4. apr. 2011

تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان به‌شی یه‌که‌م



هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌
به‌شی یه‌که‌م

تایبه‌تمه‌ندێتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان

ڕه‌نگه‌ زیادڕه‌وی نه‌بێت، گه‌ر بوترێت کورد بێوه‌یترین میلله‌ته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ڕه‌گه‌زی کورد وه‌ک فارس و بلوج و ئه‌فغانی، سه‌ر به‌ خێزانی ئێرانییه‌. ئه‌م میلله‌تانه‌ مێژووییه‌کی دورودرێژیان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و خاڵی هاوبه‌شی که‌لتوری و ئاینی و ته‌نانه‌ت له‌ زمانیشدا له‌یه‌که‌وه‌ نزیکن. کورد له‌و میلله‌تانه‌ به‌وه‌ جیاده‌بێته‌وه‌ که‌ نیشتیمانه‌که‌ی له‌ نێوانی چوار وڵاتی دراوسێدا دابه‌شکراوه و له‌ هیچ به‌شێکیشدا‌، هه‌تا ئێستا به‌ مافی هاووڵاتیبوونی خۆی نه‌گه‌شتووه‌، به‌ کوردستانی ئێراقیشه‌وه‌.


ئه‌م خه‌سڵه‌تی په‌رتبوونه‌ یه‌کێکه‌ له‌و تایبه‌تمه‌ندێتیانه‌ی کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌ی خستۆته‌ سه‌ر ده‌رونی میلله‌تی کورد. لێره‌دا به‌ ناچاری ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بارودۆخی مێژوویی کورد و پێداویستی په‌یوه‌ستبوونه‌وه‌ی به‌ جیهان و مێژووه‌وه‌.

ئێمە لە کوێی سیاسەتی جیهانیدا وەستاوین؟

چۆنێتی کێشەی کورد وەک کێشەیەکی جیهانی، پێشینه‌یه‌کی مێژوویی.

ده‌پرسین بۆچی بیرکردنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێمە بە ڕادەیەکی زۆر، پابەندی بابەتی لاوەکی و خۆماڵییە؟ هەروەها ئایا ئێمە کەی لە سیاسەتی پەرچدانەوە و کاردانەوەی ڕوداوە سیاسییەکانی جیهان دەردەچین و دەبینە خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆ؟ ئێمە کەی لە کاردانەوەوە دەچینە خودی کردارەوە؟

لە پێش هەموو شتێکەوە دەبێت ئەوە بزانین کە بارودۆخی ئێمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بارودۆخی جیهانیەوە و ئێمەش بەشێکین لە گەمەی سیاسەتی نێودەوڵەتی. چ وەک بازاڕی جیهانی سەیری ناوچەکەمان بکەین، یاخود وەک لایەنی سەربازی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا ئێمەی کورد لە ناوەندیدا مەلە دەکەین. تەنانەت کێشەی کورد لە کێشەی زۆربەی وڵاتانی لابەلای تری ناوچەکە، تایبەتمەندێتی و جیاوازی خۆی هەیە، هەر بە حوکمی جێگای جوگرافیای کوردستان و دەوڵەتانی کوردستان پێوەلکێنراو.

تێنەگەشتن لەو خاڵە گرنگە، هەمیشە بە زیانی میللەتی کورد شکاوەتەوە. چونکە پێچەوانەی ئەوەی لە سیاسەتی جیهانیدا هەڵسوکەوت بکات، لە گێژاوی خۆماڵیدا نوقم بووه‌ و عەقڵییەتی سیاسی لەسەر ئەو ئاستە تەسکە داڕژتووه‌.

لە ڕاستیدا هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە که‌ کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنوری ئەو دەوڵەتانەدا بهێڵرێتەوە کە کوردستانیان پێوە لکێنراوە و هیچ کاتێک لە کێشەیەکی ناوەکی ئەو دەوڵەتانە دەرنەچێت. تەنها تێگەشتن لەو گوتارە (گوتاری کێشەی کورد کە کێشەیەکی ناوەکی ئەو وڵاتانەیە) ئەوە دەسەلمێنێت کە کێشەی کورد کێشەیەکی نێودەوڵەتییە و بە زۆر پەردەی خۆماڵی بەسەردا ڕادەکێشدرێت. ئەگەر بپرسین بۆچی کێشەی نەتەوەیی کورد بەستراوەتەوە بە سنوری ئەو دەوڵەتانەوە کە کوردستانیان پێوەلکێنراوە. ئەوا مەبەستی ئەو سیاسەتەمان بۆ دەردەکەوێت، کە لە کوێوە سەرچاوەی هەڵگرتووە. هەڵبەتە لە پێش هەموو هێز و دەسەڵاتدارێتییەکی خودی ئەو دەوڵەتانەوە، هێز و دەسەڵاتدارێتییەکی گەورەتر، یاخود ڕاستەوخۆ، ڕۆژئاوا بڕیاری ئەوەی لە دەستدایە کە دەبێت چوارچێوەی سنوری ئەو دەوڵەتانە وەک خۆی بمێنێتەوە و کێشەی نەتەوەی کوردیش هەر لەوێدا و بە جیاجیا چارەسەر بکرێت.
ئەو چارەسەرەی ئەوانیش دەیانەوێت، لە زۆر حاڵەتدا بەکارهێنان، یاخود خراپ بەکارهێنان و یاریکردنە بە چارەنوس و پێپڕکردنەوەی بۆشاییەکی سیاسییە کە لە ناوچەکەدا ڕودەدات. هه‌تا ئێستاش ئەو ئامانجەی دەیانەوێت پێیبگەن، ئەوا پەیڕەوکردنی سیاسەتی کپکردنەوە و نەهێشتنی هەموو بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی کوردی بووه‌، کە تروسکەی هیوای سەرکەوتنی میللەتی کوردی لە خۆگرتبێت.

کەواتە تێگەشتن لە سیاسەتی جیهانی، کلیلی داڕشتنی سیاسەتێکی سەربەخۆی کوردییە کە لە پەرچەکردارەوە بگوێزرێتەوە بۆ خودی کردار، لە بەرپەرچدانەوەوە بۆ کردەوەی سەربەخۆ و داڕشتنی سیاسەتی ڕزگاریخوازی میللەتی کورد کە توانای بەگژداچونەوەی سیاسەتی جیهانی هەبێت، یاخود لە ئاستی بیرکردنەوەی ئەودا بێت و پێبزانرێت لە چ ئاست و ستراتیژییەکدا بڕیاری سیاسی و مێژوویی دەدرێت.

