ده‌سه‌ڵاتی کوردی و
پرسی ده‌سه‌ڵات
گه‌لێک جار گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌که‌ین که بۆچی فڵانه ئیش، یاخود فیساره هه‌نگاو، یاخود ئه‌م لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگا یاخود ئه‌و لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگا، بۆ لایه‌کی لێناکه‌نه‌وه و چاره‌سه‌رێکی ده‌ردی خه‌ڵکی ناکه‌ن. یاخود بۆچی گوێ له‌که‌س ناگرن و وه‌ڵامی که‌س ناده‌نه‌وه و پشتیان کردۆته ئه‌و خه‌ڵکه‌ی هه‌تا دوێنێ تاکه سه‌رچاوه و پشتوپه‌نایان بوو. ئه‌و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌ی سامی خۆی هه‌بوو به‌رامبه‌ر حکومه‌تی مه‌رکه‌زی و به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه. له هه‌ردوولا، ئه‌و بارستاییه قورسه بوو که حیسابی بۆده‌کرا و شه‌ڕی له سه‌رده‌کرا، هه‌ر خۆشی ده‌کرایه سوته‌مه‌نی هه‌ردولا.
ئه‌ی بۆ له‌دوای
ڕاپه‌ڕینه‌وه هیچ بۆ ئه‌و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه نه‌کراوه و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌وانی
تیاده‌ژین، هه‌ر به‌که‌لاوه‌یی ماوه‌ته‌وه؟ کوا کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی؟ کۆا کۆمه‌ڵگای
هاوچه‌رخ و شارستانی؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌کرایه، ئایا نه‌ده‌کرا بناغه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی
شیاوتر له‌وه‌ی پێشوتر دابمه‌زرێنرێت بۆ ئه‌و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌ی هیچ له‌بارودۆخی نه‌گۆڕدراوه
و هه‌روه‌ک جاران بێده‌نگه و هه‌روه‌ک جاران قوربانییه؟
له سه‌رێکی تره‌وه
یا له ساکاری خۆمانه‌وه‌یه، یا له‌گێلێتیه‌وه، ده‌نا ئه‌و جۆره پرسیارانه
ناکه‌ین، له کاڵفامی خۆمانه‌وه‌یه یاخود له ساویلکه‌ییه‌وه مێشکی خۆمان ده‌هه‌ژێنین
و ده‌مانه‌وێت ئه‌و حه‌سره‌ت و ئاخوداخه‌ی دڵمان هه‌ڵڕێژین و له نائومێدیمان
بێینه ده‌ره‌وه. ده‌نا به‌بێ بیرکردنه‌وه ده‌بوایه بمانزانیایه که سیاسه‌تی
کوردی "هه‌موو بزووتنه‌وه‌کانی پێشوو" هیچ کاتێک هه‌ڵگری دروشمی کۆمه‌ڵگای
شارستانی و دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی..... به‌کورتییه‌که‌ی
هه‌موو ئه‌و داواکاریانه‌ی بۆ مرۆڤێکی هاوچه‌رخ پێویسته، نه‌بوون. بزوتنه‌وه‌کانی
ئێمه، سیاسییه‌کانی ئێمه، شۆڕشه‌کانی ئێمه ته‌نها دروشمی که‌متازۆر ڕزگاری
نیشتیمانیان به‌رزکردبۆوه و ئێمه چاوه‌ڕێی ڕزگارکردنی مرۆڤه‌کانیش بووین. ڕاسته
ئێمه له ژێر باری ژێرده‌سته‌یدا ده‌مانناڵاند، به‌ڵام باری ئازاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
له ژێره‌وه گه‌لێک قورستربوو و نه‌ده‌په‌رژاینه سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بیریشی
لێبکه‌ینه‌وه و هه‌موومان هه‌ڵواسیبوو به ڕزگاریی نیشتمانه‌وه. ده‌نا ئه‌وسا ده‌بوایه
بمانپرسیایه که خۆ ئه‌وه‌تا به‌هه‌ر چوارده‌ورماندا به‌ناو میلله‌تانی ئازاد هه‌یه
و که‌چی له ژێرده‌سته‌کان ژێرده‌سته‌ترن. ئه‌وه عه‌ره‌ب، ئه‌وه فارس، ئه‌وه ئه‌فغانی...و..هتد.
