20. jun. 2011

هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى دەسەڵاتدارێتیه‌وه به‌شی یه‌که‌م

 
 
هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ په‌یوەندیى ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه‌
به‌شی یه‌که‌م

1
ئیمە هەر هەموومان دەمانەوێت دیاربین، ببینرێین، هەبین... لە بەرامبەر یەکتریدا. پەیوەندى و لێپرسینەوە و بەردەوامبوونى ئەو پرۆسانە، هەستى دڵنیابوونى دەرکەوتن و جێگیربوون دەبەخشێت کە ئیمە هەموومان لە ژیاندا بەشدارین و بەکەڵکین. ئەم بۆچوونە لەگەڵ بەربەرەکانێى مرۆڤدا دژدەوەستێتەوە، چونکە لە ئەنجامى بەربەرەکانێ و ململانێوە دەمانەوێت بوونى یەکترى بسڕینەوە و جێگەى یه‌کتری بگرینەوە. واتە فەوتاندنى بەرامبەر و بوونى خۆم، یاخود بوونى من لە ئەنجامى فه‌وتاندنى بەرامبەردا.

زاڵبوون و کوشتنى بەرامبەر، سەلماندنى بوونى کەسى یەکەمە. واتە کە هەریەکەمان بەو نیگایەوە، بەو تێڕوانینەوە دەچینە مەیدانەکه‌وە، دەبێت هەمیشە وریاى ئەوە بین کە هاوسەنگى ئەو هێزانە بە ڕێژەى زۆر و کەم ڕابگرین. واتە سنورى دەسەڵاتبەسەرداشکاندنمان لە بەرامبەر یەکتریدا دیاریبکەین. دەتوانین پێ لەوە بنێین کە هەموو ئەو پەیوەندیانەى جێدەگرن لە واقعى ڕۆژانەدا پەیوەندیەکى دەسەڵاتدارێتییە بەرامبەر یەکترى. هێرش و پاشەکشە و بێدەنگبوون و خۆماتکردن و بەرگرى و هەوڵدان و کۆششى زاڵبوون و بەرگرى لە ژیرکەوتن.


پەیوەندى دەسەڵاتدارێتی، پەیوەندى هێزە جۆراوجۆرەکانە و ڕاگرتنى هاوسەنگییەکى ڕێژەییە کە لە ئاڵوگۆرێکى بەردەوام و چرکەییدایە و بنچینە و سەرچاوەکەى لە بوونى مرۆڤ خۆیه‌وه‌یه‌تى، ئه‌وه‌ش ئەو مفهومەیه‌ کە پێیده‌گوترێت "نێر/نێرایەتى" کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەلماندنى بوونى مرۆڤەوە، بەلایەنى کەمەوە هەتا ئەمڕۆش. واتە تا چەند دەتوانرێت نێرایەتى مرۆڤ بسه‌لمێنرێت لە واقعى چواردەوریدا.
لە هەرجێگایەک مرۆڤ هەبێت، پەیوەندى دەسەڵاتدارێتیش دەخولقێت.
2
تاکایەتى/خودێتى
دەتوانرێت دەرەوە و ناوەوە بە کۆمەڵێ جۆر لێکبدرێتەوە. ئەگەر بڵێین ناوەوە واتە تەنها تاکەکەس خۆى. وەک : من برسیمە، تینومە، سەرم دێشێت، کوڕم، گەنجم، پیرم، بەتەمەنم، لاوازم، بەهێزم، جوانم، ناشیرینم، نەخۆشم، لەش ساغم.....هتد. . واتە هەموو دیالۆگەکانى ناوەوە کە تەنها بە تاکەوە بەستراوەتەوە، کە وەک هەستى بوون و پێوستى بوون دەیخەمڵێنێت.
3
مرۆڤى ئەوروپى هەر لە منداڵییەوە تاکایەتى بۆ دائەڕێژن، نەک خۆیایەتى، هەرچەندە بنچینە و بنەماى خۆیایەتى مرۆڤ، تاکایەتییە. واتە هەتا تاک دروست نەبێت/ تەواوکار نەبێت/ پێنەگەشتبێت، ئەوا تاک ناتوانێت خودى سەربەخۆى/ ئازادى خۆى دەرببڕێت، پێکیبهێنێت.


