8. apr. 2011

تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان به‌شی دووه‌م

تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان

به‌شی دووه‌م

شێوە و ناوەرۆکی سیاسەتی کوردی و تێگەشتنی نەتەوەیی

پێش ئەوەی لە سیاسەتی ئایدۆلۆژی جیهانی بدوێین، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە بە درێژایی مێژوو هەر بزوتنەوەیەکی کوردی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا دروست بووبێت و بە هەر ناوێکەوە هاتبێتە مەیدان و هەڵگری هەر جۆرە ئایدۆلۆژیا و دروشمێک بوو بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خێڵه‌کیش بووبێت، ئەوا لە پێداویستیەکی مێژوویی نەتەوایەتیدا خۆی بینیوەتەوە.


سەرهەڵدانی هەر ڕاپەڕینێک سەیربکەین، دەبینین بەرپەرچدانەوەیەکی باری نەتەوایەتی میللەتی کورد بووە بەرامبەر دەسەڵاتدارێتی سەردەست و زۆر جاریش جیهان، بۆئه‌وه‌ی بگاتە چارەسەرێک بۆ میللەتێکی ژێردەستە. واتە سیاسەتێکی نەتەوایەتی گرتۆتەبەر، چ بەئاگایی و چ بە نائاگایی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌سته‌ زۆر لاوازیش بووبێت و قاوغی شۆڕشی چینی کرێکارانیشی له‌خۆگرتبێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بزوتنەوەیەکی ناوچەییش بووبێت.

هۆی سەرنەکەوتنی بزوتنەوەکانی پێشوو، تەنها ناگەڕێتەوە بۆ دڕندەیی دەسەڵاتدارێتی سەردەستی ئەو دەوڵەتانە و بارودۆخی مێژوویی جیهان. بەڵکو لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئەو بزوتنەوانە و کەمی وشیاری میللەتی کورد بەو مێژووەی کە تیایدا جوڵاوەتەوە.

ئەوەی سەری لە میللەتی کورد شێواندووە لەدوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە، دامەزراندنی سنورە و هێنانەدی هەستی نەتەوایەتییە لە ناوچەکەدا. (سەرەتا دروستبوونی بیری نەتەوایەتییە لە ناوەندی ئەوروپادا، وەک پێداویستییەکی قۆناغی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی، دوابەدوا، لە دوای هەڵکوتانی دەسەڵاتدارێتی کۆڵۆنیالیستی بۆ سەر جیهانەکانی دەرەوەی تەوەر، لەدوای ئەوانەشەوە هاتنەدی هەستی نەتەوایەتی میللەتانی سەردەست و چواردەوری میللەتی کورد. واتە بە سێ قۆناغ بیری نەتەوەیی گەشتۆتە ئێمە) شەڕوشۆڕەکانی پێشوو زیاتر سروشتێکی ئاینیی یاخود سونەتیی هه‌بووه‌. کورد لەو نێوانەدا تەنها داردەست بووە و خۆی خاوەنی بڕیاری شەڕهەڵگیرسان و پەلاماردانی لەدەستدا نەبووە. شەڕوشۆڕی نێوان دەوڵەتانی ئەو سەردەمەش، لەسەرزەمینی کوردەواریدا و لە ناوچەکەدا، سروشێکی نەتەوایەتی لە خۆ نەگرتوە. شەڕ تەنها بۆ ناوچەی دەسەڵات و پیتوفەڕی ناوچه‌کان بووە. هەڵبەتە زمان و دەستور و خوڕەوشتی دەسەڵاتدار زاڵ بووە و زمانی ڕەسمی و فەرمانڕەوایی بووە، بەبێ ئەوەی ئاگاییەکی نەتەوایەتی ئەو میللەتە سەردەستانەی لە پشتەوە بوبێت. لە هەمان کاتدا ڕێگا لە میللەتانی ژێردەستە نەگیردراوە پەیڕەویی لە زمان و خوڕەوشتی خۆیان بکەن. وردە وردە یا ئەوەتا لەگەڵ میللەتی سەردەستدا تێکەڵاوبوون و تواونەتەوە، یاخود بارودۆخێکی مێژوویی هاتۆتە پێشێ کە دەسەڵاتداران لەناوبچن و ئەو میللەتانە بگەڕێنەوە سەر ڕێ و شوێنی باوی خۆیان، یاخود بکەونە ژێر چەپۆکی میللەتێکی تره‌وه‌.

یەکەم هاواری کوردایەتی و پەیدابوونی پێداویستی بیرێکی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، دەگەڕێتەوە بۆ هاوارەکەی ئەحمەدی خانی. ئەویش لە سەرکردەیەکی کوردەوە نەکەوتۆتەوە، بەڵکو لە شاعیرێک و خەمخۆرێکەوە، کە هیچی لەدەسەڵاتدا نەبووە و تەنها واقعی کوردەوای دەرخستووە و ئاواتەخواز بووە کە کوردیش بتوانێت وەک هەموو میللەتانی چواردەوری بە سەربەخۆیی خۆی بگات. واتە لە ڕاستیدا تەنها خۆزگەخواستن بووە.

هەتا ئەو سەردەمە مێژووییە پێداوستی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی، ئەوەندە بەهێز نەبووە کە ببێتە هۆی دروستبوونی بیری نەتەوەیی و وشیاربوون پێی، کە کورد بە پێوستیی هەوڵی بۆ بدات و خۆی بۆ ئامادە بکات. ڕەنگ بێت هیچ کاتێک کورد بیری لە پێداوستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندی نەکردبێتەوە، چونکە پێوستی پێنەبووە و شێوە ژیانەکەی بە ساکاری لە باوەشی سروشتدا ماوەتەوە و بەردەوامی پێداوە. بۆیە هیچ کاتێک ئەوە لە مێژوودا نابینین کە سەرکردەیەکی کورد هه‌وڵیدابێت بەزۆر هەموو کورد لەژێر دەسەڵاتدارێتی خۆیدا کۆبکاتەوە بە نیازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندی، به‌ڵام سه‌رکرده‌ی کورد ده‌بینین ببێته‌ پێشه‌وای موسڵمانان و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دامه‌زرێنێت.

لێره‌دا نابێت ئەوەشمان لەیادچێت کە دراوسێکانی کورد هەمیشە دەوڵەتانی بەهێز و گەورەبوون و خۆی لە خۆیدا بۆته‌ ڕێگری پێکهاتن و سەرهەڵدانی میللەتێکی بەڕێژە بچوک و لاوازی وەک کورد. بەهەرحاڵ میللەتی کورد بەبێ گیروگرفتێکی ئەوتۆ هەمیشە توانیویەتی گوزەرانی ژیانی خۆی بەڕێوەبەرێت، بە پڕاوپڕی ئەو ژیانە ساکارەی لەو سروشتە دەوڵەمەندەدا کە تیا ژیاوە و ئەو تەنکی دانیشتوانەی کوردستان، لەچاو پانتایی ئەو زەوی و زارانەی کە توانیویەتی و ویستویەتی بەبێ گیروگرفت هاتۆچۆیان تیادا بکات.

کاردانەوەی ئەو بارودۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە بۆتە هۆی ئەوەی کە عەقڵییەتی سیاسی کوردی (هەتا ئێستاش) لەجیاتی سیاسەتی یەکخستن و کۆکردنەوە لە دەوری سیاسەتێکی نەتەوایەتی گشتی و بەرژەوەندی گەلی کورد کە خەمی گەورە و بچوکی ئەو میللەتە بخوات، ئەوا لە سنورێکی تەسکی ناوچەیی زیاتر دەرنەچووە و نەیتوانیوە جیهانبینییەکی گشتی بۆ خۆی داڕێژێت. لە ڕاستیدا، له‌ مێژووی نوێشدا هەر پارتێکی سیاسی کە دەرکه‌وتووە و هاتۆتە مەیدانی سیاسەتەوە و پراکتیزەی بیروبۆچونەکانی کردوە، لە دابەشکردن و پەرتکردن و دوبەرەکایەتی و دوژمنایەتی نانەوە زیاتر هیچی تری لە ناو خودی میللەتی کورددا ئەنجام نەداوە. چونکە ئاگایی مێژوویی لە پشتەوە نەبووە کە هەوڵی یەکخستنەوەی میللەتی کورد بدات. زۆربەی زۆری بزوتنەوەکان تەنها لە سیاسەتێکی خۆڕسک و خۆماڵی پێکهاتووە کە کاردانەوەیەکی سروشتی هێرشەکانی دوژمن بووە. بۆیە هیچ یەکێک لەو بزوتنەوانەی پێشوو نەیانتوانیوە لە سیاسەتێکی تەسکی ناوچەیی دەرچن. نەیانتوانیوە سیاسەتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەک لەخۆ بگرن کە بتوانن لە سنوری ناوچەیی تێپەڕ ببن و پارچەکانی تریش بگرنەوە، یاخود تێوەی بگلێنن. بۆیە دەبینین ئەو بزوتنەوانە زیاتر بونەتە هۆی شەقپێبردنی بنەمای کۆمەڵگای خۆماڵی کوردی کە بە سروشتی پێکهاتووە. ئەو یەکێتییە خۆڕسکەی کە کۆمەڵانی خەڵکی وەک پارچەیەک، بە زمانێک قسە دەکەن و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەژین، هەڵوەشاندۆتەوە و زیاتر زیانی پێگەیاندووە وەک لە سود و قازانج، چونکە هیچ یەک لەو بزوتنەوانە بە ئامانجی سەرکەوتن نەگەشتووە.

