12. apr. 2011

تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان به‌شی سێیه‌م و کۆتایی



تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان
به‌شی سێیه‌م و کۆتایی

سەرئەنجام

هەر کێشەیەک، چ گەورە، چ بچوک، لە زەمینەیه‌کی کۆمەڵایەتیدا بکەوێتەوە، پێویستی بە چارەسەری پڕاوپڕی خۆیەتی، ئەگەر بمانەوێت لە پاش ماوەیەک هەڵنەداتەوە. هەموو چارەسەرێکی نیوەناچڵ، تەنها پینەکردنێکی کاتییە و ئەوەندەی پێناچێت دەمی برینەکە دەکرێتەوە و نەخۆشییەکە هەڵدەداتەوە، ئه‌گه‌ر چارەسەرەکەی تەنها دورینەوەیەکی ڕوکەش بوو بێت.
 
کێشەی نەتەوایەتی کوردی، کێشەی کەمایەتی میللەتێک نیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا ڕەگەزێکی جیاواز و زمانی دووەم پێکبهێنێت بەڕێژەی زۆربەی میللەتی یەکەم، وەک ئەوەی کە پاشماوەیەکی مێژوویی بێت. بەڵکو کێشەی میللەتێکی تەواوە و ڕەگێکی مێژوویی هەیە و لە ژێر پاڵەپەستۆی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا چارەنوسی کەوتۆتە نێوان چوار دەوڵەتی شۆڤێنییەوە.

دابەشکردنی کوردستان ئەنجامی سیاسەتێکی ئیمپریالیستی جیهانی بووه‌، ئەو میللەتانەی چواردەوری کوردستانیش، لە پێش سنورجیاکردنه‌وەی کۆتایی، لەچاو میللەتی کورددا، وەک مێژوو، بەهێز و خاوەن دەسەڵات و دەوڵەت بوون. واتە کورد هیچ کاتێک فرسەتی ئەوەی بۆ هەڵنەکەوتووە کە بتوانێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی پێکبهێنێت لە نێوانی ئەو دەوڵەتە بەهێزانەدا و هیچ مۆرکێکی تایبەتیشی نەبووە، کە بتوانێت بۆ ئەو مەبەستە بەکاریبهێنێت. هەمیشە بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە خڵەتێنراوە و بەش بەش خراواتە سەر دەسەڵاتدارێتی ئەو میللەتانە.

لە لایەکی ترەوە، ده‌مێکه‌ میللەتی کورد ڕاسته‌وخۆ ژێردەستەی داگیرکەرێکی بێگانە نیە که‌ لە ڕێگەیەکی دورەوە هاتبێت و دەوڵەت و بنەمایەکی تری لە لایەکی تر هەبێت، کە بواری ئەوەی هەبێت وەک هەموو میللەتە ژێردەستەکانی تری جیهان، لە سەدەی بیستەمدا و بە تایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە توانیبێتی لە ژێر دەسەلاتدارێتی بێگانە ڕزگاری بێت. لە سەر ئاستی جیهانیشدا بتوانێت ڕەوایەتییەک وەربگرێت. بەڵکو پارچە پارچە و بەرەبەرە لە ڕەوتێکی مێژوویی دورودرێژدا لە نێوانی میللەتانی چواردەوریدا کراوە بە پاشکۆی ئەو دەوڵەتانە و خزێنراوەتە ناو سنورە نەتەوایەتییەکانیانەوە.

بەوپێیەی هەمیشە میللەتی کورد لەچاو زۆربەی هەریەکێک لەو میللەتانەدا، بووه‌ بە کەمایەتییەک و نەیتوانیوه‌ بە گوڕ و توانا و هێزی خۆی ئاشنا بێت و نه‌یتوانیوه‌ وشیاری یەک میللەت ڕێک بخات بۆ ڕزگاری نیشتمانیی و سەربەخۆیی نەتەوەیی. هەر بۆیە بۆتە چوار کەمایەتی میللەتێک لە هەر یەکێک لەو دەوڵەتانەدا جیابەجیا داوای مافی کەلتوری و مافی کەمایەتی خۆی کردووه‌. وەک ئەوەی بنەڕەتەکانی میللەتێک پێک نەهێنێت و مەرجاکانی میللەت پڕنەکاتەوە، بۆ نمونه وه‌ک کێشه‌ی‌ تورکمانه‌کانی ئێراق. هەر بۆیە کێشەی نەتەوەیی کوردی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و چارەسەریشی هەر دەبێت تایبەتی بێت.

