22. dec. 2013

پیری و پەلەی نەوشیروان موستەفا و داڕمانی ئۆپۆزیسیۆن


پیری و پەلەی نەوشیروان موستەفا و داڕمانی ئۆپۆزیسیۆن

22.12.2013


هەڵپەی گەشتن بەدەسەڵات، ئەگەر چی تەنها بەشداری کردنیش بێت وەک ئەوەی گۆڕان بەتەمایەتی لە ئۆپۆزیسیۆنەوە قاچێک
 بهاوێژێتە دەسەڵاتەوە، تەنازولێکی گەورەیە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و دانپیانانێکی گەورەشە بۆ ئەو دەسەڵاتەی هەتا دوێنێ ڕەها و بنەماڵەیی و تۆتالیتاری و بێدەستوور و بێ یاسا و کۆمەڵی بێی تریش بوو 


تەنانەت  بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حوکمەتێکی هاوبەش، دەسەڵاتی هێورکردۆتە و لەهەمان کاتیشدا دڵنیای دەکاتەوە کە ئۆپۆزیسۆن نایەوێت سەرلەبەری ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێت، یاخود ڕاستر پێی ناگۆڕدرێت و چۆکیداداوە بەرامبەری و بە چەند وەزیرێک ڕازییە. بەواتایەکی تر کۆکە لەسەر هێلی گشتی سیاسەتی حوکمەت و هیچ لارییەکی نییە بۆ چوارساڵی تریش لەسەر هەمان سیاسەت بەردەوام بێت. 

گۆڕان بۆ ئەمە دەکات؟ بۆ دەیەوێت بەرە بگوێزێتەوە؟ ئایا ئەوەندە جێپێی لەناو خەڵکدا قایمکردووە کە لەو بڕوایەدا بێت دەتوانێت لە ناوەوە، واتە لەڕێگەی چەند وەزیرێکەوە بچێتە ناو حوکمەت و وردە وردە شێوازی دەسەڵات بە هێمنی و لەسەرخۆیی بگۆڕێت و خەڵکەکەش ئەو چاوەڕوانییەی لێبکات؟ 

ئایا لە ئۆپۆزیسیۆنیی بوون نائومێد بووە و ناتوانێت لە چوارساڵ زیاتر چاوەڕوان بکات؟ ئایا هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بەدی دەکات کە خەڵکانی ئاسایی وەکو ئێمەومانان هەستی پێنەکردبێت؟ 

ئایا دەسەڵات ناناسێ و دەیەوێت لە نزیکەوە لێیتێبگات؟ 
خۆ ئەگەر زۆربەی شوێنکەوتووانی گۆڕان، کە خەڵکی ناڕازی دەسەڵاتی کوردین و نەوەی نوێن، ئاگاداری زۆر نهێنی دەسەڵات نەبن، ئەوا خۆ خودی نەوشیروان موستەفا ساڵانێکی دورودرێژ لە نزیکەوە ئاگای لە فڕوفێڵی دەسەڵاتە و دەزانێت یەک بست بەرەو پێشەوە نەچوون و بگرە هەزارەها کیلۆمەتریش لە قسەزلەکانی خۆیان دورکەوتونەتەوە؟

ماوەی چوارساڵە بزوتنەوەی گۆڕان خەڵکی ناڕازی دەسەڵاتی کوردی لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و ئومێدی مۆمێکیان پێدەبەخشێت و لە هەمانکاتیشدا سەرئێشەیەکی زۆری لەکۆڵ دەسەڵات کردۆتەوە، بە واتایەکی تر گۆڕان دەوری سەمامی ئەمانی دەسەڵاتی بینیوە، ئەگەر بێت و بچێتە دەسەڵاتەوە. 

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتیش هەیە، ئەوا ئەوەندە کورسی نەهێناوە کە بتوانێت حوکمەت دامەزرێنێت و کەسیش ناچاری نەکردوە کەوەک ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بەشداری لە پێکهاتنی حوکمەتی داهاتودا بکات، بەڵکو بە حەز و ئارەزوی خۆی دەیەوێت بەشداربێت. ئەو پاساوەش گەلێک کاڵوکرچە، گەر بوترێت دەوڵەتانی ناوچەکە زۆریان لە گۆڕان کردبێت بۆ ئەو مەبەستە. چونکە ئەگەر گۆڕان دیسانەوە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی جاڕ بدایە، هیچ ئەشکالییەتێک بۆ ناوچەکە دروستنەدەبوو، هیچ بارگرژییەک نەدەکەوتەوە، شەڕی ناوخۆ هەڵنەدەگیرسا، بەڵکو وەک چوارساڵی ڕابوردوو دەیتوانی بەهێمنانە درێژە بە سیاسەتی ڕەخنەو هەڵماڵینی چەواشەکارییەکانی دەسەڵات بدات ئەگەر بیویستایە، بەڵام بۆ نەیکرد؟

