ترس له ئازادی
13.05.2011
جام ده‌ڵێت بشکێم نه‌ک
بزڕێم. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێمه زڕاوه و به زه‌بری هێز قاوغه‌که‌ی خۆی ڕاگرتوه.
ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ئه‌و پارچه پارچانه پێکه‌وه ڕاده‌گیردرێت، له‌سه‌ر هیمه‌تی جه‌ماوه‌ر
وه‌ستاوه که که‌ی پاڵی پێوه ده‌نێت و ده‌یشکێنێت.
زمانی ڕاگه‌یاندنی
ده‌سه‌ڵات زۆر له خوار بازاڕییه‌وه‌یه و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ میلله‌ت زۆر
دڕندانه و شه‌ڕئه‌نگیزانه‌یه. ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت لۆژیکی ئه‌قڵ، له‌ده‌ستیداوه
و په‌له‌قاژێی مه‌رگ په‌لاماری هه‌موو گریمانه‌یه‌کی پێده‌دات که خۆی
پێڕزگاربکات.
ده‌سه‌ڵات له گرێبه‌ستی
نه‌نوسراوه‌ی نێوان خۆی و میلله‌تدا گه‌وره‌ترین به‌ندی له‌ده‌ستداوه، ئه‌ویش
دۆڕاندنی متمانه‌یه. ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیه‌وه ماوه‌ته‌وه، کۆمه‌ڵێ چه‌کدار،
پاره له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌تا ئێستا له‌به‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌خۆن. له
ڕاستیدا به ژماره له‌چاو کۆی میلله‌تدا له‌سه‌دا یه‌کیش پێک ناهێنن. ڕۆژ به ڕۆژ
قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵات به درۆکانی، له چاوی خه‌ڵکدا بچوکده‌بێته‌وه و په‌تی بڕوای
جه‌ماوه‌ر به ده‌سه‌ڵاته‌وه له یه‌که‌م ته‌قه‌وه له خۆپیشانده‌ران، پچڕاوه.
ده‌سه‌ڵات له ده‌مێکدا
گیانه‌ڵا ده‌دات که ئه‌و سه‌رمایه زۆره‌ی پێکیه‌وه ناوه، فریایناکه‌وێت، که
خه‌ڵکانێک نه‌بن فریوبدرێن. واته له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵات هه‌موو گه‌مه‌کانی خۆی
تاقیکرده‌وه پێش ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ هێزی چه‌کدار ببات وه‌ک دوا چاره‌سه‌ر، که هه‌موو
کاتێک په‌نابردن بۆ توندوتیژی، وه‌ک دوا کارت به‌کار ده‌هێنرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له
کوچه و کۆڵانه‌کانی کوردستاندا ده‌یبینین، ئه‌و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و سه‌رکوتکردن
و په‌خشکردنی ترس و هه‌ڕه‌شه کردنه، هه‌مووی ده‌لاله‌تی به‌کارهێنانی دوا کارتی
ده‌سه‌ڵاتێکه که بڕوای به مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا نه‌ماوه. به
کورتیه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ستی له‌خۆی شۆریوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ونه و ئا لێره‌دا ده‌بێت
له‌سه‌ری ڕابوه‌ستین، ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕیی به‌رامبه‌ره‌که‌یه‌تی که ڕوبه‌ڕوی
ببێته‌وه و دیار نیه. ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕێی ئه‌و ده‌سته‌یه پاڵه‌که‌ی پێوه بنێت
و دایڕمێنێته خواره‌وه، له سه‌ره‌مه‌رگدایه و چاوه‌ڕێی دوا فیشه‌کی ڕه‌حمه‌ته.
دیسان به‌ڵام کوا ئه‌و هێز و ده‌ستوبازوه که ئه‌و ده‌مانچه‌یه هه‌ڵگرێت و ئه‌و
فیشه‌که بته‌قێنێت؟
دانیشتوانی هه‌ولێر
و دهۆک بۆ نه‌یانوێرا خۆپیشاندان بکه‌ن؟ خه‌ڵکی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بۆ
چونه‌وه ماڵه‌وه که چه‌کداره‌کان مه‌یدانه‌کانی ئازادیان داگیرکرد؟ به‌ره‌ی
ئۆپۆزیسیۆن بۆ به ڕه‌سمی نه‌چونه ناو خۆپێشانده‌رانه‌وه؟ هه‌ڵه‌که له کوێدایه؟
ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ی
دوا ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خۆیه‌تی و مه‌یدانه‌که هه‌ر خۆی تێدایه و به‌رامبه‌ره‌که‌ی
ونه. له کاتێکدا ده‌زانین که هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ناتوانێت به‌رگه‌ی ئیراده‌ی ڕاپه‌ڕیوی
میلله‌ت بگرێت و نمونه زیندوو و نزیکه‌کان هه‌ر له چوارده‌وه‌ری خۆماندایه.