هەرچەندە ئێمە دەزانین بزوتنەوەی نەتەوایەتی، بزوتنەوەی یەکگرتنەوەی میللەتێکە کە یەک چارەنوسیان هەیە و بەرەو یەک ئاڕاستەی مێژوویی هەنگاو دەنێن. ئەوەی لە لای ئێمە ڕویداوە و ڕودەدات، هەتا ئێستاش هەر بە پێچەوانەوە بووە. بۆ نمونە کە پارتێکی سیاسی کوردی کەوتۆتەوە، تەنها هەوڵی ئەوەی داوە کە ئەندامەکانی ڕو لە زیادی بکەن و تەنها ئەندامانی ئەو پارتە ڕاست دەکەن و تەنها ئەوان مافی ژیانیان هەیە و ئەوی ئەندام نەبێت نەک تەنها جێگەی لەو پارتە سیاسییەدا نابێتەوە، بەڵکو لە کۆمەڵگا کوردەوارییەکەی دوێنێشدا جێگەی نییە و زۆرجاریش ناپاکە و سەر بە دوژمنە و دەبێت لەڕیزی ئەوانە لەقەڵەم بدرێت کە ڕۆژێ لە ڕۆژان دەبێتە مەترسی بۆ پارت و زۆرجاریش درێژەی پێدەدەن کە دەبێتە دوژمنی گەل و نیشتیمان.

مەبەست لێرەدا ئەوەیە هەتا ئێستا ڕێکخراوێک، بزوتنەوەیەک پێکنەهاتوە کە لە سەرو بەرژەوەندی تاکە پارتێکەوە بڕوانێتە کێشەی کورد و خاوەنی بەرنامە بێت و خۆی بە خاوەنی ئەو مەسەلەیە بزانیت و بەرژەوەندی هەموو گەل لە ئەستۆ بگرێت. چ ئەوەی سەر بە پارتێکی سیاسییە، چ ئەوەی کە کابرایەکی بازرگانە و ئاگای لە هیچی تر نیە، چ ئەو منداڵە هەتیوەی نازانێت بۆچی باوکی کوژراوە. ئەوەیە کە دەبێت پێی لەسەر دابگرین، ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکە کە گشتگیر بێت، نەک تەنها لە سەرکەوتن یا ژێرکەوتنی پارتەکەیەوە بڕوانێتە سیاسەت و کۆمەڵگای کوردەواری.

نەتەوایەتی چییە و چۆن لە بیری نەتەوایەتی تێدەگەین؟

بیری نەتەوایەتی گرێدراوی بەرژەوەندی و داهێنراوی بۆرژوازییەت نیە، وەک ئەوەی هەتا ئێستاش خەڵکانێکی زۆر واتێیگەشتوون. هەر وەک مارکسیەت فێرمان دەکات کە سەرمایەداری پێوستی بە چوارچێوەیەکی نەتەوایەتی هەیە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکان و گەشەسەندنی. بۆرژوازییەت گەورەترین سودی لە بیری نەتەوایەتی بینیوە و هەتا دوا تنوکی چۆڕاندویه‌تی و بەکاریهێناوە، وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر، هەرچەندە پێداویستییەکی مێژویی و کۆمەڵایەتیش بێت، ئەوا دەتوانرێت لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیایەکەوە ئاڕاستە بکرێت و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار بەکاربهێنرێت.

بیری نەتەوایەتی زیاتر گرێدراوی تێگەشتنی پێگەشتن و تەواوکاری کەسایەتی مرۆڤە کە وەک پێداویستییەک دێتە پێشێ و زمان دەورێکی سەرەکی تیادەبینێت، پێویستە هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەبێت کە بە زمانی دایکی بئاخفێت و بیربکاتەوە و تیایدا پەروەردەبێت. ئەو چوارچێوە دەرونییە، بۆ جێگیربوونی ئەو کەسایەتییە پێداویستییە و هەروەهاش بۆ گەشەکردنی دوابەدوای. تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئیتر پێویست ناکات بیری لێبکاتەوە و لەدوای تێربوون دەیەوێت لێی تێپەڕبێت. بەڵام هەموو کاتێک دەبێتە ئەو پەنایەی کە بتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە سەری.

تا ئەو کاتەی نەتەوایەتی لە خزمەتی بەرگری مرۆڤ و ژیان و مانەوەیدا کاربکات و هەوڵی پێشخستن و سەرکەوتنی بدات دژی چەوسانەوە و ژێردەستەیی، ئەوا لە ئاڕاستەی مرۆڤایەتیدا دەڕوات و بە هیچ شێوەیەک دژی ناوەستێتەوە. بە پێچەوانەوە دەتوانین بڵێین کە ئەگەر لەبەرچاو نەگیردرێت، ئەوا لەو بارودۆخە مێژووییەدا، مرۆڤایەتی بەشێکی گرنگی ناتەواوە و هەر دەبێت لە کاتێکی تردا بگەڕێتەوە سەری. لێرەدا نابێت ئەوەمان لەیادبچێت ئەگەر بیری نەتەوایەتی لەوە تێپەڕ ببێت کە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا و هەوڵی ئەوە بدات کە فەرزی میللەتێک بدات بەسەر میللەتێکی تردا، ئەوا ڕاستەوخۆ دژایەتی مرۆڤایەتی دەکات و قەوارەیەکی بۆش و بەتاڵ دەداتە ئەو میللەتە. لە باری دەرونیشەوە تەنها دوژمنایەتی دەخاتەوە لەگەڵ میللەتانی چوادەوردا، کە هیچ بنەمایەکی زانستی و مرۆڤایەتی نیە بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە میللەتێک لە میللەتێکی تر باشترە. هەر بۆیە دەبێت تا ئەو کاتە دەستڕابگیردرێت بە چوارچێوەی نەتەوایەتییەوە کە بەستراوەتەوە بە بەرگریکردن لە بوون و مانەوەی ئەو میللەتە و پارێزگاری لێدەکات و قەوارەی خۆی لەسەر دادەڕێژێت و هیچی تری ناوێت لەوەی زیاتر کە ئەویش لە تەنیشت میللەتانی ترەوە یەکسان بێت و نە لە ژێر ئاستی ئەوانەوە، نە لە سەروی ئەوانەوە. ئەو کاتە دژایەتی میللەتانی تر ناکرێت، بە ئەندازەی ئەوەی داوای مافی ڕەوای خودی ئەو میللەتە دەکرێت و ئەو ڕکەبەرایەتیی و جیاوازی خستنەوەیە دروست نابێت و هەنگاوی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دیالۆگ و ڕێز لە جیاوازی یەک گرتن.

لە کۆتاییدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەوەندەی لە مرۆڤایەتیدا بەشدارین، ئەوەندە جیاوازی زمان لەیەکتریمان جیاناکاتەوە.

نەتەوایەتی زیاتر لەوەی کە ئایدۆلۆژیا بێت، ستراتیژییەتی بەرژەوەندی گەلێکە و ناتوانرێت بخرێتە قاڵبی ئایدۆلۆژیاکانەوە. لەبەر ئەوە دەشێت شێوەی دیموکراتی، یاخود دیکتاتۆری لەخۆی بگرێت. شێوە فاشیستییەکەی بەرەو دیکتاتۆریی دەڕوات و شێوە لیبڕاڵەکەی بەرەو دیموکراتیی. شێوەی تێگەشتن لە نەتەوایەتی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارێتییەکە دەستنیشاندەکات. ئەگەر ئێمە لەوە تێبگەین کە نەتەوایەتی بەشێکە لە ناسنامەی کۆمەڵێک خەڵک کە بە هۆی زمان/مێژوو/کەلتوور... لە کۆمەڵێکی تر جیایاندەکاتەوە و ئەوانیش بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەیە، ئەوا دەتوانین هەنگاو بەرەو سیاسەتێکی دیموکراتی بنێین. ئەگەر هەر لە سەرەتاوە ئێمەش دان بەوەدا بنێین کە ئێمەش هیچمان کەمتر نییە لە میللەتانی تر و بەوان یەکسانین، تەنها ئەوەی دەمانەوێت ئازادی و سەربەخۆیی خۆمانە و هیچ کاتێک نامانەوێت خۆمان بە باشتر بزانین، ئەوا بنچینەی ئەوەمان داڕشتوە کە ڕێگاخۆشکەری سیاسەتێکی دیموکراتی بین و بەرەو یەکگرتنەوە بڕۆین و دورکەوینەوە لە دیکتاتۆری و فاشستی. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بۆ سیاسەتی دیموکراتی ئەوروپی بکەین بەوەی سەرێکی بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی نەتەوایەتیانەوە.

لە ڕاستیدا ئێمە نامانەوێت ئەوەمان لەیادبچێت کە ئەگەر پەیڕەوی سیاسەتی بەرپەرچدانەوە بکرێت، ئەوا دەبێت سیاسەتی فاشستی و دیکتاتۆری و سیاسەتی زەبروزەنگ پیادەبکرێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەو سیاسەتە بەرامبەر میللەتی کورد پیادە دەکرێت. تەنها ئەوساشە کە دەبین بە تەڵەکەوە، چونکە ئەوسایە کە دەتوانرێت بە هەموو چەکێک دژمان بوەستنەوە و بە هەموو شتێک تاوانبار بکرێین تەنها ئەوە نەبێت کە میللەتێکین بۆ مافی ڕەوای خۆمان هەوڵدەدەین.

دامەزراندنی سیاسەتێکی لەو چەشنە ئاسان نیە و تێگەشتنی گشتی و وشیاری دەوێت. زەبروزەنگ نابێت زەبروزەنگ بخاتەوە، بەڵکو دەبێت وشیاری بخوڵقێنێت کە بۆچی بەرامبەر من ئەو زەبروزەنگە بەرپادەکرێت و بەکاردەهێنرێت و نەفی بوونمی پێدەکرێت. چ وەک ناسنامە و چ وەک جەسەدی.

