21. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى‮ ‬دەسەڵاتدارێتیه‌وه به‌شی دووه‌م‌‬


هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه
به‌شی دووه‌م‌ 
4
ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لەمردن ڕزگارى بێت، دەبێت ڕوبەڕوى خودى مردن بێتەوە. واتە خۆڕزگارکردن لە ترسى مردن و کرانەوە بەڕویدا بەو شێوەیەى کە دەوترێت "هەموو منێک دەبێت بمرێت" و پێویست ناکات هەوڵى خۆلادان بدرێت. هەروەک چۆن ژیان لەم ساتەى ئیستادا بوونى هەیە و "من" هەم، بەو شێوەیه‌ش ئەگەر مەرگ هات، ئەوا لە ساتى دووەمدا بوونى هەیە. مەبەست لە کرانەوەى ژیان بەڕوى مردندا، ئەوەیە کە ئەو دیاردەیە دانەخرێت واتە ژیان لەسەر ژیان دانەخرێت بەوەى کە تەنها پاریزگاریکردنى ژیان ببێتە ئامانج کە تەنها ژیان هەیە و پێویستە لە بازنەیەکى داخراودا، لە شوشەدا هەڵبگیردرێت. چونکە ناکرێت و ناشێت. ئەو کردنەوەیەى کە سەرى بەتاڵە، ئازادى دەبەخشێت و سنورەکان ڕادەپێچێت. لە پێش هەموو شتێکەوە ئەو ترسى مردنە.



ڕۆژئاوا ژیانى لەسەر ژیان داخستوە بە هەموو ئەو پاریزگاریکردنى لەشى مرۆڤەى کە دەیکات، بەڵام لە هەمان کاتدا گەورەترین ئازادى کوشتووە کە لە ئەنجامى ترسى مردنەوە پەیدادەبێت و دەبێتە موخۆرکەى ئازادى. مەبەست لەوە نییە پاریزگاری له‌ لەش نەکرێت، بەڵکو لە کرانەوەى ئەو بازنەى ژیانەدا، چارەسەربکرێت کە ئازادى تیا دەخەمڵێت. واتە خاوبوونەوەى دەمارەکانى مێشک و هۆش کە هەمیشە خەریکى خۆپاراستنە و لە هەڵپە و گوڕدایە. بەئازادى گەشتن لە هێمنى و ڕەوینەوەى ئەو ترسى مردنەدایە کە مرۆڤ بۆ خۆى کردوە بە گرێکوێرە لە هەموو بیرکردنەوە و هەست و هۆشێکیدا.


پاریزگاریکردن و داخستنى ژیان، واتە چەقبەستن لەدەورى تاک و دەرگا داخستن لەڕوى ئەوى تردا و بینینى ئەوى تر وەک داردەستێک بۆ بەکارهینان لەگه‌ڵ هه‌ڵکه‌وتنی هەر فرسەتێکدا، ئەگەر فرسەت نەما، ئەوا هەوڵى دروستکردنى بدرێت. هەتا دەتوانرێت خڵەتاندن و بەکارهێنانى ئەوى تر هەتا بوارى تیابێت. ئەو شێوازى بیرکردنەوەیە یاخود ئەو شێوازى بوونە لۆژیکى منى داخراوە، منى پارێزگەر بەرامبەر ئەوانى تر، بەرامبەر چواردەور. خیزانێک بەرامبەر خیزانێکى تر، کۆمەڵگایەک بەرامبەر کۆمه‌ڵگایه‌کی تر، میللەتێک بەرامبەر میللەتێکى تر.. ڕۆژئاوا بەرامبەر جیهانى دووەم..


دەگمەنى پێداویستیی، گەڕان دروست دەکات بەدوایدا. منى داخراو لە دەگمەنییەوە هاتوە، ئەمڕۆ ئەگەر دەگمەنیش نەمێنیت دەبێت دروست بکرێت بۆ ئەوەى هەمیشە کێشە/ تەنگانە هەبێت. بۆئەوەى مرۆڤەکان بچنەوە قاوغەکانى خۆیان و تەنها لە منێکى داخراودا هەڵسوکەوت بکەن. بۆ ئەوەى کە دەستى پەیوەستى درێژدەکرێت، تەنها بۆ ئەوەبێت کە کەلەبەرێک بگرێت و پێویستیەک پڕبکاتەوە. نابێت مرۆڤ یەکاڵابێتەوە، دەنا کارى دەسەڵاتدارێتى ناڕوات بەرێوە. دەبێت هەموو کەس لە دڵەراوکێی سبەینێدا بژى. لە پێش هەموو شتێکەوە، گەشە بە مفهومى ترسى مردن بدرێت، ئنجا چۆنێتى پاریزگاریکردنى ژیان لە بەرامبەرى، ئنجا داخران و لێکپچڕان بە دەوریدا.


