2. maj 2011

ڕۆشنبیریی و ده‌سه‌ڵات/ پێداویستی ڕۆشنببیریی


ڕۆشنبیریی و ده‌سه‌ڵات/ پێداویستی ڕۆشنببیری

1
ده‌بێت ڕۆشنبیر هه‌بێت، ده‌بێت ده‌سته‌ی پێشه‌نگ هه‌بێت و ئامڕازی گه‌یاندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێنرێت. هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ مرۆڤ و پێداویستییەکانى ئەوەندە ئالۆز نین و دەتوانرێت ڕاست و ڕەوان بیری لێبکرێتەوە و ڕێگه‌ چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە و پڕبکرێتەوە بەبێ ئەوەى کردارى بیرکردنەوە ببێ بە ئامێرى وشیارکردنەوە.
ئێمه‌ لە چى وشیار ببێتەوە، ئەگەر کەس هەڵنەخڵەتێنرێت و بە خراپ بەکارنەهێنرێت و ئەشکەنجە نەدرێت و لەخشتە نەبرێت؟ ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ هه‌ن و ڕۆژانه‌ ڕوده‌ده‌ن و به‌رده‌وامن و پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی ده‌رونیی و جه‌سته‌یین له‌سه‌ر هاووڵاتیان.

ئەگەر بە سروشتى کردارى گەشەکردنی کۆمه‌ڵگا بڕۆشتایە، کە نەدەڕۆشت و هەر دەبوایە بەو ئاڕاستەیەدا بگوزەرانرایە، چونکە خاوەندارێتى و خۆپەرستیى غەریزیى و غه‌ریزه‌ی گەشەپێدراو، لە پێش ئەوەوەیە کە مرۆڤ لە سەر تێرییەوە بیریکردبێتەوە. ئه‌و کاته‌ی بەشێک گەشتە تێرى و دەرکى بەوه‌ کرد کە چەند خوار ڕۆشتووە، تازە کار لەکار ترازابوو. ئیتر خاوەندارێتى و خۆپەرستى بووبوو بە بەشێک لە سیسته‌م و دەسەڵات. بۆیە دەڵێین ئەو ئەنجامى گەشەکردنەى ئەمڕۆ دەبوایە بەو ئاڕاستەیەى ئەمڕۆدا بڕۆشتایە کە پیاڕۆشتووە.
واتە پێداویستى مادى و فکرى پێکەوە گەشەیەیان نەکردووە و بواری تیا نه‌بووه‌، بۆیە هەمیشە فکر بوە بە ئامرازى دەستى پێداویستیى مادى و لە خزمەتیدا بەکارهێنراوە.

که‌ بەشێک لە فکر هەڵگرى همومى مرۆڤایەتییە و پێداویستى گیانى و سەلماندنى هەقى بەدوادا دیت بۆ ئەوەى یەکەیەک پێک بێت لە ڕوبەڕوبوونەوەى کێشە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکاندا، ئەوا لە پێشدا دەبێت ئەو ململانێ گەورەیە بکات کە جیگەى خۆى بکاتەوە، خۆی وه‌ک به‌دیلێک بخاته‌ڕو و ببێته‌ سەردارى ڕیکخەرى پێداویستى و دابینکردنى بە شێوەی کردەوەیى.

هه‌رچه‌نده‌ هەتا ئیستا دەسەڵاتى ژێر چنگ نەکەوتووە و لە تەوەرێکى تەسکدا دەخولێتەوە و بوارى سەردەرهێنانى پێنادرێت، نەک ڕێگەى سەردارى وەرگرتن. کەواتە ئیشەکەى دەبێت بەوەى کە زەمینە بۆ خۆى پەیداکات و جێگەى خۆى بکاتەوە و خەڵک تێبگەیەنێت کە دەبێت سیسته‌مەکە بگۆڕدرێت و دوایى بە ساکارى خۆیان بژین. به‌ڵام کێشەکە لەوەدایە کە ساکارییەکە ئەوەندە زاڵە، بوارى ئەوە نادات کە فکر جێگەى خۆى بکاتەوە و یەکجار مرۆڤایەتى ڕزگارى بێت. ئەمە جگە لەوەى کە باسى بەرهەمهێنانى سارکارى و ساویلکەى ناکەین کە سیاسەتیکى پەیڕەوکراوە بۆ گەمژەکردن و گومڕاکردنى کومەڵانى خەڵک.
سیسته‌مەکانى ئەمڕۆ هەتا لایەنێکى ساکارى ژیان دابین دەکەن، ئەوەى کە کۆمەڵانى خەڵک پێویستى پێیەتى، لە هەزار لایەنى ترەوە خراپ بەکاریدەهێنن، بەو له‌خشتنه‌بردنه‌ی کە هەرئەوەندەى تیا دەبێت.

لەبەرئەوەى هەڵخڵەتاندن هەیە، ئەوا دەبێت لە بەرامبەریدا بەرگریى هەبێت، وشیارکردنەوە هەبێت بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو بارودۆخە. وشیارکردنەوەش پێویستى بە کۆمەڵێک شارەزا و لێکۆڵەرەوە هەیە. واتە دەستەى پێشەنگ، دەنا پێشەنگایەتى پێویست ناکات هەبێت (هەڵبەتە هەر بوونى دەمێنێت، به‌ڵام لە فۆرمێکى تردا، کۆمه‌ڵێک دانا که‌ ده‌توانن پیلانی ژیانێکی باشتر داڕێژن) هەتا حه‌قیقه‌ت لە خەڵک بشاردرێتەوە و ڕۆژى هەزارەها تاوان بکرێت، ئەوا ڕۆشنبیر دەبێ بوونى خۆى بسەلمێنێت بە لەڕوهەڵماڵینى ئەو حاڵەتانە/ ڕوداوانە و ژمارەیەکى زۆر ئاگادارکاتەوە لەوەى کە چى لە واقیعدا ڕودەدات.