لە لایەکی ترەوە دەبینین نیشتمانی کوردان خراوەتە سەر چوار دەوڵەتی جیاواز لەیەکتری و بە ئاگر و ئاسن نوساندویانە بە وڵاتەکانیانەوە، هەرچەندە ئەو دابەشکردن و لکاندنە بەپێی سیاسەتێکی ئیمپریالیستی چۆتە ڕێوە و جیبەجێ کراوە، ئەوا ئەمڕۆ دەستی ئیمپریالیستی بە شێوە دیارەکەی، کشاوەتە دواوە و تەنها دەستە نهێنییەکەی ماوەتەوە و کوردستان لە نێوانی چوار گورگدا بەجێهێڵراوە، کە هەرچی پێی بوترێت مافی سەرەتایی مرۆڤ چ بۆ کورد و چ  بۆ میللەتەکانی خۆشیان دابین نەکراوە.

ئێمەی کورد به‌ گشتی نە داگیرکراوی دەستی بێگانە بووین و نە ڕزگاریشمان بوە لێیان. ڕک و کینەی ئەو میللەتانەی خاوەن دەسەڵاتن، (ئێراق و سوریا، به‌نیسبه‌ت ئێراقه‌وه‌ پێش ڕاپه‌ڕینی کوردستان)، بەرامبەر سیاسەتی ئیمپریالیستی دوێنێ، کە ساڵانێکی دورودرێژ لەژێر دەستیاندا ناڵاندویانە، بۆتە هۆی ئەوەی سیاسەتی نەتەوایەتی میللەتەکانیان بە شێوەیەک پەرەپیبدەن لە شۆڤێنیش دەربچێت و ببنە داهێنەری سیاسەتی دوای شۆڤێنیزم کە پێکهاتووە لە سیاسەتی دڕندەیی سەرەتایی بە ناوی نەتەوایەتییەوە، بەوەی هەموو ئەو ڕک و کینەیەی بەرامبەر ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی هەیان بووە و لە ڕەوتی مێژوویی تازەشدا لەسەریان کەڵەکە بووە، بە میللەتی کوردی بڕێژن و هێز و توانای خەسیوی خۆیان لە کورددا تاقی بکەنەوە و خۆیانی تیابەتاڵ بکەنەوە. ئەوەی کە نەیانتوانیوە و ناتوانن بە دوژمنە سەرەکییەکەی جاران بوێرن و پەلاماری بدەنەوە و تۆڵەی لێبستێننەوە، ئەوا هەموو هەناسەدانێکی کوردی بۆتە ئەو بەڵگە بەدەستەوەدانەی کە کۆنە ڕک و کینە و خیشی خۆیان بدەن بەسەر کورددا. ئەوەی باسی نەتەوە و خاک و نیشتیمان بکات، نەک هەر تاوانبار و دوژمنە، بەڵکو لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەشدا جێگای نابێتەوە.

به‌ نیسبه‌ت تورکیاوه‌، له‌دوای نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیا، ئه‌وا کورد تورکی شاخاویی بووه‌ و هێشتا تورکی فێرنه‌بووه‌. ساڵانێکی دورودرێژ هه‌رنه‌فی بوونی کورد ده‌کرا و فاشیزمی تورکی زۆر له‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی تودڕه‌وتربووه‌. له‌ سرودێکی منداڵانی سه‌ره‌تاییدا ده‌ڵێت "من زۆر به‌خته‌وه‌رم که‌ به‌ تورکی له‌دایکبووم".
له‌ ئێراندا کورد "هه‌ر به‌هی خۆمانمان زانیوه‌" هیچ کاتێک حیسابی میلله‌تێکی جیاوازی بۆنه‌کراوه‌ و سیاسه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌موومان هه‌ر ئێرانین به‌سه‌ر کورد و ئازه‌ر و بلوج و عه‌ره‌بیشدا سه‌پێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ست بووه‌، فارس بووه‌. له‌ڕاستیدا ئێران وڵاتی هاوبه‌شی کورد و فارس‌ و میلله‌ته‌کانی تره‌ که‌ مێژوویه‌کی دورودرێژ و تێکه‌ڵاویان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا. به‌ حوکمی زاڵبوونی میلله‌تی فارس و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستیاندا بۆ مێژووییه‌کی درێژ، کورد له‌ هه‌موو پاشماوه‌یه‌کی مێژوویی و که‌لتوریی داماڵراوه‌ و هه‌مووی ته‌نها به‌هی فارس له‌قه‌ڵه‌مدراوه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ناوی ئێرانییه‌وه‌، به‌ڵام به‌ زمانی فارسی!.

