ئێمه بۆ نه‌مانتوانی
ئه‌م جاره ڕاپه‌ڕین به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین؟
03.06.2011
ئێمه‌ی ناڕازی به‌م
ده‌سه‌ڵاته، ناتوانین سنگ به گولله‌وه بنێین، ده‌سه‌ڵات به ویستی خۆی واز له ده‌سه‌ڵات
ناهێنێت، ئه‌و سواره و ئێمه پیاده ده‌ڕۆین، ئه‌م ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه بۆ ڕوینه‌دا،
که‌ی ڕوده‌دات؟ چۆن ڕوده‌دات؟
میلله‌تی کورد ده‌مێکه
خوێنی لێده‌ڕژێ و سه‌رده‌مانێکه ئه‌وه‌نده بواری نه‌بووه برینه‌کانی قه‌تماغه
ببه‌ستێت. خوێنله‌به‌رڕۆشتنی به‌رده‌وام، لاوازیی به‌رده‌وامی خولقاندوه و ئه‌و
ده‌رفه‌ته‌ی نه‌داوه ته‌ندروست بێته‌وه. میلله‌تی کورد به نه‌خۆشی ناتوانێت به‌رامبه‌ر
ده‌سه‌ڵاتێکی پڕچه‌ک به‌پێوه ڕابوه‌ستێت.
میلله‌تانی عه‌ره‌ب
به‌کرده‌وه ده‌مێکه له شه‌ڕی چه‌کداری دورکه‌وتونه‌ته‌وه و بواری ئه‌وه‌نده‌یان
هه‌بووه هه‌ناسه‌یه‌کی مێژوویی بده‌ن. ته‌قینه‌وه‌ی ئێستایان، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی
کۆتایی دیواره‌که‌یه، که هیچ بوارێک بۆ ژیان، بۆ ئازادی نه‌ماوه‌ته‌وه، هیچ
بوارێکی هه‌ڵهاتن، ڕاکردن، خۆماتکردن نه‌ماوه. یا ئه‌وه‌تا ژیان لێره و ئێستادا،
یان مردن لێره و ئێستادا.
هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه
که ئه‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیانه سه‌رده‌مێکه جێگیربون و ده‌قبه‌ستن و وه‌ستانیان
له جێگه‌ی خۆیاندا، بوه به‌و گۆمه وه‌ستاوه‌ی که جوڵه‌ی لێبڕاوه، له زه‌لکاو
ده‌چێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌وژمی شۆڕشه نه‌بوایه، چیتر هیچ بونه‌وه‌رێک نه‌یده‌توانی
هه‌ناسه‌ی تیادابدات.
نه‌مانی دووجه‌مسه‌ری
جیهان که بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک ده‌چێت، هیوای گۆڕینی جیهانی بچوکرده‌وه بۆ میلله‌ته‌کان
خۆیان، هه‌رکه‌س له جێگه‌ی خۆیه‌وه ده‌توانێت جیهانه‌که‌ی بگۆڕێت.
سه‌رمایه‌داری و
کۆمۆنیستی چیتر له‌گه‌ڵ یه‌کدا ململانێ ناکه‌ن و ئه‌و جیهانه‌ی ئه‌وان ناویان
لێنابوو جیهانی سێ، ئه‌و جیهانه‌ی که هه‌ر له دوره‌وه ته‌ماشایان ده‌کرد و چاوه‌ڕوان
بوون بزانن کێ ده‌یباته‌وه. گه‌وره‌ترین فرسه‌تی دیکتاتۆره‌کانی ئه‌و جیهانه ده‌که‌وێته
ئه‌و ساڵانه‌وه که به شه‌ڕی سارد ناوده‌برا، چونکه به ئاسانی و له‌و نێوانه‌دا
گه‌مه‌یان ده‌کرد و که‌س نه‌بوو هیچ حسابێک بۆ میلله‌ته‌کانیان بکات. ئه‌وه‌ی گرنگ
بوو چ لایه‌نێک له‌و دوو زلهێزه ده‌توانێت فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و جیهانی سێیه به‌لای
خۆیدا ڕابکێشێت.
گه‌وره‌ترین باج که
له نێوانی ساڵانی شه‌ڕی سارددا درابێت، به قوربانی‌کردنی میلله‌تانی ئه‌و جیهانیه‌یه.
