ئازادی و به‌رپرسیارێتی
07.06.2011
ئازادی کێشه‌ی زۆره،
چونکه به ساده‌یی ژیان واته ئازادی. ژیان به‌بێ ئازادی، له‌سه‌ر ئاستی تاکه‌که‌س
و له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا، ناتوانرێت مانایه‌کی مرۆیی بۆ بدۆزرێته‌وه. خراپبه‌کارهێنانی
به‌ئه‌سته‌می ئازادی، ده‌بێته شێواندنی ژیانی ئه‌و که‌سه‌ی/ ئه‌و میلله‌ته‌ی
خراپبه‌کارهێنانه‌که ده‌یگرێته‌وه و به‌ریده‌که‌وێت.
هه‌ستیاریی ئازادی هه‌ستیاریی
ژیانه له هه‌موو به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کاندا، له هه‌موو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌کاندا، له
په‌یوه‌ندیه ساکاره‌کانه‌وه، تا ده‌گاته په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتی. ئازادی ئه‌و
توخمه زیندووه‌یه له‌و نێوانانه‌دا و ده‌بێت هاوسه‌نگیی ڕابگیردرێت، ده‌نا لایه‌ک
به‌شی لایه‌ک ده‌خوات و لایه‌ک ئازادی پێشێل ده‌کرێت.
ئیراده‌ی ئازاد بۆ
ژیان چه‌نده پێداویستیه، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسیارێتی له‌گه‌ڵدایه که چۆن ئه‌و
ئیراده‌یه پیاده ده‌کرێت. هه‌تا ئاگایی و وشیاریی به‌و ئیراده‌یه به‌رزتر بێت،
له‌لایه‌ک به‌رپرسیاریه‌ته‌که گه‌وره‌تر ده‌بێت و له‌لایه‌کی تریشه‌وه بواری
خراپبه‌کارهێنان و باش به‌کارهێنانی به‌رفراوانتر ده‌بێت. که‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی
ئه‌و مرۆڤه له چ ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و له چ کۆمه‌ڵگایه‌کدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
له کۆمه‌ڵگایه‌کدا
که په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌پێی ده‌ستور و یاسا ڕێکخرابێت، بواری
خراپبه‌کارهێنانی سنوردارکراوه و ته‌سککراوه‌ته‌وه. له ڕاستیدا ده‌ستور و یاسا
بۆ ڕێکخستن و جیاکردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کانه. له کاتێکدا مرۆڤێک ئازادی مرۆڤێکی تر
تیکده‌شکێنێت و پێشێلی ده‌کات، به‌پێی یاسا ده‌بێت سزای ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی وه‌ربگرێت.
له کۆمه‌ڵگایه‌کی
وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا که په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌پێی دابونه‌ریت ده‌ڕوات
به‌ڕێوه و هیچ یاسایه‌کی ئه‌وتۆ نیه ڕێکیبخات، ئه‌وا بواری خرپبه‌کارهێنانی زۆر
به‌رفراوانه و کردارێکی ڕۆژانه‌یه و له هه‌موو جێگایه‌کدا به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت،
چ به ئاگاییه‌وه، چ به‌بێ ئاگایی، هه‌ر له‌ناو خودی خێزانه‌وه تا ده‌گاته هه‌موو
په‌یوه‌ندیه‌کانی تری ناو کۆمه‌ڵگا، له‌هه‌مووی زه‌قتر په‌یوه‌ندی ده‌سه‌لاتدارێتیه
به کۆی میلله‌ته‌وه.
به‌پێی دابونه‌ریت
هه‌ر له ناو یه‌ک ماڵدا فه‌رزی ئیراده‌ی کوڕ ده‌کرێت به‌سه‌ر کچدا، باوک به‌سه‌ر کوڕدا،
باوک به‌سه‌ر هه‌موو خێزانه‌که‌دا، براگه‌وره به‌سه‌ر برابچوکدا. ئه‌م ورده
پێشێلکاریه ڕۆژانه‌یه کاریگه‌ری ده‌رونی و سنوردارکردنی ئازادیه بۆ ئه‌وانی تری
ناو ئه‌و په‌یوه‌ندیه.
باوک نایه‌وێت له
پێگه‌ی خۆی بێته خواره و ڕێگه‌بدات ئه‌ندامه‌کانی تریش ئازادی خۆیان پیاده‌بکه‌ن.
لێره‌دا باوک ته‌نها ئازادیه‌که‌ی وه‌رگرتووه و په‌یڕه‌وی ده‌کات به‌بێ به‌رپرسیارێتی،
واته سنوری ئازادیه‌که‌ی خۆی کشاندوه به‌سه‌ر ئازادی ئه‌ندامه‌کانی تری خێزانه‌که‌دا.
هه‌موو زیادڕه‌وییه‌ک
له ئازادی‌دا، پاشه‌کشه‌پێکردنی ئازادی ئه‌وانی تره له‌و کایه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی
که ئه‌و زیادڕه‌وییه‌ی تیا ڕوده‌دات. هه‌تا پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌رزتربێته‌وه،
ئازادی هه‌ڵسوکه‌وت و بڕیاردان گه‌وره‌تر ده‌بێت و به‌وه‌ش به‌رپرسیارێتیه‌که گه‌وره‌تر
ده‌بێت.
به واتایه‌کی تر هه‌تا
ڕوبه‌ر و پانتایی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵکانێکی زۆرتر بگرێته‌وه، به‌رپرسیارێتی
ئه‌و ئازادیه‌ی ئه‌و پێگه‌یه خولقاندویه‌تی ناسک‌تر و هه‌ستیارتر ده‌بێته‌وه و له
نزیکه‌وه و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی ئه‌وانی تره‌وه هه‌یه.
