارچەیەکى لوولدەدات. تەنانەت لە نزیکترین پەیوەندیدا نابینرێتەوە کە پەیوەندى ژن و مێردایەتیە، یاخود بڵێین پەیوەندى دوو دەسگیران. لەجیاتى ئەوەى لە بەرامبەر یەکتریدا پڕاوپڕ بکرێنەوە و خۆیان نەفى بکەن بۆئەوەى لەوسەرەوە بە خۆیان بگەنەوە، ئەوا دەبینین هەر یەکەیان هەوڵى ئەوە دەدا بوونى ئەوى تر بسڕێتەوە بۆئەوەى بە خۆى بگات. کێ نێر بێت لەو پەیوەندیەدا، دەیەوێت نێرایەتى خۆى لەوەدا ببینێتەوە کە مێیەکەى بەرامبەرى بکوژێت. لە زۆربەى حاڵەتیشدا ئەو نێرە پیاو دەگرێتەوە، بە حوکمى ئەندامى نێرینەى و ئەو مێژووەى کە پیاو بۆ خۆى پێکهێناوە.
مێژووى مرۆڤایەتى هەتا ئەمڕۆ لە ململانێى نێرایەتى و مێیایەتیدایە و لێى تێپەڕنەبوە، لە زاڵبون و ژیردەستەییدایە، لە نەفیکردنى مێیه‌تى ئەویتر و سەلماندنى نێرایەتى یەکەمدایە. کوشتنى مێیە و گەشتنە بە نێرێتى. بەرپاکردنى ڕقە و سڕینەوەى خۆشەویستییە. بەربەرەکانێ و ململانێى بەدەسەڵات و بێدەسەڵاتە....هتد.
مەفهومى ئەو بوونەى کە ئەو زاراوانەى تیانیە، تەنها هەڵگێڕانەوەى مەفهومى گەشتن بە بونە و هیچى تر. ئایا ئێمە لەچى دەترسین کە ناتوانین نەفى خودى خۆمان بکەین بۆئەوەى بە بوونمان بگەینه‌وه‌، ئایا لە ڕاستیدا ئێمە تەنها لە خۆمان ناترسین؟ ڕۆژى هەزاران دەموچاوى دەستکرد هەڵدەبەستین، بەس بۆئەوەى خۆمان نەناسینەوە. ئەگەر بە تەنها دەموچاوەکان لابەرین، ئەوسا هیچ شتێک نامێنێت کە لێى بترسین. شتێک نامێنێت بە ناوى لاوازى و بەهێزییەوە. ئەگەر کەس لاواز نەبێت کەسیش بەهێز نابێت. ئەو مفهومانە ناواخنەکانیان لەدەستدەدەن و تەنها قاوغەکانیان دەمێنێتەوە. کە دەڵێین ئەو شتەى، ئەو کەسەى کە لێى دەترسین تەنها خۆمانین، لە ڕاستیشدا لەوە دەترسین خۆمان لەدەستبدەین، لەوە دەترسین ژیان لەدەستبدەین، بۆیە ئەوەندە پێوەى لکاوین و پێوەى نوساوین. لەوە دەترسین بمرین، بۆیە دەمانەوێت ئەوى تر بکوژین، بۆئەوەى مردن لەخۆمان داماڵین و بیدەین بەسەر ئەوى تردا، بەو هیوایەى بە هەستى بوون بگەین و ترسەکەمان بڕەوێتەوە. ئێمە ناوێرین ڕوبەڕوى مردن ببینەوە و بە هەموو ئامڕازێک دورى دەخەینەوە، لەکاتێکدا کە ئیمە تەنها بەو شێوەیە بوونى خۆمان لەناودەبەین و بە هیچیش ناگەین. ماناى بوون لە کرانەوەدایە، کرانەوەى لەسەدا سەد و نەفى خود. جا ئێمە هەتا پارێزگارى لێبکەین بەو شێوە هەڵاوگەڕاوەییە و بمانەوێت پێیبگەین، ئەوا زیاتر لێى دوردەکەوینەوە و تەنها منە ئاژەڵییەکەمان دەمێنێتەوە. ئەوەى ئەمڕۆ مرۆڤ پێیگەیشتووە و هەزاران شێوەى بۆ بەرگریکردن لەخۆى بەرامبەر ئەوی تر دۆزیوەتەوە/ خولقاندوە و مردنى شاردۆتەوە، یاخود ڕاستتر بڵێین لەو بڕوایەدایە کە مردنى شاردۆتەوە یاخود لەناویبردووە.
