29. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی تری په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و په‌یوه‌ندی ئازادی به‌شی یه‌که‌م

هه‌ندێک بابه‌تی تری په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و په‌یوه‌ندی ئازادی 
به‌شی یه‌که‌م 


1

تاک/ تاکایەتی

تاکایەتی ڕۆژئاوایی (هەر ئەوەشمان لەبەر دەستدایە) گەشتۆتە ئەو خاڵەی کە تەنها خودی خۆی ببینێت و لە دوای ئەوەوە هیچ گەشەیەکی ئەوتۆی نەکردووە. یاخود زیاتر نەچوە بەودیودا کە بتوانێت بونی خۆی (وجودی) لەوانی تردا ببینێتەوە/ بدۆزیتەوە، یاخود بناسێتەوە. هەتا ئەو خاڵە ڕۆشتووە کە هەرچیەک بکات، هەر بۆ خۆی بکات و تەنها توانای وەرگرتنی هەبێت و هەموو ئەوانی تر تەنها ئامڕازی پڕکردنەوەی ئارەزووەکانی ئەو بن، یاخود بەهەرحاڵ بەو چاوەوه‌ سەیربکرێن، کە هەموو ئەوانی تر، لە بەرژەوەندی ئەو تاکەدا، بواری بەکارهێنانی تێدایە.


ڕاستە ئەمڕۆ مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر لە زۆربەی شێوەکانی ئایدۆلۆژیا و دۆگما ڕزگاری بووە، بەڵام بە هیچ نەگەیشتووە لە لەشی خۆی زیاتر. ئەمڕۆ تاکەکەس پاککراوە و بەڕوتی لەبەردەمی خۆیدایە و ئازادە. بەڵام ئازادییەکی ڕوکەش یاخود بۆش. چونکە ئازادی تاکەکەسی نیە، به‌ڵکو ئازادی کۆمەڵایەتییە و ئازادی له‌ هەڵسوکەوتدایه‌.

ئەوەی من دەیڵێم لە دوای ئەو خاڵی تاکەکەسییەوەیە کە ئەمڕۆ هەموو "هەق نەبوون بەسەر" ێکەوەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و مرۆڤی خستۆتە "بەرەڵاییه‌کەوە" کە ئازادی نیە و هیچ پەیوەندی بەوی تر/ئەوانی ترەوە نیە. نەک تەنها خۆی دەستنەکەوتۆته‌وە، بەڵکو هەموو ژیانیشی لەدەستداوە. گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کە تەنها یەک هەنگاوی ماوە، ئەویش کەوتنەوه‌یه‌تی بەودیودا و خۆکردنەوەی لە سەدا سەدیەتی بەرامبەر ئەو/ئەوانی تر و دەستکەوتنەوەی لە سەدا سەدی خۆیەتی. بەڵام مرۆڤ ئەو بوێرییەی پەیدانەکردووە و دوودڵە و لەوە دەترسێت کە بفەوتێت و خۆی لەدەستبدات. چونکە ئەو کردارە دولایەنە و دەبێت هەر دوولایەنەکە خۆیانی تیا ببیننەوە.

2

مێژوو

مەفهومی قۆناغی مێژوویی، دەتوانرێت تەنها بۆ یەک مەبەست بەکاربهێنریت، ئەویش وەرگرتنی هەڵوێستە بەرامبەری. هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر شێوەی ڕوبەڕوبوونەوەی پاڵەپەستۆی دەسەڵاتدارێتی لەو پێگه‌یه‌ی کە مرۆڤ خۆی تیادەبینێتەوە، لەو جێگا و کاتە دیاریکراوەدا. واتە ئەو قۆناغە مێژووییەی چواردەوری.

