بێده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتی
کوردی
06.04.2011
ئێمه ناتوانین ده‌سه‌ڵات
بڕوخێنین، چونکه شتێک نییه ناوی ده‌سه‌ڵات بێت. هه‌وڵی ئێمه بۆ دامه‌زراندن و
بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نیه و ئێمه‌ی له بۆشاییه‌کی گه‌وره‌دا قه‌تیس
کردووه. میلله‌ت بیست ساڵه هاوار ده‌کات که داموده‌زگایه‌ک هه‌بێت بیبینێت،
دامودازگایه‌ک هه‌بێت بیخوێنێته‌وه، گوێی لێبگرێت، به‌ڵام نه‌بووه و ئێستاش نیه
و له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م شێوازی حوکمڕانیه‌شدا دروست نابێت. ئاشی ده‌سه‌ڵات بیست
ساڵه به‌بێ ده‌ستور ده‌سوڕێته‌وه.
بیست ساڵه هاواری
سیسته‌می په‌روه‌رده و نه‌خۆشخانه ده‌که‌ین. بیست ساڵه داوبێدادمانه به‌ده‌ست
نه‌بوونی داده‌وه، بیست ساڵه هاواری په‌یداکردنی هه‌لی کار ده‌که‌ین، هاواری
فرسه‌تی یه‌کسانی ده‌که‌ین.
هاووڵاتی ئه‌م سه‌رزه‌مینه
به‌ره‌ڵاکراوه و به‌جێهێڵراوه بۆ خۆی که ڕێگای خۆی بدۆزێته‌وه، که بژێوی
ژیانی دابینبکات و جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه، له‌کاتێکدا که شاده‌ماری ئابوری هه‌رێم
له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدایه و به سیستیماتیکی ده‌یدزێت. ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه
و ده‌بێت شه‌ڕی له‌سه‌ر بکرێت، خاکوخۆڵه‌که‌یه‌تی، ناواخنه به‌به‌هاکه‌ی
داگیرکراوه و له نێوانی ده‌سته‌یه‌کی زۆر بچوکدا دابه‌شکراوه.
که کوردێک پێده‌نێته
وڵاتێکی ڕۆژئاوایی، ئه‌وه‌ی یه‌کسه‌ر هه‌ستی پێده‌کات، هه‌بوونی سیسته‌مێکی چالاک
و زیندووه که هه‌میشه کارایه و وه‌ستانی بۆنیه. له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌وه هه‌ست
به‌وه ده‌کات که ده‌سه‌ڵاتێکی زیندووی ئاماده له هه‌موو بستێک و ساتێکی زه‌مه‌نی
ئه‌و وڵاته‌دا، به‌بێ جیاوازی بوونی هه‌یه. له هه‌موو بارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا،
ڕوخسارێکه و له خزمه‌تدایه.
ده‌سه‌ڵات نابینرێت
و که‌چی له هه‌موو کوچه و شه‌قام و ماڵێکدا، له هه‌موو داموده‌زگایه‌کی گشتی و
تایبه‌تی و ده‌وڵه‌تیدا ئاماده‌یه. هه‌موو مرۆڤه‌کانی بڕیوه و به هه‌موویاندا
تێپه‌ڕیوه و له سیسته‌مێکدا کۆیکردونه‌ته‌وه که هه‌موویان، هه‌میشه له‌به‌رچاوبن.
به شێوه‌یه‌ک که هه‌موو هاووڵاتییه‌ک هه‌ستبکات که به‌شداره و پشتگوێنه‌خراوه
و ژیانی له مه‌ترسیدا نیه و پارێزراوه. ئه‌و سیسته‌مه به یاسا و ده‌ستوور
ده‌چێت به‌ڕێوه، یاسا و ده‌ستوور به‌رهه‌می ئه‌قڵه. هه‌موو که‌سێک له‌و په‌وه‌ستبوونه‌وه‌یه‌دا،
هه‌ست ده‌کات ئازاده. تاکه‌که‌س خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆیه‌تی و بڕیارده‌ری ژیانی
تایبه‌تی خۆی له‌ده‌ستدایه. ئه‌وه به‌هێزیی و به‌توانایی و زیندوێتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه
ده‌رده‌خات.
ئه‌وه‌ی که باسکرا
له‌لای ئێمه به بۆشی هێڵراوه‌ته‌وه. ده‌سه‌ڵات له هیچ جێگایه‌کدا به لاوازیشی
بوونی نیه. له‌لای ئێمه که‌س نیه له‌و پێگه‌یه‌ی که تیاگیرساوه‌ته‌وه، هه‌ست
به‌بوونی ده‌سه‌ڵات بکات له هیچ ساتێکی ژیانیدا، سه‌ر به هه‌ر چین و توێژێکی
کۆمه‌ڵگاش بێت.
مرۆڤ هه‌ستده‌کات به‌ڕه‌ڵاکراوه
و به هیچ شتێکه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتیش‌دا ئازاد نیه. هه‌میشه
ترس له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی بینراو و نه‌بینراو ناتوانێت زه‌مانه‌تی
ژیانی بکات و دڵنه‌وایی ژیانێکی پارێزراوی پێببه‌خشێت. لێره‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی
بۆشایی دروستده‌بێت. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌ستوپێ و ده‌می ئه‌م بونه‌وه‌رانه‌ی ئه‌م
سه‌رزه‌مینه ده‌به‌ستێته‌وه. له ڕاستیدا ناتوانین به خۆمان بڵێین هاووڵاتی
چونکه له هه‌موو سیفه‌تێکی هاووڵاتیبوون داماڵراوین.