وەک وتمان، لە بەرژەوەندی سیاسه‌تی ڕۆژئاوایە کە کێشەی کورد خزێنراوەتە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەوە کە کوردستانیان پێوە لکێنراوە. چونکە بە پلەی یەکەم بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی سنوری ئەو دەوڵەتانەوە کە ئێستا بوونیان هەیە. واتە وەک دەرئەنجامێکی خێرا دەتوانین بڵێین، سەرنەکەوتنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، ناڕاسته‌وخۆ لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوادایە و لە سەرێکی تریشەوە دەتوانین بڵێین لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارێتی جیهانییدایە. تەنها تێگەشتن لەم خاڵە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە تا چ ڕادەیەک چارەنوسی نەتەوەیی کورد پەیوەستی سیاسەتی جیهانییە.

لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین ئەگەر لە بارودۆخێکدا کورد بوو بە خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆی خۆی، ئەوا دیسان ناتوانێت دژایەتی ڕاستەوخۆی سیاسەتی جیهانی بکات و هەتا کورد میللەتێکی ژێردەستە بێت، هیچ دەسەڵاتدارێتییەکی جیهانی سەنگینی بۆ دانانێت. لە سەرێکی تریشەوە، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی لە بەرژەوەندی سیاسەتی جهانیدا نیە. بەمە دەگەینە خاڵێکی گرنگی تر، ئەویش ئەوەیە کە کورد لە خودی خۆی زیاتر ناتوانێت پشت بە هیچ هێز و دەسەڵاتدارێتییەکی تر ببەستێت. ئەوەش تەنها بە خۆسەپاندنی دەبێت لەسەر سیاسەتی جیهانی، ئەگەر بیەوێت جێگەی خۆی لەو سیاسەتەدا بکاتەوه‌.

ئایا کورد دەتوانێت سیاسەتێکی سەربەخۆی خۆی هەبێت لە جیهانی دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆدا، بەبێ ئەوەی هەموو جیهان بکاتە دوژمنی خۆی و بشتوانێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا جێگەی خۆی بکاتەوە و بونی خۆی بسەلمێنێت و قورسایی خۆی (مۆرکی خۆی) بخاتە سەر ئەو جیهانە دڕندەیە و بتوانێت ڕەنگی تێدابداتەوە. واتە بواری هەناسەدانی خۆی بکاتەوە؟

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدینەوە، دەبێت ئەوە بزانین کە دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی جیهان و تەنانەت داڕشتنی مێژوو و نەخشەی جیهان، لە لایەن ڕۆژئاواوە ئاڕاستە دەکرێت و دەمێکە ئەو جیهانە (جیهانی دەسەڵاتدارێتی) بازاڕی کڕین و فرۆشتن و ئاسمانی هێز و توانا و دەسەڵاتی دابەشکردووە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات هێز و توانا و نەخشەیەکی تر سەرهەڵبدات. هەتا ئەو کاتەی لە بەرژەوەندی ئەو سیاسەتەدا بڕوات، ئەوا ناکرێت و ناشێت دەستکاری چەقی قورسایی هێزەکان بکرێت و جێگاکانیان بگۆڕدرێت، ئه‌مه حاڵه‌‌تی یه‌که‌مه‌.‌
حاڵەتی دووەم ئەوەیە، کە هەر کاتێکیش ئیتر لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا نەگونجا و بوو بە ڕێگر، ئەوا ئاساییە کە لە لایەن هەمان دەسەڵاتدارێتییەوە هەڵبوەشێنرێتەوە و شێوازێکی تری پێبدرێت.

حاڵەتی سێیەم ئەوەیە کە بە زۆر بتوانیت جێگەی خۆت بکەیتەوە و خۆت داسەپێنیت بە زەبری هێز و توانا و لێهاتوویی و ڕەوایی خۆت و کێشەکەت. بتوانیت خۆت بە جیهان بسەلمێنیت، یاخود وای لێبکەیت کە گوێت لێبگرێت کە دەبێت جێگەی تۆش ببێتەوە. ئەوەی مەبەستمانە و ئێمەی میللەتی کورد دەگرێتەوە، حاڵەتی سێیەمە، کورد لەوەتەی هەیه‌ خۆی لە یەکێک لە حاڵەتی یەکەم و دووەمدا بینیوەتەوە، واتە ڕەوتی مێژوویی بەبێ ئیرادە و خواستی کورد سه‌پێنراوه‌.

ڕۆژئاوا هەتا بتوانێت جیهانی دوو، ئەو وڵاتانەی کە بە دواکەوتوو دەژمێردرێن، لەژێر پاشکەوتووییدا دەهێڵێتەوە هەتا ئەو کاتەی کە ئیتر لە بەرژەوەندی ئەودا نیە. هەرچەندە دەزانین ناکرێت ڕێگەی گەشەکردن و پێشکەوتن لە سەدا سەد بگیردرێت و بوەستێنرێت، بەڵام دەتوانرێت چەواشە بکرێت و خاوبکرێتەوە و تەگەرەی بخرێتە سەرڕێ و ئازاراوی بکرێت. ئەوە تەنها بەرژەوەندییەکی ئابوری نیە، چونکە ئەوە دەمێکە مسۆگەر کراوە، یاخود بەوپێیە ژمێردراوە، بەڵکو به‌ پله‌ی یه‌که‌م ئارەزوویەکی سیاسیە. لەوەدا کە کێ خاوەنی دەسەڵاتە و کێ بڕیاردەرە و کێ ڕەوتی ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان دیاریدەکات و پیلانی بۆ دادەڕێژێت و بەکردەوەی دەکات.

