ئێمه و ده‌سه‌ڵات
24.05.2011
هه‌تا ڕۆژێک زوتر به
ئازادی بگه‌ین، دره‌نگه.
هه‌تا ڕۆژێک زیاتر
له ده‌سه‌ڵاتدابن، هه‌ر زۆره.
مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی
ئێستا گه‌شتۆته ئه‌و ئاسته‌ی حسابی هه‌موو ڕۆژێک بکه‌ن. له ده‌سه‌ڵاتی هه‌تا هه‌تایه‌وه،
هاتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی که کۆتایه‌که‌ی ببینرێت. له نادیاره‌وه بۆ مێژوویه‌کی
دیاریکراو، بۆ مانگ دوو مانگ ... ساڵ. ئومێدی ئه‌وه‌ی که ڕۆژی ئازادی هه‌ڵدێ، سه‌وز
بووه و خدوتکه‌ی ڕۆحه گه‌نجه‌کان ده‌دات. هیوای دواڕۆژێکی پرشنگدار له‌ده‌م که‌له
و خه‌ریکه هه‌ڵدێت.
له لاکه‌ی تره‌وه،
ده‌سه‌ڵات شپرزه‌یه، داژماردنی ته‌مه‌نی ده‌ستی پێکردووه. که‌وتۆته ده‌موچاو
گۆڕین و له‌ره‌ی ده‌نگ گۆڕین و موکیاجکردنی خۆی. له من و تۆ باشتر ده‌زانێت جبه‌خانه
به‌که‌ڵکی نایه‌ت و له مردن ڕزگاری ناکات. بۆئه‌وه‌ی جڵه‌وی ده‌ستپێشخه‌ری له‌ده‌ست
نه‌دات، جار جارێک هه‌ڕه‌شه و جارجارێکیش به نه‌رمی ده‌ستێک درێژ ده‌کات.
هێستریای ده‌سه‌ڵات
له سه‌ره‌مه‌رگدا، له هه‌ڵچون و داچونێکی دژبه‌یه‌کدا خۆی ده‌نوێنێت. نائومێدانه
ده‌ست بۆ چڵه پوشێکیش ده‌بات، ڕۆژێک بخاته سه‌ر ته‌مه‌نی.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌و
گه‌نجه بیست ساڵه‌ی خاوه‌نی هه‌موو موڵک و ماڵێکه، خاوه‌نی فه‌رمانده‌رکردن و
داموده‌زگای جێبه‌جێکردن و خاوه‌نی چه‌کدار و سه‌رباز و سه‌ربازگه‌یه. خاوه‌نی
پاره‌یه‌کی زۆری نوستووی ناو بانکه‌کانی جیهانیشه، که‌چی توشی شێرپه‌نجه‌ی دڵ
بووه و سور ده‌زانێت لای هیچ دکتۆرێک، له هیچ وڵاتێک چاره‌سه‌ری بۆ ناکرێت و ده‌بێت
ماڵئاوایی بکات. ئاخۆ دوا ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نی چۆن به‌سه‌ربه‌رێت، له کاتێکدا ده‌زانێت
ده‌بێت ئه‌و هه‌موو نازونازدارییه به‌جێبێڵێت؟ ده‌سه‌ڵاتی کوردی کێشه‌یه‌کی تریشی
هه‌یه، هه‌رئه‌وه‌نده نیه که ده‌زانێت ده‌بێت بمرێت، به‌ڵکو ترسی دادگای دوای
مردنه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی هه‌راسانی کردوه و بڕستی لێ بڕیوه. ده‌سه‌ڵات خه‌ریکه توشی فێ ده‌بێت. سه‌ره‌تای
هه‌واڵه‌که ده‌رگای له‌سه‌ر خۆی داخست و تا مانگێک قسه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سدا نه‌کرد.
دواتر که‌وته په‌لاماردان و ئه‌یویست داروبه‌رد له‌داخی ژیانی خۆی بسوتێنێت،
دوایی خه‌ڵک و خوا قسه‌یان بۆکرد و تۆزێک هێوربووه‌وه. ئێستا ده‌ستێکی له‌ملایه
و ده‌ستێکی له‌ولا. ده‌ستێکی به دڵیه‌وه‌یه‌تی و ده‌ستێکی درێژ ده‌کات بۆ یارمه‌تی.