به‌ هه‌زاره‌ها کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌ نوسراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن که‌ زه‌رده‌شت فارس بووه‌ و زمانی ئاڤێستا زمانی فارسی کۆنه‌. که‌ له‌ ڕاستیدا زمانی ئاڤێستا و په‌هله‌ویی و هه‌ورامی و کوردی نوێ یه‌ک ڕه‌گی هه‌یه‌.

زمانی کوردی و فارسی سه‌ر به‌یه‌ک خێزانن، به‌ڵام به‌ڕه‌ له‌ژێر کوردده‌رکێشان و حسابکردنی هه‌مووی هه‌ر بۆ میلله‌تی فارس، ئه‌و بیره‌ شۆڤێنیسته‌ی له‌پشته‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نها فارس خاوه‌نی ئه‌فزه‌ڵیه‌ته‌ و میلله‌ته‌کانی تر ته‌نها پاشکۆ و که‌م بایه‌خن و هیچ ڕۆڵێکیان نه‌بووه‌ له‌ مێژوودا، له‌ پێکهێنانی که‌لتوریی ئێرانیدا.

ئه‌مڕۆ کوردستانی ئێراق له‌داوای هه‌لومه‌رجێکی نێوده‌وڵه‌تی که‌وتۆته‌ ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارێتی دوو حیزبی‌ کوردیه‌وه‌ که‌ گۆڕانێکی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کوردا نه‌هاتووه‌. به‌ڵکو ئاڵۆزتری کردووه‌. نه‌ئه‌وه‌تا کورد ڕزگاری بووبێت، نه‌ وه‌ک جارانیش ژێرده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندیی ئێراقه‌.

له‌ کۆی ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا، جیهانی ڕۆژئاوا هەتا بۆی کرابێت، گوێی خۆی له‌و کێشانه‌ خەواندوه‌ و هەتا بۆی بکرێت گوێی لێناگرێت و بەکردەوەی خۆی نازانێت و خۆشی بە بەرپرسیار دانانێت.

ئەمڕۆ جیهان بچوک بۆتەوە و هەر کێشەیەک، لە هەر لایەکی جیهاندا ڕوبدات، کێشەیەکی جیهانییە، یاخود بەهەرحاڵ دەتوانرێت و بواری ئەوەی تێدایە کە بکرێت بە کێشەیەکی جیهانی. کێشەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدایە، واتە تا ڕادەیەکی زۆر کلیلی هەموو ڕۆژهەڵاته‌. هەر لەسەردەمانێکی زوەوە ڕێگای بەستنەوەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا بووە. وەکو لایەنی جوگرافی لەگەڵ ئەوروپادا بستێکی جیاوازە و وەکو مێژوو، چەندین سەدە. دەبێت ئەو کەلێنە پڕبکینەوە و باز بدەینە ناو مێژووی ناوەندەوە.

کێشەی ئێمە، کێشەی لاوەکی چوار دەوڵەتی لابەلای جیهان نیە، بەڵکو کێشەی چەقی جیهانە. تەنانەت بە شێوازی فەرمانڕەوایی دیموکراتی ئەو چوار دەوڵەتە، ناتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. هەرچەندە وەک قۆناغی یەکەم نابێت ئەو چارەسەرە دوربخرێتەوە، کە پێویستە بۆ وریاکردنەوە و ئامادەکردن و ڕێکخستن و دامەزراندنی بنکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریی میللەتێکی لەبیرکراوی وەک کورد. بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاو بێت و هەمیشە داوابکرێت و بەردەوام بیڵێینەوە، ئەوەیە کە چارەسەری سەرتاسەری، دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردییە، ئەمە خەو و خەیاڵی هەرزەکارانە نیە، بەڵکو ڕاستیی و ڕەوایەکە کە دەبێت خۆمان بە خۆمانی ڕەوا ببینین، لە پێش ئەوەی میللەتانی تر پێمان ڕەوا ببینن. دروستبوونی دەوڵەتی کوردی تاکە چارەسەر و ئاواتی میللەتی کوردە کە دەیەوێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەشدار بێت.