سەردەمانێک (100 ـ 150ساڵێک لەمەوبەر) مەفهومی مێژوویی واتایەکی تری هەبوو. ئەویش تێگەشتن لە هەلومەرجی ژیانەوەری ئەو سەردەمە و بەکارهێنانی بە باشترین شێوە. واتە هێشتا زۆربەی خەڵک نەکەوتبونە پشتی/ ئەودیوی دەسەڵاتدارێتییەوە، بەڵکو دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆ و بەپێی هەلومەرجی مێژوویی و قۆناغی گەشەی کۆمەڵگا ده‌ڕۆشت بەڕێوە. واتە پێویستی بە خۆشاردنەوە نەبووه‌. ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ده‌سه‌ڵات نێردراوی خوداوەند بووه‌ لە سەرزەوی. ئەوسا کە بیر لە قۆناغی مێژوویی کراوەته‌وه‌، ڕوبەڕوی نەزانین و نادیار و شاردراوە بونەته‌وە. واتە هێشتا زانین/ زانیاری پێنەگەشتبوو کە بتوانێت کۆمەڵگا و مرۆڤ و مێژووی پێ شیبکرێته‌‌وە و بزانن چیە و چی نییە، بەڵکو لە ژێر حوکمی پێداویستی ڕۆژانەدا گۆڕان ڕویداوه‌ و به‌ره‌وه‌ مێژوویەکی نادیار هەنگاویان ناوه‌.

ئەوەی پێی دەوترێت ئاگایی مێژوویی، لەو سەرەتایەوە دەستیپێکردووە کە ئیتر ئاگایی     مێژوویی بەکەڵکی هیچ نەماوە. لەدوای کوشتنی خوداوە، مرۆڤ خۆی لە جێگەی دانیشتووە و ئاڕاستەی مێژوو کردوه‌، بەوپێیەی کە خواستی تاکە مرۆڤێک دەیخوازێت، یاخود تاقمێک (هەڵبەتە هەموو تاکەکەسیک نا).

واتە ئاگایی مێژووی، لێخوڕینی مێژوویی دەگرێتەوە بەو ئاڕاستەیەی ئەوانەی کە دەسەڵاتیان لە ژێردەستدایە و بۆ مەبەستەکان/ ئارەزووەکان/ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریدەهێنن. لەو ساتەوەی کە مێژوو لەدەست ڕێکەوت و بەناو حوکمی دەگمەنێتی و پێداویستی دەرچووە، ئەوا مێژوو یاخود ئاگایی مێژوویی هیچ شتێکی تر ناگرێتەوە لەوەی زیاتر کە ئاڕاستە دەکرێت و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پێداویستی کۆمەڵانی خەڵکدا ناڕوات.

ئەو گەشەی تەکنەلۆژیایەی کە ئەمڕۆ دەیبینین بەرهەمی پێویستی مرۆڤ نیە، بەڵکو بەرهەمی پێویستی بازاڕە. ڕاستە تا ڕادەیەک پێویستی خەڵک پڕدەکاتەوە، بەڵام بەو خێراییەی کە هەتا ئەمڕۆ شانی پیاکردووە، نامێنێتەوە و دەبێت خاو بکرێتەوە. چونکە پێویستیەکان تا ڕادەیەکی زۆر پڕکراوەتەوە. مرۆڤی ئەمڕۆ بەرهەمی مرۆڤە کە نازانێت چی لێبکات و بەرەو کوێی بەرێت.

مەفهومی "لەگەڵدا ڕۆشتن" نەک هەر مەفهومێکی بۆشە، بەڵکو لەگەڵ سروشتی گەشەی مرۆڤدا نەشازیشە. خێرایی گەشەی تەکنەلۆژی و کردنەوەی بازاڕ و پێشبڕکێی سەرمایەداری، لەگەڵ گەشەی پێداویستی مرۆڤدا نەڕۆشتووە و ناڕوات.

3

داسەپاندنی واقیع (ئەمری واقع)، ئەو ڕوداوەی کە بە کردەوە (فعلی) ڕودەدات، واقیعی دیار دایدەپۆشێت و بە شتێکی تر لەقەڵەمی دەدات.