ساڵانێکی زۆر
مارکسییه‌کان ده‌یانووت ئێمه شۆڕشی نه‌ته‌واویه‌تی/ڕزگاری نیشتمانی ناکه‌ین، چونکه
هه‌رده‌بێ دوایی شۆڕشێکی تریش بکه‌ین و چه‌وساوه‌کان ڕزگارکه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه
هه‌ر یه‌ک شۆڕش ده‌که‌ین و یه‌کجار کۆمه‌ڵگا ڕزگارده‌که‌ین! ئه‌ویش شۆڕشی چینایه‌تییه
و به‌سه بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ و نیشتیمان له چه‌وساندنه‌وه و ژێرده‌سته‌یی!. هه‌ڵبه‌ته
ئه‌و شۆڕشه‌ش بارودۆخی خۆی هه‌یه و له هه‌موو کات و جێگایه‌کدا به‌رپاناکرێت و
ده‌بێت هه‌لومه‌رجی بابه‌تی و خۆیی ئاماده‌بێت... و .... هتد.
بۆچوونه‌کانی ئه‌وانیش
له وه‌همێک زیاتر نه‌بوو، نه‌ده‌یتوانی وه‌ڵامه ساکاره‌کانی ژیان بداته‌وه نه
ده‌یتوانی به‌گژ ئه‌و لێشاوی پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زیی و کوشتن و بڕینه‌ی میلله‌تی سه‌رده‌ستدا
بچێته‌وه، نه ڕاڤه‌ی ئه‌نفالی پێ‌بوو نه ده‌یتوانی له شه‌ڕی ئێراق و ئێران
تێبگات. هه‌موو پرسه‌کان ده‌به‌سترایه‌وه به ئیمپریالیزمی جیهانییه‌وه و ئه‌و
تاکه تاوانبارێک بوو له هه‌موو مه‌یدانه‌کاندا که هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بوو.
جگه له‌وه‌ش له‌م سه‌رزه‌مینه داگیرکراوه‌دا، نه سه‌رمایه‌داری لێ‌بوو نه
کرێکار، به‌ڵکو سه‌رتاپا پێکهاتبوو له میلله‌تێکی ژێرده‌سته‌ی بێچاره‌نووس و بێدواڕۆژ،
له‌سه‌رێکی تریشه‌وه، تیوه‌ری دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا هیچ کاتێک له
دیکتاتۆرییه‌تێکی ڕووت زیاتر هیچی تر نه‌بووه و هیچی تریش نابێت. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت
دوعای ئه‌وه بکه‌ین که قوربانییه‌کی زۆریشمان نه‌دا بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان بێنه سه‌رکار
و ده‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌وه بگرن، ده‌نا جگه له‌وه‌ی ده‌بوینه ئه‌فغانستانی
دووم، ئه‌وا به‌ناوی بۆرژوا و ورده بۆرژوا و سه‌رمایه‌دار و دوژمنی گه‌ل و خیانه‌تکار
و ...کۆمه‌ڵیک ناووناتۆره‌ی تریشه‌وه، نیوه‌ی میلله‌تیان سوکده‌کرد، ئه‌و میلله‌ته
ڕه‌شوڕوته‌ی به‌بێده‌نگی ڕاوه‌ستاوه و به‌رگه‌ی هه‌موو په‌ژاره‌کانی سه‌رزه‌مین
ده‌گرێت و ده‌هێنرێت و ده‌برێت و ده‌کڕدرێت و ده‌فرۆشرێت و که‌سیش ئاوڕی خێری
لێناداته‌وه. دوابه‌دواش وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناوخۆیی و ده‌ره‌کی،
بنه‌چه‌ی لادنیش له‌ناو ئێمه‌دا ده‌بوه ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ی تا زه‌مانێکی
دورودرێژ بناڵێنین به‌ده‌ستییه‌وه.