وەک وتمان کێشەی کورد کێشەیەکی جیهانییە و دەبێت لە سەر ئاستی جیهاندا چارەسەر بکرێت. هەر وەک چۆن لە سەر ئاستی سیاسەتی جیهاندا خرایە سەر نەخشەی چوار دەوڵەتی دراوسێی کورد کە هیچیان میللەتی کورد قبوڵ ناکەن، بەڵکو تەنها خاکەکەیان دەوێت.

لێرەدا ئەگەر نەختێک بگەڕێینەوە بۆ لایەنی دەرونی مرۆڤی ژێردەستە، دەتوانن بڵێین یەکێک لە هەرە ئازارە دەرونییە گەورەکان کە سەرتاپا قەوارەی مرۆڤ دەهەژێنێت، لێسەندنەوەی ناسنامەکەیەتی، یاخود ئینکارکردنی پەوەستبونیەتی بە زمانێک یا کەلتورێکی تایبەتەوە.
باری دەرونی مرۆڤی کورد، ئێستا لە قۆناغێکدایە، نە ئەوەتا پێناسێکی سەربەخۆی هەبێت و نە ئەوەتا وەکو جاران سەری کزکردبێت و سەرشۆڕی دەسەڵاتدارێتی میللەتی سەردەست بێت. بە گشتی دەتوانین بڵێین، ئێمە لە ناوەندی پێکهاتنی پێناسەی خۆمانداین و نازانین سەربەکوێین. نە تورکین، نە عەرەبین، نە فارسین... نە کوردین. لە بگرەوبەردەی ئەو پرۆسەیەداین. لە هەژانی دامەزراندنی پێناسێکی سەربەخۆ و بەردان و لە یەخەبونەوەی پێناسی میللەتانی سەردەستداین. ئێمە لەم قۆناغەدا لە ئازار و ژانی لەدایکبوونداین. ڕیش بوە بە ڕیشەوە و دەبێت شانەی بۆ هەڵبگیردرێت.

لە قۆناغێکداین، نە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ دواوە، نە دەشتوانین لەو نێوانەدا ڕاوەستین. شەڕ دەستی پێکردوە و بواری پاشەکشە و پەشیمانبونەوەی تیانەماوە. بواری ڕاوەستان و چەقانی ناوەڕاستی تێدانییە و دەبێت بەردەوام بین. ڕاستە هەموو ژانی لەدایکبوونێک، دڵەڕاوکێ وترس و دودڵی دەخاتەوە. بەڵام مرۆڤێکی نوێ دێتە جیهانەوە کە ئەو ژانگرتنە دەهێنێت خۆی بۆ ڕابگیردرێت. پێش هەموو شتێک، بە گشتمانەوە، دەبێت نەهێڵین ئەو منداڵە لەباربچێت، دوایش بە هەموو پەروەردەی بکەین و بیکەینە مرۆڤێک کە جیهان شانازی پێوەبکات. هەر بۆیە دەبێت هەموومان لەو لەدایکبوونەدا بەشداربین، چونکە لەدایکبوونی میللەتێک، لەدایکبوونی هەر یەک لە ئێمەشە. ئیتر کەس مافی ئەوەی نیە نەبوونی لە پێناسەمان بکات. کەس ناتوانێت بوونمان بسڕێتەوە. دەبێت لەو هەژانی دەرونییە بێینە دەرەوە و بەشداری لە لەدایکبوونی خۆماندا بکەین. ئەوسا تەنها ملکەچی خۆمان دەبین و ئازاد هەناسە دەدەین  و ئارام دەنوین. ئیتر پەرەوازەی ئەم وڵات و ئەو وڵات نابین و خۆمان دەبینە خاوەنی وڵات. ئیتر وەکو ئاژەڵ بە چواردەورماندا تەلبەند ناکرێت و کەس وەکو جەللاد بەسەر سەرماندا ناخولێتەوە.

هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پێناسە، ئەرکی یەک و دوو نیە، ئەرکی تاکە نەوەیەک نیە. بەڵکو کردارێکی سەخت و دژوار و ئازاراوییە و دەبێت هەر یەک لە ئێمە تیایدا بەشداربین، ئەگەر بمانەوێت وەکو مرۆڤێکی سەربەست بژین، ئەوە ئەرکێکی مێژوویی سەرشانی گەورە و بچوکی میللەتی کوردە لەم قۆناغە مێژووییەی ئێستادا، لە هەر جێگایەک خۆی دەبینێتەوە. ڕاستە ئێمەش دەزانین میللەتانی تری جیهان لە کوێدان و لە چ ئاستێکی بەرزی بیر و هۆشدان و ژیانیان چەند مسۆگەر و دابینکراوە، بەڵام لەبیرمان دەچێت کە ئەوانیش لە ڕەوتی مێژوویی خۆیاندا ماندووبوون تا گەشتونەتە ئەم ئاستە مێژووییە. ئێستا لەم قۆناغەدا بۆ ئێمە، ئەرک و بەرپرسیارییەکی تر هەیە کە دەبێت ئاوڕی لێبدەینەوە، نەک پشتی تێبکەین. ئێمە لە ڕەوتی دامەزراندنی ئەو پێناسەیە و دروستکردنی ئەو مرۆڤەداین کە بتوانێت بە سەربەستی و سەربەخۆیی و ئاگاییەوە بەشداری مێژووی جیهان و شارستانی ببێت. ئەو ئەرک لەخۆگرتنە دەبێتە تێگەشتنی ڕەوتی مێژوویی. واتە دۆزینەوەی ئەو ڕاڕەوەی کە دەبێت هەڵسوکەوتی تیادا بکەین و ئاوات و ئامانجی دیاریکراوی خۆمان هەبێت کە پڕاوپڕی ئەو مێژووە بوەستێتەوە وەک ئه‌و ئەرکه‌ مێژووییه‌ی ئەمڕۆ داسەپاوە بەسەرماندا.

مرۆڤ تەنها ئەو کاتە ئازادە کە دەرک بە پێداویستییە مێژووییەکان دەکات و بەو پێیە بەرپرسیاری خۆی دەستنیشان دەکات و کاری بۆ دەکات. هەموو دورکەوتنەوەیەک لەو پێداویستییە مێژووییەی ئەمڕۆی کورد، وەک مرۆڤی کورد، خۆخڵەتاندن و ڕاکردنە لە بەرپرسیاری و لەدەستدانی ئازادییە. هەوڵدان لە پێناوی پێناسەیەکدا بۆ مرۆڤی کورد، هەوڵدانێکی ژیانەوەرییە و هەستی ئەو بوونە دەبەخشێت کە تێیدا دەجوڵێتەوە. ئێمە ناتوانین خۆمان لەو بەرپرسیاریەته‌ گێل بکەین کە کەوتۆتە ئەستۆمانەوە و لە ڕاستیدا  ناتوانین وەک مرۆڤێکی میللەتە سەردەستەکان هەڵسوکەوت بکەین. ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت وەک کورد لەدایک بووین و دەشبێت ڕوبەڕوی ئەو چارەنوسە ببینەوە، نەک لەدەستی هەڵبێین، چونکە هەمیشە وەک بۆشاییەکی گەورە لە دەرونماندا دەمێنێتەوە و نازانین بەچی پڕیبکەینەوە. هەڵبەتە ڕاکردن ئاسانترە، بەڵام ئەو نرخەی دەبێت لەپارسەنگیدا دابنرێت، گەلێک بە بەهاترە لەوەی مرۆڤ دەستی دەکەوێت، ئەویش بەها مرۆڤایەتییەکانی خۆیەتی. مرۆڤ دەتوانێت وەک بێئاگایەک پێداویستییە بایەلۆژییەکانی خۆی پڕبکاتەوە و هەقی بەسەر هیچەوە نەبێت، بەڵام ناتوانێت سنگ دەرپەڕێنێت و بڵێت من ئازادم. دیسانەوە دەگەینەوە ئەوەی کە بڵێین، مرۆڤی ژێردەستە، ناژی و ژیان تەنها لە ئازادیدا ڕەنگ دەداتەوە و بەرجەستە دەبێت. هەر کاتێک ئێمەش لە میللەتێکی ئازاد پێک هاتین، ئەوسا وەک میللەتانی تری جیهان لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتیدا بەشدار دەبین و بە هێمنی پەرە بە بەها مرۆڤایەتیەکان دەدەین و هەوڵی لەگەڵداڕۆشتنی شارستانی دەدەین.