ئەگەر ئەمە شاڕەگی سیاسەتی جیهانی بێت، ئەوا دەمانەوێت بپرسین کە چۆن دەتوانین سیاسەتێکی گونجاو جێگیربکەین لە ناو ئەو جەنگەڵی هێز و دەسەڵاتدارێتییەدا؟ چونکە لە ڕاستیدا دەبێت لێرەوە دەستپێبکەین، نەک سیاسەتمان لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە داڕێژین کە کوردستانیان پێوەلکێنراوە. لەبەر ئەوەی ئەوانیش خۆیان تەنها داردەستێکی پلە دووی سیاسەتی جیهانین و لە پەنایدا دەسەڵاتدارێتی و بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن.
ئەگەر لە لایەکی ترەوە بڕوانینە ژیانی ئەمڕۆی جیهان، دەتوانین بڵێین بە شێوەیەک ئاڵۆز و قورس و نالەبارە و خێرایی گۆڕانەکان لە ئاستێکدایە، کە ئەگەر یەکێک نەتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوە و ڕەگی خۆی تێدا دابکوتێت، ئەوا ڕەوتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، نەک تەنها بەجێیدەهێڵێت، بەڵکو بە سەریدا دەڕوات و لەبیریدەکات. ئەوەی بەسەر تاکەکەسێکدا ڕاستە و دەسەلمێت. ئەوا بەسەر میللەتێک/ دەوڵەتێکیشدا ڕاستە و دەسەلمێت. واتە ئەگەر میللەتێک نەتوانێت لەسەر نەخشەی جیهان جێگەی خۆی بکاتەوە و بونی خۆی بسەلمێنێت، ئەوا کاردانەوەیەکی ئاساییە کە هەموو هێز و دەسەڵاتێکی چواردەوری هەوڵی لەناوبردنی بدەن و لەسەر تەخت و سامانی دابنیشن و شایی سەرکەوتن بگێڕن.

تێگەشتن لە ڕەوتی مێژووی جیهانیی ئەوەمان فێردەکات کە دەبێت ئێمە خۆمان و تەنها خۆمان ئەرکی ڕزگاری و ئەرکی سەلماندنی بونی خۆمان بەدیبێنین، کە ئێمەش هەین و دەمانەوێت لە ڕەوتی مرۆڤایەتیدا بەشداربین و گوڕی خۆمان دەربخەین. جا کە ئەمڕۆ دەبینین بە هیچ شێوازێک ڕێگە و جێگەمان پێنادرێت سەربەرزبکەینەوە و بڵێین ئێمەش هەین، ئێمەش لە میللەتێک پێکهاتووین، ئەوا دەبێت بەزۆر جێگەی خۆمان بکەینەوە. بەزۆرخۆجێکردنەوە مانای زەبروزەنگ نیە، بەڵکو ژیرییە، به‌ئاگاییە لە بیروهۆشی جیهان، بە وشیاربونەوەیە بە بوونمان، بە تێگەشتنمانه‌ لە ڕەوتی مێژوویی ئەمڕۆ.

ئەمڕۆ جیهان، جیهانی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە و ڕێگەی هیچ شێوازێکی تر نادات لە تەنیشتییەوە/ لە ناویدا بونی هەبێت. هەر وەک ئەوەی کە توانی دوای هەفتاد ساڵ سەرمایەداریی دەوڵەتیی سۆڤییەت چۆک پێدابدات و لە خۆیدا جێگەی بکاتەوە. ئەو تۆزە ڕوناکییەی کە ئەمڕۆ دەبینرێت، ئەو شێوازە بەناو دیموکراتیی و ئازادیەیە، که‌ لە هەمان کاتدا پێداوستییە بۆ مانەوە و گەشەپێدانی ڕژێمی سەرمایەداریی و ناواخن و بنەمای کۆمەڵگای ڕۆژئاوایە، دەبێت چەقی قورسایی بخرێتە سەر و بەرەو ئاڕاستەیەکی مرۆڤایەتی بەکاربهێنرێت، بە شێوەیەک کە لە جیهاندا جێگای هەموومان ببێتەوە.

ئەگەر لەسەرێکی ترەوە بڕوانینە سروشت و مرۆڤایەتی، دەبینین کە تەنها چاوچنۆکی و چاوبرسێتی مرۆڤ ئەو ڕژێمەی وا داڕژتووە کە ئەمڕۆ دەیبینین، دەنا سامان و بەرهەمی سروشت بەشی دە ئەوەندەی تری دانیشتوانی ئەمڕۆی زەوی دەکات.
بە کورتییەکەی، ڕۆژئاوا جیهان و مێژووییەکی بۆ خۆی داڕشتووە کە لە سایەیدا بحەوێتەوە و هەتا بۆی بکرێت دەیپارێزێت و بە هیچ شێوەیەکیش نایەوێت کەس بەشداری بکات. واتە دەبێت لەو خۆپەرستی و چەقبەستنەی تەوەر تێبگەین کە دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی جیهانی لەسەر بەندە، ئەوسا ڕەنگه‌ ئێمه‌ش بتوانین ڕێگەیەکی چارەسەر بۆ خۆمان بدۆزینەوە.

پێشینەیەکی مێژوویی بیری نەتەوەیی

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە لە ڕەگەوە لە بیر و هەستی نەتەوەیی تێبگەین. چونکە لە ڕاستیدا گەلێک بۆچون و بیروباوەڕی جیاواز هەیە و بە باڵی چەپ و ڕاستدا بەخراپ بەکاریانهێناوە. هەر بۆیە هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەیەکی ترەوە بڕوانینە کێشە و بیری نەتەوایەتی، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بەدوای سەرچاوەی سەرهەڵدانیدا بگەڕێین.

نزیکەی پێنج سەد ساڵێک بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوییدا تێده‌پەڕێت له‌ ئه‌وروپا و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە و هەموو بەڵگەکانیش ئاڕاستەی ئەوە دەکەن کە توانای مانەوەی تا سەردەمانێکی تریش هەیە. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وردە وردە شێوازەکانی گۆڕاوە و دەگۆڕێت. هەڵبەتە ئەو شێوازەی ئەمڕۆ دەیبینین، هەمان دەوڵەتی نەتەوەیی پێش پێنج سەد ساڵ له‌وه‌و پێش نیە. ئەو گوڕ و تینەی ئەوسا هەیبووه‌، ئەمڕۆ نیەتی، بەڵام هه‌تا ئێستا لە هەمان چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو کۆمەڵە خەڵکەدا کاردەکات کە کەوتۆتە سنورەکەیەوە. ئەمڕۆ باسی نیشتیمانی باوباپیران ناکرێت و ناتوانرێت خەڵکی بەو لێشاوە بیروبۆچونە بدەنە پێش خۆیان و پەلاماری دەوڵەتێک یاخود میللەتێکی تری پێبدەن.

ئەمڕۆ مرۆڤ لە ڕۆژئاوا تەنها لە بەرژەوەندی خودی خۆیدا چەقی بەستووە و دەوڵەت بەرژەوەندییە گشتییەکانی بۆ دەپارێزێت. لێرەدا دەپرسین ئێمەی کورد لە کوێی ئەو مێژووەداین؟ کۆمەڵگای کوردەواری پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە چ ئاستێکدا بووە و ئێمە کەی دەبینە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان؟

ئێمە پێش پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار لە لایەن شەرەف خانی بەتلیسییەوە، تا ڕادەیەک هەوڵدراوە مێژووی میللەتی کورد بنوسرێتەوە. ئەوەش لە ڕاستیدا بە زمانی فارسی نەک بە کوردی.