کێشەکە لە دابەشکردندایە کە هەر کەس وایان ڕاهێناوە کە تەنها خۆى هەیە و دەبێت هەر کەس بە دواى ژیانى خۆیدا ڕاکات. ئەم پەیڕەوە دەبوایە تەنها لە جیهانى ئاژەڵدا قه‌تیس بمایه‌ و درێژنەبوایەتەوە بۆ ناو جیهانى مرۆڤ. دەنا ئەگەر مرۆڤ مرۆڤ بێت له‌یه‌کتری سڵناکەنه‌وە، ئەوا هەموو کەس پێکەوە هەن و هەموو کەس پێکەوە دەتوانن بۆ ژیانێکى باشتر و دابینکراوتر هەوڵبدەن کە ناتوانرێت ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک تەنانەت بهێنرێتە پێشچاویش کە چ ژیانێک دەبێت.

هەتا ئیستا تەنها ڕەنگوبۆیەکى ئەو ناوەرۆکە کۆمەڵایەتیە بە پەیوەندیەوە هەیە و شێوە سروشتیەکەى ماوەتەوە، به‌ڵام هێندە تەسککراوەتەوە کە ئەگەر بڵێین نزیکترین پەیوەندى کە پەیوەندى ژن و پیاوە، ئەوا لە سەر پەیڕەوى دابڕان و دابەشکردن داڕێژراوە و بە شێوازێکى تر بەیەکەوە گرێدراوەتەوە کە زیندوێتى تیادا خنکێنراوە و تینى لێبڕاوە. زۆربەى زۆرى پەیوەندییەکان هاتۆتە سەر خۆبەتاڵکردنەوە لە ڕێگەى زمانەوە، له‌ ڕێگه‌ی قسه‌کردنه‌وه‌.

2

لەگەل ڕودانى هەر واقیعەیەکدا، دەبێت هەڵسەنگاندنێک بە دوایدا بێت و هەوڵى ئەوە بدرێت کە نرخەکان/ به‌هاکان لە جێگەى خۆیاندا دابنرێن یاخود بخرێنەوە جێگەى خۆیان کە پڕاوپڕى خودى ئەو واقیعەیە بێت. هەڵسەنگاندنێک لە دەرەوەى ئەو ڕوداوەوە کە ڕودەدات و دەبێت ناکەسێتى بێت. ساغکردنەوەى هەر واقیعەیەک بە شێوەیەکى گشتگیر، هەڵسەنگاندنێکى بێلایەنى دەوێت، کە چاودێربێت بەسەرییەوە. یاخود ئەگەر بڵێین چاودێرێک لە دەرەوەى زەمینەى واقیعەوە هەبێت، ئەوسا ڕودانى واقیعەتەکان زیاتر لە بوارى مەعقولدا خۆى دەنوێنى وەک لەوەى کە تەنها هەڵسەنگاندنێک بێت بە دوایدا، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى بڕیاردانى هەبێت. ئەو دەسەڵاتى هەڵسەنگاندنە، واڵاکردنى حەقیقەتێکە کە نە زۆربە دەنگى بۆ دەدات، نە بەهێز، نە لاواز، نە دەسەڵاتدارێتى سەردەست. ئەوە سەردارێتى ئەو ئامانجانەیە کە مرۆڤایەتى بە نائاگایی لە یەکەم ڕۆژى ژیانى بە کۆمەڵییەوە بەرەو ڕوى ڕۆشتووە. لە نائاگایی مرۆڤدا کە بەرەو سەلامەتى، خۆپاراستن، چیژ، جوانکارى.. دەڕوات.

نەبوونى ئەو سەردارێتیە بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە بابەتیە، بوار دەکاتەوە بۆ دەسەڵاتدارێتى سەردەست کە ڕەوتی ئەو ئامانجە مرۆڤایەتیە خاوکاتەوە و درێژیبکاتەوە، لە لایەکى تریشەوە ڕێگە خۆش دەکات و چاوپۆشى دەکات لەوەى کە هەڵەکان دووبارە بێتەوە، نەک بە نائاگایی، بەڵکو بە ئاگایی و مەبەستى تەواوە کە لە خزمەتکردنى سەردارێتى ئەو دەسەڵاتدارێتیەدا بێت.

ئەوە ڕۆى کە بڵێین مرۆڤایەتى ئاگایى نەبووە و نەگەشتۆتە ئەوەى کە دەرک بە پێکهاته‌ی کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى نه‌کات، کە تا ڕادەیەکى واقیعیانە دادپەروەرانە بێت. ئەمڕۆ کە هەڵخڵەتاندن و خراپبەکاربردن هەیە، لە ئاگاییەوەیە، نەک لە کەم دەرامەتى و دەگمەنیى و نەزانین و نادیارییەوە. مرۆڤ لە نائاگاییەوە بە ئەنجامى کارەکانى خۆى گەشتوە. بە ئاگایی بە کار و ئەنجامەکانى خۆى و هەتا ڕادەیەکى زۆریش بە سەردارێتى خۆى بەسەر سروشت و خودى خۆیدا گەشتوە.

تاوانەکانى ئەمڕۆ بە ئاگاییەوە دەکرێن و بە مەبەستى تایبەتى و بە ئامانجى دیاریکراو ئەنجام دەدرین. ئەو نائاگاییەى کە کۆمەڵگا بەرەو ڕوى دەڕۆى، کە لە دەرەوەى ئاگایی مرۆڤ و کۆمەڵگا و مێژووەوە گەشەى دەکرد یاخود دەگۆڕا لە ژیر حوکمى دەگمەنێتیدا، ئەوا ئەمڕۆ مێژوو لە پێشەوە دەچنرێت و کۆمەڵگاى پیادەبرێت و دەزانرێت کە چى لێدێت و چۆن دەڕوات بەڕیوە. هەموو هەنگاوێک حسابى وردى خۆى بۆ کراوە کە ئامانجەکانى چۆن دەکەوێتەوە یاخود بەچى دەگات. واتە ئەو نادیارە ڕونبۆتەوە کە لە سەرو کۆمەڵگاوە بێت و لە ژیر ئیرادەى مرۆڤدا نەبێت، ئیستا زۆربەى زۆرى لە ناوەوەى کۆمەڵگاوە بڕیارى لەسەر دەدرێت کە چۆن گەشەبکات و بگۆردرێت.

