به‌جیهانیبوون و به‌ربه‌ریه‌ت
له سیسته‌مه
داخراوه‌کانی پێش شه‌ڕی سارددا، ده‌سه‌ڵاتداره تاکحیزبییه‌کان، جیهانیان بۆ میلله‌ته‌کانیان
بچوکده‌کرده‌وه و مێژوویان بۆ کورتده‌کردنه‌وه و ڕایانده‌کێشانه‌وه سه‌ر سنوری
ده‌وڵه‌ته‌کانیان و ته‌لبه‌ندیان ده‌کردن. هه‌وڵده‌درا هه‌ر که‌س ماڵی خۆی، له‌وی تر بپارێزێت و نه‌هێڵرێت
به‌هیچ سه‌رێکدا، ده‌نگوڕه‌نگ دزه‌بکات و ئاڵوگۆڕی پێبکرێت. سیسته‌مێک که
بیرۆکراتییه‌تی تاکه حیزب تیادا باڵاده‌ستبوو، کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ره‌وه به‌ره‌وخوار
و توندوتۆڵ، به‌زه‌بری ئاگروئاسن ڕاده‌گیردرا.
سیسته‌می داخراو، واته تێترنجانی میلله‌تێک
له چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافیدا و قه‌ناعه‌ت پێکردنیان (به‌خۆشی یا به ناخۆشی) که
له‌ده‌ره‌وه هیچ شتێک نییه به‌که‌ڵکی ئه‌وان بێت و به‌ده‌نگ هاواریانه‌وه بڕوات
و ئه‌مان، واته ده‌سه‌ڵاتداران، باشترین و دڵسۆزترین په‌ناوپشتن که گوێڕایه‌ڵیان
بن و ئه‌م فه‌رمانڕه‌واییه وه‌ک فه‌رمانی خوایه به‌سه‌ریانه‌وه و ده‌بێت ملکه‌چی
بن.
ئه‌مڕۆ شه‌پۆلی ئه‌و
ته‌وژمانه‌ی به دیموکراتی و به‌جیهانیبوون ناسراوه، کۆمه‌ڵێکی زۆری له‌و فه‌رمانڕه‌وایه
کۆنانه ڕاماڵی و دیواره‌کانی ڕماندن و میلله‌تان بۆ یه‌که‌مجار چاویان به‌یه‌کترکه‌وته‌وه
و بۆیان ده‌رکه‌وت که له پشت دیواری هه‌ڵچنراوی ده‌وڵه‌ته‌کانیانه‌وه، جیهان و
میلله‌ت و که‌لتور و... مرۆڤی دیکه‌ش هه‌یه و له‌وه‌ش تێگه‌یشتن که ده‌شێت به
شێوازێکی تریش میلله‌ت و فه‌رمانڕه‌وا پێکه‌وه ببسترێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌میشه
دوژمنی یه‌کتری بن.
له‌دوای لێشاوی به‌جیهانیبوون
و داڕمانی سیسته‌می داخراوی کۆمۆنیزمی یه‌ک به‌دوای یه‌کی جیهانی، هه‌ندێک له
ورده شه‌پۆله‌کانێش به‌ر ئێمه که‌و‌تن و یه‌کێک له دڕنده‌ترین دیکتاتۆره‌کانی
سه‌ده‌ی بیسته‌می ڕاماڵی و ئێمه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌کمان لێکرایه‌وه که لێوه‌ی سه‌یری
جیهان بکه‌ین و بزانین چی ده‌گوزه‌رێت. ئێمه‌یه‌ک که به‌درێژایی مێژوو، خاک و
نیشتیمانمان لێکراوه‌ته دۆزه‌خ و له‌جیاتی هه‌موو پێگه‌شتن و پیاگه‌شتن و پێشکه‌وتنێک،جه‌رگمان
داخ ده‌کراو پیایدا ده‌چزاین و برینمان تێده‌که‌وت و برینمان ده‌کولایه‌وه. ئێستا
که ده‌ڕوانینه ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، جیهانێک و مێژوویه‌ک و مرۆڤایه‌تییه‌ک و که‌لتورێک
و شارستانییه‌تێک ده‌بینین، که وه‌ک کێوێکی سه‌خت له‌به‌رده‌مماندا قوتبۆته‌وه و
هیچی لێنازانین و نایناسین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ دیوارێکیش له‌نێوانماندا نییه
و ڕاسته‌وخۆ ڕوبه‌ڕوی بوینه‌ته‌وه.