ئێستا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه
بۆ سه‌ر بزوتنه‌وه‌کانی کورد، بۆ سه‌ر شۆڕشه‌کانی کورد، ده‌بینین له‌وه‌ته‌ی
جموجۆڵی تێکه‌وتوه هه‌ر بۆ ڕزگارکردنی خاک بووه، نه‌ک ئه‌و مرۆڤا‌نه‌ی له‌و سه‌رزه‌مینه‌دا
ده‌ژین و له‌ڕاستیشدا هیچ کاتێک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئه‌م حاڵه‌ته
ناوازه‌یه‌ی که ئێستا ئێمه له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا خۆمانی تیاده‌بینینه‌وه، ته‌نها
به‌رهه‌می خه‌بات و تێکۆشان و قوربانیدانی خۆمان نییه. ئێمه هیچ کاتێک نه‌مانتوانیوه
چۆک به دوژمن دابده‌ین و به ویست و ئیراده‌ی خۆمان سه‌ربه‌خۆییمان بسه‌پێنین. ڕه‌نگه
هه‌تا ئێستا له‌م گێژاوی ده‌سه‌ڵاته‌دا، که‌م که‌س هه‌بێت به ته‌واوه‌تی هه‌ست به‌و
ئازاره ده‌رونیانه بکات که‌وه‌ک تاکیکی کورد ڕوبه‌ڕویبۆته‌وه، که بێئیراده‌یه
و شۆڕش و ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتنه‌که‌شی هه‌ر بێئیرادانه بووه و له ئێستا به‌دواوه
چاوبه‌ژێری ئه‌مریکایه.
ئه‌مه له حاڵه‌تێکدایه
که ئێمه خۆمان نیشتیمانمان ڕزگار نه‌کردووه و خۆمان سه‌ربه‌خۆیمان به‌ده‌ستنه‌هێناوه،
ئه‌و هه‌موو لافوگه‌زافه به‌سه‌رکه‌وتنه‌وه لێده‌ده‌ین و ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆی
به شایسته‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته داده‌نێت و ده‌یه‌وێت کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر خۆی
داتاشێت، که ئێمه ده‌زانین هه‌ر خودی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری نیشتمانیی له‌وه
زیاتری تیانابێت که قاوغی ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت و له‌جیاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی
"بێگانه" ده‌سه‌ڵاتی "خۆماڵی" بخاته جێگه‌ی.
ئه‌مڕۆ ئێمه له‌گه‌ڵ
ده‌سه‌ڵاتی "خۆماڵیدا" هه‌تا ئیستا هیچمان بۆناکرێت و هیچمان بۆ
ناوترێت، جاران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی
"بێگانه/داگیرکه‌ر"دا یه‌کجار ده‌مانگووت ئه‌وه "دوژمنه" و
دژی من و گه‌ل و نیشتیمان و خاک و ئاوی منه و منی ناویت، هێڵی جیاکردنه‌وه ئاسان
و ئاشکرا و دیار بوو. ده‌مانگووت ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه دژی منه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ
ده‌سه‌ڵاتی "خۆماڵی"دا و له‌دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له ده‌یه‌یه‌ک،
ئێمه له‌زۆر پێوانه‌دا به‌ره‌ودواوه ڕۆیشتووین. ڕه‌نگوبۆی لۆکاڵیبوون و دورکه‌وتنه‌وه
له ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌رکه‌زی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که به هه‌مووماندا تێپه‌ڕبێت و
هه‌موومان وه‌کیه‌ک بگرێته‌وه، بنه‌مای کۆمه‌ڵگا کۆنه‌که و شیرازه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی
جارانیشی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. ئه‌و لامه‌رکه‌زییه‌ته‌ی که ئێستاش هه‌یه، ته‌نها
ده‌سه‌ڵاتی حیزبه و له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌وه چوارده ساڵه مرۆڤه‌کانی ئه‌م
ده‌ڤه‌ره‌یان ڕه‌نگوبۆکردووه و شار به شار و ناوچه به ناوچه‌ی دادڕیوه و هه‌موومانی
له‌و جێگایه‌ی که تیایدا ده‌ژین، به‌بێ ئه‌وه‌ی ویستی خۆمانی تێدابێت، پیناسه‌کردووه
و هیچ هاووڵاتییه‌کی بێلایه‌نی لێبه‌ده‌ر نییه. له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌کی ژێر ده‌سه‌ڵاتی
یه‌کێک له حیزبه‌کاندا بژیت، نا‌توانیت ڕه‌خنه‌گرێکی ڕاسته‌وخۆ بیت له‌ولایه‌نه و
ئۆتۆماتیکی له‌سه‌ر ئه‌و لایه حسێب ده‌کرێت که له‌و شاره‌دا، له‌و ناوچه‌یه‌دا
زۆربه‌یه، یاخود ڕاستتر ده‌سه‌ڵاتداره. ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌م چوارده ساڵه‌ی
ڕابوردوودا، ساڵانێک هه‌بوون که ده‌بوایه ڕاسته‌وخۆ سه‌ربه‌لایه‌نیکیان بویتایه
بۆئه‌وه‌ی له جێگایه‌کی ده‌وڵه‌تیش دابمه‌زرایتایه، که له ڕاستیدا هه‌تا
ئێستاش داموده‌زگای حیزبه‌کانه نه‌ک ده‌وڵه‌ت.