کۆنفیدرالیزم وه‌ک کۆتایهێنان به‌ کێشه‌ی کورد.

ئه‌و به‌ناو فیدرالییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، که‌ میلله‌تی کوردی پێده‌خڵه‌تێنێت، ته‌نها حوکمی زاتییه‌که‌ی 1970یه‌ و ناوه‌که‌ی گۆڕاوه‌. کورد هه‌ر پله‌ دووه‌ و به‌ هیچ سه‌روه‌رییه‌ک نه‌گه‌شتوه‌. ته‌نانه‌ت یه‌ک له‌سه‌ر سێی نیشتمانه‌که‌ی هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدایه‌. فیدرالیزمه‌که‌ی ئێراق هه‌ر له‌ کوردستاندا بۆته‌ ڕوپۆشێک، نه‌ به‌غداد کاریپێده‌کات، نه‌ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، نه‌ جیهان به‌ره‌سمی ناساندوویه‌تی.

ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر هه‌ستی که‌مایه‌تی بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌کی درێژخایه‌نی وه‌ک چاره‌نوسی میلله‌تان چاره‌سه‌رکه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا سنور به‌شده‌که‌ین، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مێنێت که‌ ده‌مانه‌وێت به‌شێک له‌ وڵاته‌کانیان جیاکه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت داوای کۆنفیدرالیزم بکه‌ین وه‌ک چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردیان تێدایه‌.

کۆنفیدرالیزم سه‌روه‌رێتی دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌پارێزێت و ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌یه‌که‌وه‌ له‌ یه‌ک سنوری دیاریکراودا. ئه‌و بابه‌تانه‌ی هه‌ستیارن وه‌ک وه‌زاره‌تی به‌رگری، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و دراوی هاوبه‌ش، ده‌توانرێت له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌شه‌وه‌‌ ڕێکه‌وتنی له‌سه‌ر بکرێت. ده‌کرێت ده‌ستورێکی هاوبه‌ش هه‌بێت و هه‌ردوولا له‌سه‌ری ڕێکبکه‌ون، ده‌شکرێت هه‌رلایه‌نه‌ و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی بڕگه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستوره‌ زیادبکات به‌و مه‌رجه‌ی ناکۆک نه‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌که‌ی تردا، یاخود له‌گه‌ڵ ده‌ستوری گشتیدا.
ئێمه‌ ئه‌زمونی بیست ساڵ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیمان هه‌یه‌ و به‌مانای وشه،‌ بیری ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌ترمان کردوه‌ له‌سه‌رو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ که‌ بتوانێت لێپرسینه‌وه‌یه‌ک به‌پێی ده‌ستوور بکات. ئێمه‌ ڕزگارمان نه‌بوو، به‌ڵکو که‌وتینه‌ چاڵێکی قوڵه‌وه‌ دوور له‌ چاوی هه‌موو جیهان.
ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆماڵی بیست ساڵه‌ گاڵه‌مان پێده‌که‌ن و که‌س نییه‌ ده‌ستیان بگرێت. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا به‌ هیچ ڕێکه‌وتنێکی ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه‌ په‌یوه‌ستنه‌بوینه‌وه و له‌ هه‌مووی دابڕاین. جاران له‌ژێر ده‌ستی ڕژێمێکی سته‌مکاری ناوه‌ندیدا کورد و عه‌ره‌ب و تورکومان و ئاسوری و کلدانی وه‌ک یه‌ک سه‌رکوتده‌کران و جیهان له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاگای له‌ ئێمه‌ش بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ئاگاییانه‌ بووین و که‌وتینه‌ تاریکی و ڕوپۆشکردن و شاردنه‌وه‌ له‌چاوی هه‌موو لایه‌ک. به‌و پێیه‌ش ده‌سه‌ڵات فه‌زایه‌کی بۆخۆی خولقاند که‌ بتوانێت بکوژوببڕ خۆی بێت و که‌سیش حه‌قی نه‌بێت به‌سه‌ره‌وه، له‌ هه‌مان کاتدا ده‌ستی کراوه‌ بێت بۆ هه‌موو بازرگانیکردنێک به‌ فرۆشتنی میلله‌تیشه‌وه‌‌.