ئەمڕۆ سیاسەتی جیهان دەیەوێت نەبیت، ئەگەر هەشبیت، ئەوا بەزەبروزەنگ بیت و حەز دەکات هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو بیت، ئەوەی لە مێژووی نوێدا جیگای نابێتەوە. بگرە زۆر جار بە ناڕاستەوخۆ دەبێتە پشتگری ئەو سیاسەتە بۆئەوەی هەوڵی لێدان و لەناوبردنی بەدەستەوە بێت. ئەگەر لێرەدا بگەڕێینەوە سەر تێگەشتنی سیاسەتی جیهانی، دەتوانین ئەوە بڵێین کە تێگەشتنی سەعات بە سەعاتی ئاڵوگۆڕی ئەو سیاسەتە، نیوەی چارەسەری کێشەی کوردە. بۆ نمونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوا بلۆکی کۆمۆنیستی و ڕێبازی مارکسی، یەکێک بووه‌ لە بنەڕەتە نەریتییەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕی دژی ڕژێمی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی، دەبوایە کوردیش وەک هەموو میللەتێکی چەوساوە ڕوی تێبکات و باوەشی بۆ بکاتەوە. ئاشکرایە کە هەڵگرتنی ڕێبازی مارکسی، دژیایەتی کردنی سیاسەتی ڕۆژئاوایە، ئەوەی بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی میللەتی کورددا نایه‌ته‌وه‌، بەڵام جارێک بابزانین ئەگەر لە سەرەتادا پ.ک.ک. وەک ڕێبازێکی فیکری سەر بە بلۆکی کۆمۆنیستی نەبوایە، ئایا هیچ سیاسەتی ڕۆژئاوا دەیتوانی لە ئەستۆی خۆی بگرێت، یاخود بە پێچەوانەوە، ئایا پ.ک.ک. دەیتوانی باوەش بۆ هێچ یەکێک لە ڕێبازه‌کانی سیاسەتی ڕۆژئاوا بکاتەوە، کە بیکاتە نمونە نەک پاڵپشت؟

ئەگەر بەگشتی سەیری سیاسەتی دەروەی ڕۆژئاوا بکەین، ئاشکرایە ئەو سیاسەتە هیچ کاتێک نابێتە پاڵپشتی میللەتێکی چەوساوە، ئەگەر نەبێتە داردەست و لە بەرژەوەندی ئەو کارنەکات. ئەگەر وەک میللەتی کوردیش بڕوانینە کێشەکە، ئەوا سیاسەتی جیهانی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتانەدا نیە کە کوردستانیان پێوەلکێنراوە. هەر بۆیە دەبینین وەک پێداویستییەکی لێهاتبوو کە خۆبەخۆ دەبێت کورد سیاسەتێک هەڵبژێرێت کە سەر بە ڕێبازی بلۆکی کۆمۆنیستی بێت. هەرچەندە سور دەزانین کە سیاسەتی کۆمۆنیستی جیهانیش تەنها قاوغەکەی ماببوەوە و لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا لە بەربەرەکانێ و لە ناوەرۆکدا لەدوی جێپێ و ناوچەی دەسەڵات دەگەڕا، بۆ مانەوە و بڵاوکردنەوە و جێقایمکردنی دەسەڵاتدارێتی خۆی.

ئەمڕۆ کە بلۆکی کۆمۆنیستی هەرەسی هێناوە، دەبێت بە چاوێکی ترەوە سەیری سیاسەتی جیهان و سیاسەتی کوردیش بکرێتەوە و ئەوە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئیتر ڕێبازی کۆمۆنیستی، ڕێبازی ڕزگاریخوازی کورد نیە. دەبێت بگەینە ئەو ڕاستییە کە ئەگەر تەنانەت بە بیروبۆچونەکانی مارکسیش بیر لە شۆڕشی چەوساوە بکەینەوە، ئەوا ناواخنی مارکسیەت ئەمڕۆ بە شێوازێکی تر دەشکێتەوە. ئەویش ئەوەیە، گەر جیهان بۆ مارکس ئەوسا تەنها خۆرئاوا بووە و کرێکاری تێدا بێبەش بووە و تیایدا چەوساوەتەوە، ئەوا ئەمڕۆ جیهانی ڕۆژئاوا هەمووی دەوڵەمەندە و دەوڵەتان و میللەتانی چواردەوری ڕۆژئاوایە کە کرێکارە و دەچەوسێتەوە و بێبەشە. کەواتە لە ئەمڕۆی جیهاندا دەتوانین بڵێین کە بە تێکڕایی دەوڵەتێک توشی تیرۆر دەبێت، بە تێکڕایی میللەتێک لەناودەبرێت و ژێردەست دەخرێت. هەربۆیە دەبێت سیاسەتی کوردی لەوە تێبگات کە شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی کرێکار ناکات لەدەستی سەرمایەداری، بەڵکو میللەتێک کرێکارە و دەبێت ڕزگاربکرێت. ئەوسا وەک نمونەکەی پ.ک.ک دەبێت بە پ.گ.ک واتە پارتی گەلی کوردستان. ئەوسا لە جێگەی ئاڵای سوری جۆراوجۆر، تەنها ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە کە دەبێتە ئەو دروشمەی هەموو میللەتی کورد لە ژێریدا کۆبێتەوە بەبێ ئەوەی سەر بە هیچ لایەنێک بێت.

هەر وەک لە جێگایەکی تردا باسکرا، زۆربەی پارتە سیاسییەکان بە ئاگایی، یاخود نائاگایی بونەتە هۆی پەرتکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییە خۆرسکە سروشتییەی میللەتی کورد، ئەوا بەرزکردنەوەی ئاڵای سوریش دیسانەوە هەمان ئامانج دەپێکێت و لەو ڕێگەیەوە دەڕوات. هەربۆیە زۆر گرنگە ئاڵای کوردستان ببێتە دروشمی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. گەلی کورد هەتا هەتایە دەمێنێت، بەڵام ئاساییە پارتێک دروست بێت و لەناوبچێت.

بیری نێونەتەویی چۆن و لەچی پێکهاتووە؟

ئەوەی پێی دەوترێت پەیوەسبوونی نێونەتەوەیی، یاخود یەکگرتن و یەکگرتنەوەی دوو میللەتی ژێردەستە، بە کورتییەکەی دەتوانین بڵێین کە پڕۆژەیەکی مەحاڵ و ناهاوسەنگە. چونکە ئەو میللەتە ژێردەستانە، نەبونەتە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆ و ناتوانن لەسەر ئاستی سەربەخۆییەوە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوتا بەرامبەر یەکتری دامەزرێنن. ئەگەر لە بارودۆخێکی ئاوا تایبەتیشدا، پەیوەندییەکی لەو شێوەیەش دروست بێت، ئەوە تەنها پەیوەندییەکی بەرژەوەندیی کاتییە، یاخود تاکتیکێکی دیاریکراوە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو، تا ئەو کاتەی هەریەکەیان ڕزگاری دەبێت و هیچی تر. واتە پێداویستییەکی کاتی و مێژوویی ئەو کارەیان پێدەکات و لەیەکتریان نزیکدەکاتەوە، نەک تێگەشتنێکی سەربەخۆ کە یەکتری قبوڵ بکەن وەک دوو میللەتی بۆ نموونە نزیک لەیەک، لەلایەنی کۆمەڵایەتی یاخود مێژوویی، یاخود کەلتوورییەوە. تەنها هاوبەشییەک کە هەبێت، ئەوەیە کە باری دەرونی ئەو دوو میللەتە لەو ساتە مێژووییەدا، لە هێڵە گشتییەکانیدا وەک یەکە، ئەویش هەستی ژێردەستەییە و هەوڵ و خەباتی ڕزگاربوونە. لە ڕاستیدا هەر میللەتێک بەپێی توانا و بارودۆخی مێژوویی خۆی سەودا لەگەڵ شێوەی ئەو جۆرە بەرگرییەدا دەکات کە بۆ ئەو گونجاوترینە. دەتوانین بڵێن ڕاستە کە دەوترێت نەخۆش لە نەخۆش تێدەگات و هەست بە ئازاری یەکتری دەکەن، بەڵام کە یەکێکیان چاکبووەوە، ئیتر ئەو هەستانەی نامێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی لەش ساغان. ئەو جیهانەی کە لە بارودۆخی سروشتیدا دەبێت تێیدا بژی. پەیوەندی دوو مرۆڤی لەش ساغ وەکو پەیوەندی دوو مرۆڤی نەخۆش نییە. بەهەمان شێوە، پەیوەستبوونی دوو میللەتی ژێردەستە و دوو میللەتی سەربەخۆ جیاوازە.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بۆ خاڵێکی گرنگ بکەین، ئەویش پێکهاتنی بیری نێونەتەوەیی سەرەڕای ئەوەی دەبێت لە ئازادییەکی بی سنوردا بەرپابێت، ئەوا دەشگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەشتنەی هەر تاکێک هەیەتی بەرامبەر خۆی و چواردەورەکەی و جیهان. بیری نێونەتەوەیی ئایدۆلۆژییایەک نیە کە میللەتێک، یاخود پارتێکی سیاسی دوای بکەوێت و پراکتیزەی بکات، بەڵکو بیرێکی مرۆڤایەتییە و ئاستی پێشکەوتن و بیرکردنەوەی تاکەکەسیی مرۆڤ دەیگاتێت. هیچ کاتێک، تەنانەت لە سەردەمێکی ئازادیشدا میللەتێک نابێتە هەڵگری ئەو بەناو ئایدۆلۆژیایە بەرامبەر میللەتێکی تر، بەڵکو پرۆسه‌یه‌کی خاو و گشتیە و لە ڕێگەی یەگکرتنەوە و تێگەشتنی جیهانیەوە دروست دەبێت کە مرۆڤایەتی هەمووی لە بنەما سەرەکیەکانیدا وەک یەکە و مرۆڤ دەشێت لەیەکتری تێبگات و لەگەڵ یەکتریدا هەڵسوکەوت بکات لەسەر ئاستێکی هاوسەنگی و لەیەکترتێگەشتن. هەموو مرۆڤێکی بەئاگا و وشیار دەبێت هەڵگری ئەو ناوەرۆکە مرۆڤایەتییە بێت و لەوێوە سەردەربێنێت بۆ هەڵسوکەوتە خۆماڵییەکان. واتە بیرکردنەوەی جیهانی و پراکتیزەکردنی خۆماڵی.