ئەوەی کاتی خۆی بۆ میللەتێکی ڕۆژئاوا بۆتە پێداویستی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە کۆمەڵانی خەڵکی ئەو سەرزەمینەی بە زمانێک دواون و مێژووییەکی هاوبەشیان لە پشتەوە هەبووه‌، توانیویانه‌ دەرگای مێژووی پێ واڵابکەن و ببنە سەروەر و بڕیاردەری ئەو ڕەوتە کە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەوکاتەی دەوڵەتی نەتەوەییان پێک هێناوه‌، هیچیان لە پشت خۆیانەوە بەجێنەهێشتوه‌. هەربۆیە دەبێت لە ئێستاوە پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە ئێمە نەک ناتوانین ئەو ئەزموونەی ئەوان دوبارە بکەینەوە، بەڵکو هەموو ئەو مێژووەش کە لە پێشمانەوە ڕۆشتووە، بۆتە پاڵەپەستۆیەک کە دەبێت لە ژێر چنگی بێینە دەرەوە. هەر بۆیە پێداویستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ ئێمە هەمان تێگەشتن و ناواخنی نیە وەک ئەوەی هەی بووە بۆ ئەو میللەتانەی که‌ لە کات و ساتی خۆیدا پێی گەشتوون.

ئەمڕۆ دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێت ئەو گرێ کوێرانەی چەندین سەدەیە لە دەرونی مرۆڤی کورددا دروستبووە، بیڕەوێنێتەوە. ئەمڕۆ ئیتر دەوڵەتی نەتەوەیی تەنها چوارچێوەیەکی سیاسی نیە کە میللەتێکی تێبئاخنرێت، بەڵکو یەکێکە لە بنەما ژیانەوەرییەکان کە بەبێ ئەو ژیانی کۆمه‌ڵگا ناچێتبه‌ڕێوه‌، یاخود نیمچه‌ مەحاڵە.

مرۆڤی ژێردەستە/ میللەتی ژێردەستە ناژی و بوونی نیە، یاخود خاوەنی بوونی خۆی نیە، بەڵکو بابەتێکە، ئاوێنەیەکە بوون و ژیانی مرۆڤی/ میللەتی سەردەست هاووێنە دەکاتەوە و سەلماندنی بوونی ئەو بەتاڵ دەکاتەوە و بەردەوامی پێدەدات.
میللەتی کورد لەوەتەی هەیە بابەتی بەتاڵکردنەوەی نەخۆشییەکانی میللەتانی چواردەور و جیهانە. جێگەی ڕمبازی و تاقیکردنەوە و هێز و توانا لەڕووخستنی دەسەڵاتدارانە. ئەو تەنەکەی خۆڵەیە کە تەنگەتاویی سیاسەتی چوادەوری تیابەتاڵ دەکرێتەوە.

ئەو سەردەمانەی کە ئاین پێناسەی مرۆڤ بوو لە ئەوروپا، زمان و نەتەوە و سنورێکی دیاریکراو نەبووه‌ کە به‌ ته‌واوه‌تی کۆمەڵانی خەڵک لەیەکتری جیابکاتەوە. ئاین ئەو سەرچاوە ڕەوانییە بووه‌ کە زۆربەی کەس توانیویه‌تی خۆی تیابدۆزێتەوە و پێناسەی خۆی پێبکات. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر دەستی کڵێسەدا بووه‌. کڵێسە بنەمای خوڕەوشت و ئاکاری داڕشتووه‌، بە هیچ شێوەیەک بیری جیاوازکارانە و لێکداپچڕان ڕێگەی پێنەدراوه‌. لەبەردەم جیهانی ڕەواندا هەموو کەس هاوتابووه‌ و تەنها کاری چاکە و خراپە خەڵکی لەیەکتر جیاکردۆتەوە.

وردە وردە که‌ کاریگەری ئاینی و خۆپێناساندنەوەی کەمبۆتەوە و پێداویستی پەرەپێدراوی ڕۆژبەڕۆژی پێناسەی مرۆڤ و گەڕان بە دوای چوارچێوەیەکی دیاریکرا و ڕون و ئاشکرای پێناسەی خۆیدا، هاوشانی برەوپێدانی تەکنیک و زانست و گەڕان بە دوای سەرچاوەی شتەکاندا، بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتەوایەتی یاخود زمان/ کەلتوور/ مێژوو/ شێوەی هەڵسوکەوت.. بخرێتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوەوە. بۆ تینوێتی شکاندنی ئەو مرۆڤەی هەوداڵی پێناسەیەکی دیار و ڕون و ئاشکرا بوە بۆ خۆی و بۆ چواردەوره‌که‌ی. واتە ببێتە ئاوێنەیەک کە خۆی تیا ببینێتەوە و بتوانیت خۆی لەبەرامبەر ئەوانی تردا پێساغبکاتەوە و خۆی پێجیابکاتەوە.

زمان یەکێکە لە هەرە گرنگترین فاکتەری جیاکەرەوە کە کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی تر جیادەکاتەوە. هەر بۆیە نزیکترین فاکتەریشە لە بیری نەتەوەییەوە، چونکە زمانی بیرکردنەوەیە و ئامڕازی کۆکردنەوە و لەیەکتێگەشتنی کۆمەڵانێکی خەڵکە لە یەکتری. هەر بۆیە زمان دەورێکی باڵای بینیوە و دەبینێت لە پێکهاتن و گەڵاڵەکردنی بیری نەتەوایەتیدا و هەتا ئەمڕۆش فاکتەری یەکەمە لە جیاکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکدا. هەروەها نزیکترین فاکتەریشە کە مرۆڤ خۆی پێدەناسێتەوە، ئەویش زمانی بیرکردنەوە و ناسینەوەی مرۆڤە بۆ خودی خۆی. ئەو گەڕانەش بە پێکهاتنی هەستی نەتەوایەتی و سەربە ئاووخاکێکی دیاریکراو و مێژوویەکی پێکەوەیی، وردە وردە گەڵاڵە بوە.

گەر لەسەرێکی ترەوە بڕوانینە هەستی نەتەوایەتی، دەبینین لە ڕێگەی تەواوکاری تاکایەتی و سەربەخۆیی مرۆڤەوە ڕۆشتووە و ئەو پێداویستییەی بۆ پڕکردۆتەوە، یاخود دەوڵەمەندی کردووە. 