ده‌سه‌ڵاتی بۆشایی
به‌زه‌بری هێز ده‌برێت به‌ڕێوه. ئه‌وه خاڵی بێده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاته که ئه‌و بۆشاییه
گه‌وره‌یه به چه‌کدار پڕده‌کاته‌وه.
له‌سه‌ر هه‌ر کوچه
و کۆڵانێک مۆڵگه‌یه‌کی حیزب، بازگه‌یه‌ک، پۆلیسخانه‌یه‌ک، ده‌زگایه‌کی ئاسایش و به‌دواداچوون....
ده‌یه‌ها ناوی تری هێزی ده‌ستوه‌شێن له‌سه‌رپێیه. له هه‌موو ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌کی
ده‌سه‌ڵات، ئێمه ته‌نها هێزی بینراوی ده‌ستبه‌چه‌ک ده‌بینین. ده‌سه‌ڵات ماسولکه‌کانی
خۆیمان نیشان ده‌دات له جیاتی خزمه‌تگوزایی.
له جیاتی قوتابخانه
و نه‌خۆشخانه و شانۆ و سینه‌ما و....زیندانی گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر بنیات ده‌نێت.
جێگه‌ی لێدان و هه‌ڵواسین و ئه‌شکه‌نجه، به ئاشکرا و به نهێنی داده‌مه‌زرێنێت.
ده‌سه‌ڵات له دوو
به‌ڵگه‌نامه‌دا هاونیشتیمانیانی خوی ده‌ناسێت، له‌دایکبوون و مردن. ئه‌گه‌ر نه‌ختێکیش
بزێو بێت، ئه‌وا مه‌له‌فێکیشی له ئاسایش بۆ ده‌کرێته‌وه. له‌وه زیاتر ده‌سه‌ڵات
نایه‌وێت هاونیشتیمانی بناسێت و هه‌میشه له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌نامۆیی ده‌مێننه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی لای ئێمه
دوو بازووی پڕ له چه‌که بۆ سه‌رکوتکردن و ده‌مێکه بۆ چه‌واشه‌کردنی حه‌قیقه‌ت.
ده‌سه‌ڵاتی ئێمه هه‌میشه
له یه‌ک شت‌دا ئاماده‌یه، ئه‌ویش په‌لاماردانه. بچوکترین هه‌ڕه‌شه یاخود مه‌ترسی،
ده‌یه‌ها هێزی ئاماده‌ی هه‌یه بۆ سه‌رکوتکردن و ده‌مکوتکردن و زیندانیکردن. وه‌نه‌بێت
ئاماده‌یی تیابێت وه‌ڵامی ترس و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی بداته‌وه، ده‌یه‌ها ساڵه
وڵاتانی دراوسێ تۆببارانی سه‌ر سنوره‌کان ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵاتیش فزه‌ی له‌خۆی
بڕیوه.
ئه‌و ئاماده‌باشییه
ته‌نها بۆ ترسی ناوه‌کییه که ده‌کاته کۆمه‌ڵگای کوردی خۆی. بیست ساڵه نه‌یتوانیوه
یه‌ک سانتیمه‌تر له حوکمی زاتییه‌که‌ی سه‌دام حوسه‌ین پێ به‌رێته پێشه‌وه و
ناوچه‌کانی تری کوردستان که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نیدایه، بیخاته‌وه ژێر
ڕکێفی خۆی. واته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته توانای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی
میلله‌تی کوردی ئه‌م هه‌رێمه‌ی نیه. له ترسی مانه‌وه‌ی خۆی هه‌موو سیاسه‌تێکی مه‌رکه‌زی
به‌غدا و ناوچه‌یی قبوڵده‌کات. به مه‌رجێک کورسی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له‌ق نه‌بێت.
ئه‌وانه بێده‌سه‌ڵاتی
ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌رده‌خه‌ن که تاکه ئاماده‌بوونێکیان له‌ناو خه‌ڵکدا، هێزی چه‌کداره.
پڕکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بۆشاییانه‌ی که‌وتۆته نێوان خۆی و میلله‌ته‌که‌ی، به
له‌ڕوخستن و پیشاندانی به‌رده‌وامی چه‌کداره‌کانیه‌تی له هه‌موو کوچه‌و
کۆڵانێکدا.
ده‌سه‌ڵاتێک که
بێده‌سه‌ڵاته له خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگادا، به ناچاریی ده‌بێت په‌لاماری ژێرده‌سته‌کانی
بدات، ناتوانێت جڵه‌و بۆ میلله‌ت شلکات چونکه مافه‌کانی خواردووه و ژیانی
پێشێلکردووه. به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رکوتکردنانه‌یه.
ده‌سه‌ڵات ده‌ستی کراوه‌یه بۆ داپڵۆسین و هیچ داموده‌زگایه‌ک، یاسایه‌ک، ده‌ستوورێک
نیه که ڕێگه‌ی لێبگرێت، یاخود لێیبپرسێته‌وه، هه‌ر بۆیه به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری
ئه‌و پێگه‌یه نابێت و چۆڵی ناکات. هه‌ر بۆیه به‌ناچاریی ده‌بێت هه‌موو ده‌نگێک
کپبکرێته‌وه که داوای مافی خۆی بکات. ده‌بێت بازاڕی زیندانی هه‌میشه گه‌رم بێت.