"هەر بەو شیوەیەش دەتوانین بیر لە داگیرکردنى ئەوروپا بکەینەوە بۆ چواردەورەکەى، کە چۆن وڵاتەکەى خۆى بۆتە ئەو ماڵەى کە بوونى خۆى تیا سەلماندوە و دوابەدواش بەرەو دەرەوە کشاوە بۆ زاڵبوون و خۆجێکردنەوەى و سەلماندنى پیاوەتى خۆى لە دەرەوەى ماڵەکەیدا. وەک چۆن لە جێگایەکى تردا باسى ئەوە کراوە کە مرۆڤ دەبێتە خاوەنى جێگایەک، دەبێتە خاوەنى زەمانێکیش، زەمانیش داواى جێگاى تازەى لێدەکات بۆئەوەى دەورەکە تەواوبکات. واتە سەرەتا جێگەى خۆت، ئەوسا کاتى خۆت، ئەوسا جێگایەکى نوێ، ئەوسا دەگەڕێیتەوە جێگاکەى خۆت، ئەوەى لە دەرەوە وەک جێگایەکى پارسەنگ یاخود ئیحتیات دەمێنێتەوە تەنها بۆ جێگیرکردنى جێگاى یەکەمە، بۆ چەسپاندنیه‌تى، بۆ دڵنیابوونەلێى"
"ئەگەر بڕوا بەوە بێنین کە سەلماندنى بوونى مرۆڤ لە دەرەوەدا پێکدێت و بە ڕێژەى زۆر و کەم هاوسەنگى لە نێوانى منى ناوەوە و دەرەوەدا ڕادەگرێت و دەبێتە مایەى "لەخۆرازیبوون" کە بە تەنها ترازاندنى ئەو هاوسەنگییە، دەبێتە هۆی دروستبوونى شێواندن و گێژاو بۆ خاوەنەکەى و دەبێت ئەو تاکە بەدواى پێگه‌یه‌کی تردا بگەڕێت کە خۆى تیابدۆزێتەوە"
 "بە پێکهاتنى پێگه‌ی خود کە مرۆڤ بتوانێت تا ڕادەیەکى زۆر بوونى خۆى تیادا بسەلمێنێت و هاوسەنگییەکى ڕێژه‌یى ناوەوە و دەرەوەى خۆى ڕابگرێت و لەو هاوکێشەیەدا بحەسێتەوە، ئەوا دەتوانرێت سایکۆلۆژیاى نێرایەتى لەناوببرێت بەشێوەیەک کە نەبێت بە داسەپاندن لەو خودەدا بەبێ ئەوەى سەرهەڵبداتەوە و لە ناوەوە مرۆڤەکە داخورێنێت"
9

تاک/خود
وەک بینیمان زۆربەى پێلێنانەکان لەسەر تاکە نەک خود، کەچى لە ڕاستیدا تاک دەمرێت نەک خود.
خود ئەو پێگه‌ کۆمەڵایەتیەیە کە تاک دەیگرێتەوە و ماوەیەک بە زیندویتى دەیهێڵێتەوە و بەجێی دێڵێت و یەکێکى تر جێگەى دەگرێتەوە و گەشەى پێدەدات، یا وەک خۆى دەیهێڵێتەوە.
زۆربەى دیاردەکانى چواردەورمان، دیاردەى تاکایەتییە، کە منى ناوەوە بەزیندوێتى دەهێڵێتەوە و گەشەی پێدەدات و گەورەى دەکات و بە ئاستەم خۆى لە تەوەرى خود دەدات، کە ئەو جێگایەیە کە نامرێت و تواناى خۆتازەکردنەوەى هەیە و تواناى گۆڕان و گەشەپێدانە و هەموو کاتێک زیندوێتى تێدایە.
