ده‌سه‌ڵاتی کوردی وه‌ک
دژی گه‌شه‌ی سروشتی
07.05.2011
من بۆ ناتوانم بیر
له خۆم بکه‌مه‌وه، بیر له ژیانم بکه‌مه‌وه، بیر له مرۆڤ بکه‌مه‌وه؟ من بۆ
ناتوانم بیر له جیهان بکه‌مه‌وه، بیر له گه‌ردوون بکه‌مه‌وه، بیر له خودا بکه‌مه‌وه؟
چی ڕێ له من ده‌گرێت؟
من بۆ ئه‌وه‌نده بچوککراومه‌ته‌وه که ناتوانم سه‌ربه‌رزبکه‌مه‌وه؟
هه‌رچیه‌ک که بوونی
هه‌یه، به گه‌ردونیشه‌وه، له گه‌شه‌کردنێکی به‌رده‌وام دایه، له جوڵه‌دایه.
وه‌ستان و چه‌قبه‌ستن بوونی نیه. ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌ژین،
ملیۆنه‌ها ساڵه له گه‌شه‌کردن و گۆڕاندایه. ته‌نانه‌ت دوو ڕۆژی ته‌مه‌نی وه‌ک
یه‌ک نیه، به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه.
کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی
به‌شێکی ئۆرگانیی سروشته و وه‌ک هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی تر پێویستی به ژینگه‌یه‌کی
له‌بار هه‌یه بۆئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی سروشتی خۆی بکات، به‌ڵام ژینگه‌ی مرۆڤ ته‌نها له‌وه‌ڕ
نیه وه‌ک ئاژه‌ڵ، ته‌نها زه‌ویه‌کی به‌پیت نیه وه‌ک ڕوه‌ک. مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی
قسه‌که‌ره، بیرکه‌ره‌وه‌یه، له‌وڕێگه‌یه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا په‌یوه‌ندی
دروستده‌که‌ن و پێکه‌وه ده‌ژین. مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه، واته هه‌ست
به‌خۆکردنی له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانی تره‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئه‌و فه‌زا کۆمه‌ڵایه‌تیه
پێویسته ئازاد بێت بۆئه‌وه‌ی تاکه‌کان بواری خۆده‌رخستن و خۆده‌رهاویشتنیان بۆ
بڕه‌خسێت، له‌و فه‌زا ئازاده‌دا، له په‌یوه‌ندی و به‌ریه‌ککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی
تردا، ده‌توانێت خۆی بدۆزێته‌وه که چیه و که کێیه. به‌مه‌ش پێگه‌یه‌ک داگیرده‌کات،
یاخود ده‌یخولقێنێت که بونی خۆی تیا بسه‌لمێنێت. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه به بوونی
خۆی ده‌گاته‌وه و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ئه‌و مێژووه‌ی تیایدا له‌دایکبووه ده‌گونجێت.
کاتێک له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌که‌وه،
به هۆی ده‌سته‌یه‌که‌وه، ئه‌و فه‌زا ئازاده ته‌سکده‌کرێته‌وه، ده‌گمه‌نیی ده‌خرێته‌وه،
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا به ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌برێن که به پله‌ی یه‌که‌م ده‌سه‌ڵا‌تبه‌ده‌ستان
سودمه‌ندبن تیایدا. کاتێک ئاشتی و ئارامی هه‌ڵده‌گیردێت و ترس له‌جێگه‌ی نیشته‌جێ
ده‌بێت، ده‌بێته هۆکاری ده‌ستخسته ناو ڕه‌وتی سروشت و له‌هه‌مان کاتدا مێژووه‌وه،
چونکه مرۆڤ جیا له بونه‌وه‌ره‌کانی تر ته‌نها ڕه‌هه‌ندی سروشتی نیه، به‌ڵکو له‌ناو
مێژوودا ده‌جوڵێته‌وه و گه‌شه ده‌کات. هه‌موو ده‌ست تێوه‌ردانێت له‌و ڕه‌وته،
شێواندن و ڕێگه لێگرتنه له گه‌شه سروشتیه‌که‌ی خۆی. ئه‌گه‌ر بکرێت بچوێنرێت به‌وه‌ی
که وه‌ک ئه‌وه وایه به‌ردێک بخرێته سه‌ر نه‌مامێک و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی
لێبکرێت که گه‌وره‌بێت. ئه‌و نه‌مامه یا ئه‌وه‌نده به‌هێز ده‌بێت که ورده
ورده پاڵ به به‌رده‌که‌وه ده‌نێت، یاخود هه‌وڵده‌ده‌دات خۆی لێ لادات و له که‌نارییه‌وه
گه‌وره بێت. ئه‌گه‌ر هیچیانی پێنه‌کرا، ئه‌وا هه‌تا به‌رده‌که له‌سه‌ری بمێنێته‌وه
ناتوانێت گه‌وره‌بێت، که ڕه‌نگه به زیندوێتی ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ژێر به‌رده‌که‌دا
بمێنێته‌وه.