ئه‌مریکا کۆمه‌ڵێ دیکتاتۆری به‌خێوده‌کرد، له‌به‌رامبه‌ردا سۆڤیه‌ت کۆمه‌ڵێکی تری
په‌روه‌رده ده‌کرد. هه‌ر له ئه‌فریقا وه بیگره تا ده‌گاته ئه‌مریکای لاتین و
ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌وتبونه ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌وه، میلله‌ته‌کانیان بوو بوون به قوربانی سیاسه‌تی ململانێی
ئه‌و دوو زلهێزه و فه‌رمانڕه‌وایان له به‌ری ئه‌و گه‌وجێتیه‌یان ده‌خوارد و ده‌ستیان
واڵابوو بۆ هه‌موو کرده‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به میلله‌ته‌کانیان، به‌و مه‌رجه‌ی به‌وه‌فایی
خۆیان بۆ یه‌کێک له‌و زلهێزانه ده‌رببڕن.
هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداران
له‌گه‌ڵ میلله‌تدا، له‌و ساڵانه‌دا، له ئاژه‌ڵ که‌متر بوو. میلله‌ت هیچ به‌هایه‌کی
نه‌بوو، ده‌یه‌ها شه‌ڕی لابه‌لایان پێده‌کرا به‌بی ئه‌وه‌ی هیچ مه‌به‌ستێکی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی
نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆی له پشته‌وه بوو بێت. سه‌رکوتکردن و بێده‌نگکردن و کوشتن و
زیندانیکردن، کردارێکی ڕۆژانه و ڕۆتینی ئه‌و میلله‌تانه بوو که ده‌بوایه ژیانی
خۆیان له‌سه‌ر ڕابهێنایه.
نه‌مانی ئه‌و دوو
زلهێزه به شێوازه دیاره‌که‌ی و هه‌ره‌سهێنانی کۆمۆنیستیی، داڕمانی ئه‌و
ململانێیه‌ی به دواداهات که چه‌ند زلهێزێک له‌ده‌ره‌وه شه‌ڕیان له‌سه‌ر ئێمه
ده‌کرد، ئێمه‌ی جیهانی سێ.
له‌پاش چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک
ده‌سه‌ڵاته خۆماڵییه‌کان، ده‌سته سیحراویه‌که‌ی پشتیان، که‌وته‌ڕو، میلله‌ت له‌وه
به‌ئاگاهاته‌وه که وه‌ک جاران ده‌ستێکی گه‌وره نیه ده‌سه‌ڵاتدار بپارێزێت، ئه‌و
ترساندن و تۆقینه‌ی جاران، ته‌نها قاوغه‌که‌ی ماوه‌ته‌وه، هیچ پاڵپشتێکی جیهانی و
ناوخۆیی نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ریانه پاڵپێوه‌نانه‌که‌یه‌تی به‌ره‌و هه‌ڵدێری
مێژوو، هه‌ر واشیانکرد.
ئێمه‌ی کورد له‌و
باس و خواسه که‌مێک دورین، نه‌ک وه‌ک ده‌نگوباس، به‌ڵکو وه‌ک واقیعی به‌کرده‌وه،
چونکه ئێمه وه‌ک میلله‌تێکی جیاواز گیرۆده‌ی ده‌ستی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك بووین که
گه‌مه‌یان پێده‌کرا.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی
کورد هیچ پشت و په‌نایه‌کیان له ده‌ره‌وه نیه هیچ ده‌وڵه‌تێك نیه به‌رژه‌وه‌ندی
له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌یاندا هه‌بێت، مه‌گه‌ر کۆمه‌ڵی دز و جه‌رده‌ی سیاسی به‌غداد و ئه‌نقه‌ره
و تاران نه‌بێت، ده‌نا له ناوه‌ندی جیهانیدا ناتوانن هیچ پاڵپشتێک بۆ مانه‌وه‌یان
په‌یداکه‌ن، ئه‌وه‌ش له هه‌مووی گرنگتره و له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی میلله‌تدا، ته‌نها
خۆیان و چه‌کداره‌کانیانن.
ئۆپۆزیسیۆن گۆڵی خۆی
له جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوکرد، به‌وه‌ی بێلایه‌نانه له نێوانی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا
خۆیان هێشته‌وه. ئه‌مه خاڵێکی زۆر گرنگه له ڕاپه‌ڕینی ئه‌م جاره‌ی کورددا. ده‌شێت
هه‌ندێک به زیره‌کی ئۆپۆزیسیۆنی بداته قه‌ڵه‌م، به‌ڵام له ڕاستیدا فێڵێکه و له
میلله‌ت کراوه.