ئێستا ده‌رک به‌وه
ده‌که‌ین که چه‌ند پاشخراوین و چه‌ند دواکه‌وتووین. له هه‌ڵپه‌ی پیاگه‌شتن و
پێگه‌شتنه‌وه و تێگه‌شتندا، هه‌ندێک جار به‌سه‌ر شانوملی یه‌کتریدا ده‌مانه‌وێت
سه‌رکه‌وین و چیتریش ئاوڕ بۆ دواوه نه‌ده‌ینه‌وه.
ئێمه کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان
هه‌یه و هه‌تا ئێستا چار نه‌کراوه، که‌چی ده‌بینین شارستانییه‌ت دووجار، دوو
سوڕ به‌ده‌وریدا خولاوه‌ته‌وه و به‌جێیهێشتووه. جارێک له‌سه‌ره‌تاکانی ڕێنیسانسه‌وه
و جاریکی تریش له دوای ڕوخاندنی بلۆکی کۆمۆنیستیه‌وه.
ئێمه کێشه‌ی نه‌بوونی
ده‌وڵه‌تمان هه‌یه و بۆته گرێکوێره‌ی ده‌رونیی بۆمان، که‌چی ده‌بینین هه‌زارویه‌ک
شێوازی خۆی گۆڕیوه و ئێستا له دیموکراتیه‌تدا گیرساوه‌ته‌وه.
ئێمه کێشه‌ی نه‌بوونی
فه‌لسه‌فه و ناسین و خۆناسینه‌وه‌مان هه‌یه، که‌چی ده‌بینین بوار نه‌ماوه په‌ی
پێنه‌برێت و کونوقوژبنی نه‌کۆڵرێته‌وه.
ئێمه کێشه‌ی به
مرۆڤبوون و هاووڵاتیبوون و مافی ژنان و منداڵان و ...و هه‌موو مافه‌کانی تریشمان
هه‌یه، که‌چی ده‌بینین چه‌ندین دۆخی بڕیوه و چه‌ندین قۆناغی بینیوه و له
مرۆڤدا چه‌قیبه‌ستووه.
ئێمه کێشه‌ی
ناساندن و ساغنه‌بوونه‌وه‌ی مێژوویی و گیرخواردوویی نه‌زانینمان هه‌یه، که‌چی ده‌بینین
که‌م میلله‌ت هه‌یه ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ڕه‌گوڕیشه و ڕه‌گه‌زی خۆی نه‌ناسێ و نه‌زانێ یه‌که‌م
کۆچی له‌کوێوه ده‌ستیپێکردووه.
ئێمه‌یه‌ک که تا
ئێستا به‌دوای په‌یوه‌ندییه خێڵایه‌تییه‌کانمانه‌وه ته‌په‌مان دێت و ناتوانین
پێناسه‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگا په‌یدابکه‌ین و له کێشه‌ی بوون و نه‌بوون و ئیمان و فه‌لسه‌فه‌دا،
ته‌نها ئیسلام شک ده‌به‌ین و ئیسلامیش هیچ ده‌ردێکمان بۆ ده‌رمان ناکات و له‌جێگای
ده‌رگا له‌سه‌رکردنه‌وه، ده‌رگاکانمان له‌سه‌ر داده‌خات و له تاریکیدا ده‌مانهێڵێته‌وه،
که‌چی ده‌بینین فه‌لسه‌فه چه‌ندین جار و چه‌ندین جۆر مرۆڤی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و
میتافیزیک ده‌رگا به‌دوای ده‌رگادا ده‌یکاته‌وه و ڕۆژبه‌ڕۆژ له ژیانی ڕۆژانه‌ی
مرۆڤ و له زانسته‌کان نزیک ده‌بێته‌وه و واڵاکردن ڕۆشنکردنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌سته‌به‌رده‌کات.