به‌های خودى مرۆڤ (خویایه‌تى یاخود خۆیەتى) لە پەیوەندى و پەیوەستیدا، لە هه‌ڵسوکه‌وتدا لەگەڵ ئەوانى تردا دەردەکەوێت و دێتە دەره‌وه‌. واتە لە هەمان ساتى پەیوەستبوون، کە هاتنە دەرەوەیە لە تاکایەتى و نەفى کردنیەتى، خودییەتى پەیوەندیدار دەخولقێت لەو ڕوداوەدا/ دیالۆگەدا، لە جێگە و کاتێکى دیاریکراودا. دەنا تاک هیچ به‌هایه‌کی نیە ئەگەر لە خۆیدا بمێنێتەوە. جا ئیتر ئەو تاکە داهینەر و ڕۆنەر و فەیلەسوفیش بێت.
وەک لە سەرەتادا وتمان، مرۆڤى ئەوروپى هەر لە منداڵییەوە هێڵى تاکایەتى بۆ دەکێشرێت کە پیابڕوات و تیایدا گەورەبێت. بەو پێیە خودییەتى یاخود خۆیایەتى تێدا دەخەسێنن و دەیکەنە پاشکۆیەکى تاکایەتى و دەبێت خۆى ئەو خودە پێک بهێنێت و خۆى پێبناسێتەوە، ئەویش ئەگەر ئەو تاکە تواناى ئەوەى هەبێت و بوارى ئەوەى پێبدرێت کە ئەو کردارە بە ئەنجام بگەیەنێت. خاڵى بەکاربردنەکە لەوێدایە و سەرەتا بە ڕوکەش وا دەردەکەویت کە گرنگى بە خودى مرۆڤ دەدرێت و تواناکانى دەتەقێنرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها غەریزە بایەلۆژیەکانى بە شێوەیەکى زیاد لە پێویست دەکەنەوە و بۆى پڕدەکەنەوە و بە تاکایەتى تێریدەکەن. بەشێوەیەک کە لە کاتى گەورەبوون و ژیانى ڕۆژانەى ناو کۆمەڵگاشیدا نەتوانێت هیچ کاتێک لەو سنورە تێپەڕێت و لەو تەوەرە تاکایەتییە بێتە دەرەوە.


بەوپێیە لە ناو خۆیدا بۆگەن دەکات و بە هەموو هێز و توانایەکییەوە پەلامار دەدات بۆ جێگە خۆشکردن و هەڵلوشینى چواردەورى، هەڵبەتە بە شێوازیکى زۆر تاکتیکى و شارستانى.

ئەوەى دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە کە دەشێت مرۆڤ لە تاکایەتى خۆیدا بۆگەن بکات و لەبەرچاوى خۆشى بکەوێت، لە کاتێکدا کە نەتوانێت خۆى وەک خودێک بسەلمێنێت لە بەرامبەر یەکێکى تردا/ ئەوانى تردا.
هەر مرۆڤێک کە لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت، ئارەزوویەکى تایبەتى هەیە کە ببێت بە کێ و چۆن لە نیوان ئەوانى تردا، لە ناو کۆمەڵگادا جێگەى خۆى بکاتەوە. مەبەست ئەوەیە کە هەر یەکێک لە ئێمە دەیەوێت خودێکى هەبێت کە لە دواڕۆژدا بیسەلمێنێت و کارى بۆ بکات کە پێیبگات. واتە سەلماندنى خودى خۆى بچه‌سپێنێت. جیاوازیەکەمان هەر لەوێوە دەست پێدەکات، ئەوەى کە پێى دەوترێت تاک، تاکەکەس، ئەوا هەموومان هاوبەشین تیایدا. وەک لەدایکبوون، گەورەبوون پێداویستیە بایلۆژییە ڕۆژانەکان، مردن... ئەو خاڵانەى کە هەموو "منى"ێک دەگرێتەوە بەبێ جیاوازیەکى ئەوتۆ.
ئەوەى پێى دەوترێت پەیوەندى و پەیوەستبوون بەوانى ترەوە، چەندین خاڵى پێداویستى ناوەوەیە کە پاڵ بە تاکەکەسەوە دەنێت هەوڵبدات لە دەرەوە پڕیانبکاتەوە و لە زۆر کاتدا وا دەردەکەوێت کە ئەو تاکەکەسە دەیەوێت خودێکى سەربەخۆ پێکبهێنێت، یاخود خۆیایەتى خۆى بسەلمێنێت. هەرچەندە ئەگەر نەختێک لە نزیکیەوە تەماشاى بکەین دەبینین تەنها پێداویستیەکانى تاکایەتیەکى ڕوتە.