کاتێک ئەو وشیارییە گەشتە ڕۆژهەڵات و بگرە هەموو جیهانی دەرەوەی تەوەر، ئەوروپا نەک هەر تێربوو بوو لە نەتەوایەتی، بەڵکو لێشی دەڕژا و پەلاماری میللەتان و جیهانەکانی تریشی پێدەدا.

شێوەی دروستبوونی هەستی نەتەوایەتی لەو جیهانەی پشت ئەوروپاوە، کاتێک دەست پێدەکات، کە لە پڕێکدا هۆشدەکاتەوە دەبینێت داگیرکەرانی بێگانە خاک و میللەت و سامان و دەرامەتی دەڕەتێنن و بە زمانێکی تر دەدوێن. دەبینێت داگیرکەر میللەتێکە هەموو بنەمایەکی تەواوکاری لە خۆیدا تەواو کردوە و هەڵیشی کوتاوەتە سەر ئەم و بۆتە مێردەزمەی سەر سنگی. تەنها ئەوسا بیردەکاتەوە کە ئەویش میللەتێکی جیاوازە و پێویستە فریای خۆی بکەوێت. پێویستە بنەما و ڕەگی خۆی بدۆزێتەوە و بگات بە سەربەخۆیی و قەوارەی تایبەتی خۆی. لێرەدا دەبێت ئەوە جێگەی سەرنجمان بێت کە جیاوازی مێژوویی بیر و هەستی نەتەوەیی لە هەریەکێک لە جیهانەکاندا جیاوازە و شێوەی بەکارهێنانەکەشی دیسانەوە هەر یەکەیان بە ڕاڕەوێکدا دەڕوات.

هاتنە کایەی بیری نەتەوایەتی لە ئەوروپادا بە سروشتی و وەک پێداویستییەکی مێژوویی ئەو قۆناغی گەشەکردنە هاتۆتە مەیدان و وردە وردە لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتن و گەشەی بیروهۆشی مرۆڤدا دەرکەوتووە و تەواوکاری ئەو هەست و هۆشە بووە، کە لە کاتی خۆیدا بۆ پێکهاتنی کەسایەتی مرۆڤ پێویست بووە. لایەنەکەی تریشیان بەشەقی داسەپاندنی مێژوویی میژووی ئەوروپای سەردەست دروست بووە، کە تەنها کاردانەوە و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی کۆڵۆنیالیستی بووە.

دەتوانین بڵێین بیر و هۆشی نەتەوەیی میللەتانی ژێردەست کاتێک دروست بووە کە بەهۆش هاتونەتەوە دژی داگیرکەران بجەنگن و لەدوی سەربەخۆیی خۆیان بگەڕێن. ئاڵۆزی بیربۆچونی نەتەوەیی ئەو میللەتانە لەوێوە هاتووە، کە تەنها هەڵگری پڕکردنەوە و پێداویستیی کەسایەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو هەڵگری بیری ڕزگاربوون و سەربەخۆییشە. واتە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بابەتی بوون و نەمانیانەوە. لێرەدا دەبێت سەرنجی ئەو خاڵە گرنگە بدەین کە دروستبوونی ناوەرۆکی هەستی نەتەوایەتی لە جیهانی دەرەوەی تەوەر، لە دوای بەکۆڵۆنی کردنیانەوە دەستپێدەکات. واتە مێژووییەکی ئەوەندە کۆنی نیە و سەرچاوەی لە ناو خودی ئەو کۆمەڵگایانەوە هەڵنەقوڵاوە، بەڵکو قاوغی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی کۆڵۆنیالیستییە. کە بە ناچاری بۆ خۆپاراستن کراوەتە دروشمێک و کۆمەڵانی خەڵکیان لەژێردا کۆکردۆتەوە.
ئەوە بارودۆخی ئەو میللەتانە بوە کە ڕاستەوخۆ لە ژێردەستی داگیرکەرانی بێگانەدا بوون. مەبەست لە ڕاستەوخۆ، چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەیە کە بەگشتی خزێنرابوونە ژێر دەستی داگیرکەرێک، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چ میللەتێک یاخود چەند میللەتی تێداژیاوه‌. بۆ نمونە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق کە دروستکرا، بەپێی بەرژەوەندی ئنگلیزەکان و ڕێکەوتنیان لەگەڵ فەرەنسییەکاندا دامەزرێنراوه‌، نەک بەپێی بەرژەوەندی میللەتی عەرەب و کورد.
جا ئەگەر بێینە سەر پێکهاتنی بیری نەتەوەیی میللەتی کورد، ئەوا بێگومان ئەوەندەی تر ئاڵۆز و تێکپچڕاوە. چونکە کورد کەوتۆتە نێوانی سنوری چوار دەوڵەتەوە کە هەر یەکەیان تا ڕادەیەکی زۆر، بارێکی مێژوویی خۆی هەیە کە جیاوازە لەگەڵ پارچەکانی تردا. هەر بۆیە دەبێت تا ڕادەیەک بەجیا شیبکرێنەوە بۆ ئه‌وه‌ی لە بنەمای جیاوازی ئەمڕۆمان بگەین.

پێکهاتنی بیری نەتەوایەتی کوردی، دەکەوێتە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە. میللەتی کورد لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، ناڕاستەوخۆ، هەر لە سەردەمی دەوڵەتانی عوسمانی و سەفەوییەوە ژێردەستەی میللەتانی فارس و تورک و عەرەب بووە. کە دەڵێین ناڕاستەوخۆ مەبەستمان ئەوەیە بە درێژایی ئەو مێژووە و بە تێکڕایی، کورد خاوەنی چەندین ئەمارەتنشین بووە، هەرچەندە زۆربەی کات سەر بە یەکێک لەو دەوڵەتانەش بووه‌، بەڵام تا ڕادەیەکیش سەربەخۆییەکی ناوچەییان هەبووە. سنورێکی تایبەت نەبووە لە سروشتی زیاتر، کە ناوچەکان لەیەکتری داببڕێت. سنوری دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و شەڕەکانیان لە سەر ناوچەی دەسەڵات، زۆربەی کات لە سەر ناوچەی کوردستان بووە. هەر بەو پێیەی کوردستان کەوتۆتە نێوان ئەو سنورانەوە. هەربۆیە هەمیشەش کورد وەک داردەست و دژ بەیەکتری بەکارهێنراون، بەڵام وەک ڕەگ و ڕیشەی پەیوەندی و هاتوچۆ، زۆربەی کات بۆ هۆز و تیرە کوردەکان هەر بە سروشتییەکەی خۆی ماوەته‌وە. لەلایەکی تریشەوە هیچ کاتێک زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و هەستی نەتەوایەتی ئەو دوو دەوڵەتە هێندە بەهێز نەبووە کە کاردانەوەی هەبێت لەسەر کۆمەڵگای خۆماڵی کوردەواری. هەموو میللەتان موسوڵمان بوون و موسوڵمانانیش هەموو برا بوون.