کۆنفیدرالیزم ده‌رمانی کۆمه‌ڵێک برینی ئێمه‌ ساڕێژده‌کات، ده‌توانین ببین به‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆمان، به‌وه‌ش ئه‌و گرێکوێره‌یه‌ی له‌سه‌ر دڵی هه‌مووماندایه‌، ده‌ڕه‌وێته‌وه. به‌بێ بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئێمه‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان له‌ جێگه‌ی خۆییدایه‌‌ و یه‌ک بست ناچێت به‌ولاوه‌. له‌ په‌یوه‌ستبوونه‌ جیهانییه‌کاندا پێگه‌مان ده‌بێت، له‌ مێژوودا جێگه‌مان ده‌بێته‌وه. له‌ باری ده‌روونیشه‌وه‌، ده‌بینه‌ خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واو که‌ سه‌ر به‌ میلله‌تێکین و ده‌وڵه‌تێک هه‌یه‌ پشت و په‌نامانه‌.

کۆنفیدرالیزم له‌ ئێراق، تورکیا و ئێران، جگه‌ له‌وه‌ی داویه‌کی ڕه‌وایه‌، هه‌لومه‌رجی جێبه‌جێکردنشی به‌پله‌ی یه‌که‌م له‌ ئێراقدا ئامادایه‌، له‌ تورکیا تاکه‌ چاره‌سه‌ره‌ و زه‌مینه‌ی له‌باره‌، له‌ ئێراندا چه‌ند میلله‌تێکی تر پێکه‌وه‌ ده‌ژین که‌ هه‌موویان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌وڵه‌تیان هه‌بێت و له‌ کۆنفیدرالیزمدا یه‌کبگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ شۆڕشی گه‌لانی ئێران دێته‌دی و به‌دور نابینرێت له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ڕوبدات. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ سوریایه‌ له‌ بواری دامه‌زراندنی کۆنفیدرالیزم له‌ هه‌موو ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ی تر، که‌متره‌. به‌ حوکمی که‌می دانیشتوانی کورد و ڕوبه‌ری ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان. هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ک ماف و داواکاری و خۆزگه‌ و ئاوات، هیچی که‌متر نییه‌ له‌ هیچ به‌شێکی تری کوردستان. کوردستانی سوریا له‌ باشترین حاڵه‌تیدا ئه‌گه‌ر سوریا له‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م جاره‌یدا سه‌رکه‌وێت و ببێته‌ خاوه‌نی ڕژێمێکی دیموکراتی، ئه‌وا له‌ دوای دامه‌زراندنی کۆنفیدرالیزم له‌ ئێراق و تورکیا، له‌ ڕیگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ کوردییه‌ی له‌ ئێراق و تورکیادا ئه‌گه‌ری پێکهاتنی هه‌یه‌.

له‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێمه‌ش دان به‌و ڕاستییه‌ مێژووییه‌دا بنێین که‌ تازه‌ دره‌نگه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی چوار پارچه‌که‌ی کوردستان و دامه‌زراندنی یه‌ک ده‌وڵه‌تی کوردی. له‌ کاتی خۆیدا نه‌مانتوانییوه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پێکبهێنین که‌ ده‌بوایه‌ بکرایه‌. هه‌ندێک جار مێژوو ئه‌حکامی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی کورددا سه‌پێنراوه‌، بۆته‌ حه‌قیقه‌تێک که‌ چیتر ناتوانین له‌ژێر باری هه‌ڵبێین.

ئه‌مڕۆ ئیتر ئێمه‌ چوار میلله‌تی کوردی دراوسێی یه‌کترین. ئه‌و مێژووه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و میلله‌تانه‌دا، به‌ جیا له‌یه‌کتری بڕیومانه‌، گه‌وره‌تره‌ له‌و مێژووه‌ی پێشین که‌ ئێمه‌ هیچ کاتێک ده‌وڵه‌تێکی کوردیمان نه‌بووه‌ که‌ یه‌کپارچه‌ بووبێت و سه‌ربه‌خۆ بوو بێت. کورد هه‌میشه‌ ده‌توانێت پشت و په‌نای یه‌کتری بێت و ئه‌وبه‌شه‌ی زوتر ڕزگاری بێت له‌ سته‌مکاری میلله‌تێکی تر یاخود خۆماڵی، ده‌توانێت ببێت به‌ هیوا و بڵندگۆی به‌شه‌کانی تر.