هه‌موو مرۆڤێکیش به‌جیا
ژینگه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، جگه له ژینگه گشتیه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا که تیا له‌دایکده‌بێت
و تیا گه‌وره ده‌بێت. دیسانه‌وه یا ده‌بێته ڕێگر، یا ده‌بێته ڕێخۆشکه‌ری گه‌شه‌ی
داهاتوی.
که مرۆڤ نه‌خۆش ده‌که‌وێت،
له‌ش/ مێشک په‌یامێک ده‌نێرێت، که یا خراپبه‌کارهێنراوه، یا پشتگوێخراوه، یاخود
خاوه‌نه‌که‌ی بۆته ڕێگری گه‌شه سروشتیه‌که‌ی که پێویسته چاره‌سه‌ر بکرێت. نه‌خۆشی
ئاگادارکردنه‌وه‌یه که پرۆسه‌ی گۆڕان و گه‌شه‌کردن نابێت بوه‌ستێت. ئه‌وه
سروشتی مرۆڤایه‌تیه له هه‌ر جێگه‌یه‌که‌وه هاتبێت. ئێمه ئیش له‌سه‌ر فاکتاکان
ده‌که‌ین، نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ وایه.
ئه‌مڕۆ ئێمه له کوردستانی
ئێراقدا چیتر ژێرده‌سته‌ی داگیرکه‌ری بێگانه نین. خاوه‌نی کۆمه‌ڵگاین و خۆمان فه‌رمانڕه‌وامان
هه‌یه و ماوه‌ی بیست ساڵه فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت
ده‌موچاوه‌کانیش بگوڕدرێن. ئێمه له به‌رده‌م کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتیداین که
سوپای هه‌یه، ئاسایشی هه‌یه، ده‌زگای هه‌واڵگری هه‌یه، ده‌ستی گرتوه به‌سه‌ر
سامانی سروشتی‌دا، په‌یوه‌ندی ناوچه‌یی و تاڕاده‌یه‌ک جیهانی هه‌یه. به کورتیه‌که‌ی
ئێمه له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژین، مانه‌وه‌ی خۆی به پشتبه‌ستن به‌و ئابوریه‌ی له‌ژێر
ده‌ستیدایه، به‌و ده‌زگا میدیایه‌ی به‌کاریده‌هێنێت و به‌و هێزه سه‌ربازیی و
ئاسایش و هه‌واڵگریه‌ی هه‌ڵیده‌سوڕێنێت، مسۆگه‌رکردوه. واته ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌که‌مان
له ناوه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادایه نه‌ک وه‌ک پێش‌و له‌ده‌ره‌وه که دوژمنێکی بێگانه
یاری به چاره‌نوسمان ده‌کرد و له‌سڕینه‌وه‌ی ئیراده و شوناسماندا بوو. ئه‌مڕۆ
دوژمنی ده‌ره‌کیمان نیه، به‌ڵکو هه‌ر دوژمنمان نیه و له پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیداین.