بەتاڵکردنەوەى ڕۆژئاوا بۆ کۆمەڵگا، لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە پێى دەڵێن "دیموکراسى" و پێکهێنانى دیالۆگ، کە ئەنجامەکەى هەر یەکێکە، ئەویش لێکپچڕان و دابڕانە لەیەکترى.


ئەو تاکە داخراوەى کە سەیرى ئەوى تر دەکات وەک داردەستێک، دەبێت خاوەنى توانا و لێهاتوویی بێت بۆ ئەوەى بتوانێت لە بەرژەوەندى خۆى بەکاریبهێنێت. ئەوەش پێوستى بە هێز و توانایە بۆ ئەوەى بەردەوامى بەو خڵەتاندن و بەکارهێنانە بدات. بەردەوامبوونى هێز و توانا پێوستى بە ڕێبۆخۆشکردن هەیە و پێوستى بە تازەبونەوە هەیە، چ لە بەرهەمدا چ لە میتۆددا. تازەبوونەوە پێویستى بە زانین هەیە، زانین پێویستى بە بزوتنەوەى بەردەوام هەیە. بەردەوامى ئەوانە، بەردەوامى گشتیانە و دەورەکە تەواودەکات و لە کۆتایدا ئامانجى هەڵسوڕێنەرەکەى دەهێنێتەدی. دەسەڵاتدارێتى لەو خاڵەوە دەبەسترێتەوە بە زانینەوە. هەر ئەو دەسەڵاتدارێتیه‌شە کە بۆتە هۆى پەرەسەندن و گەشەپێدانى بەرفراوانى زانین و زانیارى لە هەموو بوارەکاندا و زۆر جاریش گەشەپێدانى ناپێویست.



5

جیاوازى

هەموو جارێک هۆى گەشەکردن بە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ ململانێ، بەڵکو بوونى "ئەوى تر" پێویستییە بۆ بوونى یەکەم بۆ ئەوەى سنوور و تایبەتمه‌ندی خۆى بزانێت و گرنگى بەلایەنەکانى خۆى بدات. واتە بوونى ئەوى تر پێویستییە بۆ دەستنیشانکردنى یەکەم. یەکەم سنورى نییە و وەستاوە و به‌ربڵاوە، ئەگەر دووەم نەبێت. کە دووەم پەیدابوو، ئه‌وسا یەکەم سەرنجى بەلاى خۆیدا کۆدەکاتەوە و هەوڵى پێشخستنى دەدات لە بەرامبەر دووەمدا. پێکهاتەکان جیاوازە لە نێوانى یەکەم و دووەمدا، ئەگەر ئەوى تر جیاواز نەبێت، یەکەم ناتوانێت خۆى بناسێتەوە لە بەرامبەریدا. ناتوانێت سنوورى خۆى دیاریبکات کە لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێدا تەواودەبێت و لە چیدا جیاوازە، خاوەنى چیە و خاوەنى چى نیە و لە چى پێکهاتوە.

جوڵە ڕونادات ئەگەر جیاوازى نەبێت، تەنها بوونى ئەوى تر "بوونى بەکردەوە" لە مەیدانەکەدا، ئەوا خۆبه‌خۆ بۆ یەکەم فۆرم دروست دەبێت، یاخود فۆرم وەردەگرێت. بوونى ئەوانى تر لەبەر ئەوان نیە، به‌ڵکو لەبەر بوونى یەکەمە. (ئاوێنە فۆرمێکى ساتیی بێگیانت دەداتێ کە ئەوى تر نیە و تەنها خۆتى و هیچ دورییەک ساغ ناکاتەوە لە سڕینەوەى زیاتر، چێژى بوونى تیا نیە) گرنگى پێدانى ئەوى تر بۆ خۆناسینەوەیە و گەیشتن بە چێژى بوونە. بە شێوە تایبەتیەکەى بە نیسبەت مرۆڤەوە، ئەوا بوونى بەرامبەر بۆ خۆناسینەوە لە ڕەگەزەکەى تر پێکدێت و تەنها بە هەبوونى لە بەرامبەردا هەستى نێرینه‌یی/مێینه‌یی دەگەیەنێتە خاوەنەکەى. لە کاتى بەرکەوتنى دوو ڕەگەزى جیاوازدا، ئەوا هەر یەکەیان لەشى خۆى دەناسێتەوە و هەستى پێدەکات و چێژى لێدەبینێت.