ڕاستە پێگه‌ (جیگا، مه‌وقیعیەت) ناتوانرێت لە بوونى خودى مرۆڤ جیابکرێتەوە، چونکە ئەوە هەڵگرى ئەو مکانەیه‌یە و ئەوەیە کە دێتە دەرەوە و خۆى دەسەلمێنێت و ئه‌وه‌ مرۆڤە کە ژیانى پێدەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانین بەوە ڕازیبین کە منى تاک و منى خود لێکبدەین و بەیەک ناوەوە بیناسینەوە. چونکە وەک وتمان خود پێگه‌یه‌که‌ لە دەرەوەى تاکەوە و دەتوانرێت داگیربکرێت و لایەن تاکەوە پڕبکرێتەوە، لە کردارێکى بەردەوامى (پرۆسه‌یه‌کى) میژووى/ کۆمەڵایەتیدا پەرەیپێبدرێت و بەردەوامبێت، بەڵام تاک دیاریکراوە و سەرەتا و کۆتایى هەیە.
ڕاستە ئەمڕۆ کۆمەڵگا/ دەرەوە بەگوڕ و بەجوڵە و گەرموگوڕە و لەوە دەچێت کە هەمیشە گەنج بێت. ئەوه‌ش هۆکەى دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە بە مەبەستەوە بەو شێوەیە خراوەتەگەڕ و ده‌رئەنجامى ئەوەیە لە ڕوانگەى تاکەکەس و تاکایەتى و پچڕپچڕییەوە دەبینرێت و خولقێنراوە.
هەر مرۆڤێک کە لەدایکدەبێت، خاوەنى خودێکە کە دەیەوێت پێگه‌یه‌ک داگیربکات. جا جێگایەکى ئامادە بگرێتەوە یاخود خۆى جێگایەکى نوى بخولقێنێت لەو کۆمەڵگایەى چاوى تیادادەکاتەوە، کەوتۆتە سەر ئەو خودەى کە هەڵیدەگرێت و ئەو چواردەورەى کە ڕیگاى بۆخۆش دەکات کە سەربەستى خۆى تیادا وەردەگرێت، یاخود بەپێچەوانەوە سەرکوتی دەکات و چواردەور دایدەڕێژێت.

کۆمەڵگا ئەوروپیەکان تا ڕادەیەکى زۆر توانیویانە جۆرەها و سەدەها شێوەى پێگه‌ پێکبهێنن و ئاسمانى کۆمەڵگاى پێ دەوڵەمەند و فراوان بکەن، کە زۆر زیاتر بوار لەبەردەمى تاکەکەسدا دەخولقێنێت بوارێک هەڵبژێرێت و خۆى تیابدۆزێتەوە. ئەگەر لەگەڵ کۆمەڵگاکانى لاى خۆماندا بەراوردى بکەین، دەبینین تاکەکەس هیچ بوارێکى ئەوتۆى لەبەردەستدا نیە کە بتوانێت خۆى بهێنێتەدى. ئاسمانى کۆمەڵگا بۆشە و ڕێگەش نادرێت هیچ دروست بکرێت. تەنها پێگه‌یه‌ک کە هەبێت، پێگه‌ی دەسەڵاتدارێتیە. ئەوەى کە کەس نایگاتێ. دەسەڵاتدارێتى وڵاتانى جیهانى دوو بە شێوەیەک ئاسمانى کۆمەڵگاکانیان داگیرکردوە، کە بوار بە هیچ جۆرە پێگه‌یه‌ک نادەن هەڕەشە لە دەسەڵاتدارێتیه‌که‌یان بکات. دەتوانین ئەوەش بڵێین کە ئەو جۆرە دەسەڵاتدارێتیە هەموو شێوەیەکى پێگه‌ کە نەختێک سەربەخۆ بێت بە دوژمنى دادەنێن و لەناوى دەبەن. واتە دەبێت هەموو شتێک لە ژێر چاودێرى و فەرمانى خۆیاندا بێت، جا چ تاکە پارتێک دەسەڵاتى بەدەستەوە بێت یا دکتاتۆرێک، هەمان ڕامیارى دەیبات بەڕێوە. بۆیە دەبینین زۆربەى تاکەکەسەکان بە ئاگایی و بێئاگایی لە هەوڵى بەدەستهێنانى