هەموو هەنگاوێکى بەکردەوە، زیاتر کۆمەڵگاى لە ئەفسانە دورخستۆتەوە، بە هەمان ئەندازەش مرۆڤایەتى لە نائاگایی مێژووییەوە بەرەو ئاگایی مێژوویى پەلکێشکردووە و بە هێمنى دەسەڵاتى پێک هێناوە کە بڕیارى گەشەکردن و گۆڕانى مێژوویی دەدات و ڕێچکەى مێژووش دەستنیشان دەکات.
دەتوانین بڵێین ئەوەى کە هەرگیز ناتوانرێت دەسەڵات بکێشرێت بەسەریدا، ناوەرۆکى ئازادى مرۆڤایەتییە کە بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدرێت ئەویش بخرێتە ژیر بارەوە و کەمبکرێتەوە و کورتبکرێتەوە و ماڵیبکرێت. ئەو هەڵسەنگاندنە بابەتییەى کە لە سەرەتاوە باسمان کرد، کە ڕۆشنبیریى ڕۆڵێکى سەرەکى تێدا دەبینێت و واتایەکى فەلسەفى بە ژیان دەدات و دیسانەوە بە ئاگاییەوە گەشە و گۆڕان بە کۆمەڵگا دەدات، به‌ڵام نەک بە مەبەستى دواخستن و کاولکردن و خەساندنى، بەڵکو بەکراوەیی و نەهێشتنى هەڵە مێژووییەکان و تاوانەکانى.

3

فەیەلەسوف، بیریار تەنها داواى جێگەى خۆى دەکات، جێگەى خۆى؛ جێگەى بیرکردنەوەکەیەتى لە بوارى کۆمەڵایەتییدا. کارى بیرەوەر تەنها دۆزینەوەى تاڵەکانى نێوان بوارە کۆمەڵایەتیەکانە و بیرلێکردنەوە و لێکۆلینەوەیانه‌ بۆ دۆزینەوەى لۆژیک تیایاندا، واتە تێهەڵکێشەکان و سەرچاوەکانیان بەو پێیەى کە تەنها داوەریى دەبێتە کارى ئەو بیریارە، نەک دەسەڵاتدارێتى، یاخود بون بە خاوەن دەسەڵات.

دۆزینەوەى تاڵى تێهەڵکێشەکان و هەڵدانەوەى چینەکانى پەیوەندیى، دەبێتە کارى بیریار و بیرەوەر، واتە هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەى ڕەوایەتى لە مرونەیەکى نیسبیدا.
بیر داواى دەسەڵاتدارێتى دەکات، نەک بیرەوەر، ئەوساش ناتوانین پێى بڵێین دەسەڵات، یاخود دەسەڵاتدارێتى، چونکە کەس خاوەنى نییە و لە بەرژەوەندیی تایبەتیدا کارناکات و گشتێتى ئەو قۆناغە دەگرێتەوە کە تیایدا لەدایک دەبێت.

ئەگەر بیریار لە سەرەتاوە نەدۆزرێتەوە (یاخود خۆى خۆى نەدۆزیتەوە)، ئەوا لە گێژاوى کۆمەڵدا وندەبێت و لە بوارێکى لابەلاى ناڕازیدا خۆى ساغدەکاتەوە. چ وەک کۆمەڵگایەکى سەرکوتکەر کە ڕێگەى نادات ڕێوشوێنى خۆى بدۆزیتەوە، چ وەک کۆمەڵگایەکى ڕۆژئاوایی کە لە مادییاتدا نوقمى دەکات. هەمووى لە لایەک و لە لایەکى تریشەوە، ئەو ئارەزووە تاکەکەسیەى بیریار خۆى، بە داماڵراوى لە بیرەکانى کە کەسێکى ئاساییە و دەشێت ژیانى بەکردەوە لە خشتەى بەرێت و دەنگى ناوەوەى خۆى پێ سەرکوتکات و لەگەڵ تەوژمە گشتیەکەدا لول بێت.

زۆر جار بیریار، بیرەکەى بەکار دەهێنێت بۆ خۆجێکردنەوەى لە واقیعدا وەک وەسیلەیەکى مادى کۆنکرێت، نەک وەک وەسیلەیەکى فکرى (بیرئاسا) لە پێگه‌یه‌کی فکریدا، هەروەها نەک وەک وەسیلەیەکى مادى لە پێگه‌یه‌کی مادییدا. واتە ناو ئاستى کۆمەڵ خۆى نەک لە تەنیشتییەوە. بەو پێیە پەیوەندى ڕاستەوخۆ دروست دەکات و بۆخۆى دەیەوێت دەست بەسەر دەسەڵاتدارێتییەکدا بگرێت (لە بوارێکدا) کە جێگەى ئەو نییە. ڕۆشنبیر، بیرەوەر دەبێت لە تەنیشتى کۆمەڵەکەیەوە بڕوات، بەو پێیە داواى هیچ شێوەیەک لە دەسەڵاتدارێتى ناکات. ئەو کاتەى کە هیچ شێوەیەکى دەسەڵاتدارێتى وجودى نەما، ئەوسا ئەو جیاکردنەوەیەى تەنیشت و ناوەوە، هیچ دەورێک نابینێت. چونکە خۆى لە خۆیدا ئەو سنورە وەهمیانە نامێنێت.

هەروەک چۆن تەکنەلۆژیا، زانست توانیویەتى ڕەگى کۆمەڵێک کێشە بدۆزێتەوە و هۆیە بنەڕەتیەکانى، بە شێوەیەکى پڕاوپڕ چارەسەربکات، واتە چارەسەرکردنى بنچینەیى کێشەیەک، نەک چارەسەرکردنى ئەنجامى کێشەیەک کە خۆى بوە بە کێشەیەکى سەربەخۆ، ئاواش دەبێت بیر دەست بداتە ئەو ڕەگانە و بیدۆزیتەوە و لە بنەڕەتەوە چارەسەریان بۆ هەڵبهێنجێت. ئەوسا هەموو خولانەوەکانى دەورى کێشە بنەڕەتیەکە، کە خۆیان بە به‌دیل لەقەڵەمداوە، هەڵدەوەرن و لە ڕەگەوە هۆى یەکەمى کێشەکان چارەسەردەکرێت. بەو پێیە لە زۆر ئالۆزبوون ڕزگارى دەبێت کە ئەمڕۆ کێشە خۆى تیادەبینێتەوە و ئەوەى هەیە زیاتر چارەسەرى ئەنجامى کێشەکانە و بە ئاستەم دەگاتە ناوەرۆکه‌که‌ى، چونکە بە هەزارەها ڕوپۆش داپۆشراوە.