حەقیقەت نە ئەمری واقیعە و نە واقیعی زاڵ، یاخود دیار، بەڵام کە ئەمری واقیع ڕویدا، ئەوا جێگەی حەقیقەت ئەگرێتەوە، ئەوسا نەفی حەقیقەت دەکات و خۆی لە جێگەی دادەنیشێت و دەبێت بە حەقیقەت. دۆزینەوەی تاڵی/ پەیوەندی دەسەڵاتدارێتیانە، تا دەگاتە دۆزینەوەی     تاڵی ئەمری واقیع، دەبێت بە "ئەوەی لە واقیعدا ڕودەدات" نەک حەقیقەت. چونکە ئەوەی لە حەقیقەتدا ڕودەدات، واتە لە حەقیقەتی ئەمری واقیدا، خزمەتی کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراوی کەسیی دەسەڵاتدارێتیانەی لایەنێک دەکات، بۆیە حەقیقەتی کۆمەڵی مرۆڤایەتی نیە.

بۆ گه‌شتنه‌وه‌ به‌ حەقیقەتی مرۆڤایەتی، دەبێت مرۆڤ بگەڕێتەوە ناو خودی خۆی. هەڵبەتە ئەوەی لە ئەمری واقیعیشدا ڕودەدات ڕویەکە لە حەقیقەتی مرۆڤایەتی، ڕویەکی دیاری مادییە، واتە لۆژیکی مانەوەی سروشتیی و لۆژیکی بوونی واقیعی، واتە بوونی فەلسەفی نیە کە حەقیقەتی ڕەسەنی مرۆڤایەتییە.

"حەقیقەتی ڕەسەنی مرۆڤایەتی فەلسەفی، ده‌بێته حەقیقەتی دیاری مرۆڤایەتی واقیعی، ده‌بێته‌ هۆی ڕودانی ئه‌مری واقیع، دەبێتە هۆی داپۆشینی بە واقیعی دیاری جوانکراو".

حەقیقەتی ڕەسەنی مرۆڤایەتی ئازادە/ ئازادییە. کە ئازادی یەکێک بۆ یەکێکی تر سەرشۆڕکرا، ئەوا سڕینەوەی بوونی (وجودی) یەکەمە بۆ دووەم. واتە نەمانی ژیان بە نیسبەت یەکەمەوە و قبوڵکردنی ئەمری واقیعی ژێردەسته‌یی، وەک حەقیقەتێک و نەبونی خۆی و له‌وه‌ به‌دواوه‌ ناتوانێت ببێت بەوەی کە خۆی دەیەوێت.

دەرخستنی، لەڕوهەڵماڵینی ئەمری واقیع، یاخود ئەوەی لە حەقیقەتدا ڕودەدات، دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە زۆربەی مرۆڤایەتی ملکەچی کەمێکە و بە شێوه‌ دیاره‌که‌شی هەموو کەس ئازادە.

ئەوەی کە هورکهایمر دەڵێت (هەتا ئازادی زیاتر بێت دادپه‌روه‌ری کەمتر دەبێته‌وه‌ و بە پێچەوانەشەوە) وەسفێکی واقیعی ئەمڕۆی جیهان/ جیهانی سەرمایەداریه‌. کتومت ڕاستە و ئەمڕۆ ئەو ئازادییەی ئەو باسی لێوه‌ دەکات، ئازادی ئەمری واقیعە، نەک ئازادی حەقیقەتی مرۆڤ و گەورەترین نادادپه‌روه‌ری جیهانیشی بەدوادا هاتووە. لەبەرئەوەی ئەو ئازادییە، ئازادی کەمێکە لەسەر حیسابی زۆربەی مروڤایەتی.

ئێمە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادپه‌روه‌ریمان نەبینیوە هەتا حوکم بدەین بەسەر ئەوەی کەوا ئازادی دەستنیشان دەکات و کەمی دەکاتەوە. ئەگەر باس لە باسی دادپه‌روەری بێت، کتومت بەستراوەتەوە بە ئازادیەوە، ئەو ئازادیەی کە هەر کەس پێگه‌ی خۆی وەردەگرێت، واتە جێگیربوونی حەق و هەر کەس وەک تاکێک، وەک کەسێک، توانامەندیەکانی خۆی لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا جێگەی خۆی بۆ پەیدادەکات و خۆی تێدا دەسەلمێنێت.