دەبێت ئەوە لەیادنەکەین کە مرۆڤ ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی و ئەرکی مێژوویی داسەپاو بەسەریدا ڕابکات، بەناوی ئەوەی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەوڵ دەدات و بە یەکجار لەو ڕێگەیەوە خۆشی ڕزگار دەکات. هەڵەکەی ئێمە یاخود هەڵەی بیری نیونەتەوایەتی کە کراوە بە ئایدۆلۆژیایەک، کە لە ڕاستیدا ئایدۆلۆژیا نیە، لەوەدایە کە ئێمە لە ڕەوتی مێژوویی تێنەگەشتوین و لە ڕاستیدا بەپێی ئەو بیروبۆچونە لە بەرپرسیارییەکی مێژوویی ڕادەکەین و تەنها ئەوەش دەکەین بە ڕوپۆشێک بۆ ئەو ڕاکردنە. هەندێک جار تەنها وشیارنەبوونە بە مێژووی خود و چواردەور و جیهان.

من ناتوانم ئەرکی ڕزگاربوونی خۆم بخەمە سەر شانی مرۆڤێکی تر. یاخود بە پێچەوانەوە ناتوانم مرڤێکی تر ڕزگارکەم کە خۆم ژێردەستەبم. من ئەگەر برسیبم، ناتوانم مرۆڤیکی تر تێربکەم و هیچ مرۆڤێکی برسیش ناتوانێ ئەو پێویستییە بۆ من پڕبکاتەوە.

هەر وەک چۆن بیری نەتەوایەتی خۆی لەخۆیدا ئایدۆلۆژیایەک نیە، بەهەمان شێوەش بیری نێونەتەوەیی ئایدۆلۆژیا پێک ناهێنێت. لە ڕاستیدا بیری نێونەتەوه‌ی دەنگدانەوەیەکی کپی بیری یەکگرتنەوەی مرۆڤایەتیە کە بە هەڵە ئەو ناوەی لەخۆگرتووە، چونکە بیری مرۆڤایەتی گەلێگ گشتگرتر و پڕاوپڕترە بۆ ئەوەی هەنگاوی بۆ بنرێت و هەوڵی لەیەکتێگەشتن بدرێت. هەر وەکو پێشتریش ئاماژەی بۆکرا، دەبێت لە جیهانێکی سەربەخۆوە پەلبهاوێژرێتە دەرەوە و یەکتری بناسرێتەوە. نەک لە پەلەقاژێی ژێردەستەیی و وەکو هاوارێکی "منیش هەم" و لەترسی نەمان، وەک دروشمێک بەرزبکرێتەوە.
 
بۆ نموونە چەندین جار هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دراوە لە نێوان بزوتنەوەیەکی کوردی و بزوتنەوەیەکی فەلەستینیدا و هیچ کاتێک شتێکی ئەوتۆی لێ نەهاتۆتە بەرهەم و زۆر جاریش لەو ڕێگەیەوە توشی هەڵواسینی سیاسی بووە بە بابەتێکی لاوەکییەوە کە بە زیانی ئەو بزوتنەوە کوردییە شکاوەتەوە. هەڵبەتە زۆربەی ئەو هەوڵدانانە لەڕاستیدا نەزۆک بون. چونکە لە ڕێگایەکەوە کوردی پەلکێشی سیاسەتی نێو دەوڵەتی کردووە، کە تەنها دوژمنی بۆ خۆی زیاد کردوە زیاتر وه‌ک لەوەی دۆست بدۆزێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ناچاری کردووە هەندێک سیاسەت و بۆچون قبوڵ بکات کە لە بەرژەوەندی کورد نەشکاوەتەوە و زۆر جاریش ناڕاستەوخۆ دژی وەستاوەتەوە. ڕەنگ بێت زۆر جاریش تەنها لە بەرژەوەندی پارتێکی سیاسی یاخود مانەوەی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەیەک لە دەستی سەرۆک پارتێکدا، ئەو هەوڵدانانە ئاڕاستەی وەرگرتبێت.

لەلایەکی ترەوە ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە ئەگەر بزوتنەوەیەکی کوردی بە دڵسۆزانە ویستبێتی پەیوەندییەکی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەییەکی کوردی تری پارچەیەکی تەنیشتدا دامەزرێنێت، ئەوا لە ڕاستیدا گوڕێکی تازەی داوەتە بزوتنەوەی کوردی و تروسکەی هیوایەکی داوەتە میللەتە دابەشکراوەکەی هەردوو پارچەکە. بۆیە لە مێژوودا دەبینین کە هەوڵی لەو چەشنە، خێرا دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمانەی بەئاگا هێناوەتەوە کە بەهەموو چەشنە ڕێبازێک لەو هەوڵدانانە بدەن و ڕێگەی لێبگرن، یاخود لەناویببەن.

نەک نەهێشتنی پەیوەستبوونی دوو بزوتنەوەی کوردی، یاخود نزیکبوونەوەیان لەیەکتری، مەترسی دەسەڵاتدارانی برەو پێداوە، بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆشنیریی و ئەدەبیش نەهێڵدراوە میللەتی کورد پەیوەندی دروست بکات. بۆ نموونە لە کاتی ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستاندا، لە یەکێک لەو بەڵگەنامە نهێنیانەی کەوتبووە دەست خەڵکی، ئەوەی تێدا ئاشکرا کاربوو، کە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کوردی لە هەوڵی دروستکردنی، یاخود دامەزراندنی بنکەیەکن بۆ پێکهێنانی زمانی یەکگرتووی کوردی. بەڵگەنامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە بە زوترین کات ئەو سەرانە بدۆزرێنەوە و لەناوببرێن.

بیری یەکگرتنەوەی میللەتانی ژێردەستە، یاخود تەنانەت ئەوەش کە دەڵێت چەوساوەکان یەکبگرن، لە ڕاستیدا هەڵەیە و تەنها بەرژەوەندییەکی کاتی و مێژوویی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، نەک تێگەشتنێکی مرۆڤانە و پەیوەندییەکی هاوسەنگ و بەرامبەر. هەڵبەت مەبەست لێرەدا ئەوەنییە کە پشت لە هەموو جیهان بکرێت و تەنها لەخودی میللەتی کورددا چەقببەستین، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە تێگەشتن لە بارودۆخی مێژوویی و ئاڕاستەکردنی تواناکان لەو ڕاڕەوەوە کە پێچەوانەی مێژوو ناوەستێتەوە و تەواوکەر و پڕکەرەوەی ئەرکە مێژوویەکانە. لەم بارودۆخەی ئێمەدا بەرژەوەندی سەرخستنی میللەتێکە کە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی بێبەشە. هەمان ئەو ئەرکە مێژووییە، ئەوەش دەسەپێنێت بەسەرماندا کە دەبێت لە ڕاڕەوی گشتی چوادەور و جیهان تێبگەین بۆ ئەوەی تیایدا هەڵسوکەوت بکەین و توشی دابڕان و چەواشەیی نەبین. بەڵکو بتوانین وەک پێویست تیایدا هەڵسوڕێین.
  
ئەگەر ئێمە لە چۆنێتی کێشەکەی خۆمان تێبگەین، ئەوسا دەتوانین لە چوارچێوەیەکی ڕون و ئاشکرادا سیاسەتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی داڕێژین. ئەگەر ئامانجەکانمان دیارکراو بێت و بزانین چۆن دەجوڵێینەوە، ئەوا تێکەڵی گێژاوی فکری و ئایدۆلۆژی جیهانی نابین، لە ڕاستیدا ئێمە نامانەوێت ڕژێمی جیهان بگۆڕین جگە لەوەی کە ناتوانین، ئەوا ئەرکی سەرشانی ئێمەش نیە هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکەین. دەبێت لەو خەیاڵپڵاوە بێینە دەرەوە و بەرپێی خۆمان ببینین کە لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمەش دەمانەوێت ئەوەیە کە وەکو ئەوان بژین و وەکو ئەوان هەبین، ئەوسا بەیەکەوە بۆ مرۆڤایەتی هەوڵ دەدەین و خەیاڵی جیهان گۆڕین دەکەینەوە. مرۆڤی ژێردەستە ناتوانێت جیهان ڕزگار بکات، لە پێش ئەوەی خۆی ڕزگارکردبێت. ئەگەر ئەوەندەی توانای هەیە، ئەدی بۆچی خۆی ژێردەستەیە؟

ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، ئەوەیە کە ناکرێت پەیوەستی فکر و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی بین و لە ڕاستیشدا ئەرکی مێژوویی داوای بابەتێکی ترمان لێ بکات و لە ڕاڕەوێکی ترەوە بڕوات. بۆ نموونە، کاتێک دادگایان بۆ ماندێلا دانا، بەزۆری زۆرداری دەیانویست تاوانی کۆمۆنیستی بخەنەپاڵ کە دەیەوێت ڕژێمی ئەفریقای باشور بەرەو کۆمۆنیستی هەڵگێڕێتەوە. ماندیلا ئەوەندە شارەزا و لێهاتوو بوو بە هەموو هێز و توانایەکییەوە بەرگریی لەوە دەکرد کە ئەو لە ژیانیدا کۆمۆنیست نەبووە و هیچ کاتێکیش نەیویستووە کۆمۆنیست بێت. تەنها ئەوەی دەیەوێت وەک ئەوان بژی و ژیانێکی دیموکراتی بۆ ڕەش و سپی دامەزرێنێت. هەمووشمان دەزانین لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بوو تا گەشتە ئەو ئامانجەی، کە بتوانێت ڕژێمێکی ئاوا دڕندە هەڵگەڕێنێتەوە. لێرەدا دەبێت سەرنجی دوو خاڵی گرنگ بدەین، یەکەم تێگەشتنی قۆناغی مێژوویی. دووەم گرێنەدانەوەی فکر و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی بە ڕزگاری نیشتمانییەوە. ماندێلا لە کاتێکدا حاشای لە کۆمۆنیستی دەکرد کە کۆمۆنیستی تێکەڵاوی زۆربەی زۆری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی بوو بوو. ئەو دەیزانی ڕەشەکانی باشوری ئەفریقا بەو ڕێبازە ڕزگاریان نابێت و گرتنەبەری سیاسەتێکی دیموکراتی، وەڵامدانەوەی پێداویستییەکی مێژووییە.