بۆ نموونە یەکێک لەو خاڵە گرنگانەى کە پاڵ بە تاکەکەسەوە دەنێت لە دەرەوەى خۆى پەیوەندى پەیدابکات و لە گرێکوێرەیەکى ناوەوەى خۆى ڕزگارى بێت، هەستى مردنە. مردن پاڵ بە هەموو تاکەکەسێکەوە دەنێت بۆ پەیوەندى کردن لەگەڵ یەکتریدا بۆ شاردنەوەى مردنى تاکەکەسى. بەرپاکردنى پەیوەندى یاخود پیادەکردنى پەیوەستى لەگەڵ چواردەوردا، ئەو دڵنەواییە دەداتەوە کە مرۆڤ هێشتا زیندووە. هەڵبەتە پەیوەندى پیادەکردن گەلێک قوڵترە چونکە زمانى تیا بەکارده‌هێنرێت، واتە پێویستى پەیوەستبونه‌وه‌ تەنها لە ترسى مردن نیە، بەڵام خاڵێکى گرنگە. مرۆڤ دەیەوێت یاخود ئارەزوى ئەوە دەکات کە بوونێکى پوختى هەبێت دوور بێت لە مردن، شێوەیەک لە بوونى ئایدیال.

مرۆڤ هەمیشە حەز بەوە ده‌کات خۆى لەگەڵ ئەوانى تردا ببینێتەوە، لەگەڵیه‌کتربوون هەستى بەشداربوون دەبەخشێت و دیاردەى مردنى تیاونده‌بێت و ده‌شاردرێته‌وه‌. ئەوەى کە ده‌رده‌که‌وێت، جوڵە و زیندوێتى و ئاڵوگۆرکردنه‌.
خاڵێکى ترى پاڵپێوەنەرى "من" بەرەو دەرەوە، هەوڵدانى پەیداکردنى تاکى بەرامبەرە. مەبەست ڕەگەزى بەرامبەرە کە دەورێکى باڵا دەبینێت لە پێکهێنان و گەڵاڵەکردنى خودى مرۆڤدا. ساغکردنەوە و سەلماندنى خود بەرامبەر ڕەگەزى به‌رامبه‌ر، هەمان مەبەستى پێشوو دەسەلمێنێت کە ئەو تاکە لە ژیاندا بەشدارە و دورە لە مردنه‌وه‌، سەرەراى ئەوەى کە گەشتن بە چێژ وەک پێداویستیەکى بوون و بەردەوامبوون، خاڵێکى گرنگە بۆ هه‌ست به‌خۆکردن و هەموو منێک پێویستى پێیەتى و لە هەمووماندا دووبارە دەبێتەوە.

هەتا ئیستا ناتوانین بیر لە جیاوازى خودەکان بکەینەوە، واتە ئەوە بنەماى پێکهێنەرى هەموو مرۆڤێکە کە دەبێت تیایدا هەبێت بۆ ئەوەى لێوەى بێتە دەره‌وه‌، واتە مەبەست ئەوەیە کە بتوانین هاتنەدەروە دەستنیشانبکەین بە هەردوو ئاڕاستەکەیدا. هاتنەدەرەوەى تاکەکەس، درێژبوونەوەى منى ناوەوەیە بۆ پەیداکردنى پێداویستى و دڵنیابوون و دابینکردنى ژیانەوەرى خۆى. دەتوانین بڵێین ئەوەى نەتوانێت ببێت بە خاوەنى منێکى سەربەخۆ، ناتوانێت ببێت بە خاوەنى خودێکى سەربەخۆ.