هەستکردن بەخۆ لە بەرامبەر ئەویتردا/ ئەوانى تردا بە کۆمەڵێک تۆڕى پەیوەست و پەیوەندیدا تێدەپەڕێت و تیایدا دروست دەبێت و تیایدا دەژى. له‌و کاته‌دا کە گەیشتنى تاکێک بە یەکێکى تر بۆ هەر یەکێکیان دەگەڕێتەوە، لە گۆشەنیگاى هەریەکێککیانەوە بەرامبەر ئەوى تر.
هەتا لەگەڵ ئەوى تردا/ ئەوانى تردا بکەومە دیالۆگ، زیاتر بۆچوونەکانى خۆم لا ڕوندەبێتەوە و زیاتر جێگەپێى خۆم قایم دەکەم، زیاتر سنورى خۆم دەزانم کە لە کوێدایە و چۆن بیردەکەمەوە.
بوون بە تەنها خامە و پێویستە ڕونبێتەوە و دەرکەوێت، بە تەنها لە وەستاندا لەنگەرى گرتووە و جوڵەى تێناکەوێت ئەگەر لە بەرامبەر جیاوازى ئەوى تردا ڕانەوەستێت.
6
نرخى ونبوو
بۆ ئەوەى هەبیت، دەبێت لەسەر هەموو شتێک بچیتە بەربەرەکانێوە و هەمیشە ئامادەى جەنگ بیت. مرۆڤ چى دەوێت لەوەى زیاتر نرخى خۆى بدۆزێتەوە. ئەو نرخەى کە مرۆڤ هەبێت و مرۆڤ هەستى پێبکات و بیناسێتەوە و هەڵیسەنگێنێت و دایڕێژێت و جێگریبکات، ژیانى پێبدات. ئەو نرخە بەرجەستەبکات و کایەى بداتێ، بوارى بەکردەوەى بۆ بدۆزێته‌وه‌ و بیکاتە واقیع، گەشەى پێبدات. هەموو ئەوانەى سەرەوە وەک ئەوە وایە کە باسى شتێکى نادیار و ونبوو بکەین، لە ڕاستیشدا هەر وایە چونکە هەتا ئیستا مرۆڤ نەیگەشتویه‌تێ. مرۆڤ لە به‌ربەرەکانێدا گیربووە و نرخى مرۆڤ لە بەربەرەکانێدا نیە. بەربەرەکانێ ئەو نرخانە لە خۆیدا قوتدەدات. ئەمڕۆ مرۆڤ دەبێت لەپێشدا جێگەى خۆى بکاتەوە کە بوونى هەیە، بەڵام تا دەگاتە ئەو جێگایە، نرخەکانى لەدەستدەدات و دەبێتە پارێزەرى جێگاکەى و دەبێت بۆى بچێته‌ مەیدانەوە بۆئەوەى بەربەرەکانێی لەسەر بکات و بیهێڵێتەوە. بەوپێیە تەنها چوارچێوەکەى دەمێنێتەوە و لە ناوەرۆکى نرخەکەى بەتاڵ دەبێتەوە. چونکە نرخ لە قاڵب نادرێت. ئەوسا کردارى جێگە دۆزینەوەکە دەبێت بە پاریزگاریکردنى ئەو پێگه‌یه‌. ئەوسا مرۆڤەکە ئەکوژێتەوە و ڕێگە لە گەشەى خۆى دەگرێت و سەر بە جێگاکەیدا شۆڕدەکاتەوە.
7
ترسى مردن
ترسى مردن لە منداڵیدا گەورەترە و وردە وردە له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بووندا کەمدەبێتەوە. هەتا هەڵگرەکەى گەورەدەبێت و دەبێتە خاوەنى ئەزمونى ژیان، زیاتر مانەوەى لە ژیاندا دەچەسپێت. تەنانەت لە ماوەى گەنجێتیدا ترسى مردن و فه‌وتاندن دەگاتە پۆپەکەى. مرۆڤ تا ئەو کاتە نەیتوانیوە بنەماى بوونی خۆی جێگیرکات و ڕەگداکوتراویبکات و بگاتە ئەو بڕوایەى کە بەڕاستى دەژى و بوونى هەیە و هەتا ئه‌و ساته‌ لە ژیاندا بەردەوامە.
ئەو هەموو هەڵپەو پەلەقاژێ و بەگوڕییەى بۆ ژیان، ترسى مردنە و نوساندنى خۆیەتى بە ژیاندا و دورکەوتنەوەیەتى لە مردن. هەرچەندە ئەگەر وەک سروشتى تەمەن سەیرى بکەین، دەبینین بە پیچەوانەوەیە و لەو ڕۆژەوەى مرۆڤ لەدایکدەبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ لە مردن نزیک دەبێتەوە و ژماردنى بەرودا دەستپێدەکات. بەڵام دەبینین بوون بە پێچەوانەوەیە، کاتێک پێدەگات و کامڵ دەبێت، کە مرۆڤ ماوەیەکى باش ژیابێت. ئەوسا دڵنیادەبێت کە بوونى هەیە و جێپێی لە ژیاندا قایمکردووە و دەژى و بەردەوامە و بڕوابەخۆبوونی لەلا دروست دەبێت. هەرچەندە ترسى یەکەمجارى لە مردن بە نائاگایى بووبێت، ئەوا لە گەورەبووندا بە ئاگایى ڕوبەڕوى دەبێتەوە و دیسانەوە دەبێته‌وه‌ به‌ کێشەیەکى جدى.