تەنها جیاوازی سونە و شیعە زۆرجار وەک بەهانەیەک بەکارهێنراوە بۆ هێرش بردنە سەر یەکتری، نەک هەستی جیاوازی نەتەوایەتی. لە ڕاستیشدا دروستبوونی دەوڵەتی مەزهەبی شیعی لە ئێراندا، ڕوداوێکی به‌ئاگا و به‌ مه‌به‌ست بووه‌، وەک بەرپەرچدانەوە و بەگژداچونەوەی دەوڵەتی سونی عوسمانی دروست بووە. وەک خۆجیاکردنەوەیەک، نەک پشتبەستن بە بیرێکی نەتەوەیی. واتە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لەو سەردەمانەدا چەند بیری نەتەوەیی لە ناوچەکەدا لاواز بووە، تەنانەت بۆ میللەتانی سەردەستیش، چ بەسا میللەتی کورد.

ئەوەندەی لەو قۆناغە بگەین، ئەوەیە کە بە گشتی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەو کاتەش نەبونەتە خاوەنی وشیاری نەتەوایەتی، بە میللەتی کوردیشەوە. لە کاتێکدا میللەتانی ئەوروپایی لەوپەڕی گەشەی دەوڵەتی نەتەوایەتیدا بوون و بیروبۆچوونی نەتەوەیی گەشتبووە ترۆپکی و نیشتیمان ئەو جێگە پیرۆزە بوو کە مرۆڤ دەبوایە گیانی خۆی بۆ بەخت بکردایە.
میللەتی کورد تا ئەو کاتە، کەم تا زۆر، لە ژێر یەک بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گوزەرانی کردووە. بە کورتییەکەی دەتوانین ناوی قۆناغی پێش مێژووی لێ بنێین. قۆناغی هۆزایەتی و سوارچاکی و دەرەبەگایەتی. کۆمەڵگایەکی داخرا و سەر بە خودی خۆی و نەخوێندەوار و خۆبەرهەمهێنانەوەی لەسەر شێوازی باووباپیران. قۆناغی دابڕاو لە هەموو چەشنە گۆڕانکاریی و پێشکەوتنێک. هەتا ئێستاش لە زۆربەی گوندەکانی کوردستاندا دەتوانرێت ئەو شێوه‌ ژیانه‌ ببینرێتەوە.

ئەو جیاوازیانەی ئەمڕۆ لە نێوان پارچەکانی میللەتی کورددا دەیبینین، لە هەر یەک لەو دەوڵەتانەی کە بەشێکی کوردستانی پێوەلکێنراوە، وردە وردە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دروستبووە. لەگەڵ سنورکێشانی دەوڵەتانی ئێراق و سوریا و دامەزراندنی دەوڵەتی تازەی تورکیا و دیاریکردنی سنوری چەسپاوی ئێراندا هاتۆتە گۆڕێ. دەتوانین بەبێ سێ و دوو دان بەوەدا بنێین کە میللەتی کورد لەو مێژووەوە پێدەنێتە سەردەمی مێژوویی نوێوە. لە مێژووی جموجۆڵە سیاسییەکانی ناوچەکە و بزوتنەوە خۆڕسک و سەرەتاییەکانی میللەتی کوردەوە، کەم کەم و بە ئاستەم هەنگاومان بەرەو مێژوو ناوە و دەینێین.

ئەو داکەوتە مێژووییە بەسەر میللەتی کورددا داسەپێنراوە، بەبێ ئیرادەی خۆی و لەپڕێکدا خۆی لە نێوانی چوار دەوڵەتدا بینیوه‌تەوە. کارەساتی جەنگی جیهانی یەکەم کوردی ڕاچڵەکان و ناچاری کردوه‌ بکەوێتە خۆی و هۆش بکاتەوە. جگە لەو لایەنە نێگەتیڤانەی ڕوداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، بۆ کورد ئەو لایەنە پۆزەتیڤەی هەبوو کە ئەو کۆمەڵگایەی لە گۆمێکی وەستاو چووه‌، شڵەقا و بووه‌ هۆی ئەوەی کە میللەتی کوردیش بیربکاتەوە و لەو خەوە قوڵەی بەئاگا بێتەوە و بپرسێت کە کێیە و لە کوێی مێژوودایە و چواردەور چییە و میللەت کێیە و کێ سەردارە و کێ ژێردەستەیە و جیهان لە کوێدایە و بەرەو کوێ دەڕوات.

زۆرجار ئێمە تەنها دیوێکی ڕوداوە مێژووییەکان دەبینین و ئەو داسەپاندنە مێژووییانە بە دڕندە دەدەینە قەڵەم. بەڵام دوای ماوەیەکی بەڕێژە کورت لەچاو مێژوودا، دەبینین ئەوسا لایەنەکانی تری دەردەکەوێت و لەو ڕەوتە مێژووییە تێدەگەین کە لە ڕاستیدا سود و قازانجی زۆرتر بووە وەک لە زیان. ڕاستە میللەتی کورد وەک ئەوەی بۆ یەکەم جار دێتە پێش چاو، هەر قوربانی بووە و هەر قوربانی داوە، بەڵام مێژوویەکی پەنجا سەد ساڵە لەچاو مێژووی مرۆڤایەتیدا، تەنها چەند چرکەیەکە و ئەو دەرئەنجامە گرنگە، کە چۆن وانەی لێوەردەگیردرێت. چۆن لەو مێژووە پەنجا سەد ساڵەی ڕابردوو دەگەین و چۆن دەتوانین ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەی ئەم سەردەمە ئاڕاستە بکەین، بە شێوەیەک کە میللەتێک پێک بهێنێت و چارەنوسێکی هەبێت.