له‌یه‌کدانه‌وه‌ی کوردستان، له‌یه‌کدانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا نیه‌ که‌ له‌ بارێکی ئاڵۆز و نائاسایی سیاسیدا، به‌ کاتیی له‌یه‌کدابڕابوون، به‌ نه‌مانی کۆمۆنیستی یه‌کیانگرته‌وه‌. ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی بخرێینه‌ سنوری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، سنورێکی دیاریکراوی نه‌ته‌وه‌یمان نه‌بووه‌، ده‌وڵه‌تمان پێکنه‌هێناوه‌، له‌گه‌ڵ تورک و فارس و عه‌ره‌بدا سنوری کراوه‌مان هه‌بووه‌ و هاوبه‌شی که‌لتوری و دینیمان هه‌بووه‌، هه‌موو پێکه‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی سته‌مکاردا بووین.

ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ریه‌که‌مان به‌و میلله‌تانه‌ ئاشناین، ئه‌وه‌نده‌ کوردی به‌شه‌کانی تر ناناسین. ئێمه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و میلله‌تانه‌دا وه‌ستاوینه‌ته‌وه‌، هیچ کاتێکیش نه‌په‌رژاوینه‌ته‌ سه‌ر کوردی به‌شه‌کانی تر، چونکه‌ هه‌ر یه‌که‌مان به‌ جیا گیرۆده‌ی ده‌ستی میلله‌تی سه‌رده‌ستی خۆمان بووین.

کوردی ئێرانی لێده‌رچێت، ئێمه‌ هه‌موو ئه‌وانی تر هه‌ستی ده‌رکراومان هه‌یه‌، چونکه‌ له‌ ڕه‌گی مێژوویی خۆمان دابڕێنراوین. کوردی ئێران هه‌ست ده‌کات له‌گه‌ڵ میلله‌تی فارسدا هاوبه‌شه‌ و له‌سه‌ر خاک و ئاوی خۆی دانیشتووه‌. ئێمه‌ له‌ ئێراق و تورکیا و سوریا غه‌ریبه‌ین. هه‌تا ئێستاش له‌ سوریا به‌ هاووڵاتی ناژمێردرێین و خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ نین، وه‌ک بێگانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدراوین. تا یه‌ک دوو ده‌یه‌ له‌وه‌وپێش نه‌ده‌کرا له‌ تورکیا به‌کوردیش قسه‌بکرێت. له‌ ئێراق کورد ناچار بووه‌ مێژوویه‌ک بۆ خۆی داڕێژێته‌وه‌ و له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستپێبکاته‌وه‌. جیاوازی پێکهاته‌ی ده‌رونیی تورکێک و عه‌ره‌بێک و فارسێک چه‌نده‌، کورده‌کانی ئه‌و به‌شانه‌ش نزیکه‌ی هه‌مان ئه‌ندازه‌ له‌یه‌کترییه‌وه‌ دوورن به‌ڵام له‌ بارێکی ژێرده‌سته‌ییدا. ته‌نانه‌ت زمانی کوردیش ئه‌و ڕایه‌ڵه‌ دروستناکات که‌ ئه‌گه‌ر له‌ جێگه‌ و کاتێکی تردا یه‌کتری ببینینه‌وه‌، بتوانین به‌ ئاسانی له‌یه‌کتری تێبگه‌ین. زمانی سویدی و نه‌رویجی چه‌ند له‌یه‌کتری نزیکن، هه‌رئه‌وه‌نده‌ش کرمانجی و سۆرانی له‌یه‌کتر تێده‌گه‌ن. ئێمه‌ دیسانه‌وه‌ ناتوانین به‌ ئاسانی یه‌کتری بخوێنینه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌یه‌ک له‌و دوو دیالێکته‌ به‌ دوو ڕێنوسی جیا ده‌نوسرێن.