بیر، وەک هەموو کێشە ماددییە، زانستیەکانى تر پێویستى بە توانا و لێهاتوویی و کات و جێگە هەیە، هەربۆیە کێشە فکرییەکان وەک کێشە مادیى و زانستییەکان، لە سەرەتاى سەرهەڵدانیانەوە هەتا ئەمڕۆ بە چەندین قۆناغدا تیپەڕیوون و وەک ئەوان بەدیلى زۆرى تێفڕێدراوە و ئەوەندەى تر کێشەکەى ئاڵۆز کردووە، بەو پێیەش پێویستى بە تایبەتمەندە کە کۆمەڵێک بنەماى ساغبکاتەوە لە ڕەگەوە پاکیبکات و کاکڵەکەى بخاتە بەردەست. بەو پێیەش پێویست بە ئاڵۆزکاویى و پچڕپچڕیی و تیکەڵاوبوون ناکات.

هەتا زانست پێشبکەوێت، چارەسەرکردنەکان وردتر و ساکارتر و ئاسانتر دەبێت. بەو پێیەش دەبێت فیکر پێشبکەوێت و بتوانێت بەدیلى پڕاوپڕ هەڵبهێنجێت. معقول نییە بۆ کێشەیەکى دیاریکراو، دوو بەدیل، دوو چارەسەر هەبێت و هەردووکیان ڕاست بن. دەبێت تەنها یەک بەدیلى پڕاوپڕ هەبێت کە چارەسەرى ئەو کێشەیە لە ڕەگەوە بکات و هەڵیتەکێنێت.
ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنجە، ئەوەیە کە کێشە فیکریەکان/ کۆمەڵایەتیەکان، لە یەک سەرەوە ناتوانرێت وەک کێشە زانستیەکان چارەسەربکرێت. کێشەى زانستى کە لە ڕەگەوە چارەسەرکرا، ئەوا ئیتر هەموو ئەنجامەکانى ئەو کێشەیە بە خیراییەکى سەیر هەڵدەوەرێت و هیچ کاریگەرییەکى نامێنێت، به‌ڵام کێشە کۆمەڵایەتیەکان بە حوکمى ئەوەى کە هەتا زیاتر بمێنێتەوە، ئەوا کێشەى نوێ دەخولقێنێت، زۆر جار بە چارەسەرکردنى کێشە بنەڕەتییەکە، وردە کێشەکانى کە لە ئەنجامى ئەو کێشە سەرەکییەوە کەوتونەتەوە، هەڵناوەرێت و دەبێت بە جیا چارەسەربکرێن، یاخود ماوەیەکى زەمەنى زیاترى دەویت بۆ شیبونەوەى. چونکە زۆر جار لە مێشکى مرۆڤدا دەبێتە ئاڵوزکاوى، تێکپچڕاوى و تیایدا ده‌چەسپێت و لێرەولەوێ هەڵدەداتەوە.

مێژووى کۆمەڵایەتی کە مادى نییە و بێگیان نییە، لە نائاگایی مرۆڤدا و لە پێکهێنانى کەسایەتى و ویژدان و هەستى تاکەکەسەکاندا، لە جوڵە و جێگیربوون و سڕینەوە و گۆڕاندایە. لە مامەڵە و هەڵسوکەوتى ڕۆژانەدایە. بۆ نموونە ئەگەر بیر لە کێشەى نەتەوایەتى بکەینەوە، چەندین بەدیل خۆى تێفڕێدەدات، کە لە ڕاستیدا کێشەیەکى سەرەکى نییە و تەنها ئەنجامى کێشەیەکى قوڵترە و نەتەوایەتى کراوە بە ڕوپۆشەکەى و کشێنراوە و گەورەکراوە، به‌ڵام بە حوکمى ئەوەى وەک کێشەیەکى کۆمەڵایەتی داکەوتووە و کەوتۆتەوە، ئەوا دەبێت چارەسەرێکى بنەڕەتیشى بە جیا بۆ بدۆزرێتەوە وەک ئەوەى کێشەیەکى سەرەکییە. به‌ڵام بۆ ئەوەى کێشەى پیسبوونى ژینگه‌ بگۆڕدرێت، ئەوە بەسە کە تەکنەلۆژیاى بەرهەمهێنان بگۆڕدرێت، ئەوسا چارەسەرکردنى کێشە سەرەکییەکە کە پێسکردنى ژینگه‌یه‌، هەڵدەوەرێت، چونکە کێشەیەکى مادیی و دەستنیشانکراوە و داماڵراو و بێگیانە. لێرەدا باسى ئەوە ناکەین کە دیسانەوە کێشەى بۆ نموونە پێسبوونى شوینەوار، دەبێتەوە بە کێشەیەکى کۆمەڵایەتی و فکرى و شارستانێتى و هەموو کەسێک دەگرێتەوە، کە داواى ئەو ئاگاییە دەکات ڕێگە لەو جۆرە بەرهەمهێنانانە بگیردرێت کە بۆ شوێنەوارى ژیانەوەرى زەرەرمەندە، بۆیە دەبێت وەک بیر کە هەڵگرى کێشە کۆمەڵایەتیەکانە، ئاواش بیر لە باشتر ژیانى شوینەواریى ژیانەوەرى بکرێتەوە.

هەرچەندە وەک بینیمان جیاوازییەکى بنەڕەتى هەیە لە نێوانیان کێشەى کۆمەڵایەتی و مادییدا هەربۆیە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە زیادبوندایە و ئالۆزترە و ئەنجامى کێشە کۆمەڵایەتیەکان دیسانەوە دەبنەوە بە کێشەى نوێ و داواى چارەسەرکردن دەکەن، هێشتا ئەوە ناگەیەنێت لە ئەنجامى کێشە سەرەکیەکانەوە دەستپێبکەین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێت هەر لە ڕەگەوە کێشە فیکرى و کۆمەڵایەتیەکان چارەسەربکرێن، ئەوسا کێشە لاوەکى و چڵییەکان ئاسانتر چارەسەردەکرێت و ڕێگاى بۆ کورتدەکرێتەوە.