من ناڵیم ئه‌مه
سیاسه‌تی به‌عسه و بۆ ئێمه به‌دیاری ماوه‌ته‌وه، چونکه به‌عسیش حیزبێکی حاکم
بوو، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مڕۆ دانیشتوانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریمی کوردستان
ئازادترن له‌بیروڕا ده‌ربڕین و له هه‌ڵسوکه‌وت و له هه‌ڵبژاردنی حیزب و لایه‌نه‌کاندا
و حیزبه‌کان شاره‌کانیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شنه‌کردووه و له هیچ جێگایه‌ک ده‌سه‌ڵاتی
ڕه‌هایان نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێی کوشتن و بڕینه‌ی ئێستا له ناوه‌ڕاست و
باشوور نه‌مێنێت، ئه‌وا له‌و بڕوایه‌دام که فه‌زای بیروڕاده‌ربڕین و ئازادییه‌کانی
تریش، گه‌لێک به‌رفراوانتر ده‌بێت له هه‌ریمی کوردستان، هه‌رچه‌نده ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ش
خۆی له‌خۆیدا تعبیرێکی ناشیرینی ئه‌و ئازادییه‌یه، له حاڵه‌تێکدا ده‌بوایه به‌پێچه‌وانه‌وه
بوایه و ئێمه زیاتر له ده‌یه‌یه‌ک له‌پێش ئه‌وانه‌وه له‌ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی
مه‌رکه‌زی به‌عس ده‌رچووین، که‌چی هه‌ر هێشتا ئه‌وان ئازادترن.
ڕاسته ئێمه هیچ ئه‌زمونێکی
حوکمڕانیمان نییه و له‌وه‌وپێش هیچ کاتێک ده‌سه‌ڵاتمان له‌ده‌ستدا نه‌بووه، هه‌ربۆیه
له‌وه ده‌چێت که ده‌بێت به هه‌موو شیوازه‌کانیدا تێپه‌ڕبین و ئه‌وه‌ی لێره‌شدا
گه‌ره‌کمه بیڵێم ئه‌وه‌یه که ڕزگاریی نیشتیمانی له‌ده‌ستی داگیرکه‌ر، له‌م ده‌ڤه‌رانه‌ی
ئێمه‌وماناندا، مه‌رج نییه ڕزگاربوونی مرۆڤه‌کانیشی به‌دوادابێت. ئه‌وه‌تا چه‌ندین
ده‌یه‌یه وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان شۆڕ‌شیان به‌رپاکردووه و داگیرکه‌ری بێگانه‌یان
وه‌لاوه‌ناوه و خۆیان له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات دانیشتوون، که‌چی هه‌تا ئه‌مڕۆش
تاکی مرۆڤی عه‌ره‌بی یه‌کێکه له چه‌وساوه‌ترین و زه‌لیلترین مه‌خلوقی سه‌ر گۆی
ئه‌م زه‌وییه.
ئێمه چی له هه‌رێمی
کوردستان بکه‌ین و بمانه‌ویت له ده‌ستوری ئێراقدا دانمانپیابنێن و بیچه‌سپێنن و
له ئه‌نجامیشدا زیندانێکی گه‌وره‌ی لێبکه‌وێته‌وه که ده‌نگمان به مه‌رکه‌زیشدا
نه‌گات، به حیسابیش سه‌ربه‌خۆیه و داوای جیابونه‌وه ده‌کات. ئێمه چی له ده‌ستوری
هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین (که هه‌تا ئیستاش دانه‌مه‌زراوه) که یه‌ک حه‌رفی په‌یڕه‌ونه‌کریت
و هه‌موو بڕیاره‌کان له مه‌کته‌بی سیاسییه‌کانه‌وه ده‌ربچێت؟ ئه‌ی ئه‌و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌ی
هه‌ر چاوه‌ڕێیه ئازادبێت و باری ژیانی بگۆڕدرێت و پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆپه‌یدابێت،
نه‌ک حیزبی و بتوانێت سه‌ربه‌ستانه و به ویستی خۆی بڵێت کوردم و شه‌رم نه‌کات،
چی به‌سه‌ردێت؟
جاری جاران ده‌مانگووت
ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتکه‌ر له به‌غدایه و له مه‌رکه‌زه و دوژمنه و بۆ هه‌موو که‌سێک
ئاشکراوڕونه، ئه‌ی ئه‌مڕۆ چیبڵێین نه ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌یه و نه دوژمنه و نه
دیاره و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که هه‌روه‌ک جارانن و ته‌نها ئه‌و
جیاوازییه هه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی لێ ونبووه و نایدۆزێته‌وه، ده‌نا دڵه‌ڕاوکێکه‌ی
هه‌ر ماوه و ترس و بێمتمانه‌یی و ڕاڕایی و گومان و بڕواپێنه‌بوونه‌که‌ی، هه‌روه‌کو
جاران مێشک و جه‌سته‌و ده‌رونی ده‌کرۆژێت.