زوتریش باس له
ئۆپۆزیسیۆن و پێکهاته‌که‌ی کراوه که ئه‌گه‌ر به‌ره ئیسلامیه‌که‌ی لێبکرێته‌وه،
ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌مێنێته‌وه که ده‌یتوانی و ده‌توانێت ڕۆڵێک بگێڕێت،
واته له ڕاستیدا که باس له ئۆپۆزیسیۆن ده‌که‌ین مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی گۆڕانه.
خۆ هێشتنه‌وه‌ی
گۆڕان له‌و نێوه‌نده‌دا له یه‌ک دوو شیکردنه‌وه زیاتر هه‌ڵناگرێت، له‌لایه‌ک بۆ
ده‌سه‌ڵاتی سه‌لماند که ئه‌و هێزه‌یه له مه‌یدانه‌که‌دا که ده‌توانێت به‌شداری
له‌م فه‌رماڕه‌وایه‌تیه‌ی ئێستادا بکات به چه‌ند مه‌رجێکی چاکسازی و دڵنیایی ئه‌وه‌ی
پێدایه‌وه که دژناوه‌ستێته‌وه و به‌شداری خۆپیشاندانه‌کان ناکات.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
مۆڵه‌تی دوو مانگی له‌به‌رده‌مدا بوو که خۆی ساغکاته‌وه و به‌وه شکایه‌وه که
پشتی له جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو کرد‌و ڕووی کرده گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا.
یا ئه‌وه‌تا بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان باڵێکی تری یه‌کێتیه و ده‌یه‌وێت یه‌کێتی له‌ژێر ده‌ستی سکرتێری گشتی ده‌ربهێنێت
و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بگرێته‌وه ده‌ست. ئه‌م لایه‌نه هه‌تا ئێستا گه‌لێک
گومانی له‌سه‌ره، به حوکمی ئه‌و مێژوویه‌ی سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌تی
له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا.
بێبه‌شی ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه
له ئیمتیازه‌کاندا، ئه‌و کاردانه‌وه‌ی دروستکردوه که ده‌بێت تۆڵه‌ی خۆیان بسه‌ننه‌وه.
له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا یه‌ک ده‌رئه‌نجام ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
که گۆڕان پشتی خۆیشاندانی دا له زه‌وی و فیڵێ لێکرد و ئه‌مڕۆ کارتێکی به‌هێزه
به‌ده‌ستیه‌وه که ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداراندا، له مفاوه‌زاتدا به‌کاریبهێنێت.
ئه‌گه‌ر وه‌ک مێژوو
بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌م، ڕاپه‌ڕینی 1991. ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی
ڕژێمی به‌عس، پارتی و یه‌کێتی بوو که وه‌ک دوو هێزی چه‌کدار و ڕێکخراو، هه‌ماهه‌نگ
له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیودا، توانیان هێزه‌کانی ڕژێم ڕاماڵن و سه‌رده‌مێکی نوێ
ده‌ستپێبکه‌ن.
ڕاپه‌ڕینی ئه‌مجاره،
ئۆپۆزیسیۆنێکی بێچه‌کمان هه‌بوو، جه‌ماوه‌رێکی ڕاپه‌ڕیو، شه‌پۆلی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی
له ناوچه‌که‌دا، بێدادیه‌کی زۆری کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رکوتکردن و بێده‌نگکردن و
دوابه‌دواش داپلۆسین و په‌لاماردان، که‌چی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر نه‌چوه پاڵ جه‌ماوه‌ری
ڕاپه‌ڕیو.
ئه‌مه یه‌کێکه له‌هه‌ره
خاڵه گرنگه‌کانی به‌رده‌وامنه‌بوونی ڕاپه‌ڕینی ئه‌م جاره‌ی کوردستان و سه‌رنه‌که‌وتنی.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به قه‌ولی خۆیان نیو ملیۆن ده‌نگیان هێناوه له دواهه‌مین هه‌ڵبژاردندا،
ئه‌ی بۆ ده‌هه‌زار که‌سیان نه‌هاتنه سه‌ر شه‌قام و پاڵپشتی خۆپیشاندانه‌کان بکه‌ن؟
مه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و هێزه ڕێکخراوه نه‌بوون که ده‌یانتوانی لایه‌نگرانیان
بجوڵێنن؟ بۆ نه‌یان کرد؟ جه‌ماوه‌ر مۆڵه‌تی دوو مانگیان پێدان که بیربکه‌نه‌وه و
بڕیار بده‌ن، که‌چی هه‌رچه‌نده ناویان گۆڕانه، هه‌ر نه‌جوڵان.