هەروەک چۆن زانست، تەکنەلۆژیا، ئیشى مرۆڤ ئاسان دەکات و هەتا زیاتر پێشبکەوێت، زیاتر ئازادى بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت و پێویستییەکانى پڕدەکاتەوە، ئاواش فکر دەتوانێت لە کۆمەڵێکى زۆر زیاتر کێشە و پیاهەڵواسرانەکانى مرۆڤ و خەیاڵ و خەیاڵپەروەرى ڕزگارى بکات و ئەو سەربەخۆییەى پێببەخشێت کە پێویستى پێیەتى وەک خودێک، واتە ئەو دەورەیە تەواو بکات کە زانست و تەکنەلۆژیا دەستیان پێکردووە. لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، هەتا ئێستا یاخود ئەو خەوەى مرۆڤ دەیبینێت کە دەسەڵاتى بەسەر سروشتدا بشکێت و لە خزمەتى خۆیدا بەکارى بهێنێت، تەنها کاولکردنى سروشتى گرتۆتەوە و نەزانیى و نەشارەزایى و دڕندەیی سەرمایەدار نیشان دەدات کە چۆن بەو هەڵپە و گوڕەیان سروشتیان کردوە بە کەلاوە لە پێناوى سود و قازانج و بەرژەوەندى خۆیان بەناوى پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا و شارستانیەتەوە.

4

دەسەڵاتدارێتى لە ڕۆژئاوادا، ئاگادارە کەچى ڕودەدات، واتە مرونەى دەسەڵاتدارێتى دەزانیت کە بیریار یاخود ڕۆشنبیر، دەکەوێتە کوێوە و چ ڕۆڵێک دەبینێت و چۆن سودى لێدەبینێت. ڕۆشنبیر هەرگیز ناگاتە ئەو خاڵەى لە ژێر باڵى دەسەڵاتدارێتى دەرچێت/ بێتەدەرەوە و لە بەرامبەریدا دژى بوەستێتەوە، بەڵکو هەمیشە ئەو دەسەڵاتدارێتییە کە زیاتر ئاگادارترە لە ڕۆشنبیر، جێگە و ڕێگاى بۆ ئامادەکردوە و لە کاتى پێویستى خۆیدا دەیهێنێتەوه‌ مەیدان و سەرکار و بەکاریدەهێنێت. ئاگایی و وشیاریى دەسەڵاتدارێتى، زۆر گشتى و ڕاشکاوترە لە ئاگایی و وشیارى ڕۆشنبیر، یاخود تەنانەت دەسەتەى پێشەنگ. هەمیشە بوارى خۆنیشاندان و خۆدەرخستنى ئەو دەستەیە، لە باوەشى پەیوەندى دەسەڵاتدارێتیدا بەرجەستە دەبێت و ڕودەدات، نەک لە جەمسەرێکى دژ و دەرەوە.

زەمەنى ڕۆشنبیرى ڕۆژئاوایی، زەمەنێکى ونبوو و نادیارە و هەوڵى دەسەڵاتدارێتى ئەوەیە لەو نازەمەنیەدا بیهێڵێتەوە و تەنها دەسەڵاتدارێتى تواناى بڕیاردانى ئەوەى هەبێت کە کەى ئەو ڕۆشنبیرییە و لە چ کاتێکدا بەکاردەبرێت و چ کاتێک پێویستییەک پڕدەکاتەوە کە تیایدا دەخوڵقێت و تیایدا دەژى و دژى دەسەڵاتدارێتى دەوەستێتەوە.

ڕۆشنبیرى جیهانى دوو، ڕۆشنبیرى ساتییە، هی ئەو دەمەیە که‌ تیاده‌ژی.
لە ڕۆژئاوادا، کاتێک پێبزانرێت کە دەستەى پێشەنگ یاخود ڕۆشنبیر یاخود دامەزراوێکى ڕۆشنبیریی، لەو ساتە وەختەدا کار دەکەن کە تیایدا دەژین، واتە ئەو نازەمەنییە یاخود ئەو نادیارییەى کە پێیدراوە ساغبێتەوە و لە ئێستادا کاربکه‌ن، کاریگەرییەکى نێگەتیڤ دەخاتە سەر دەسەڵاتدارێتى و هەڕەشەى لێدەکات لەو بواره‌دا کە کارى تێدا دەکات، هەر زو سەداى دەبیسترێتەوە و پێدەزانرێت و کاریگەرى دەخاتەوە، ئەوا ئاساییە بە ناوى هەزارەها بیانووەوە، بە دامەزراوەکەشه‌وە پەرش و بڵاوبکرێتەوە.

ڕۆژئاوا وەک هەموو ئیحتیاتێکى مادى تر، دەیەوێت ڕۆشنبیریى و فکریش بەو جۆرە لە ئەمباردا دابنرێت. واتە هەڵگیرابێت لە دەرەوەى زەمەنى ئێستادا و هەر کاتێک به‌ تاک و ته‌نها پێویستى بە بابەتێکیان هەبوو، ئەوا ڕایکێشێتە دەرەوە و بەکارى بهێنێت. هیچ کاتێک نایەوێت ئەو ئیحتیاتە ئەمبارکراوە پێکەوە بخاتەڕو، چونکە لەناوچوونى خۆى تێدایە. واتە دەبێت هەر بەشە لە بوارى خۆیدا و لە ناوخۆیدا گەشە بکات و سەرقاپەکەشى بنرێتەوە، تا کاتى پێویستى بەکارهێنانى دێت، واتە هەر بەسەر داپۆشراوى دەنێژرێت، واتە خولقاندن و ونکردنى ڕۆشنبیریى، پێکهێنان و پوچەڵکردنەوەى ئەو کایەیەى کە هەمیشە دەتوانێت تواناو هێزى نوێ بمژێت و لە کۆمەڵێک جیایکاتەوە و لە خۆیدا بیخەسێنێت. واتە بە کردەوە، ڕۆشنبیریی و دامەزراوەکانى ئەو توانایەیە کە لە کاتى سەرهەڵدانى ڕۆشنبیردا دەتوانێت دەستى بەسەردا بگیردرێت و لە خۆیدا ئەوەى دەیەوێت بیداتێ و لە خۆشیدا گەشەى پێبدات و لە خۆشیدا هەڵیبگرێت، بەو پێیە هیچ کاتێک ڕۆشنبیر ناتوانێت خاوەنى سەربەخۆیی خۆى بێت لە دەرەوەى کایەى دەسەڵاتدارێتى سەردەست و ناتوانێت دژى ئەو دەسەڵاتدارێتیە بوەستێتەوە و هەمیشە بەشێکى تەواوکەرى دەسەڵاتدارێتیە و لە ژیر باڵیدا کڕدەبێت.

دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان هەموو بوارێک بۆ ڕۆشنبیر دەڕەخسێنن، بەبێ ئەوەى بە بینراوى هیچ ڕێگرێک لەبەردەمیدا دابنرێت و بەبێ ئەوەى بە ئاشکرا لە کۆمەڵگا داببڕدرێت و هه‌میشه‌ دەرگا لە بەردەمیدا کراوەیە. ڕۆشنبیرییەکەى ڕۆشنبیریش بەستراوەتەوە بە ژیان و بە چەقى بوونى خۆیەوە، ئامڕازى خۆپێجێکردنەوەیەتى لە کۆمەڵگادا و ژیانى تایبەتى خۆى پێ مسۆگەر دەکات. بنەماى کۆمەڵگاش زیاتر بنەمایەکى عەقڵانییە و ڕیکخراوە، هەموو کون و قوژبنێکى لێکدراوەتەوە و پەیوەستکراوەتەوە بە جۆرێ لە جۆرەکانى کایەى دەسەڵاتدارێتیەوە. مرۆڤى ڕۆژئاوایی پێش ئەوەى بکەوێتە بوارى ڕۆشنبیرییەوە، لە بنەمایەکى مادییدا چاودەکاتەوە و گەورە دەبێت.

کە فکرە کەوتە سەر کاغەز، دەمرێت. ئەو دورییە فراوانەى نیوان ژیانى بەکردەوە و ژیانی فکریى، داپچڕانێکى ئیجگار گه‌وره‌یه‌.
لە دواى ئەوەى فکر دەبێتە کێشەیەکى تاکه‌که‌سی، ئەوا موخۆرکەى خاوەنەکەیەتى. یەکەم مردنى نوسینەوەیەتى کە لە خاوەنەکەى جیادەبێتەوە و خۆى پێ ڕزگار دەکات. دووەم مردنى چاپبوون و بڵاوکردنەوەیەتى و ڕیزکردنیەتى لە کتێبخانەکاندا، لە زانکۆکاندا، لە دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکاندا. واتە فکر لە پێش لەدایکبوونییەوە، مردنى بۆ ئامادەکراوە و لە نیوەى ڕێگادا دەوەستێنرێت و ناهێڵرێت پرۆسێسەکەى تەوابکات، واتە هاتنە مەیدانى واقیعى ڕۆژانەوە، لەو ساتە فکرى و واقیعییەى کە خولقاندوییەتى. بەڵکو نوسەر، بیریار زەمەنى وجودى جیادەکرێتەوە و ئه‌مباری دەکەن و لە زەمەنى فعلى/ واقیعى جیادەبێتەوە و تەنها لە کاتى پێویستیدا دەخرێتەوە جوڵە. واتە سستکردنى کردارى فکر و لەقاڵبدانى و جیاکردنەوەى زەمەنەکەى و خاوکردنەوەى، لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەتوانرا زەمەنەکەى تەواو سست بکرێت.

5

ئەگەر بە پلەى یەکەم کێشەى فەلسەفە، گەڕان بێت بە دواى بونى مرۆڤدا و هەموو یارمەتیدەرەکانى ترى کە لەو ڕێگەیەوە دەڕۆن بگەنە ئاستى ئەوەى ئەو بوارەى بۆخۆش بکەن، وەک زانین بە گشتى و فکر بە تایبەتى، ئەوا دەمەوێت بپرسم کە چ پێویستییەک بە فەلسەفە دەمێنێت؟

ئەوە کات و مێژوویەکى نەزانراوە کە کۆمەڵگا بگاتە ئەو ئاستە و مرۆڤ بە ئارەزووى بونى خۆى بگات. لێرەدا دەبێت بوترێت که‌ پێویستى فەلسەفە و ڕۆشنبیریى هەتا کێشەى بونى مرۆڤ ساغدەبێتەوە، هه‌ر ده‌مێنێت. فکر لە بەرپەرچدانەوەى واقیع ناکەویت بۆ گەڕان و دابینکردنى خۆى، واتە مرۆڤەکە، واتە مرۆڤایەتى. کەواتە پێداویستى فکر بە گشتى و هەموو چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانى تر و بەرهەمهێنانى زانین و زانیارى هەر لە ئارادا دەبێت و گەشەى خۆى دەکات و جێگەى خۆى هەیە لە ڕەوتى مێژووییدا. به‌ڵام لە هەمانکاتدا ئەوەش دەسەلمێنێت کە پرۆسەى بیرکردنه‌وه‌ خۆى لە خۆیدا ئامانج نییە و ئامڕازى هەوڵدانە بۆ گەیشتن بەو بوونە. واتە لە دواى ئەو ساتەوە ئیتر لەکەڵک دەکەوێت و کاریگەرییەکەى بەتاڵ دەبێتەوە، واتە مرۆڤ لەدایک دەبێت.

لە جیگەیەکى تردا دەورى رۆشنبیر ڕونکراوه‌تەوە کە هەمیشە دەورى ڕاستى هەڵهێنجان دەبینێت و ڕەخنە لە سیاسەت دەگرێت و جەمسەرێکى دژ بە دەسەڵاتدارێتییە و لەگەڵ دروستبوونیدا دروست بووە و لەگەڵ لەناوچونیشیدا لەناودەچێت. ئەگەر هەموو شتێک ئاشکرا بوو، ئەوا هیچ شتێک نامێنێت پەردەى لەسەر لاببرێت و هەتا دەسەڵاتدارێتیش مابێت، ئەوا مرۆڤ چەواشە دەکرێت و لە حەقیقەتى ژیانى خۆى لادەدات و مفهومى بەکاربردن/ چەوساندنەوە دێته‌ ئاراوه‌.

مانەوەى دەسەڵاتدارێتى، مانەوەى چەوساندنەوە و هەڵخڵەتاندنە. ئامڕازى دەسەڵاتدارێتى، سیاسەتە. هەموو پێشکەوتنێکى ڕۆشنبیریى و بوار بۆ کردنەوەى، کشانەوەى دەسەڵاتدارێتییە بۆ دواوە و جێگیرکردنى بنەمایەکى ترى مرۆڤایه‌تییه‌. ڕۆڵى ڕۆشنبیریى/ فکر دیاریکردنى جێگەى مرۆڤە لەو ساتە مێژووییە جیاوازانەدا، لە نێوان ئەو جەمسەرە دژ بەیەکانەدا.