جاران ده‌سه‌ڵاتی
لامه‌رکه‌زیمان ده‌ویست چونکه ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی داپڵوسێنه‌ر بوو، ئێستا ده‌بێت
داوای په‌یوه‌سبوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ین به مه‌رکه‌زه‌وه، چونکه ترسی داپڵۆسێنه‌ری
ده‌سه‌ڵاتی لامه‌رکه‌زی زۆرتره و واقیعی تره.
ئێمه ترسی ده‌سه‌ڵاتی
مه‌رکه‌زیمان نه‌ماوه هێرش بکاته‌وه سه‌رمان، به‌ڵام له‌م لامه‌رکه‌زیه‌ته‌ش
دڵنیانین و ده‌مانه‌وێت مه‌رکه‌زییه‌تێک له لێپرسینه‌وه و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن هه‌بێت،
پێش ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌مان لێببڕێت و بخنکێین و ئه‌وساش ده‌نگمان به‌که‌سدا نه‌گات.
ترسی ئه‌وه‌ی که ده‌نگمان به مه‌رکه‌زێک نه‌گات، گه‌وره‌تره له‌وه‌ی که مه‌رکه‌ز
بمانچه‌وسێنێته‌وه.
جاری جاران ده‌مانزانی
دوژمن کێیه و من و تۆ کۆک بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕوبه‌ڕوی کێ ده‌بینه‌وه و
دڵمان له‌لای یه‌کتری بوو، چه‌ترێک هه‌بوو له ژێریدا کۆ‌ببینه‌وه "ژێرده‌سته‌یی
و خه‌باتکردن بۆ خۆڕزگارکردن" ئه‌مڕۆ په‌ره‌وازه‌ین و ژێرده‌سته‌نین و ڕۆژ به‌ڕۆژ
په‌ره‌وازه‌یمان له‌زیادبوندایه‌و خه‌ریکه به‌ته‌واوه‌تی له‌یه‌کتر نامۆده‌بین،
خه‌ڵکی سلێمانی خه‌ڵکی هه‌ولێر ناناسێته‌وه، ده‌ڵێی خه‌ڵکی دوو وڵاتین. جاران به‌بۆن
یه‌کتریمان ده‌ناسییه‌وه و ئه‌مڕۆ حیزبه‌کان به‌زۆر کۆمانده‌که‌نه‌وه بۆخۆیان.
ده‌یانه‌وێت له‌ده‌ره‌وه قاڵبمان بۆ داتاشن، نه‌ک وه‌ک هه‌ستێکی ناوه‌کی
وپێداویستییه‌کی ژیاریی و ئه‌رکێکی مێژوویی... ڕێگه‌مان بۆ خۆشکه‌ن تا به‌یه‌ک
ئاشنا ببینه‌وه.
ئه‌مڕۆ خوانه‌خواسته
ئه‌گه‌ر یه‌کێکمان لێی قه‌وما، ئه‌وا ده‌بێت ڕو له مه‌رکه‌زکات، واته به‌غدا، ئه‌گه‌ر
له حاڵه‌تێکیشدا خۆمان بگه‌یێنینه ئه‌وروپا، ئه‌وا ده‌مانگێڕنه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌وێ
و پێمان ده‌ڵێن ئێراق هه‌ر ئێراقه، ئه‌م هه‌رێمه نا ئه‌وی تر. ئێمه به ڕه‌سمی
ده‌وڵه‌ت نین و که‌سیش دانیپیانه‌ناوین و خۆشمان داوامان نه‌کردووه. هه‌رێمی
کوردستان هه‌ر له‌لای خۆمان ده‌خوات، له ده‌ستوردا هه‌بێت یاخود نه‌بێت، چ سودیکی
هه‌یه.
2005