بۆئەوەی زۆر لە باسەکەمان دور نەکەوینەوە، دەڵێین ئەو پێشینە مێژووییە خاوە، یەکەم کەرەسەی دابڕانی کوردە لەیەکتری، لە هەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستاندا. چونکە ئێمە خاوەنی یادگەیەکی بەکۆمەڵ نەبووین، لە پێش ئەوەی کە سنوری دەوڵەتی میللەتەکانی تر لەسەر لاشەی ئێمە بکێشرێت. ئێمە ئەو کەرەسە خاوە بووین کە لە مێژووی دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، فۆرممان لەسەر چوارچێوە و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی ئەو میللەتانەوە وەرگرتووە، کە لەگەڵیاندا خزێنراوینەتە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتێکەوە و بۆ یەکەمین جار بە شارستانیه‌ت ئاشنا بووین. ئەوان خاوەن دەسەڵات بوون و ئێمەش پاشکۆ و ژێردەستە. هەربۆیە هەتا ئەمڕۆش بۆمان ئاسانترە و بۆمان لەبارترە وەک تورکێک، وەک ئێرانییەک، وەک عەرەبێکی ئێراقی.. سوریی بیربکەینەوە، وەک لەوەی وەک کوردێک بیربکەینەوە. چونکە لە ڕاستیدا لە قاڵبی ئەو دەوڵەتانەدا ئێمە وردە وردە هۆشمان پیاهاتۆتەوە و خۆشمان وەک وتمان خاوەنی ئەو یادگە مێژوویی و هاوبەشە نەبووین کە بتوانین سەرەڕای جیاکردنەوە و دابڕانمان، بەردەوامی بە هەستی یەکبوونمان بدەین.

ئێمە یەکتری ناناسینەوە، چونکە هەرگیز بە وشیاری یەکتریمان نەبینیوە و لەوەوپێش یەکتریمان نەناسیوە. یەکتریمان بیرناکەوێتەوە، چونکە پێش ئەو پارچە پارچەکردنە ڕوبدات، وشیاریی مێژووییمان نەبووە. هەر پارچەیەک لە فۆرمی ئەو دەوڵەت و میللەتەدا داڕێژراوە و ئاگای لە پارچەیەکی تر نەبووە کە چی تێدا ڕودەدات و ڕویداوە. هەربۆیە زۆرجار دەبینین کە هەست بەیەکتریش ناکەن. واتە ئەو سۆزە دروست نەبووە کە لە یەک میللەت پێکهاتووین. کاتێک لەدەرەوەی وڵات یەکتری دەبینینەوە، بەچاوی گومانەوە سەیری یەکتری دەکەین و دەپرسین، هەڤاڵ تۆش کوردیت؟

بە شێوەیەک ئاخزێنراوینەتە ئەو چوارچێوانەوە، کە لە خۆمان زیاتر هەست بەوانی تر ناکەین.

لە نێوانی ئەو پەنجا سەد ساڵەی دواییدا، هەر پارچەیەک جیابەجیا کەلتورێکی بۆ خۆی داچنیوە، کە تێکەڵەیەکە لە خوڕەوشتی خۆماڵی کوردی و خوڕەوشتی میللەتی سەردەست. گەر ئەمڕۆ ئەو کەلتورە کوردییەی جیابەجیا پێکهاتوە، بەیەکتری بەراوردیان بکەین، دەبینین جیاوازییەکی زۆر کەوتۆتە نێوانیانەوە. لەسەرێکی ترەوە، گەر کاریگەری کەلتوری میللەتانی تورک و عەرەب و فارسی لێبکەینەوە، دەگەینەوە بەو سروشتە خاوەی پێش سنورجیاکردنەوەکان. 

هەروەک ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر گەر گوندە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەیەکتری بەراورد بکەین، دەبینین جیاوازییەکی ئەوتۆیان تێنەکەوتووە. بەڵام ئەمڕۆ ناتوانین ئەو دابونەریتە خاوە بکەینە پێشەنگ، بەڵکو ڕەنگه‌ بتوانرێت بکرێتە هەوێنی شێوە لەیەکتر تێگەشتنێک، وەک ڕەگی هاوبەش و بنەما. چونکە دەزانین ئەو سروشتە خاوە هەڵگری ئەو هەستە نەتەوایەتییە نیە کە بناغەی یەکگرتنەوەی لەسەر دابمەزرێنرێت. بەڵکو ئێمە ئەمڕۆ دەبێت لەم قۆناغە مێژووییە بگەین کە تیایدا دەژین و هەست بەو پێویستییە بکەین کە ئەمڕۆ لە بەردەستماندایە.
نه‌ له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌ نه‌ له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌، نه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیادا و نه‌ له‌سنورکێشانی وڵاتانی ئێراق و سوریادا، هیچ یه‌کێک له‌و ڕوداوه‌ مێژوویانه‌ی به‌سه‌ر کورد و نیشتیمانه‌که‌یدا هاتووه‌، نه‌بۆ‌ته‌‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کورد ببێت به‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی خۆی و ته‌نانه‌ت نه‌بۆته‌ هۆی پێکهاتنی بیرێکی نه‌ته‌وایه‌تیش که‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی نیشتیماندا به‌گه‌ڕبخرێت.

هه‌تا ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت، هه‌رگیز کورد ئه‌وه‌نده‌ ناسیونالیست نه‌بووه‌ که‌ ببێته‌ هۆی یه‌کخستن و یه‌کترناسینه‌وه‌. نه‌ فریای شۆڕشی ناسیونالیستی که‌وتووین، نه‌ فریای شۆڕشی ڕزگاری نیشتیمانی. له‌دوای به‌سه‌رچوونی کاتی ئه‌و شۆڕشانه‌وه‌ کورد هه‌ر به‌ ژێرده‌سته‌یی ماوه‌ته‌وه‌. تاکه‌ شۆڕشێک که‌ ماوه‌، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌و شۆڕشه‌ی ئێستا له‌ ئارادایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش کورد نه‌توانێت تیاسه‌رکه‌وێت، ئه‌وا باشتره‌ واز له‌ هه‌موو هه‌وڵێکی ڕزگاربوون بێنێت و به‌ چاره‌نوسی ژێرده‌ستیی خۆی ڕازی بێت.

ئه‌مڕۆ ئیتر دره‌نگه‌ باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی کوردستان بکرێت‌، مه‌گه‌ر موعجیزه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ کورد ڕوبدات و ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ بۆ ماوه‌یه‌کی به‌ڕێژه‌ درێژ خه‌ویانلێبکه‌وێت و وڵاتانی چوارده‌ور ببورێنه‌وه‌ و جیهانیش له‌هۆش خۆی بچێت.