(کە فکر نوسرایەوە و بوو بە تێکست چى لێدێت؟ بە کورتییەکەى ئەگەر بوارى گفتوگۆى واقیعى نەبێت کە بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەرەو هەنگاوێکى بەکردەوە بڕوات و گۆڕان پێک بهێنێت، ئایا نامرێت؟ یا تەنانەت دەنوسرێتەوە و پارێزگارى لێدەکرێت؟ من چى لە هەزارەها نۆتەى مۆسیقا بکەم کە لە کتێبخانەدا ڕیزکرابێت، ئەگەر نه‌ژه‌نرێت و گوێى لێ نەگرم؟)

زۆربەى بوارەکانى زانین لە بۆتەى واقیع و ممارەسەى بەکردەوەدا خۆیان دەبیننەوە، تەنها فکر نەبێت کراوە بە پاشکۆیەکى بچوک بۆ تەواکەرێتى ئەو کردارە مێژووییە و لە قاڵبى زانکۆییدا بوارى سەلماندنیان بۆ هێشتۆتەوە. بوارى زانکۆیی، واتە خولقاندن و پوچەڵکردنەوەى فکر. بەرهەمهێنان و هەڵوەشاندنەوەى، هەر دوو کردارە دژبەیەکەکە خزمەتى یەکترى دەکەن، ئەویش لەبەر پێداویستى فکر کە لە پرۆسەى گەشە و داهێناندایە و دەبێت مه‌نفه‌زێک هەبێت لێوەى بێتە دەرەوە و هیچ دەورێکى بەکردەوەى لە ممارەسەى کۆمەڵایەتیدا نەبێت، ئەو جێگایەش زانکۆیە. لەدایکبوونیش پێویستى بە سه‌لماندن هەیە، پێویستى بە ممارەسە و گفتوگۆ هەیە کە لە واقیعدا جێی نابێتەوە، کەواتە دەبێت گەمارۆ بدرێت لە چوارچێوەیەکدا کە تەنها خۆبەخۆ بێت. لەدایکبون و فەوتاندنەکەى پێکەوە بێت و لەودیو دیوارى زانکۆوە، یەک پولى قەڵب ناکات. هەزارەها لێکۆلینەوەى کۆمەڵایەتی تەنها لە دوو تویی نوسراوەدا هەڵدەگیردرێت. گەورەترین بەڵگە بۆ نەبونى بوارى سەلماندنى فکرى مرۆڤ، کارەساتە مرۆڤایەتییەکانە، کە ڕۆژ نییە ڕونەدات. تەنیایی و داماڵران و ڕوتبونەوەى وجودى مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، خۆکوشتن و دابڕان و تاوانە ڕۆژانەکانە. به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین دەروازەى زانکۆکان کراوەن بۆ هەموو لێکۆلینەوە و پشکنینێکى مرۆڤایەتى، کە تەنها بەڵگەى بوونى پێداویستییەکەیەتى و داماڵراوە لە هەموو ممارەسەکردنێکى. واتە لە پێش لەدایکبوونییەوە کوژراوە. بەو پێیە ئەو خزمەتە دەگەیەنێت کە ئەوەى قاچى لە ڕژێمى دەسەڵاتدارێتى ئەمڕۆ هەڵخلیسکێت، گۆمێکى تریان بۆ خولقاندووە کە بە جۆرێک ونبێت، هاتنە دەرەوەى نەبێت. واتە بەتاڵبونەوە و سەرنگومکردنى. هەروەها گەورەترین پروپاگەندەشە بۆ دیموکراتییەت و شێوەى دەسەڵاتدارێتى ئەمڕۆ.

ئەو شوێنانەى دەسەڵاتى مادى تیا بە هێزە، پشتى دەسەڵاتى فکرى تیاشکاوە و گەمارۆ دراوه‌ و لەقاڵبدانێکى مێژووییدا چه‌سپێنراوه‌. ئەمڕۆ ئەو شوێنانەى کە دەسەڵاتدارێتى مادى تیا کزە، زەمینەى فکرى بەهێزە. زۆرجار ئەو کەڵەکەبونە فکرییە دەتەقێتەوە و دەسەڵاتدارێتى مادى دەیەوێت لەقاڵبى بداتەوە، ئەمەش زۆرجار بە گۆماوێکى خوێن کۆتایی پێدێت.
کەڵەکەى فکرى ڕۆژئاوایی تەقییەوە و لەبارچوو (لەباربراو و دەستکێشرا بەسەریدا و ئێستا لە ڕێچکەى تایبەتى خۆیدا، خۆبەخۆ گەشە دەکات و خۆى دەخواتەوە و خۆى بەرهەمدێنێت و خۆى دەفەوتێنێت)

ئەمڕۆ کێشەکە ڕۆژئاوا نییە، چونکە لە گیرفاندایە! بەڵکو چۆنێتى هەرسکردنى دەرەوەى ڕۆژئاوایە. نەدەتوانرێت وەک ڕۆژئاواى لێبکرێت، نەدەتوانرێت بەیەکجارى لەناوببرێت. تەنها چارەسەرێک هەوڵدانى هیشتنەوەیەتى لەو بارەیدا، بە ماڵیکردنى بە کردارێکى لەسەرخۆ و پینەکردنێکى ڕۆژانە. جارجارەش کە دەتەقێتەوە، کردارى لەناوبردنى ئاسان و ناسراوە.