ئەگەر وەکویەک بوار بۆ هەموو کەسێک کرابێتەوە کە بە ئازادی پێگه‌ی خۆی هەڵبژێرێت کە لەگەڵ توانا و لێهاتوییدا بگونجێت، نەک هەر ڕێگە لە کەسی تر ناگیردرێت، بەڵکو بوار بۆ ئەوانی تریش دەکاتەوە کە پێگه‌ی خۆیان هەڵبژێرن.

لە لایەکی ترەوە هورکهایمر باسی ئەوە دەکات کە هه‌تا ئازادی زیاتر بێت، ئەوا ئەوانەی کە لێزان و شارەزاو زیرەکن، دەتوانن ئەوانی تر بەخراپە بەکاربێنن لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا. لەوێدایە کە دادپەروه‌ری لەناودەچێت. بێگومان ڕاستە ئەوەی ئەمڕۆ ڕودەدات بەو شێوازەیە. ئەو پەیوەستەی نیوان زانست و دەسەڵاتدارێتییە. ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیا و هێزو دەسەڵات بێت، سەردار و باڵادەست دەبێت و ئەوانی تر لە خزمەتی خۆیدا بەکاردەهێنێت. ڕاستیەکەی ناتوانرێت بەو بەرەڵاییە بوترێت ئازادی.

هورکهایمر باسی حەقیقەتی دیار/مادی مرۆڤایەتی دەکات کە چۆن دەیەوێت خۆی بپارێزێت و جێگەی خۆی لە واقیعدا بکاتەوە بەرامبەر ئەوانی تر. ئەوانی تر کە هەموو دوژمنن. ئەو بیروڕایەی کە ڕێگەخۆشکەری تاکایەتی بوو لە ڕۆژئاوادا. ئەمڕۆ بەو دەرئەنجامە دەگەین کە لە گەشەی فکری مرۆڤایەتیدا لە بۆگەنبوون زیاتر بە هیچ ڕێگایەکی تر نەگەشتووە.

تاکایەتی یاخود فەشەلی تاکایەتی کە دیوی دەرەوەی  خۆپەرستییە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەقیقەتی ڕەسەنی وجودی مرۆڤایەتیدا دژ دەوەستێتەوە. ئەو مرۆڤەی کە خاوەنی زمانە و وجودی لەپەیوەندیکردنی بەردەوامیایەتی.

لێرەدایە کە نابێت تاکایەتی و سەربەخۆیی تێکەڵاو بکەین. سەربەخۆیی کەسایەتی مرۆڤ ڕاستەوخۆ بە ئازادی هەڵبژاردن و هەڵسوکەوتییەوە بەستراوەتەوە، بە بیرکردنەوەیەوە، بە کرانەوەی بوار لە بەرودەمیدا بۆ پێشکەوتن و خۆپێگەیاندن و دۆزینەوەی پێگه‌ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی مێژوویی خۆیدا. بەڵام تاکایەتی، واتە تەنها خۆبینین وەک نمونەی باڵا و هەموو ئەوانی تر داردەستی بەردەستن و لەکوێدا بواری هەڵخڵەتاندن و بەکارهێنان بینرا، خێرا بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت.

کەسایەتی بەتاکایەتیکراو پەیوەستی بە هیچ کەسێک/ شتێک/ بابەتێک/ مێژوویەک/ ڕەوشتێکەوە نیە و داشێکە لە گەمەی دەسەڵاتدارێتیدا جێبەجێدەکرێت و خۆشی ئاگادارە و بە وشیارییەوە (ئاگاییەوە) بەشداری تێدادەکات، بەو مەرجەی بە ئامانجە تایبەتییەکانی خۆی بگات. بەڵام ئەگەر سەیری دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و خوڕەوشتییەکانی بکەین کە کۆمەڵێک (یاخود تۆپەڵێک) ئارەزووی پڕنەکراوە دەچن بەناویەکتریدا و دەخولێنەوە و هەر جارەی بە شێوەیەک بەشێک لە ئارەزوەکانیان بە تاکێتی پڕدەکەنەوە و هەمیشە تینون و هیچ کاتێک ناگەنە ئەوەی کە چێژ لە خۆیان و بەختیاریی و جێگیربون ببینن. چونکە لە مەلەفی تاکایەتیدا جێگەی نابێتەوە، یاخود هەر تیانیە.