ئه‌ی که‌واته له
کوێدا ده‌بێت به دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێین؟
که‌س بڕوای به‌م ده‌سه‌ڵاته
ناماوه، میلله‌ت خاوه‌نی ئیراده‌ی ڕوخاندنه، به‌ڵام ڕوانگه‌ی بۆ دامه‌زراندن ته‌ڵخ
و نادیاره. ئه‌وه‌ی لێی به‌گومانه، دوای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه و بڕوا ناکات که
ئازاد بێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵک لێی ده‌ترسێت ئازادیه. چۆن بڕوا بکات که
ده‌توانرێت ده‌سه‌ڵاتێک دامه‌زرێنرێت که که‌سی تیا فریو نه‌درێت، درۆ له‌گه‌ڵ که‌سدا
نه‌کرێت، دزی له میلله‌ت یاساغ بێت و که‌س به ناحه‌ق زیندان نه‌کرێت و مافی که‌سی
تیا پێشێل نه‌کرێت؟ به چیدا بڕوا بکات وه‌کو مرۆڤ سه‌یر ده‌کرێت؟ چۆن دڵنیابێت که
ئیتر به‌سوک سه‌یر ناکرێت و سوکایه‌تی به که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تی ناکرێت؟ ئه‌وه‌ی
هاتووه و ڕۆشتوه هه‌مان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کردوه و درێژه‌ی به ڕه‌تاندن و به‌هیچ
سه‌یرکردن و بێنرخکردن داوه، به چیدا بزانێت ئه‌وه‌ی که دێت جیاوازه و کۆتایی
به‌و سه‌رده‌مه دێنێت؟
له هه‌مووی گرنگتر
چۆن ئازاد بێت؟ ئازادی مانای چی؟ ئایا ئیتر که‌س ناتوانێت ئیراده‌ی ژیانی
داگیرکات؟ ئایا ئیتر که‌س مافی ژیانی لێناسه‌نێته‌وه؟ ئایا تا مردن ژیانی خۆی و
خێزانه‌که‌ی مسۆگه‌ر ده‌بێت؟ ئایا دڵنیا ده‌بێت له دواڕۆژی منداڵه‌که‌ی؟ ئایا ده‌توانێت
به‌بێ ئه‌وه‌ی بترسێت و توشی لێپرسینه‌وه‌ی ئاسایش بێت، ڕه‌خنه‌بگرێت؟ ئایا ئیتر
که‌س نیشتیمانه‌که‌ی تاڵانفرۆش ناکات و لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت؟ چۆن بڕوا به‌و هه‌موو
ناز و نازداریه بکات که ده‌شێت تێیبکه‌وێت؟ ئه‌و که فێری مه‌مره‌مه‌ژی و ڕاونان
و تۆقاندن و قۆڵبڕین و خڵه‌تاندن و درۆله‌گه‌ڵدا کردن و حه‌قخوران بووه، چۆن ده‌توانێت
بڕوا به‌وه بێنێت که له هه‌موو ئه‌وانه ڕزگاری ده‌بێت و ئازاد ده‌بێت، سه‌ربه‌ست ده‌بێت،
له ژیانی خۆیدا سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت؟
ئه‌وه‌یه ترس له
ئازادی، ئه‌وه‌ی که ئێستا له‌به‌رده‌ستدایه ژیانه کوله‌مه‌رگیه‌که‌یه و پێستی
سه‌رده‌رکردنه‌که. نه شه‌ڕ نه ئاشتی، کێ ئازایه بمێنێته‌وه و سه‌رکزکات.
وه‌ک چۆن ده‌سه‌ڵات
تاڵه مویه‌کی به ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه ماوه‌ته‌وه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌مڕۆ
مرۆڤی کورد تاڵه مویه‌کی به ترسه‌وه ماوه‌ته‌وه. ئه‌و تاڵه موانه ئالوده‌ی یه‌کتر
بوون و پێکه‌وه ده‌پسێن. له ساته‌وه‌ختی پسانی تاڵه‌موی ترس‌دا، ساته‌وه‌ختی
ڕوخانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نامرۆڤانه‌یه‌یه و سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌که
که ئازادی به‌ردی بناغه و هێز و توانایه‌تی. له ئازادی‌دا نرخه‌کان ده‌چنه‌وه
جێگه‌ی خۆیان و به‌هاکان ده‌رده‌که‌ون و به‌هره‌کان خونچه ده‌که‌ن. ژیان ته‌نها
له ئازادیدایه و هه‌موو فۆرمه‌کانی تری ژیانی ژێرده‌سته‌یی پێی ناوترێت ژیان، که
مرۆڤ ئیراده‌ی ژیانی خۆی له ده‌ست خۆیدا نه‌بێت.