ئه‌مه ده‌چێته
خانه‌ی خیانه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تیان ڕاستنه‌که‌نه‌وه. هێشتا ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌مدا
ماوه که بڕژێنه سه‌رشه‌قام و ببنه ئه‌و هێزه ڕێکخراوه‌ی بتوانن جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و
گۆڕان ئاڕاسته بکه‌ن.
له هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌کانی
پێشودا، له هه‌موو ڕاپه‌ڕینه نوێکانی ناوچه‌که‌دا، له تونس، له میسر له یه‌مه‌ن،
له سوریا.. ئۆپۆزیسیۆن له‌به‌ره‌ی پێشی پێشه‌وه بوه و له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌یه.
هیچ کاتێکیش ئه‌و حه‌قه‌یان به خۆیان نه‌داوه که بڵێن ڕابه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر
ده‌که‌ین و هه‌ر وتویانه که به‌شێکی بچوکی جه‌ماوه‌رین. له خۆپیشاندانه‌وه
هێڵی په‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دروستکردوه و چونه‌ته سه‌ر مێزی مفاوه‌زات
و له‌و حاڵه‌ته‌شدا نه‌یانتوانیوه وه‌ک نوێنه‌ری هه‌موو جه‌ماوه‌ر قسه‌بکه‌ن.
که‌چی ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌ی
ئێمه له خۆپیشاندانه‌کاندا بێلایه‌نیان هه‌ڵبژارد. من
تیناگه‌م چۆن به خۆیان ده‌ڵێن ئۆپۆزیسیۆن؟ یا ئه‌وه‌تا
ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌ی ئێمه شازه، یا ئه‌وه‌تا له ڕاستیدا نه‌شازه.
هه‌ر ئه‌وه‌یه که
گومانی زیاتر ده‌که‌وێته سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ به‌شداری خۆپیشاندانه‌کانی
نه‌کرد؟ بۆ ناڕژێته سه‌رشه‌قامه‌کان؟ به‌رپرسیارێتی یه‌که‌می سه‌رنه‌که‌وتنی ڕاپه‌ڕینی
ئه‌م جاره‌ی کورد، ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه. ئێستاش ده‌توانن
هه‌ڵوێستیان ڕاستبکه‌نه‌وه، ئێستاش ده‌توانن بڕوای جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بێننه‌وه
به‌وه‌ی سیاسه‌تێکی ڕون و ئاشکرا له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات بخه‌نه ڕوو و سه‌نگه‌ری خۆیان
بده‌نه پاڵ میلله‌ت.
میلله‌ت ده‌ستی له‌ده‌سه‌ڵات
شۆریوه و له‌لای ڕونه که که‌ڵکی مانه‌وه‌ی پێوه‌نه‌ماوه، به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆن
نادۆزێته‌وه و نادیاره و نازانێت سه‌ر به چ به‌ره‌یه‌که. گله‌ییه‌که له
ئۆپۆزیسیۆنه که ڕاپه‌ڕینی ئه‌م جاره ده‌رئه‌نجامی نه‌بوو، نه‌ک له زه‌بروزه‌نگی
ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵات ده‌بێت کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت و خۆی بپارێزێت، به‌ڵام
ئۆپۆزیسیۆن بۆ کاردانه‌وه‌ی نه‌بوو؟
له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر
له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له خۆپیشاندانه‌کاندا به‌شدارییه‌کی
چالاکیان هه‌بوایه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ده‌مێک بوو ده‌سه‌ڵاتی تازه به‌ڕێوه بوو. ڕه‌نگه
چه‌ند خوێنێکی تر بڕژایه، به‌ڵام که‌سوکاریان ئاسوده ده‌بوون که بیانزانیایه
به‌رهه‌مێکی هه‌بووه.
ده‌سه‌ڵاتیبه‌ده‌ستانی
ئه‌مڕۆی کوردستان، له ده‌مێکی گه‌وره بۆ چه‌واشه‌کردن و دوو بازوی پڕچه‌ک، هیچی
تریان پێنیه بۆ میلله‌ت. ئه‌وه‌ش که ناتوانن هه‌موو میلله‌ت بکوژن، لۆژیکی خۆی
هه‌یه و سنورداره که تا چه‌ند ده‌توانن چه‌که‌کانیان به‌کار بێنن. ده‌سه‌ڵات
دۆڕابوو ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵینه‌سانایه‌ته‌وه.