ڕاستە داماڵین و دابەشکردن لە جیهانی زانست و تەکنەلۆژیادا، دەبێتە هۆی تایبەتمەندێتی  وەرگرتن و گەشەی جیاجیا و یەکتر تەواوکەر. بەڵام کە دەهێنرێت ئەو تێڕوانینە زانستی و تایبەتمەندێتی وەرگرتنە بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەسەلمێنرێت، ئەوا دەسکەوتەکانی بەپێچەوانە دەکەوێتەوە و بە شێوەیەکی گشتی، دەبێتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.  لە جیهانی تەکنەلۆژیادا، بەش بەش دەگیردرێت و تایبەتمەندێتی تێدا وەردەگیردرێت و گەشەی خۆی دەکات و لە گشتدا یەکدەگرێتەوە یاخود پێکەوە گشت پێکدەهێنن. واتە لەپێشدا بەش دوای گشت. بەو شێوەیە گەشەکردن ڕۆشتووە. ئەو پەیڕەوە بەپێچەوانه‌وەیە لە جیهانی مرۆڤایەتیدا، واتە ئەگەر لە پێشدا گشت بگیردرێت و بەش بەش بکرێت، گەشەکردن ڕودەدات.

مرۆڤ بونەوەرێکی زیندووە و خاوەنی زمانە و لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندی پێکدەهێنن و هەتا بواری هەڵبژاردن و پێشکەوتنیان بە کۆمەڵ بدرێت، زیاتر پێشدەکەون و زوتر پێشکه‌وتن بڵاودەبێتەوە و باشتر مێشکی مرۆڤ دەبوژێنێتەوە و فراوانتری دەکات و باشتر بۆی هەرسدەکرێت و خۆی لەگەڵدا دەگونجێنێت و خۆی تیا دەدۆزێتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهاندا ڕودەدات، سەلماندنی تێڕوانینی گەشەی تەکنەلۆژیایە بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بە ئاگاییەوە. واتە دەزانرێت کە ئەگەر ئەو گەمارۆدان و سنورە لە سەر پێشکەوتن لاببرێت، زۆر زو بڵاودەبێتەوە و جیهان لە ماوەیەکی کەمدا ئاستی گەشەکردنی لە یەکترییەوە نزیک دەبێتەوە، ئەو ئەنجامەی کە ده‌بێتە هۆی لەدەستدانی دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتی جیهانی ڕۆژئاوا، بەو واتایەی لەدەستدانی جیهان لە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاوادا. لەبەرئەوە بەگاڵتە نیە کە بەزۆر و بە زۆرەملێ و سەردانەواندن و سەرکوتکردنی ڕێگەی پێشکەوتن لە سێ بەشی جیهان گیراوە. ئەمە وەک بڵاوبونەوە و گەشەی مرۆڤایەتی، یاخود گەشەی تەکنەلۆژیا لە جیهانێکی ئازاددا.

ئەوەی مەبەستە بوترێت ئه‌و سنوردانان و ئابلۆقەدان و پێشبرکێ نیودەوڵەتیەیە لەسەر دەستبەسەراگرتنی تەکنەلۆژیا و سەردارێتی جیهاندا، کە بۆتە هۆی پێشنکەوتنی جیهانی مرۆڤایەتی وەک مەفهومە ڕەسەنەکانی مرۆڤایەتی، وەک ئازادی/ سەربەخۆیی/ بوون/ وجودی ڕەسەن و فەلسەفی... چونکە تەنانەت خۆپاراست لەوەی کە دراوسێکه‌م‌ پێنەزانێت و نەگاتە ئەو ئاستەی کە منی تێدام، ڕێگرتنە لە کرانەوەی خۆم بەرامبەر به‌ خۆم.