دەسەڵاتدان. واتە بتوانن لەو بوارى دەسەڵاتەى کە خۆى سەپاندووە، جێگەى خۆیانى تیابکەنەوە. کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکەشى ئەوەیە کە هەموو کەس دەیەوێت سەردار یاخود سەرکردەبێت و خۆى فەرمان بدات یاخود فەرمانڕەوابێت. واتە هەر لەسەرەتاوە تاکەکەس یاخود بنەماى کەسایەتى ئەو تاکەکەسانە شێوێندراوه‌، بە ئاراستەیەکدا کە زۆر زەحمەته‌ ڕاستبکرێتەوە و تەنها پێشنیارێکیش کە دەسەڵاتدارێتى دەیخاتە بەردەست و پێشکەشیان دەکات، لەناوبردن و خەساندنیانە. لە ڕاستیدا بۆشاییەکى گەورە هەیە لە نێوانى سەرکردایەتى و زەمینەى (بنەماى کۆمەڵگا یاخود تاکەکەسەکان) کە تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هیچ بوارێکى دەسەڵاتدارێتى یا پێگه‌یه‌کی سەربەخۆى تیادا نابینرێتەوە یاخود دروستنابێت کە تاکەکەس بتوانێت ئارەزوى بکات و خۆى تیابدۆزێتەوە، نەخوازەڵا ئه‌گه‌ر بیەوێت پێگه‌یه‌کی نوى پێکبهێنێت یا ڕێچکەیەکى نوێ بشکێنێت.
ئەگەر نەختێک بگەڕێینەوە بۆ جیهانى دەسەڵاتدارێتى ڕۆژئاوا، دەتوانین بە دەسەڵاتدارێتى نەبینراو ناوى بێنین. ئەو دەسەڵاتدارێتییەى کە کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پێکهاتن و گۆڕانى ئاڕاستەو و ڕودانى ڕوداوەکان و پێکهاتن و ونبونى پێگه‌کاندا دەکات (لاوەکیش لە پێکهێنانى ڕەوتى مێژووى ئەو کۆمەڵگایە، لە تێهەڵکێشێکى جیهانیدا) دەبینین گەلێک بواریان بۆ تاکەکەسەکان خولقاندوە کە بتوانن جێگەى خۆیانى تیابکەنەوە و بە بەردەوام لەو کردارى پێکهاتن و بەردەوامبوون و ونبونى پێگانه‌دا خۆیان دەبیننەوە. ئەگەر لەگەڵ شێوازى دەسەڵاتدارێتى لاى خۆماندا بەراوردى بکەین، دەبینین دەسەڵاتدارێتى دیاردەیەکى بینراوە و دیسانەوە کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆی هه‌یه‌ لە پێکهاتن و بۆچونى تاکەکەسەکاندا، لە ئاڵوگۆڕێکى مێژووى ئەو کۆمەڵگایەدا بەپێى ئەو جێگایه‌ی لە بازاڕى جیهانیدا بۆى دەستنیشانکراوە. بەڵام ئەوەى لێرەدا گرنگە پەنجەى بۆڕابکێشرێت ئەوەیە کە لە نێوانى دەسەڵاتدارێتى و جەماوەردا، دەسەڵاتدارێتییەکى ترمان هەیە کە جیاوازە لەوەى جیهانى رۆژئاوا، ئەویش دەسەڵاتدارێتى بەبۆشکردنە یاخود دەسەڵاتى بۆشە. بۆشى ئاسمانى کۆمەڵگا بۆتە شێوەیەکى دەسەڵاتدارێتى کە بە تێکرایى بەرهەمدەهێنرێت و بەسەر هەموو کۆمەڵگادا کشێنراوە، بە شێوەیەک کە کەس نەتوانێت جێگەى خۆى بدۆزیتەوە یاخود جێگاى خۆیان بکەنەوە، بەو پێیە جێگە بە دەسەڵاتدارێتى ناوه‌ند لەق نەکەن و هیچ بوارێکى دەسەڵات دابەشکردن دروست نەبێت.