مێژووی گرێدانی کۆمۆنیستی بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دژی داگیرکەرانی بێگانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە ڕۆژئاوا بە گشتی لە جیهاندا خاوەنی دەسەڵاتی کۆڵۆنی بووه‌ و دژی ڕژێمی سۆڤیەتی ئەوسا بووه‌. تەنها ڕێگەیەک کە ڕژێمی سۆڤیەتی دەیتوانی دژایەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوای پێبکات، لە ڕێگەی ئەو میللەتە ژێردەستانەوە بوو کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیدا دەجەنگان. ئەو پاشەڕۆیە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە و زۆر لە بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ئەمڕۆی جیهان هەتا ئێستاش تەپڵی بۆ لێدەدەن و دوای دەکەون. ئەوەی ئاشکرایە ئەو ململانێیەی سۆڤیەت لەگەڵ ئەمریکادا دەیکرد، لەبەرچاوی کاڵی میللەتە ژێردەستەکان نەبوو، بەڵکو هەزاران جار لەسەر ناوچەی هێز و دەسەڵاتدارێتی سیاسی و جێگاپێی ستراتیژی، دەکڕان و دەفرۆشران و بەکاردەبران، بۆ بەهێزکردنی جێپێی سۆڤیەتی لە دژی ئەمریکا.

دژوەستانەوەی سۆڤیەت لە بیروباوەڕی مرۆڤپەرستییەوە هەڵنەقوڵابوو، بەڵکو لەسەر دەسەڵات بەسەرداگرتنی جیهاندا ڕەنگی دەدایەوە. سۆڤییەت دە ئەوەندەی ئەمریکا سەرمایەدار بوو، دە ئەوەندەی کۆڵۆنیستەکان میللەتانی خۆی دەچەوساندەوە و تیرۆری دەکرد. پێش ئەوەی جەنگی جیهانی دووەم  دەستپێبکات، ستالین کوشتنی بیست و پێنج ملیۆن کەس لە میللەتانی خۆی بە گه‌ردنه‌وه‌ بوو.

پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتی ڕۆژئاوا و چۆنێتی خۆجێکردنەوە لە ڕەوتی مێژوویی جیهاندا.

جیهانی تەوەر لەسەر بەرژەوەندی خۆی دامەزراوە و هەتا بۆی بکرێت و بۆی بلوێت، ئەو بەرژەوەندییە پەرەیپێدەدات و دەپارێزێت و پتەوی دەکات. ئەگەر لە دەرەوەی تەوەرەوە، میللەتێک، دەوڵەتێک بیەوێت، نەک تەنانەت بەشداری ئەو بەرژەوەندییە بکات و جێگەی خۆی بکاتەوە، بەڵکو تەنها ئەوەندەشی بوێت کە بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت، ئەوا بە ئاسانی جێگەی نابێتەوە و تیرۆریستە. هەڵبەتە لە ڕوانگەی ڕۆژئاواوە ڕاستە، چونکە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان تیرۆریستە و ناهێڵێت بە ئاسانی بیخۆن و لە سود و قازانجی بەرژەوەندی ئەوان کەمدەکاتەوە.

ئێمە ناتوانین دژی سیاسەتی جیهانی بجوڵێینەوە و بوەستینەوە، لە هەمان کاتیشدا نامانەوێت ملکەچ و سەرشۆڕ و داردەستی سیاسەتی جیهانی بین. ئەوەی لەو نێوانەدا دەشێت بکرێت و ڕێچکەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەیە کە بتوانین خۆمان بسەپێنین بەسەر مێژوودا کە ئێمەش، ئەگەر بەزۆریش بێت، دەمانەوێت جیگەی خۆمان بکەینەوە. چونکە لە ڕاستیدا ڕەوڕەوەی مێژوو بە دەست جیهانی تەوەرەوە دەخولێتەوە و یەکێک لە هەرە سیاسەتە سەرکەوتووەکانی مێژوویی کە تا ئەمڕۆش دەخوات و بەکاردێت، سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەیە. ئەو سیاسەتەی ناوشیاریی و نەزانین ڕێگەی پێدەدات که‌ بە ئاسانی بچێتەسەر. پشتبەستووە بە دواکەوتوویی و نەخوێندەواری، هەژاری دایکی ئەو دواکەوتووییەیە. واتە سیاسەتی تەوەر هەتا بۆی بکرێت ئەو دایکە بەخێو دەکات و دەیپارێزێت. ئێمەش دەبێت هەر لەوێوە دەست پێبکەین و ئەو دایکە سەرنگوم کەین، کە تەنها و تەنها بە وشیاری و دروستکردنی هیوای ژیانێکی سەربەست دەتوانرێت بەرپەرچی ئەو سیاسەتە بدرێتەوه‌.

خۆسەپاندن و خۆجێکردنەوە و بەشداربوون لە ڕەوتی مێژوویی جیهانیدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیارییەوە بەندە. ئەوسا ئیتر سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە ناتوانێت بەسەر وشیاریی میللەتێکدا زاڵ بێت.

وشیاری مێژوویی کاتێک دەستدەکەوێت کە توانیبێتمان لە وشیاری ناوەکی و خۆیی هاتبینە دەرەوە، بە شکاندنی ئەو قۆزاخەیەی هەر یەک لە ئێمە بە دەوری خۆیدا چنیویەتی. چۆنێتی شکاندنی ئەو قۆزاخەیە بەستراوەتەوە بە ئاستی وشیاری و بیرکردنەوەی مرۆڤەوە. هەتا ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤ نزم بێت، ئەوا بە نزمتر و کەمتر ڕازییە. تەنانەت تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە وەکو ئاژەڵیش بژی و تەنها خواردن و خەوەکەی هەبێت. هەتا ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤانەی خۆبەخۆی بەرزبێتەوە، بە زۆرتر ڕازی دەبێت. هەتا بە خودی خۆی وشیار بێت و مانا مرۆڤایەتییەکانی خۆی بناسێت و هەنگاو بەرەو ناسینەوەی دەموچاوی خۆی بنێت، ئەوا ملکەچیی قبوڵ ناکات و ئامادەیە کەمتر بخوات و زیاتر ئازاد بێت. هەتا وای لێدێت ئامادەیە بمرێت و ژێردەستەیی قبوڵ نەکات.

ڕۆژئاوا دەمێکە سنوری خۆی جیاکردۆتەوە. ئێمە، هەموو ئەو میللەتانەی کە کەوتوینەتە دەرەوەی ئەو تەلبەندەوە، ئەوا لە ڕاستیدا لەچاو ئەو مێژووەدا، زیادەین. ئەو مێژووەی کە ڕۆژئاوا تەنها دەیەوێت بۆ خۆی بچنێت. ڕۆژئاوا نایەوێت دیالۆگی هەبێت لەگەڵ ئەودیو سنوردا و هەموو دەرگاکانی داخستوە و شێوازی دیالۆگ یەکسەرەیە. تەنها ئەو بڕیاردانی مێژوویی لە دەستدایە و ئێمەش تەماشاکەر و سەلمێنەری بڕیارەکان و جێبەجێکەری ئارەزوە سیاسییەکانی ئەوان. ئەوان نایانەوێت گوێبگرن و لە ئێمەش تێبگەن.

ئەوان، ئێمە و ئەوانی دروستکردوە، نەک ئێمە. ڕودانی ئاڵوگۆڕەکان لەسەر ئێمە هێندە خێرایە، کە بواری بیرکردنەوەی لۆجیکی و ژیرانە نادات. هەرچەندە ئەگەر لە لایەکی ترەوە سەیری زەمەنی خۆمان بکەین، دەبینین بە بۆشی دەڕوات بەڕێوە، بەبێ ئەوەی گۆڕانێکی ئەوتۆ ڕوبدات.

تێگەشتنی ئەو زەمەنە دووفاقییە گەلێک ئاڵۆز و دژوارە. چونکە دەبێت بنەما مێژووییەکەی پەیدابکەین کە لە ناو هەمان مێژوودا دوو مێژوو، یاخود چەندین مێژوو هەیە و هەریەک بە خێراییەکی زەمەنیی جیاواز لەوی تر دەڕوات بەڕێوە. بەڵام کە لە مێژووی سەردەستەوە تەماشای دەرەوەی تەوەر دەکەین و ئەو کاریگەریانەی کە دائەسەپێنرێت بەسەریدا، لە توانای خێرایی زەمەنی مێژووی ئەو میللەتانە، یاخود ئەو دەوڵەتانەدا نیە کە بتوانن بە هەمان خێرایی هەرسی بکەن. هەر بۆیە زۆر جار کە لە مێژووی سەردەستەوە باس لە چارەسەری سیاسی و دیبلۆماسی دەکرێت بۆ کێشەیەکی دیاریکراو، لەلای ئێمە بەشێوەی نیزە لە سەرسنگ توندکردن دەشکێتەوە، ئەوسا دەڵێن ئێوە لە زمانی دیالۆگ تێناگەن.

لە لایەکی ترشەوە ئەگەر سەیری ڕەوتی مێژوویی ڕۆژئاوا بکەین دەبینین بە خیراییەکی سامناک دەڕوات بەڕێوە و لە هەمان کاتیشدا کات بۆ هەموو بابەتێک، بۆ هەموو کێشەیەک هەیە، زۆر جار بابەتەکان ئەوەندە تاوتوێدەکرێن کە لە تام دەردەچن. واتە هیچ بابەتێک نیە کە مافی تەواوی خۆی پێنەدرێت و بازهەڵدان بەسەر هیچ بابەتێکدا ڕونادات.

شیکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی گشتەکان بۆ وردەواڵە و چارەسەرکردن لە بەشە هەرە بچوکەکانەوە و هەر یەک بە ڕیتم و خیرایی خۆی، ئەو گشتە پێک دێنێت کە دەبینین بە گشتی زۆر بە خێرایی دەڕوات بەڕێوە.