ناتوانرێت جیهانی دەرەوە بسڕدرێتەوە (هەڵبەتە دەیانەوێت) یاخود کە لۆژیکی ژیانیش ڕو لەکردنەوەیە، دەیەوێت ئەو سنورانە تێپەڕێنێت کە ئەمڕۆ هەیە، بەڵام ناتوانێت، بۆیە بۆتە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم گەشەی فکری مرۆڤ خۆیدا و بە تێپەڕبوونی زەمەنیش دەبێتە/ بۆتە هۆی بۆگەنکردنی تاکایەتی و مفهومی مرۆڤایەتیش لەلای ئەو دەستەیەی کە دەستی بەسەر زانست و دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتیدا گرتووە، کە نازانێت خۆی و زانیار و زانستەکەی چی لێبکات و چۆنی بشارێتەوە و بۆ کوێی بەرێت.

گەورەترین زیانی ئەو دەسەڵاتدارێتیە و مانەوەی بەو شێوە پارێزگارکارانەیەی کە سەردارێتی هەر لە ژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، گەورەترین زیانی لە پێشکەوتنی مرۆڤ و خۆناسینەوەی داوە و بۆتە هۆی دواخستنی پێشکەوتنی مرۆڤایه‌تی بە گشتی.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر دەرئەنجامی تاکایەتی کە چۆن فەشەلی کردووە لە نزیککردنەوەی مرۆڤه‌کان لە حەقیقەتی مرۆڤایەتی (خولقاندنی نامۆیی بۆ مرۆڤ) یاخود تەنانەت نزیککردنەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بە هەموو ئەو تەکنەلۆژیا‌ی پەیوەندی و پەیوەستبوونەوه‌یه‌وه‌، بە هەموو ئەو توانا و وزەیەی کە بەکاردەهێنرێت بۆئەوەی پەیوەندی نەپچڕێت و بەشداربوون ڕوبدات. دەبینین ئەوەی کە لێی دەترسن، دەمێکە ماکەکانی دەرکەوتووە، وەک تەنهایی، پشتگوێخستن، خۆکوشتن، بەرەڵایی، تاوانکردن... زۆر بە ساکاری دەتوانین بڵێین تەنها هەڵەکە لەوەدایە کە گەشەکردن بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا براوە و دەبرێت، چونکە لەو ڕێگەیەوە نیە کە مرۆڤ بە مرۆڤ دەگات و بە خۆی دەگاتەوە. واتە ئاڕاستەکە هەڵەیە، ئامانجەکە یەکێکە، ئەویش گەشتنی مرۆڤە بە خۆی.  

(مرۆڤ دواهەمین گەشەی تەکنەلۆژیایە کە مرۆڤ پێیبگات)

مرۆڤ هەرچییەک دەکات، ناوەوەی خۆی/ بەشێک لە خۆی بەرجەستە دەکات و بەرهەمی دێنێت و لەبەردەم خۆیدا دایدەنێت و سەیری دەکات. مرۆڤ خۆی خۆی نابینێت ئەگەر بەرامبەر خۆی بەمادە به‌رجه‌سته‌ی نەکات. هەموو هەوڵێکی مرۆڤ ئەوەبووە و ئەوەیە کە بەخۆی بگاتەوە، یاخود ڕاستر بڵێین ببێت بە خاوەنی خۆی. سەرەتا مرۆڤ کتومت ناوەوەی خۆی/ خودی خۆی وەک پەیکەر داتاشیوە و پەرستوویەتی، مرۆڤ شێوەی خۆی پەرستووە. خۆی بەرامبەر خۆی دروستکردووە و بەرامبەر خۆی دایناوە. هەر لەو سەرەتایەوە هەمان هەوڵە کە تا ئەمڕۆ درێژبۆتەوە بەو ڕەوتەی کە تەکنەلۆژیا پێیگەشتووە هه‌ر هەمان ئامانجە، ئەویش دروستکردنی  خۆیەتی بەرامبەر خۆی، یاخود بەرجەستەکردنی ناوەوەی خۆیه‌تی لەبەردەمی خۆیدا. یاخود هەڵهێنجانی هەموو ناوەوەی خۆی بۆ دەرەوە و تەماشاکردنی ـ (تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن باشترین نمونەی خۆپێشاندانی مرۆڤە بەرامبەر خۆی).