لە ڕاستیدا داگیرکردنى پێگه‌یه‌کی کۆمەڵایەتى لە پەیوەستێکى بابەتیدا لە لایەن خودەوە و خۆدۆزینەوەى تیایدا و گەشەپێدان و خۆپێشخستنى، ماناى سەلماندنى بوونى ئەو تاکەکەسەیه‌ و هەتا زیاتر تواناى پڕاوپڕی خۆجێکردنەوەى هەبێت، ئەوا زیاتر توانیویەتى خودى خۆى بسەلمینێت. بەو پێیە لە ئەشکالیاتێکى ئێجگار گرنگ ڕزگارمان دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە ڕێگە بەوە نادرێت کە شایانى جێگەیەک نەبێت و داگیریبکات و ڕێگە لە بۆگەنبوونى تاکەکەسیەتى دەگیردرێت کە منى بایەلۆژى بەو شێوەیە بپارێزێت و پێگه‌یه‌کی بۆ داگیرکات و خۆى تیابنوێنێت و دەسەڵاتدارێتییەکى دڕندە بەرپابکات. واتە دوبارە پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە دەبێت سنورى منى ناوەوە (وەک هەموو تاکەکەسیک) لەگەڵ خودى دەرەوەدا جیابکەینەوە، چونکە تەنها لەوەدایە کە ئێمە جیاوازین و دەبێت بەوپێیەش جێگا کۆمەڵایەتییەکان داگیربکەین یاخود پڕیانبکەینەوە، نەک بەو شێوەیه‌ی ببێتە پاڵپشتى منى ناوەوەى تاکەکەسێک، یاخود چەند تاکەکەسێک کە تەنها پەرژەوەندیان مانەوەى خودى خۆیان بێت لەسەر حیسابى ئەو پێگه‌یه‌ی داگیریانکردووە.
ئەگەر بمانەوێت خود بسەلمێنین، دەبێت پێگه‌ی پڕاوپڕى بۆ پەیداکەین لە ناو هەموو پێگه‌ی خودەکانى تردا، لە پەیوەستێکى بابەتیدا. بەو پێیە منى ناوەوە لە خۆیدا دەمێنێتەوە. چونکە لە ڕاستیدا منى ناوەوە زۆر تاکەکەسییە (شخسیە) هەروەک مردن. واتە هەتا پێداویستییەکانى منى ناوەوە تێربکرێت وەک مرۆڤێک و مرۆڤ دڵنیابێت لە بەردەوامى پڕکردنەوەیان و ترسى لێسەندنەوە و فەوتانى نەبێت، زیاتر ئامادەى ئەوەیە کە بتوانێت خودێک پێکبهێنێت و پێگه‌یه‌ک داگیربکات، تەنها لەبەرئەوەى کە پڕاوپڕى ئەو تاکەکەسەیە و شایانیەتى. هەموو خۆجێکردنەوە و داگیرکردنێکى پێگه‌ و پێکهێنانى خودێک لەسەرێکى ترەوە دەگەڕێتەوە بۆ منى ناوەوە. واتە پڕکردنەوەى ئاواتى دەرەوە، مایەى ئارەزووى منى ناوەوەیە و جێگەى دڵخۆشبوون و یەکگرتنەوەیەتى، لە هەمان کاتدا نەفیکەریشیەتى. بەوپێیە سەلماندنى بوونى مرۆڤ لەو ساتە میژوویەیدا کە خۆى تیادەبینێتەوە، ڕودەدات.