سەرکەوتوویی بیرکردنەوەی بەتاکایەتی کردن و دابەشکردنی دەسەڵاتدارێتی، ئا لەوێدایە. ڕێک و ڕەوان بە پێچەوانەی دەسەڵاتدارێتی تاکڕەوەوە، کە هەموو دەسەڵاتێک لە ژێر دەستی خۆیدا کۆدەکاتەوە. هەربۆیە زەمەنی ئێمە داگیرکراوە و بە پێی دەسەڵاتدار و چۆنێتی بیرکردنەوە و تێگەشتنی ئەو دەڕوات بەڕێوە. لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە خاوڕۆشتن و تیژڕۆشتنی زەمەنی مێژوویی بەستراوەتەوە بەو تێگەشتنەوە کە دەسەڵاتدارێتی هەر میللەتێک یاخود دەوڵەتێک هەیەتی بۆ بوونی خۆی و چواردەورەکەی. چۆنێتی بەکارهێنان و هەڵسوکەوتکردن لە کایەیەکی زەمەنی دیاریکراودا، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە شێوەی دەسەڵاتدارێتییەوە.
واتە ئاگاداری و وشیاریی بە ڕەوتی زەمەنیی و وشیاربوون بە مێژوو، دەرگای زەمەن دەکاتەوە، یاخود بەرفراوانی دەکات. زەمەن لەلای ئێمە گوشراوە، یاخود زیاتر لە دەمی کیسەیەکی بەستراو دەچێت کە فوی تێکرابێت و ئێمە هەموومان لە ناو ئەو کیسەیەدا بمانەوێت هەناسە بدەین. گرنگی ئازادی لێرەدایە کە لەو کیسەیەی بەدەست دەسەڵاتدارەکانمانەوەیە، بتوانین بێینە دەرەوە و هەناسە بە ئازادی خۆمان بدەین و ئاوڕێک لەملاو لەولای خۆمان بدەیتەوە و بتوانیت لە زەمەنە مێژووییەکەی خۆماندا بژین. واتە لەسەرێکی ترەوە ئێمە ناتوانین هەموو تاوانەکان بخەینە سەرشانی ڕۆژئاوا و خۆمانی پێپاکبکەینەوە. ئەوەندەی ڕۆژئاوا تاوانبارە بەرامبەر مرۆڤایەتی، دە ئەوەندە دەسەڵاتدارەکانی خۆمان تاوانبارن بەرامبەر بە گەل و مێژوو.

هەنگاوی یەکەم بۆ ناو مێژوو، ئەوا بێ سێ و دوو لێکردن ئازادییە. ئازادییەک کە تاکە مرۆڤ بتوانێت خۆی تیادا بناسێتەوە و ڕێزی بگیردرێت و مافی ژیان و ئازادی دەربڕینی هەبێت. ئەوەش تەنها لە کۆمەڵگایەکدا دێتەدی کە بناغەیەکی پتەوی دیموکراتیی دامەزراندبێت. ئەوەش دیسان بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی و بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری دەتوانرێت ڕێگە و جێگەی خۆی خۆشبکات. وەک میللەتی کوردیش دەبێت هەر لە ئێستاوە هەوڵی دامەزراندنی ئەو دیالۆگە بدرێت، کە ڕێخۆشکەری سیاسەتێکی دیموکراتی بێت و مرۆڤ بتوانێت ڕەنگ و سیمای خۆی تیا بدۆزێتەوە.

لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی جیاکردنەوەمان لە مێژووی تەوەر و تێئاخزنرانمان لە پاشکۆی مێژوو، وەک ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە ڕۆژئاواوە هەیە. ئەوا دەتوانین بپرسین، ئێمە چۆن دەتوانین پێ لەوە بنێین کە هەلومەرجی پێشکەوتن تەنها بۆ بەشێکی مرۆڤایەتی ڕەوایە و ئێمەش هەر لە دواکەوتووییدا گێنگڵ بخۆین؟ ئایا ئێمە خوا هەر بە دواکەوتوویی دروستی کردووین و نوشتەی ئەوەشمان لێکراوە کە هەر هەمان چارەنوسمان هەبێت؟
هەر کاتێک میللەتانی جیهان لە یەک هەلومەرجدا بن و بەشێکی بە دواکەوتوویی بمێنێتەوە، ئەوسا دەتوانین بیر لە جیاوازی و جۆرێتی ژیرێتی بکەینەوە، نەک بەو شێوەیەی ئەمڕۆ کە دەبینین هەلومەرجی پێشکەوتن تەنها بۆ جیهانی ڕۆژئاوایە و میللەتانی چواردەوریش تەنها زبڵدانی گیروگرفتەکانی ئەوان و سەرچاوەی مادەی خاو و هیچی تر. هەڵبەتە نابێت ئەوەمان لەیادبچێت کە ڕێنیسانس لە ئەوروپاوە دەستی پێکردوە و ئەوان کلیلی پێشکەوتن و سەرداریان ڕفاندوە. بەڵام ئەمڕۆ داوی ئەو دووسەد ساڵەی کە میللەتانی چواردەور دەڕەتێنن، ئەوا دەبێت ئێمەش ئاوڕێک بدەینەوە و هەوڵی بەشدار بوون و پێشکەوتن بدەین و لەو پلەدووییە بێینە دەرەوە. هەر هیچ نەبێت لە پاشکۆیەتیی مێژوویی بکەوین.

کورد دەبێت لەوە تێبگات و لەو سیاسەتەی ڕۆژئاواوە ئەوە فیربێت کە زمانی لەیەکترگەیشتن بخوڵقێنێت. واتە فیری ئەو دیالۆگە سیاسییە ببین کە یەکماندەخات و ئامادەمان دەکات وەک یەک پارچە ڕاوەستین، وەک میللەتێک. واتە بەرگریکردن لە مافی بوون وەک ئەو میللەتەی کە لەناو خۆیدا تەبایە و یەک ئامانجی هەیە. ئەوەندەی لە میژووی ئەمڕۆ تێبگەین و وانەیەکی لێ وەربگرین، ئەوەیە کە ئەگەر تەبایی لە ناوەوەی کۆمەڵگادا نەبێت، ئەوا ئەنجامی پارچە پارچەبوونە و ڕوو لە فەوتانە. تەنانەت ئەگەر لە داهاتووشدا میللەتی کورد بگاتە ئەو قۆناغەی ڕزگاری بێت و بە ئازادی خۆی بگات، ئەوا ناتوانێت پارێزگاری لەو سەرکەوتنە بکات ئەگەر لە ئێستاوە بنەمای ئەو یەکبوونەی دانەڕشتبێت. نمونەی ئەفغانستان لەبەرچاوی هەمووماندایە، ئەوەندەی ماڵکاولی و وێرانی ڕوی کردە ئەو میللەتە داوی ڕزگاربوونی لەژێر دەسەڵاتی سۆڤییەتی، ئەوەندە زیانی لێنەکەوتبوو کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو. هەر بۆیە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵانی خەڵک هەر لە ئێستاوە، بەردی بناغەی بردنەوەی سبەینێیە. دەبێت کورد لەوە تێبگات کە لەدەرەوەی یاخود لەسەرەوەی بابەتە تێهەڵکێشراوەکانی مێژووەوە بڕوانێتە بەرژەوەندییەکانی و لە بەرژەوەندی تاکە پارتێکی سیاسی بێتە دەرێ. ئەوسا لە سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە تێدەگات و تەشەنە نادات بە جیاوازیی پارتایەتی و هەوڵی ڕێککەوتن و تێگەشتنی دەدات.

لە ڕاستیدا دروستبوونی دیکتاتۆری لە جیهانی دوودا، بەرئەنجام و کاردانەوەی سیاسەتی ڕۆژئاوایە بە پلەی یەکەم و تێنەگەشتنی سیاسەتی جیهانییە لە لایەن میللەت و دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتانی جیهانی دووەوە، بە پلەی دووەم. یەکەم وەک کاردانەوەی ئەو میللەتانە کە کەس گوێیان لێناگرێت و ڕێگەیان پێنادرێت سەربەخۆ بیر لە چارەنوسی خۆیان بکەنەوە و لە مێژوودا جێگایان نابێتەوە و هەندێ جار مل نادەن کە ڕۆژئاوا سیاسەتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، ئەوا ئیتر بە دوژمن دەدرێنە قەڵەم و هەزار بێیانوو دەدۆزرێتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتدارێتییە، کە دەیەوێت کەمێک نیشتمانپەروەر بێت و ڕێگە لە دزی ڕۆژئاوا بگرێت. زۆر جار فەرمانڕەوایان وا ناچار دەکرێن کە بە دەستێکی پۆڵاین لە هەموو بزوتنەوەیەکی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیی بدەن کە زیاتر مەبەستی ئاژاوە نانەوەیە، وەک لەوەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو میللەتەوە بڕوات. زۆر جاریش ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەستی فتنە و تێکدەری دەرەکی لە پشتی ئەو بزوتنەوانەوە هەیە کە دەیانەوێت چۆک بە دەوڵەتێکی دیاریکراو دابدەن کە لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوا ناجوڵێتەوە. لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە نابێت چاوپۆشی لێبکرێت، ئەویش ئەوەیە زۆر جار دیکتاتۆرانی جیهانی دوو لە هەموو بزوتنەوەیەکی نیشتمانپەروەرانەیان داوە بەناوی ئەوەی کە دەوڵەتێکی بێگانەیان لە پشتیەوە وەستاوە و دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە. واتە لە ڕاستیدا زۆربەی کات لەلایەن دەسەڵاتدارانی جیهانی دووەوە ئیمپریالیزم کراوە بە بەهانە بۆ ڕێگرتن لە هەموو جموجۆڵێکی سیاسی کە ڕوناکاییەکی دیموکراتیانەی تیابووە. لە لایەکی تریشەوە نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی جیهانی دوو، کتومت لە بەرژەوەندی جیهانی تەوەرە و هەتا بۆیان بکرێت پارێزگاری لێدەکەن، چونکە ئەو جۆرە ڕژێمانە دەتوانن دەمی میللەتەکانیان ببەستن و وەک مەڕ لێیانخوڕن و لە کاتی زیادەڕۆیشدا سەریان بڕن. هەموو ئەو سیاسەتانەی کە جیهانی ڕۆژئاوا دەیەوێت بیکات، پیشە کۆنەکەی خۆی داوەتە دەست جەلادە خۆماڵییەکان کە باشتر مەڕەکانی خۆیان دەناسن. لە لایەکی تریشەوە ویژدانی ڕۆژئاوا خۆی پاکدەکاتەوە بەوەی کە دەستی ئەوانی تیانیە و ئەو میللەتانە خۆیان بەرپرسیارن و هەر ئەوەندە دەهێنن و هەر ئەو جۆرە ڕژێمانەیان تیادەبێت. دیسانەوە دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە بڵێین چارەسەری زۆربەی ئەو کێشانە بەستراوەتەوە بە ئاستی وشیاری کۆمەڵانی خەڵکەوە و هاتا بەرزتر بێت، کەمتر دەتوانرێت لەخشتە ببرێت.