ده‌سه‌ڵاتدارێتی
ئێمه ئازادیه‌کی ڕه‌های بۆ خۆی ڕه‌خساندووه، به‌بێ هیچ به‌رپرسیارێتیه‌کی ئه‌وتۆ
که شایانی باس بێت. واته ده‌ستکراوه‌یه بۆ هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وت و کردار و فه‌رمانێک
که بیه‌وێت جێبه‌جێبکات، به‌بێ ئه‌وه‌ی سنورێکی ده‌ستوریی و یاسایی هه‌بێت
چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته دیاریبکات.
په‌یوه‌ندیه ڕۆژانه‌کانی
هاووڵاتی که سنورداره و ژماره‌یه‌کی که‌م تێوه‌ی ده‌گلێن، ئاسانتر ده‌توانرێت
ڕێکبخرێت. کێشه‌که له په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدایه که ئاڵۆز و تێکپچڕاوه
و پێویستی به ساغکردنه‌وه هه‌یه. هه‌تا کایه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه هه‌ڵکشێت، که‌سانێکی
زۆرتر ده‌گرێته‌وه و پاڵه‌په‌ستۆی به‌رپرسیارێتیش زیاتر ده‌بێت و هه‌موو فه‌رمان
و یاسا و ڕێسایه‌ک ده‌بێت به‌وردی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت و ده‌بێت ڕون و
ئاشکرابێت.
ئه‌و که‌سانه‌ی له
لای ئێمه به به‌رپرس ناویان ده‌برێت، له ڕاستیدا نه ئازادیان هه‌یه نه به‌رپرسیارێتی،
به‌ڵکو ملکه‌چی حیزبه‌کانیانن. دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌که له ڕێگه‌ی دوو
پیاو و بنه‌ماڵه‌کانیانه‌وه ئاڕاسته ده‌کرێن. هه‌ره‌می ئه‌م پێکهاته‌یه له‌سه‌ره‌وه
بۆ خواره‌وه‌یه و ته‌نها له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی باڵای هه‌ره‌مه‌که‌دا
خراوه‌ته‌گه‌ڕ.
واته له ڕاستیدا
ئه‌وه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵده‌سوڕێنێت، خاوه‌نی ئازادی فه‌رمان و هه‌ڵسوکه‌وته
و گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتیش هه‌ر به‌ر ئه‌و ده‌که‌وێت. هه‌تا به‌ره‌و خواری هه‌ره‌مه‌که
داچۆڕێین، ملکه‌چیه‌که زیاتر ده‌بێت و ده‌سکه‌وته‌کان که‌متر. ئه‌رکی حیزبیش ده‌بێت
به هه‌ڵسوڕاندنی کۆمه‌ڵگا به‌و پێیه‌ی فه‌رمانی پێده‌کرێت.
ئه‌م پێکهاته‌یه ده‌که‌وێته
ده‌ره‌وه‌ی کایه‌ی ئازادی و به‌رپرسیارێتیه‌وه، هه‌ربۆیه ناتوانرێت ئه‌و
زاراوانه به‌کارببرێت. ئه‌وه‌ی له‌و په‌یوه‌ندییه ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه ده‌که‌وێته‌وه،
مه‌فهومی کۆیلایه‌تیه، واته قۆناغێک پێش ئازادی و ئیراده‌ی ئازاد و ئازادی و به‌رپرسیارێتی.
ئێمه ناتوانێت باس
له به‌رپرسیارێتی ئازادی بکه‌ین، که ئازادی نه‌بێت. ئیراده‌ی ئازاد ناخولقێت که
کۆمه‌ڵگا کۆیله بێت. مرۆڤ ناتوانێت چاره‌نوسی ژیانی خۆی له‌ده‌ست خۆیدا بێت که
یه‌کێکی تر بڕیاری بۆبدات. میلله‌ت ناتوانێت چاره‌نوسی خۆی دیاریبکات که له
پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند ده‌سته‌یه‌کدا خرابنه‌گه‌ڕ و هه‌ڵسوڕێنرێن.
له‌و بارودۆخانه‌شدا
ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی ناتوانرێت باسی لێوه بکرێت، ژیانه. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا
ده‌ستمان پێ‌کرد، به‌وه‌ش کۆتایی پێدێنین، ژیان له ئازادی‌دا هه‌یه و ئازادیش له
ژیاندا.
کاتێک مرۆڤ ئازادی
لێ زه‌وتده‌کرێت، که مافی ئیراده‌ی ئازاد-ی لێده‌سه‌ندرێته‌وه، له سیفه‌تی
خوداوه‌ندیی داده‌ماڵرێت و ده‌بێت به مه‌خلوقی ڕووت. مرۆڤ کاتێک کامڵه که له
هه‌مان کاتدا خالق و مه‌خلوق بێت. ئیراده‌ی ئازاد مافی بڕیاردانی ژیانی پێده‌به‌خشێت
و چاره‌نوسی خۆی له سنوری به‌رپرسیارێتی ئه‌و ئازادیه‌ی هه‌یه‌تی، دیاری ده‌کات.
به‌و پێه‌ش ده‌بێته خولقێنه‌ری ژیانی خۆی وه‌ک مه‌خلوقێک. مرۆڤ که بچوککرایه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها مه‌خلوق بێت، به هه‌موو شتێک ده‌کرێت و به‌هایه‌کی ئه‌وتۆی
نابێت که جیابکرێته‌وه له شته خولقێنراوه‌کانی تر.