له پڕێکدا به هه‌ردوو ده‌ستی په‌لامار ده‌دات. شاره‌زایان ده‌ڵێن جگه له‌وه‌ی
که ده‌رده‌که‌ی کوشنده‌یه، دواڕۆژه‌کانی ژیانیشی شێت ده‌بێت، دو‌ریش نیه ده‌ستبوه‌شێنێت.
ئێمه‌ی میلله‌ت له
گه‌نج و پیر و منداڵ پێکهاتووین. ئێمه له مردن ناترسین، ئێمه نامرین، ئێمه
خودی ژیانین. ئێمه له گله‌یی زیاتر، دادگایی ناکرێن.
ئێمه‌ی میلله‌ت،
ئێمه‌ی هه‌میشه دڵ و ده‌رون گه‌وره، زۆرجار له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌وره، ده‌بێت
یارمه‌تی ده‌سه‌ڵات بده‌ین و نه‌هێڵین زۆر به‌و ئازاره‌وه بتلێته‌وه. هه‌ر چیه‌ک
بێت له خۆمانه و نابێت بهێڵین ببێته گاڵته‌جاڕی ده‌رودراوسێ. ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌زۆریش
بێت قه‌ناعه‌تی پێبکه‌ین که زوتر بکشێته دواوه و خۆی ونکات، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌هاته
سه‌ربار، ده‌بێت پێشوه‌خت یارمه‌تی مردنی بدرێت. ئێمه نابێت ده‌سته‌پاچه بوه‌ستین.
ده‌سه‌ڵات نه‌خۆشه و نه‌خۆشیه‌که‌ی کوشنده‌یه و له‌لای که‌سیش چاره‌سه‌ری نیه،
له ڕاستیدا له ئێمه زیاتر که‌سی تری نیه و که‌س شک نابات په‌نای بۆبه‌رێت. ده‌سه‌ڵات
ئه‌وه‌نده‌ی خۆمان ده‌یناسین هه‌رگیز خۆی ئه‌و داوایه له میلله‌ت ناکات و لوتبه‌رزیه‌که‌ی
ڕێگه‌ی پێنادات. ئێمه ده‌بێت خۆمان ئه‌وه بخوێنینه‌وه، پێویست به وتن ناکات.
ده‌سا ئه‌ی میلله‌ت
هه‌ڵمه‌تێک، ئه‌م باره ده‌رونیه بۆ ئێمه‌ش خۆش نیه. زه‌مه‌نی چاوه‌ڕوانیی زه‌مه‌نێکی
درێژه و هه‌ر نابڕێته‌وه. نه ئێمه پێویست ده‌کات ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕوانبین تا
ده‌سه‌ڵات به‌لادا ده‌که‌وێت، نه پێویسته ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده به‌و ده‌رده‌وه
بتلێته‌وه. ته‌نها ساتی بڕیار سه‌خته، ده‌نا یه‌که‌م هه‌نگاو ده‌روازه‌ی زه‌مه‌نێک
واڵاده‌کات، که له چه‌ند چرکه‌یه‌کدا ئیشی چه‌ند ساڵێک ده‌کرێت. دودڵی و ڕاڕایی
پێناوێت، به‌ڵکو دلێریی و بوێرییه‌کی گه‌ره‌که، که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌نگاوی
دووه‌می به‌دواداهات، ئیتر ئه‌مجاره پێویست به ڕاوه‌ستان و بیرلێکردنه‌وه ناکات.
هه‌موو شته‌کان ئاشکرا بوون ئێمه ئازادیمان ده‌وێت و ده‌سه‌ڵات به‌و هه‌موو نه‌خۆشیه‌یه‌وه
ڕێگره و ده‌می مێژووی به‌لای خۆیدا چه‌مانۆته‌وه و ناهێڵێت له خۆی زیاتر که‌س
له ئازادی به‌هره‌مه‌ند بێت.