جیهانی دوو نەک هەر نایەوێت دژبوەستێتەوە، بەڵکو ناشتوانێت. بەڵام زۆر جار ناچاردەکرێت کە ببێت بە دوژمن. لەلایەکەوە جێگای ناکەنەوە لە سیاسەتی جیهانیدا و لەلایەکی تریشەوە دەبێت سەرشۆڕی ئەو سیاسەتە بێت. هەر سەرۆکێک یاخود دەوڵەتێک، ملکەچی سیاسەتی ڕۆژئاوا بێت، ئەوا دەبێت بە دیکتاتۆر بەسەر میللەتەکەی خۆیەوە و دەبێتە چاوڕاستی ڕۆژئاوا و دوژمنی گەل. ئەگەر پشت بە گەل ببەستێت و پشت بکاتە ڕۆژئاوا، ئەوا دەبێتە دوژمنی ڕۆژئاوا و خۆشی دەبێتە دیکتاتۆر بە سەر میللەتەکەیەوە، بەوەی کە پشت دەکاتە مێژوو و ڕێگەی پێشکەوتن و کرانەوە لەبەردەمی خۆیدا دەگرێت. دەبێت سیاسەتێک لەو نێوانەدا بدۆزرێتەوە کە بتوانرێت تا ڕادەیەک شێوەیەک لە دیموکراتی بەرپابکرێت و لەهەمان کاتیشدا دەوڵەت نەبێتە دوژمنی گەل و ملکەچی سیاسەتی ڕۆژئاوا. دەنا لە ڕاستیدا هێشتنەوەی ئەو ناهاوتایی و نابەرابەرییەیە کە ڕۆژئاوا دەیەوێت و هەوڵی بۆ دەدات.

ڕۆژئاوا هیچ نرخێک دانانێت بۆ میللەتان و دەوڵەتانی جیهانی دوو. ئا لێرەدایە زیرەکی کە بە چ دیبلۆماسیەتێک دەتوانرێت سیاسەتێکی دیموکراتی دامەزرێنرێت و ببێتە ڕێگای ڕزگاری میللەت و ڕوو لە دیکتاتۆریش نەکرێت. کە دیسانەوە وشیاری سەرکردە و میللەت بەوەی کە چی لە جیهاندا ڕوودەدات و چۆن چۆنی مێژوو دەچێت بەڕێوە، بەردی بناغەی ئەو سیاسەتەیە.
ئەگەر لە ڕوانگەی بوونی دەوڵەتەوە، سەیری قۆناغی مێژوویی ئەمڕۆی جیهان بکەین. دەبینین بوونی دەوڵەت پایەگوزاری کۆمەڵگایە و چوارچێوەی میللەت دەپارێزێت، یاخود بەلایەنی کەمەوە دیاریدەکات و هەوڵ دەدات ئەو کۆمەڵگایە بەرەوپێشەوە بەرێت و جێگە و ڕێگەی لە ڕەوتی جیهانیدا دەستنیشان بکات و لە هاوسەنگییەکی نێودەوڵەتیدا جێگای بکاتەوە کە سەنگینی بۆ دابنرێت. هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو ڕەوتە مێژووییەدا بڕوات و ژیانێکی جێگیر و ئاسودە و بەردەوام دابین بکات.

دەوڵەت دامەزراوێکی شارستانییە و دەستبەرداربوونی مەحاڵە و مانەوە و بەردەوامی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بونی دەوڵەتەوە. ئەو هەڵە گەورەیەی کە دەڵێت هەموو دەوڵەتێک چەوسێنەرە و هەموو میللەتێکیش چەوساوەیە و دەبێت هەوڵی ڕوخاندنی دەوڵەت بدرێت، ئەمڕۆ ئیتر لە هیچ جێگایەکدا جێگای نابێتەوە. هەرچەندە میللەتێکی وەک ئێمە، جگە لەوەی کە خۆمان دەوڵەتمان نیە، ئەوا هەتا ئێستای مێژووش تەنها ئەزموونی دەوڵەتی دیکتاتۆر و فاشیستمان هەیە و هەمیشە ویستومانە دەوڵەت بڕوخێنین و ئەوە لە مێشکمان چەقیوە کە هەموو دەوڵەتێک دڕندە و زۆردارە و دەبێت لەناوببرێت. هەڵبەتە هیچ کاتێک بیرمان لەوە نەکردۆتەوە کەچی لە جێگای دابنێن. جگە لەو خیاڵپڵاوەی کە لەگەڵ میللەتانی سەردەستدا هەوڵ بدەین دەوڵەت بڕوخێنین، بەڵکو لەسایەی ڕژێمێکی تازەدا بارودۆخی ئێمەش چاک ببێت.
کەم جار نەبێت، ئێمە بیرمان لەوە نەکردۆتەوە کە خۆمان ببینە خاوەنی دەوڵەت و ئاخۆ ئێمە چمان لە میللەتانی تر کەمتر بێت کە خۆمان بەخۆمانا ڕانافەرمووین و بە خۆمانی ڕەوا نابینین. لە ڕاستیدا هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە منداڵێک دەچین کە هیچ شتێک دەربارەی دەوڵەت نازانین و ناشمانەوێت گوێمان لێبێت. هەر وەک وتمان ئێمە لە دەوڵەت و لە ناوی دەوڵەت دەترسین و ئەو ترسە چۆتە نائاگایمانەوە، تەنانه‌ت ناتوانین لەبەرچاوماندا واڵایبکەین کە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئێمەش دەبینە خاوەن دەوڵەت. ئێمە نرخ و بەهای دەوڵەت نازانین، بۆیە ناوێرین بیری لێبکەینەوە.

ترسی نەمان و فەوتاندن وا بە شادەمارماندا داچۆڕاوەتە خوارەوە کە نەهێڵێت و بواری ئەو بیرکردنەوەیەمان پێنەدات کە بوون بەخاوەنی دەوڵەت هەموو ترسەکانمان دەڕەوێنێتەوە. هەمیشە بەچاوی گومانەوە ڕوانیومانەتە، تەنانەت بیردۆزی دەوڵەتیش. یەکێک لە هەرە کاریگەرییە بەهێزەکانی سەردەمی نوێ بە نیسبەت کوردەوە، ئەوا بیری کۆمۆنیزم و بەرەی نێودەوڵەتی و ڕزگارکردنی جیهان و مارکسییەتی ڕاستەقینە و....یە. ئەوەندە نەگبەتین دەمانەوێت تورک و عەرەب و فارسیش ڕزگار بکەین. بیر لەوە ناکەینەوە کە ئەوە ئەرکی ئێمە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میللەتانە خۆیان. ئێمە نامانەوێت دوژمنایەتی ئەو میللەتانە بکەین، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت میللەتی کوردیش خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و دەسەڵاتدارانی ئەو میللەتانە لەو ڕاستییە تێبگەیەنین کە ئیتر ئێمە بەشێک نین لە میللەتەکانیان. ئەو میللەتانە خۆیان بەرپرسیاری شێوەی ڕژێم و جۆرێتی دەسەڵاتدارێتییەکانیانن، نەک میللەتێکی ژێردەستەی وەک ئێمە.

ئەوەی لێرەدا دەبێت پەنجەی بۆ ڕابکێشرێت، ئەوەیە کە هاوگوزەرانی کورد لەگەڵ ئەو میللەتانەدا (تورک، عەرەب، فارس) بە درێژایی مێژوویەکی دورودرێژ، هەروەها شەڕکردنیان شانبەشانی یەکتری دژی داگیرکەرانی بێگانە. خۆی بۆ خۆی مێژوویەکی هاوبەشی دروستکردوە کە دەسەڵاتدارێتی ئەو دەوڵەتانەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دروست بوون، هەمیشە وەک بەڵگەیەک بەکاریان هێناوە بۆ پێوەلکانی کورد بە میللەتەکانیانەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئاگایی و وریایی ڕژێمی ئەو دەوڵەتانە بە بوونی میللەتێکی جیاواز لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانیاندا و هەوڵدانیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئەو میللەتەی کە هیچ کاتێک بواری مێژوویی ئەوەی نەبووە کە ناسنامەی تەواوی خۆی دروستبکات و ئاسانتر شکاوەتەوە بۆیان کە هەر لەگەڵ هەستپێکردنیدا لەناوی ببەن. لەلایەکی تریشەوە هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەو دەوڵەتانەوە، بە ئاگاییەوە ناوچە کوردەوارییەکانیان لە ژێر باری دواکەوتوویی و نەخوێندەواریدا هێشتۆتەوە و بە شێوەیەکیش لە لایەن ئابورییەوە بەو میللەتانەوە ڕایەڵ کراوەته‌وه‌ کە بە هیچ شێوەیەک میللەتی کورد بواری ئەوەی نەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە خۆی دەتوانێت خۆی بژێنێت. سەرەڕای ئەو ڕاستیانە، دیسانەوە سیاسەتێکی چەپەڵی تری ئەو ڕژێمانە هەمیشە ئەوە بووە کە میللەتی کورد لە سنوری دەوڵەتەکانیاندا زیندان بکەن و نەهێڵن هیچ شێوە پەیوەندییەک هەبێت لە نێوانی بەشەکانیدا، کە ببێتە هۆی ئەوەی هەست بە تونای زۆربەیی و قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بکات وەک میللەتێک و هەمیشە هەر کەمایەتی بووە لەچاو دانیشتوانی هەر میللەتێک لەو میللەتانەی کەلەگەڵیدا خراوەتە ناو یەک سنورەوە. ئەوانە ئەگەر هەمووی کۆبکەیتەوە خۆی لە خۆیدا مێژوویەک پێکدێنێت کە چەندین نەوەی بەو سیاسەتە پەروەردەکردوە کە کورد نەتوانێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بە نائاگایی و بەو خاڵە نادیارانەی یاخود شاراوانەی کە باسمان کرد، ببەسترێتەوە بەو میللەتانەوە کە چارەنوسیان یەکێکە و دەبێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا هەوڵی سەربەستی بدەن.