ئه‌گه‌ر مه‌یدانه‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تی بۆ کورد چۆڵبکرێت و بڵێن فه‌رموو یه‌کبگرنه‌وه‌، کورد هه‌ر ناتوانێت. مێژووی داسه‌پێنراو بۆته‌ مێژووییه‌کی حه‌قیقی و زه‌مه‌نی پینه‌کردن به‌سه‌رچووه‌، ساڵ و دوو ساڵ نیه‌ و هۆکارێک و دوانی لێکدابڕان نیه‌. به‌ڵکو زه‌مه‌نێکی زۆر تێپه‌ڕیووه‌ و ئه‌وه‌ی پێکهاتووه‌ به‌جیا گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی که‌ لێکمان نزیکده‌کاته‌وه‌ وه‌ک میلله‌تێک.

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ چوار میلله‌تی کوردین که‌ دراوسێی یه‌کترین و ڕه‌گێکی مێژوویی هاوبه‌شمان هه‌یه. دانپیادان به‌م حه‌قیقه‌ته‌دا گه‌لێك سه‌رئێشه‌مان له‌کۆڵ ده‌خاته‌وه‌ و ده‌توانین له‌ واقیعی ئه‌مڕۆدا بژین و هه‌وڵه‌کانمان چڕکه‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌مان چی ده‌توانین بۆ خۆمان بکه‌ین و چۆن ده‌توانین یارمه‌تی یه‌کتری بده‌ین. 
ئەو ئاڵوگۆڕە مێژووییانە و پێکهاتنی کەلتوری شێواوی خۆماڵی هەر پارچەیەک بە جیا، نە بەتەواوەتی لە کەلتوری میللەتی سەردەست دەچێت، نە توانراویشە کەلتورێکی سەربەخۆ پەرەپێبدرێت، نەئەوەتا وەکو ڕەگوڕیشە نەریتییەکەی خۆشی مابێتەوە. ئەوەی دەیبینین شێواوی و تێکەڵەیەکە لە هەمووی.

جیاوازی بۆچون و ڕوەتی مێژوویی ئەو دەوڵەتانە لە مێژووی نوێدا، مۆرکی خۆی خستۆتە سەر ئەو جیاوزی بیرکردنەوەیەی هەر پارچەیەک لە پارچەکان ئەمڕۆ خۆیانی تیادەبیننەوە. دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ توشی جۆرێکی تر لە دابڕانی مێژوویی و بێ یادگەیی بوین به‌رامبه‌ر‌ به‌ یه‌کتری. ئەویش ئەوەیە کە هەر یەک بەجیا لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا دیوارێکی خۆماڵی بە دەوری خۆیدا هەڵچنیوە، کە دوبارە بۆتەوە ڕێگری پەیوەستبونەوە بەیەکترەوە. بۆیە دەڵێین ئەمڕۆ توشی بێ یادگەییەکی تر بوین نەک لەچاو سەیرکردنماندا بۆ جیهانی چواردەور و مێژوو، بەڵکو لەڕێژەی یەکتریدا و بەرامبەر یەکتر.

لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، تا ڕادەیەکی زۆر هەریەک بەجیا لە هەوڵی دامەزراندنی بیری نەتەوایەتیدا بووین. بێیادگەیی یەکەم لە سەردەمانی مێژوویی زوترەوە دەستپێدەکات، وەک هەموو میللەتانی تری پێش کۆڵۆنیالیستی. واتە بێئاگایی لە ڕەوتی مێژوویی جیهان و بەپەراوێزبوونمان. بێئاگاییمان لە خودی خۆمان و خۆماڵیبوونمان و نەزانینمان کە چی لە جیهاندا ڕودەدات. بێیادگەیی دووەم تا ڕادەیەک ئاگامان لە ڕوەتی مێژوویی جیهان هەیە، بەڵام ئاگامان لەیەکتری نیە وەک ئەوەی پێویست بکات. مەبەست هەر یەک لە پارچەکانە بەرامبەر یەکتری.

هەر پارچەیەک بە جیا سەیری مێژوو و جیهان و گەشەکردنی کردووه‌، به‌پێی سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی تێیکه‌وتووه‌. دەشێت ئەوە بوترێت کە ناکرێت چاوەڕوانی شەڕێکی تری جیهانی بکرێت بۆ ئەوەی میللەتی کورد لەو بێئاگاییەی ئەمڕۆشی بپەڕێتەوە.

خاڵێکی تری جیاکەرەوە و دابڕێنەر، هەبوونی دوو شێوە زاری سه‌ره‌کی گەورەیه‌ له‌ زمانی کوردیدا. کە دیسان، جگە لەو هەموو سنور و دیوارە، ئەویش بۆتەوە بە نیمچە دیوارێک کە ڕێگە لە یەکترتێگەشتنێکی سازگار و ڕەوان دەگرێت، ئەگەر هەموو میللەتی کورد تەنها یەک شێوە زاری هەبوایە، تێکەڵاوبون و پێکهاتنەوەی ئاسانتر دەبوو. جگە لەوەش، شێوە نوسینی کوردی بە دوو جۆر پیتی جیاوازە، کە دیسانەوە بۆتەوە ڕێگرێک لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بیر و ڕۆشنبیری و له‌یه‌کتێگه‌شتن. له‌ڕاستیدا ده‌بێت ده‌قه‌ نوسراوه‌کان وه‌رگێڕدرێت له‌ دیالێکتێکه‌وه‌ بۆ دیالێکتێکی تر، له‌ ڕێنوسێکه‌وه‌ بۆ ڕێنوسێکی تر بۆئه‌وه‌ی بخوێنرێنه‌وه‌، وه‌ک هه‌موو ده‌قێکی تر که‌ له‌ زمانێکی بێگانه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕدرێت.

ئەو پارچانەی لە نێو دەوڵەتانی تورکیا و سوریادا جێگەکراونەتەوە، تەنها بە یەک شێوە زاری کوردی دەئاخفن، ئەویش شێوە زاری کرمانجی سەرووە. هەر یەک لە ئێراق و ئێران هەردوو، یاخود زیاتر لە دوو شێوە زاری تیا بەکار دەهێنرێت و نەبۆتە هۆی هەستی جیاکەرەوە و لەیەکدابڕان له‌ سنوری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا، له‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ له‌ هه‌ر دوو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی وه‌ک ڕێنوس به‌کار ده‌برێت. سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بۆسه‌ر ئه‌و کوردانه‌ی که‌وتونه‌ته‌ سنوره‌که‌یانه‌وه‌، وه‌ک یه‌که‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار جیاوازی ئه‌و دوو دیالێکته‌ بۆ ته‌فره‌دان به‌کارهێنراوه. 
.....ماویه‌تی