له‌م جه‌نجاڵی به‌ریه‌ککه‌وتنه‌دا،
جگه له‌وه‌ی تووشی ڕاچڵه‌کین بووین و ده‌بین،هه‌ندێک توشی سڵه‌مینه‌وه‌ش ده‌بێت،
هه‌ندێکمان یه‌کسه‌ر بۆ دواوه ده‌گه‌ڕیینه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌کێکی به‌ره‌نگاریی،
هه‌ندێکی ترمان ده‌چێته‌وه قۆزاخه‌که‌ی خۆی و "وه‌کو جاران" لێده‌خوڕێت.
هه‌ندێکیشمان سه‌رکه‌شه و ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر ئه‌و کێوه‌دا سه‌رکه‌وێت و ئه‌و
جیهانه تازه‌یه په‌یپێبه‌رێت.
له نێوانی هه‌موو
ئه‌وانه‌دا، توێژێک هه‌یه که هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌یه و له هه‌موو ئه‌وانی
تری جیاده‌کاته‌وه. ئه‌و توێژه جیهانی تازه به دوژمن دانانێ و به دۆستی
ناناسێ، به‌ڵکو به هه‌ل و ده‌رفه‌ت ده‌یبینێ و نه ده‌یه‌وێت لێیتێبگات،نه ده‌یه‌وێت
پێیڕابگات، ته‌نها بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه که "چۆن باشترین قازانجی لێهه‌ڵکڕێنێت".
ئه‌و توێژه ڕوبه‌ڕوی جیهانی نوێ نابێته‌وه، تێکه‌ڵاوی نابێت، ئه‌وه‌نده تێگه‌شتنی
ده‌وێت که له خزمه‌تی خۆیدا به‌کاریبهێنێت. ئه‌م توێژه مشه‌خۆره بۆشایی ئه‌و
ماوه‌یه به‌کاردێنێ که ده‌که‌وێته نێوان ئاڵوگۆڕه‌کانه‌وه، تا سیسته‌می نوێ ده‌چه‌سپێت
و دیموکراسی جێگیرده‌بێت و دادپه‌روه‌ریی ڕێچه‌که‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
لێره‌دا ئه‌م
بارودۆخه، بۆ کۆمه‌ڵگا داخراوه‌کانی ئه‌ورپای خۆرهه‌ڵات چه‌ند ساڵیکی خایاند و له‌و
دیارده‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌یه تێپه‌ڕبوون و هه‌ر زوو ئه‌و که‌لێن و درزه‌یان
پڕکرده‌وه که ده‌که‌وێته نێوانی داڕمانی سیسته‌می کۆن و دامه‌زراندنی سیسته‌می
تازه‌وه و کۆمه‌ڵگایان خسته‌وه سه‌ر سکه‌ی له‌باریی مێژوویی. به‌ڵام له حاڵه‌ته‌که‌ی
ئێمه‌دا دوو هۆکاری گرنگی لادان هه‌یه له‌و دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه و ڕیزپه‌ڕه له‌و
یاسا و ڕێسا کاتییانه‌ی قۆناغی ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کان و ناهێڵێت به ئاسانی کۆمه‌ڵگا
ڕزگاری بێت و بکه‌وێته‌وه سه‌ر ڕاسته، واته سکه‌ی مێژوویی خۆی و په‌یوه‌ستبوونه‌وه‌ی
به مێژووی جیهانی و شارستانییه‌ته‌وه.
یه‌که‌م ئه‌و توێژه
کۆمه‌ڵایه‌تییه پانتاییه‌کی فراوانی له دانیشتوان گرتۆته‌وه، چ وه‌ک ئه‌وه‌ی
ئێستا به‌کرده‌وه له پرۆسێسه‌که‌دایه، چ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بواری بۆهه‌ڵکه‌وێت
نکوڵی لێ‌ناکات. ئه‌مه‌ش به حوکمی ئه‌وه‌ی ئێمه هیچ پێشینه‌یه‌کی حوکمڕانی و
شارستانییه‌تمان نییه و له سفره‌وه ده‌ستپێده‌که‌ین، که زۆر جیاوازه له حاڵه‌تی
ئه‌وروپای کۆمۆنیستی که خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی مێژوویی و شێوه‌یه‌ک له شارستانییه‌ت
بووه و میلله‌ته‌کانی له‌خۆئاماده‌کردندا بوون بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه
و هه‌رگیز ئاوات و هیوای دواڕۆژیان وننه‌کردبوو.
خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه
که ئه‌و توێژه، به حوکمی به‌رفراوانییه‌که‌ی و پاشخانی ده‌گمه‌نیی و نه‌بوونیی
و په‌یوه‌سیت نه‌بوونی ئه‌و توێژه به هیچ بنه‌ما و پرنسیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و
ئاکارییه‌وه، هه‌لومه‌رجی بۆڕه‌خساوه باڵبکێشێته ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه و له‌گه‌ڵیدا
تێکه‌ڵ بێت و ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌ک ئاوێته بوون که مه‌حاڵه له‌یه‌کتری
جیابکرێنه‌وه. ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا باشترین فرسته‌ی خستۆته به‌رده‌ست که به
ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات لێده‌خوڕێت و ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌که‌ڵکی
خۆی دێت، په‌روه‌رده‌ی ده‌کات و پێیده‌گه‌ێنێت و ئاماده‌ی ده‌کات، نه‌ک ئه‌وه‌ی که
کۆمه‌ڵگا پێویستی پێیه‌تی و نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدرێت کۆمه‌ڵگا بخرێته سه‌ر
ڕاسته و سه‌ر سکه‌ی مێژوویی خۆی. به‌ڵکو له واقیعی به‌کرده‌وه‌دا پێچه‌وانه
کارده‌کات و هه‌وڵده‌درێت له‌و ڕاسته ڕێیه دوربخرێته‌وه و به لۆکا‌ڵی بهێڵرێته‌وه.
ئه‌وه‌یه که قوربانییه‌کی زۆری لێده‌که‌وێته‌وه و هه‌موو لادانێک له ئاڕاسته‌ی
ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی، ده‌بێت هاووڵاتییان با‌جه‌که‌ی بده‌ن. ئه‌و لادانه‌ی که ده‌بوایه
کاتیی بووایه، هه‌وڵده‌درێت درێژبکرێته‌وه و به‌هه‌میشه‌یی بکرێت و ڕێگه‌ی لێهه‌ڵه‌شه‌بکرێت.
ئه‌وه‌ی له به‌جیهانیبوون
به‌ر ئێمه ده‌که‌وێت، ته‌نها به‌ربه‌ریه‌ته‌که‌یه‌تی، نه‌وه‌ک جاران سه‌ر به‌کۆمه‌ڵگایه‌کی
داخراوی تاکڕه‌ویی حیزبایه‌تیین، نه سه‌ر به جیهانێکی کراوه و دیموکراسین. ئه‌وه‌نده
ده‌رگا و په‌نجه‌ره کراوه‌ته‌وه که له خزمه‌تی ئه‌و توێژه مشه‌خۆره‌دایه وهه‌ر
ئه‌وانیش بڕیاری کردنه‌وه و داخستنی هه‌موو ڕێگاکانیان له‌ده‌ستدایه. هه‌ر بۆیه
دۆخه‌که ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆز ده‌کات و زیاتر مه‌ترسیدار ده‌بێته‌وه و ئازار و
باجه‌کانیش ده‌که‌وێته به‌شی هاووڵاتيانه‌وه. کۆمه‌ڵگاش به‌گشتی به‌لاڕێیه‌کدا ده‌خشێنرێت،
که جگه له ماڵوێرانی و خراپ به‌کارهێنانی تواناکان و گه‌نده‌ڵی خستنه‌وه و
کرمێبوونی هیو‌اکان زیاتر، هیچی تری لێناکه‌وێتیه‌وه.
ئه‌وه ڕاڤه‌ی ئه‌و
بۆچوونانه‌یه که ده‌ویسترێت مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوون به
ویست و خواستی تاکه‌که‌سی و به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی لغاوبکرێت.
2005