لە ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەتوانین پەنجە بۆ سیاسەتێکی تری ئەو ڕژێمانە ڕابکێشین، ئەویش شەڕی ڕاگەیاندن و کەلتورییە کە توانیویەتی ئەو توێژە خوێندەوارەی میللەتی کورد (بەشێکی زۆری) بە شێوەیەک بلکێنن بە ڕۆشنبیریی و جیهانبینی میللەتەکانی خۆیانەوە، کە بە هیچ شێوەیەک نەتوانن ببنە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆ. هەرچەندە لکاندنێکی ڕوکەش و سەرزارەکیش بێت. ئەوەی لە تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەبوەوە و بڵاودەبێتەوە، ئەوا بارێکی سروشتیە کە لەلایەن جەماوەر و ڕۆشنبیری کوردیشەوە ڕێپێی بگێردرێت. بەبێ ئەوەی بزانرێت بەرەو کوێی دەبات و چۆن بە نائاگایی دەیلکێنێت بەو میللەتانەوە. بە حوکمی نەخوێندەواری و نەبوونی هیچ بەدیلێکی تر بە زمانی کوردی، کە ئەگەر هەبوبێتیش (لە سنوری ئێراقدا و لەم چەند ساڵانەی دوایشدا لە ئێران) ئەوا ئەوەندە لاواز و ساکار و ساوا بوە کە پێویستیی خوێندەواری کوردی پڕنەکردۆتەوە و هەمیشە دەبوایە و دەبێت بەزمانی سەردەست بخوێنرێتەوە بۆ ئەوەوی بتوانێت لەگەڵ بابەتەکاندا بڕوات و بەجێ نەمێنێت. هەربۆیە زۆربەی خوێندەوار و نەخوێندەواریش (هەتا ئێستاش) بە زمان و کەلتووری سەردەستەوە هەڵواسراوە و خاوەنی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ئەگەر لێی جیابێتەوە بە چیدا بنوسێت.

هەر بۆیە دەبێت لەو ڕوانگە و پێکهاتە مێژووییەوە سەیری نوسەر و ڕۆشنبیری کورد بکرێت کە زۆربەی جار بە نائاگاییەوە بەستراوەتەوە و پابەندی ئەو کەلتوورەیە کە زمانەکان و کەلتوورەکانی سەردەست بەرهەمی هێناوه‌ و به‌رهه‌می دێنێت. هەر بۆیە کاتێکیش کورد دەگاتە ئەو وشیارییەی کە دەبێت بەرگریبکات و خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە، ئەوا ناتوانێت خۆی لە توێژی بەرگری گشتی دەسەڵاتدارێتی سەردەست ڕزگار بکات و دەیەوێت ڕژێمی سیاسی بگۆڕێت، نەک کورد ڕزگاربکات. کە لە ڕاستیدا دەبێتە جێی گاڵتەجاڕی بەرەی بەرگری میللەتانی سەردەست، چونکە سەرزارەکی و بێ بنەمایه‌، یاخود لەو ڕوانگە مێژووییە هەڵەیەوە که‌ بۆی چنراوە، بەستراوەتەوە بەو میللەتانەوە. کورد ئەگەر تێبگات دەبینێت لە ژیانی ڕۆژانەیدا نەفی دەکرێت و جێگای نابێتەوە و بەزۆر خۆی بەستۆتەوە بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو میللەتانەوە کە بابەتێکی تریان هەیە و لە ڕەوتی مێژووییەکی تردا دەجەنگن.

دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەین کە خۆهەڵواسینمان بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو میللەتانەوە لە ڕاستیدا لەوێوە سەرچاوە هەڵدەگرێت کە ئێمە پێویستمان بە ئۆپۆزیسیۆنوەستانەوەی ئەو دەسەڵاتدارێتیانەوە هەیە بۆ کێشە شاراوەکەی خۆمان، نەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو میللەتانە. واتە لە کاتێکیشدا لەو بەرەیەدا خۆمان دەبینینەوە، ئەوا بەنائاگایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی خۆمان هەوڵ دەدەین.

جگە لەو گاڵتەجاڕییەی کە هەندێک بزوتنەوەی کوردی دەیانویست و دەیانەوێت، لە ڕێگەی یەکگرتنەوە لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی میللەتانی سەردەستدا، ڕژێمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتانە بڕوخێنن و بەڵکو لە پاڵیشیدا میللەتی کورد ڕزگاری بێت، یاخود ڕاستر لە ڕوانگەی ئەو بزوتنەوانەوە، بگەنە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، ئەوا لە ڕاستیدا نەزۆکی بیروبۆچونێکی تریشمان هەیە، و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەویش پارتی بەشێکی کوردستان، ڕژێمی دەسەڵاتدارێتی بەشێکی تر دەکاتە پەنا بۆ لێدانی ئەو ڕژێمەی کە ئەو بزوتنەوەیەی لێوە هەڵقوڵاوە. ئەمە کتومت ئەو کاریکاتۆرەیە لە جیهانی سیاسەتدا کە منداڵی پێهەڵدەخڵەتێنن (یاخود میللەتی ساوا). ڕژێمی ئێراق دەکرێت بە پەنا، بۆ ئەوەی لەوێوە کوردستانی ئێران و تورکیا ڕزگار بکرێت، ڕژێمی ئێرانی دەکرێتە پەنا بۆ ئەوەی بەشی ئێراق ڕزگار بکرێت! سوریا دەکرێت بە پەنا بۆ ئەوەی بەشی تورکیا ڕزگار بکرێت. ئەمە ئەو گاڵتە بە چارەنوسی کورد کردنەیە کە هەموومان لە سەردەمی نوێدا خۆمان تیا بینیوەتەوە، واتە سی تا چل ساڵی دوایی. دەنا دەسەڵاتدارێتی ئەو وڵاتانە لە ڕاستیدا پەنای هیچ جۆرە بزوتنەوەیەکی کوردی نیە و بە هیچ شێوەیەک بزوتنەوەیەکی کوردی بەخێو ناکات کە لە سود و قازانجی خۆی تێپەڕێت. هەر کاتێکیش زانرا ئیتر زیانی زیاترە، ئەوا بزوتنەوەکە یا هەڵوەشێنراوەتەوە، یاخود کراوەتە دەرەوە. لە هەندێ بارودۆخی زۆر تایبەتیدا نەبێت، نەتوانراوە سود لە ڕژێمی دەسەڵاتدارێتییەکی دەوڵەتی دراوسێ وەربگیردرێت.
 
لە ڕاستیدا ئیتر ئەو بەڵگەیە ناخوات کە کورد دۆستی نیە و سنورەکانی چواردەوری، تەنها دوژمنە. دەبێت بیر لەوەبکرێتەوە کە کورد دۆستی نیە جگە لە خۆی. نەزۆکی و ساویلکەیی عەقڵییەتی سیاسی کوردییە کە یەکێک لەو دەسەڵاتدارێتیانە دەکرێتە پەنا و دۆستی بڕواپێکراو کە پشتی پێ ببەسترێت.

بۆچی دەبێت لەو ڕاستییە ڕابکەین و هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەین کە یەکێکی تر کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات. بۆ هەر دەبێت دۆشدابمێنین و ڕۆڵی بەستەزمان و داماو و لێقەوماو ببینین. مەگەر نازانین ئەگەر بەدەستی خۆمان خۆمان ڕزگار نەکەین، کەس ڕزگارمان ناکات. کەی لە ڕۆڵی بەستەزمانی و قوڕبەسەری دێینە دەرەوە و سنگ دەردەپەڕێنین و دان بەوەدا دەنێین کە تەنها خۆمان دەتوانین سنورێک بۆ تراژیدیای ژیانمان دابنێین. تەنها خۆمانین کە چارەنوسی خۆمانمان لەدەستدایە. دەبێت لەوەش تێبگەین کە ئەگەر بمانەوێت ڕەوایی بە کێشەکەمان بدەین، دەبێت هەموو جیهانی تێوەگلێنین، ئەوسا ڕۆژئاوا دەکرێتە بنکەی ئەو جموجۆڵە سیاسییە و دەبێت هەر لەوێوە دەستپێبکرێت. بەبێ ئەوەی هیچ دەوڵەتێک ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی کێشەی کورد بکرێت، بەڵکو ئەو بەناو دیموکراتییە بقۆزرێتەوە بۆ چالاکی سیاسی و نەهێشتنی دەنگ کپکردنەوەی کێشەی کورد و بەردەوامی پێدانی وەک کێشەیەکی جیهانی سەردەم کە دەبێت چارەسەر بکرێت. دەبێت لە دەرگای ویژدانی جیهانی بدرێت و بەردەوام بین لەسەری. دەبێت ویژدانی مرۆڤایەتی جیهانی بکەین بە پەنا، نەک دەوڵەتانی کوردستان پێوەلکێنراو.
ماویه‌تی........