دیسانەوە دەپرسینەوە ئایا دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەو بیست و دوو ساڵەی تەمەنیدا، کە هەر بەدەست یەکێتی و پارتییەوە بووە، لە دزی و جەردەیی و پیاوکوشتن بەولاوە چیتریان کردووە؟ 
ئایا دەکرێت ڕەوایەتی بە دەسەڵاتێک بدرێت بە هەموو پێوەرەکان داتەپاوترین نمونەی دەسەڵاتە لە ناوچەکەدا؟ 

نە کێشەی نەتەوایەتی چارەسەرکردووە، نە کێشەی ناوچە دابڕاوەکانی یەکلایکردۆتەوە، نە دوو ئیدارەیی تێپەڕاندوە، نە بۆتە خاوەنی دەستوور، نە خاوەنی یاسایە، ئەوانە ئەگەر تەنها کێشە گەورەکان بەسەر بکەینەوە. 

لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەوەی فێری بوون، دزییەکی تازەترە، ئەویش ئەنفالکردنی سامانی ژێرزەوی کوردستانە. ئاخر بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانە هەمان ئەو ڕاستیانە نین کە ئێوە بە ژمارە و بە داتا ڕەنگە وردتر بتوانن بیخەنەڕۆ، بەشداری لە چیدادەکەن؟ 

ئادەی ئەمجارە ئێوە پێمان بڵێن کوێی دەسەڵات دەگۆڕن و لەکوێوە دەستپێدەکەن؟ ئایا مانەوەتان وەک ئۆپۆزیسیۆن سەدجار، بگرە هەزارجار سەنگینتر نەدەبوو؟ 

ئایا دەسەڵات زیاتر نەدەکەوتەخۆی کە حسابی تایبەتتان بۆ  بکات؟ ئەی ئەم پەلەی چونە ناو دەسەڵاتەوە چییە و لە کوێوە سەرچاوە وەردەگرێت؟ 

هەر چۆن مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە، هیچ بەڵگەیەک، قەناعەتێک، لۆژیکێک نادۆزرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە حوکمەتێکدا کە دژ بە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییەکانی کورد کاردەکات. 

بەشداریکردن لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بەشودانی دەنگی ناڕازی ئۆپۆزیسیۆنە، ئەو بەشەی بەناوی گۆڕانەوە دەستەمۆکرا، و گۆڕینەوەیەتی بە یەک دوو وەزیر. 

ئایا هەر لەسەرەتای بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەتا ئێستای کە دەیەوێت پێیەک بهاوێژێتە ناو حوکمەتەوە، لە تۆڵەسەندنەوە ناچێت لە یەکێتی؟ بەڵام تۆڵەی چی؟ 

تۆڵە یا خزمەتکردنی بەوەی وردە وردە ئەو دەنگانەی لە یەکێتی هەڵدەوەرین، گۆڕان بۆی ئەچنیەوە و نەیدەهێشت بەلای پارتیدا بڕوات، ئەمڕۆش وەکو جاری جارانی یەکێتی وەک جەمسەرێک بەرامبەر پارتی ڕاوەستێت و نەهێڵێت دەست بەسەر هەموو کوردستاندا بگرێت؟ لەلایەکی تریشەوە بەردەوامی بدات بە دابەشبوونی هەرێمی کوردستان؟ 

نەوشیروان موستەفا، کەواتە بۆ وازی لە یەکێتی هێنا؟ سیاسەتی یەکێتی بەدڵنەبوو یاخود دەیویست ببێت بە جێگرەوەی؟ یاخود دەیویست یەکێتیەک دامەزرێنێت لەسەر بیروڕای کەسێتی خۆی؟ 

گۆڕان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی قبوڵکرد، بۆ خۆی بەبراوە دەزانێ؟ بۆ چاوپۆشی لەو هەموو ساختەکارییەی پارتی و یەکێتی نوقاند؟

سیاسەتی کورتی نەوشیروان موستەفا تەنها شەڕی یەکێتی و سلێمانی دەکات و هەر لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان شەڕی پارێزگای سلێمانی نایەوە و دوایش قبوڵیکرد لەحوکمەتدا بەشداربێت.  

گۆڕان بەوە خۆی ناساند کە حیزبێکی نەریتی نییە و بڕیارەکان لەسەرەوە، لە سەرکردەوە دەرناچن و گوێ لە جەماوەریش دەگرێت، کەچی تا ئەویا بڕی کرد کە لایەنگرانی وەک ژمارە زیادیکرد و خەونی سەرکردەکە وردە وردە خەریکە دەردەکەوێت، شوانەکە لەدایک بووە و پاشکەوتوانی کرانەوە بە مەڕ. 