له ده‌رکپێکردنی پێویستی مرۆڤداین، ده‌مانه‌وێت له ده‌رگای مێژوو بده‌ین، ده‌مانه‌وێت
به مرۆڤ بژمێردرێین. ماوه‌ی بیست ساڵ به نیسبه‌ت مێژووه‌وه ماوه‌یه‌کی که‌مه،
به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی سته‌م دیده یه‌کسه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌موو ئه‌و مێژووه
ژێرده‌سته‌ییه‌ی که به‌سه‌رمان بردوه. ماوه‌ی بیست ساڵ له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆره،
له حاڵه‌تێکدا که ده‌زانین ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابوردوو، مرۆڤایه‌تی چه‌ندین
بازی گه‌وره‌ی داوه له هه‌موو بواره‌کانی ته‌کنه‌لۆژیا و زانست و کۆمه‌ڵناسی و
فه‌لسه‌فه و هتد. مرۆڤایه‌تی بازێکی گه‌وره‌ی داوه له بواری مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌وه‌ی
له‌و ماوه کورته‌دا ڕویداوه، به‌رامبه‌ر به چه‌ندین سه‌ده‌یه. له‌و ماوه‌یه‌دا
شێوازی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گۆڕانێکی دیموکراتیانه‌ی به‌خۆوه بینیوه. داڕمانی
سیسته‌می کۆمۆنیستی سۆڤیه‌تی له جیهاندا، به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی
کۆمه‌ڵگای ئازاد‌دا لابرد و هیوایه‌کی تری دایه‌وه به میلله‌تانی سه‌رکوتکراو. ئه‌و
مێژووه‌ی بۆ ماوه‌ی هه‌فتا ساڵ به‌ده‌ستی کۆمۆنیسته‌وه لایه‌کی جیهانی سڕکردبوو،
به‌ربوو و ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی برده‌وه باره سروشتیه‌که‌ی خۆیان.
ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی
ئێمه‌ی کورد دره‌نگ به ده‌سه‌ڵات گه‌شتن، زه‌مه‌نه‌که‌یان له‌گه‌ڵ کۆمۆنیزمدا به‌سه‌رچووبوو،
به‌ڵام ئه‌مڕۆ جڵه‌ویان له‌ده‌ستدایه. وه‌کو دره‌نگ پیاگه‌یشتن، به هه‌ڵپه که‌وتنه
گیانمان و مێژوویان بۆ کورتکردینه‌وه و کردیان به سه‌روه‌ری خۆیان، له قاڵبی حیزب‌دا
به‌رهه‌میانهێناین و له درۆدا په‌روه‌رده‌یان کردین. له زه‌مه‌نێکدا ده‌ستیان
خسته قورگی ئازادی که ناتوانرێت میلله‌ت سه‌رببڕێت. ده‌یانه‌وێت ئه‌قڵیه‌تێک په‌یڕه‌وبکه‌ن
و داچه‌سپێنن که خه‌ریکه ده‌چێته مۆزه‌خانه‌وه.
له زه‌مه‌نێکدا ده‌یانه‌وێت
ده‌م و گوێ و چاومان داخه‌ن که تۆڕی په‌یوه‌ستبوونه‌وه هه‌موو جیهانی بڕیوه. ئه‌وی
بۆ سه‌دام حوسه‌ین بۆ ماوه‌ی سی ساڵ چوه‌سه‌ر و جڵه‌وه‌ی مێژووی ئێراقی به‌ده‌سته‌وه
بوو، بۆ ئه‌مان پرۆسه‌یه‌کی مه‌حاڵه. ئه‌م بیست ساڵه‌ی ڕابوردوو، له سی ساڵی پێش
خۆی ناچێت. یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت زۆر به زه‌بروزه‌نگتر بن، یا ئه‌وه‌تا هه‌موو
ئامڕازه‌کانی په‌یوه‌ستبوونه‌وه قه‌ده‌غه‌بکه‌ن وه‌ک ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و ئنته‌رنێت
و مۆبایل و کۆمه‌ڵگا ته‌لبه‌ند بکه‌ن و ڕێگه‌ی هاتوچوی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببڕن، وه‌ک
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حوسنی موباره‌ک و قه‌زافی و علی ساڵحی یه‌مه‌ن که بۆیان نه‌چوه‌سه‌ر.
ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی
کورد له ماوه‌ی بیست ساڵدا نه‌ک هه‌ر ده‌یانتوانی کوردستان بکه‌ن به دوبه‌ی، به‌ڵکو
ده‌یانتوانی بیکه‌ن به ئه‌وروپایه‌کی بچوک و میلله‌ت و مێژوو هه‌تا هه‌تایه
شانازیان پێوه بکات. هه‌موو تواناکان ئاماده بوون، زۆربه‌ی هه‌لومه‌رجه‌کان له‌بار
بوون، چاوی جیهانمان له‌سه‌ر بوو ده‌توانرا هه‌موو کۆمه‌کێک وه‌ربگیردرێت. زۆربه‌ی
کوردی هه‌نده‌ران ئاماده بوون بگه‌ڕێنه‌وه و کوردستان ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه و
بازوی لێهه‌ڵماڵن و کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ بنیاتبنێنه‌وه. ئێوه نه‌ک هه‌ر ڕێخۆشکه‌ر
نه‌بوون ئه‌و هه‌موو گه‌نجه ئاماده‌کرا و پڕ له گیانی دیموکراتیه بگه‌ڕێته‌وه
کوردستان، به‌ڵکو حه‌زیشتان ده‌کرد ئه‌وه‌ی تۆزێک بیربکاته‌وه، چۆڵیبکات و بۆتان
به‌جێبهێڵێت. خوا ڕه‌حمی به کورد کرد که ئه‌وروپا سیاسه‌تی په‌ناهه‌نده‌یی زۆر
ته‌سککرده‌وه.
نه خۆتان هیچتان
کرد، نه هێشتان که‌سی تریش هیچ بکات. ئه‌مڕۆ ڕوبه‌ڕوی چاره‌نوسی کرداره‌کانی
خۆتان بونه‌ته‌وه،به‌رامبه‌ر به میلله‌ت و به مێژوو و به جیهان، ده‌تانه‌وێت
ڕایبگرن و دوایبخه‌ن. چاره‌نوسی ئه‌مڕۆتان له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابوردودا چنیوه
و به ئاسانی نه ده‌سڕدرێته‌وه، نه ده‌توانن لێی ده‌ربازبن.
ئێوه ئه‌و به‌رده‌ن
له‌سه‌ر دڵی گه‌شه‌کردنی مێژووی ئێمه که ده‌بێت لاچن و ئێمه‌ش بگه‌ینه‌وه به
گه‌شه‌ی سروشتیی و مێژوویی خۆمان.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا
وتمان که بۆچی ئێمه ناتوانین بیر له خۆمان، له مرۆڤ، له جیهان، له گه‌ردوون،
له خودا بکه‌ینه‌وه، بۆ کۆتایی ئه‌م باسه، وه‌ڵامه پوخته‌که‌ی ئه‌وه‌یه:
چونکه ئێمه له هه‌موو جوانیه‌کی ژیان بێبه‌ری کراوین. نازانین چێژ چیه، خۆشی
چیه، ته‌نانه‌ت ئێمه مرۆڤی پله دووش نین، ئێمه بووین به بونه‌وه‌رێک له خوار
مرۆڤه‌وه. پێستی پشتمان ئه‌ستوره بۆ قامچی و ده‌ستمان گه‌وره بۆ ئیش. بۆمان نیه
ده‌نگ له ئاستیاندا به‌رزبکه‌ینه‌وه، چاومان نابێت له زه‌وی زیاتر ببینێت.
بۆمان نییه خۆمان به خاوه‌نی هیچ بزانین. له وڵاتی خۆشمان‌دا ده‌بێت به‌دزیوه
بژین.
ئه‌وه وه‌سفی کۆیله
ڕه‌شپێسته‌کانی دووسه‌د ساڵ له‌وه‌وپێش نیه، ئه‌وه بارودۆخی زۆربه‌ی میلله‌تی
کورده له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا.
ئێمه بوینه‌ته‌وه
به کۆیله و چه‌ند سه‌د که‌سێکیش بوون به خوا.