تەنها زەمینەیەکى فکر کە مابێت و بوارى هەبێت بێتە سەر پانتایی واقیع، لە چواردەورى ڕۆژئاوادایە. به‌ڵام کێشەکە لەوەدایە کە چەقى بیرکردنه‌وه‌ ڕۆژئاوایە و گەمارۆدراوە و زەمینەکەى لە چواردەوریدایە و ده‌ستی پیاناگات. ئەم دابەشبوونە یاخود ئەم دورییە تەنها جوگرافى نییە، بەڵکو مێژووییە. شڵەژانێکى ئەو چواردەورە کە بەحاڵ مەترسى سەرهەڵدانى فکرى لێبکرێت، لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدەدرێت و لەناودەبرێت. واتە دەسەڵاتشکاندنى دەسەڵاتدارێتى مادیى کە لە ڕۆژئاوادا لەناو خۆیدایە، بە نیسبەت چواردەورەوە ئەو دەسەڵاتبەسەرداشکاندنە کەوتۆتە دەرەوەى کە ناگیردرێت و نابینرێت، کۆمەڵێ تاڵى نەبینراو و شاراوەیە. ئەگەر ئەو تاڵانە ببڕدرێت، بوکەشوشەکان هەڵدەوەرن و مرۆڤ دەچێتەوە جێگایان. بڕینى تاڵەکان بەستراوەتەوە بە مانەوەى دەسەڵاتشکاندنى دەسەڵاتدارێتى ڕۆژئاواوە کە بەستراوەتەوە بە مێژووى ئەمڕۆوە، بڕینى ئەو مێژووە بەستراوەتەوە بە مێژووى چواردەورییەوە. واتە:

مێژوو----> دەسەڵاتدارێتى ----> مێژووى چواردەور ----> مێژوو ......

وەک باسکرا ئەنجامى فکر بەچى دەگات، ئەوا ئەوەندەش ئاسان نییە کە هەموو کەسێک پێی بگات. لە هەموو ئاستێکیدا وەک سواربوونی شەمەندەفەرێک وایه‌ که‌ بەرەو پێشەوە دەڕوات و له‌ هه‌موو وێسگه‌یه‌ک کۆمەڵێک دادەبەزێت و کەس سەرناکەوێت [ وەک تایبەتمەندێتى، تەمەن، وردبونەوە، ئارەزو و تەماحى تاکەکەسى و گێرمەوکێشەى ژیان... ] لە کۆتایدا دەبینین لە هەزاران، یەک دوانێک دەکەونە ئەو چاڵە قوڵەوە.

ئەگەر بڵێین ژیان هەمووى چاڵ چاڵە، ئەوا مرۆڤ هەر باز دەدات بۆئەوەى تێى نەکەوێت. یەکەم ئەو بازدانە خۆى لە چاڵدایە، دووەم لەو شوێنەى کە دەگیرسێتەوە و وادەزانێت کە ڕزگارى بووە و تێى نەکەوتووە، ئەوە چاڵى پڕ بە پێستى، پڕ به‌ باڵاى خۆیەتى. ئیتر کەمتر سەیرى ئەملاوئەولاى خۆی دەکات و پێویستى بە هەوڵى زیاتر نیە. جارى وایە لە پاش ماوەیەک مرۆڤ دەیەوێت بچێتە چاڵێکى گەورەترەوە، لەم هاتنە دەرەوە و بازدانەدا ملى دەشکێت. جا ئەوەى زو ڕازى دەبێت، لە پەراوێزى کۆمەڵگادا بڕوا بە هەموو شتێک دێنێت (هەرچەندە زۆرجار بەناچارییە) دوابەدواش ئەوه‌ى دواى هێڵى فیکر دەکەوێت، دەکەوێتە چاڵە قوڵەکەوە. لە پاش ئەو هەموو وزە زۆرە، لە کۆتایدا کابراى زاناى کۆمەڵایەتی هیچى واى فەرق نییە لەگەڵ کرێکارى کارگەیەکى ماشێندا. هەردووکیان لە دواى کارەکەیان دەگەڕێنەوە ناو خیزان و کەسوکار. یەکەم کۆمەڵێک وانەى وتۆتەوە، دووەم کۆمەڵێک ماشێنى لەیەکداوە... ئەنجام هەردووکیان دەگەڕێنەوە ناو جەنگەڵەکە. دووەم لە ماڵەوە دەحەوێتەوە، یەکەم ئەوەشى لەبەر هەڵگیراوە.

کێشەى مفکر، کێشەى کۆمەڵایەتی مرۆڤە لەو قۆناغە مێژووییەى کە مفکر تیایدا دەژى، جا لەبەر ئەو هۆیانەى باسى لێوەکرا کە ناتوانێت بوارى بۆ بدۆزێتەوە لە زەمینەى واقیعیدا، دەبێتە کێشەیەکى تاکەکەسى، دەبێتە موخۆرکەى بیر. چونکە کردارى بیرکردنەوە دەبێت بەتاڵبکرێتەوە. ڕەنگە ئەگەر بوارى سەلماندنى کۆمەڵایەتی هەبێت، کردارى بیرکردنەوە خۆى لەخۆیدا ببێتە کرداریکى بەکۆمەڵ، ئەوسا گرانى و قورسایی لەسەر کەسى مفکر لادەچێت و لە قاڵبى تاکەکەس دێتە دەرەوە. جا لەبەرئەوەى ئەو دەروازەیە داخراوە، ئەوا لە تاکەکەسەکەدا دەمێنێتەوە، بەو پێیە جینگڵى کێشەکان بەیەکدا دێن. لەبەرئەوەى لە بنەڕەتیشدا ئەو کێشانە کەسیى نین، بەڵکو کۆمەڵایەتین، واتە ئەو چڕبونەوەیە لە تاکەکەسدا هەرچەندە دەبێتە سەرچاوەى خولقاندن و داهێنان، تاکەکەسەکە دادەوەشێنێت، چونکە کە کێشەکان بوون بە کەسیى، داواى چارەسەردەکەن بە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و نوسین، ئەوسا کێشەى ممارەسەکردنى دێتەوە گۆڕێ و لەبەرئەوەى نییە، ئەوا خاوەن فکر چاپى دەکات و خۆى لەو بارە گرانەى سەرشانى ڕزگار دەکات. کە بە نیسبەت نوسەرەکەیەوە دەبێتە دواهەمین دەربازگە کە تەنها ڕێگەى دەربڕین و بوار بۆکردنەوەى لە واقیعدا، چاپکردنیەتى و ڕیزکردنیەتى لە کتێبخانەکاندا. بە نیسبەت نوسەرەکەیەوە لەدەست کێشەیەکى تاکه‌که‌سی ڕزگارى بووە کە بوە بەهى ئەو و بەهى خۆى دەزانى کە هى ئەو نییە. بەو پێیە دەچێتەوە دۆخە سەرەتاییەکەى خۆیەوە، به‌ڵام لە شێوە و بە ڕێگایەکى تردا کە شێواندن لەسەر شێواندنە. نوسین بۆى دەبێت بە منداڵبوون.
1996