خەون و ئاواتی ئەم سەرکردەیە مێژینەیە و هیچ کاتێک دەرفەتی ئەوەندەی نەبووە دەرکەوێت. هەتا لەناو یەکێتیدا بوو کاریزمای مام جەلال دایپۆشیبوو. لەبەرداشی پارتی و یەکێتیدا، یاخود مام جەلال و مەسعود بەرزانیدا، هاڕڕابوو، هەرگیز لەسایەی ئەو دوانەدا بواری سەربەرزکردنەوەی نەبوو کە ببێت بە جەمسەرێکی سەربەخۆ، مەیدانەکە جێگەی ئەوی تیانەدەبۆوە. 

گۆڕان هەزار هاواریش بکات هەر حیزبێکی نەریتی، هەرەمی لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە، هەروەک یەکێتی و پارتی هیچی تر نییە، بگرە لە پارتی نزیکترە تا یەکێتی چونکە تاکڕەوانە هەموو بزوتنەوەکە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە و کەس لەو باشتر نییە و باشتری لێنازانێت. واتە هەمووی دەکرێتە قوربانی خەونەکانی سەرکردە و لەڕێی جێبەجێکردنی ئەو ئاواتەدان. 

سەرکردە هیچ کاتێک خۆی بەکەمتر دانەناوە لە دوانەکەی تر، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بتوانێت بە تەنها دەرکەوێت، بەبێ ئەوەی لەژێر سێبەری هیچ کەسێکی ترەوە بێت. پەلەی ئەم سەرکردە کۆن و تازەیە، تەمەنیەتی، خۆی بە بەشخوراو دادەنێت کە تەمەنێکی زۆری لەو ڕێیەدا سەرفکردوە و هێشتا هەر لە دواوەوەیە، هەر بۆیە ئەگەر پێیەکیشی بچێتە حوکمەتەوە، ڕەنگە بتوانێت لەدوای ساغبوونەوەی مردنی جەلال تاڵەبانیش، پێکەی تریشی بهاوێژێتە ناوی. ئەوسا دەبێتە خاوەنی یەکێتی خۆی بەرامبەر پارتی لەسەر 
دوو قاچ ڕادەوەستێت و ڕاستەوڕاست مامەڵەی سەرکردەیی خۆی دەکات. 


پیری و پیاڕانەگەشتنی هەتا ئێستای ئەم سەرکردەیە بە دەسەڵات، پەلەی ئەو هەڵەیەی پێدەکات کە بەگەنجی نەیتوانییوە دەستی بەسەردا بگرێت. 

سەردەمی هەڵکەوتنی ئەم جۆرە سەرکردانە لە مێژوودا بەسەرچووە.  ئەو چەند دانەیەی لە ناوچەکەدا ماونەتەوە دواهەمینن لەو جۆرانە و بە نەمانیان دنیایی دەسەڵاتدارێتی و سیاسەت دەگۆڕێت و دوبارە نابێتەوە. 

ئەم سەرکردەیە هەوڵێکی بێهودە دەدات، نە تەمەن، نە سەردەم یاری نییە و کورد لە بیرکردنەوەدا هەژارە و لە یادگەدا پەرێشان و لە سیاسەتدا کۆڵە، دەنا دوای هەمان فیکە نەدەکەوتنەوە و ئەو بوارەیان بۆ نەدەڕەخسان کە ئاوا “بەزۆریش بێت هەر دەبێت وەک سەرکردەیەک جێگەی منیش بێتەوە و هیچم لەوانی تر کەمتر نییە”.  

وتاری سیاسی گۆڕان هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ڕکئامێز و شەڕئەنگیزە، بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردندا لەسەر بنەمای جوڵاندنی سۆز یاری دەکات و دوبەرەکی و دوژمنایەتی دەخاتەوە لەجیاتی یەکبوون و هاوسۆزی. 

لە هەڵبژاردندا خەڵک لە نێوانی تاعوون و کولێرادا دەبوایە یەکێکیان هەڵبژێرن، ئێستا ڕشانەوەشی هاتۆتە سەر. 

گۆڕان گەورەترین خزمەتی دەسەڵاتی کرد کە خەڵکی بۆ هەڵبژاردن کۆکردەوە و ئیعتیباری بۆ حیزبەکانی تریش گەڕانەوە. 

خەڵک دەبێت لە مەهزەلەی هەڵبژاردن تێبگات و  واز لەو هەموو حیزب و حیزبەڵۆکەیە بێنن با هەر ڕیسوابن و کەس دەنگ بەهیچیان نەدا تا لەناوەوە دەپوکێنەوە. 

ئۆپۆزیسیۆن لە دوای ١٧ی شوباتەوە بە دەستی گۆڕان مردارکرایەوە و ئەوەی ئێستا هەیە، کۆمەڵێ دەنگی پەرشوبڵاوە کە دەبێت دیسانەوە لەسەر بنەمایەکی نوێ، نەک بنەمای شاخ، دامەزرێتەوە و شارستانیانە و وشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەقڵیەتی شاخدا بکات.