خودی ده‌سه‌ڵات چیه؟
09.06.2011
ڕه‌نگه پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵات
زۆر و فره‌ڕه‌نگ بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه چه‌ند لایه‌نێک هه‌یه که قسه‌کردنی
زیاتر هه‌ڵده‌گرن و پێویستیان به‌شیکردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه. سه‌رده‌مانێکی زۆر به
ئێستاشه‌وه، هه‌میشه زانین و زانست خۆی له خۆیدا ده‌سه‌ڵات بووه و ئێستاش ده‌سه‌ڵاته.
ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی کردبێت، وه‌ک چه‌کێک به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تر به‌کاریهێناوه و
هه‌وڵیداوه له‌ژێرده‌ستی خۆیدا بمێنێته‌وه وه‌ک نهێنیه‌ک که ئه‌وانی تری پێ
ملکه‌چک کات، یاخود بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کاریان بهێنێت.
ده‌سه‌ڵاتشکاندن به‌سه‌ر
بابه‌تێکدا، به‌سه‌ر کار و پیشه‌یه‌کدا، به‌سه‌ر هه‌بوونێکدا، چ مادی چ ڕۆحی، به‌رده‌وامیی
به هه‌ستی بوون ده‌دات. هه‌موو ئه‌نجامدانی کارێک، فه‌رمانێک که له‌و ڕێگه‌یه‌وه
بڕوات، وزه‌ی ژیان تازه ده‌کاته‌وه و گوڕێکی نوێ ده‌به‌خشێت. به‌رهه‌مهێنان،
ڕاپه‌ڕاندی کار، هه‌ڵسوڕاندنی ئیشێک، فه‌رمانێک. که توانای به‌سه‌ردابشکێت، ده‌بێته
ئه‌و خوراکه ڕۆحیه‌ی که ئه‌و مرۆڤه بتوانێت له‌سه‌ر ئه‌و کاره به‌رده‌وامبێت.
پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که
و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی، ئه‌و ڕۆله گه‌وره‌یه نابێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و
مرۆڤه‌ی له‌و پێگه‌یه‌دا پڕاوپڕ خۆی تیابدۆزێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردابشکێت و
چێژ له جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی وه‌ربگرێت. واته ده‌سه‌ڵاتبه‌سه‌رداشکاندنی
بابه‌تێك، دوابه‌دوا به‌رهه‌مهێنان و به‌ئه‌نجامدانی ئه‌رکێک، دوابه‌دواش
چێژلێبینی ئه‌و پرۆسه‌یه، هه‌مووی پێکه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه
بوون و به‌رده‌وامبوونی خۆی له‌و پێگه‌یه‌دا ببینێته‌وه و هه‌تا بۆیبکرێت
بیپارێزێت.
ئه‌م چێژوه‌رگرتنه
ڕۆحیه جه‌وهه‌رێکی قوڵتری هه‌یه وه‌ک له‌وه‌ی ته‌نها ئه‌رکی شان سوککردن بێت. هه‌موو
مرۆڤێک هه‌ست ده‌کات که ده‌بێت کارێک به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، ده‌نا ژیانی
بێمانایه. به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی کارێک له‌و جێگه و پێگه و سه‌رده‌مه‌دا که مرۆڤ
خۆی تیاده‌بینێته‌وه، سه‌لماندنی بوونیه‌تی له‌و ساته‌وه‌خته‌دا. ئێمه به‌ڕێکه‌وت
له‌دایکنه‌بووین، به‌ڵکو درێژکراوه‌ی بوونێکی گه‌وره‌ترین که هه‌میشه له گه‌شه‌کردن
و ئاڵوگۆڕ و خولقاندندایه. ئه‌و چێژه ڕوکه‌شه‌ی له به‌رهه‌مهێنان و هه‌ڵسوڕان و
ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانه‌وه پێیده‌گه‌ین، سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرۆسه‌ی
خولقاندن، یاخود چێژی خولقاندن.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه
بۆ چێژی ده‌سه‌ڵات، ده‌توانین بڵێین که هه‌موو مرۆڤێک، له قۆناغێکی ژیانیدا، له
یه‌کێک له بواره‌کانی ژیاندا، باشترینه. له‌و بڕوایه‌وه که هیچ مرۆڤێک له
جیهاندا به‌زیاده له‌دایکنابێت، ئه‌وا هه‌موو که‌سێک جێگایه‌ک هه‌یه که
پڕیبکاته‌وه. واته هه‌موو که‌سێک ده‌بێت بوارێک هه‌بێت که خۆی تیابدۆزێته‌وه
و چێژ له‌خۆی و له تواناکانی وه‌ربگرێت.
واته ده‌سه‌ڵات، له
بنه‌ڕه‌تدا ده‌سه‌ڵاتبه‌سه‌رداشکاندنه، نه‌ک فه‌رزکردنی خود به‌سه‌ر پێگه‌یه‌کدا
که هی ئه‌و نیه. ده‌سه‌ڵات، پڕکردنه‌وه‌ی پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه به‌پێی
توانا، نه‌ک داتاشینی پێگه‌یه‌ک بۆ که‌م توانایه‌ک.
هه‌موو پێگه هه‌ستیاره‌کانی
کۆمه‌ڵگای کوردی له کوردستانی ئێراقدا، بۆ که‌م توانایه‌ک داتاشراوه و چێژ له
کایه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌بینێت که هی ئه‌و نیه و خۆی فه‌رزکردوه به‌سه‌ریدا،
واته به زۆر جێگه‌ی خۆی کردۆته‌وه و توانای به‌سه‌ریدا ناشکێت، چونکه هی ئه‌و
نیه، هه‌ر بۆیه پێگه سیاسیه‌کانیش پوچه‌ڵ ده‌بنه‌وه و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان
له‌ده‌ستده‌ده‌ن. به‌و پێیه‌ش نه‌بوینه‌ته خاوه‌نی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌ک که
بتوانێت له هه‌ق بدوێت، له حاڵه‌تێکدا که خۆی به ناهه‌ق پێگه‌یه‌کی داگیرکردوه.